فیدراڵى چارەسەرى مێژوویی بۆ نەخۆشییە درێژخایەنەکەى عێراق
فیدراڵیزم یان فیدراڵیەت شێوازێکە لە شێوازەکانی حوکمڕانی، کە تێیدا دەسەڵاتەکان بە گوێرەی دەستوور دابەشکراون لە نێوان حکومەتی ناوەندی و یەکەی دیكه‌ی حکومی بچوکتر دابەشکراون (ھەرێم و ویلایەتەکان)، ئەو دوو ئاستە ئاماژەپێکراوەی حکومەت پشت بەیەکتری دەبەستن و بەشداری لە سەروەری دەوڵەت دەکەن و دابەشی دەکەن.
پیکهاتەى عێراق وڵاتیكی خاوه‌ن ئهتنۆگرافیایهكی جیاوازە له رووی (زمان، ئایین، مه‌زهه‌ب، كولتوور، فه‌رهه‌نگ و نه‌ته‌وه)، لەسەرەتاى دروستبوونى دەوڵەتى عێراق تەنیا هەردوو ویلایەتى (بەسرە و بەغدا)ى لەخۆ دەگرت، به‌ڵام دواتر ویلایەتى (مووسڵ) کە هەرێمى کوردستانیش دەگرێتەوە، خرایە سەر ئەم وڵاتە ئەمەش بەخۆڕایی نەبوو و بەڵکو سەفقەیەکى نێوان (بەریتانیا و تورکیا) کرا، ئامانج لەو تەنازوولەى تورکیا تەنیا لەبەرئەوەى کوردى ئەم پارچەیە سەربەخۆ نەبێت و پینەیان کرد بە وڵاتى عێراق، بەم کارەش ئازادى میللەتێک کرایە قوربانى هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان و کێشەکە بە هەڵواسراوى مایەوە و میللەتى کورد وەک کەمینەیەک سەیرى دەکرا.
له سه‌ره‌تا دامه‌زراندنی عێراق به سیستەمى پاشایەتى له ساڵی 1921 ده‌ستیپێكرد، کە ئەم سیستەمە نەیتوانى بنەماى شەراکەت بۆ گشت (نەتەوە و ئایین و مەزهەب)ـەکان فەراهەم بکات، به‌ڵكو دەسەڵاتى بەڕێوەبردن قۆرخکرابوو بۆ گرووپێکى دیاریکراو، ئەمەش لە ئەنجامدا کودەتایەکى سەربازى لە 14ى تەمووزى 1958 بەسەریەوە کرا و عێراق بووە سیستەمى کۆمارى بە سەرۆکایەتى (عه‌بدولكه‌ریم قاسم)، ئەوانەش هەر لەسەرەتاى دەستبەکاربوونیان دەستیان کرد بە پینەى نوێ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی عێراق، به‌ڵام دواتر ئەم پینەیە هەڵوەشایەوە و ئەوەبوو پێشمەرگە شۆرشى ئەیلوولى هەڵگیرساند لەساڵی 1961 زۆربەى ناوچەکانیان ئازاد کرد، دوای ئه‌مه‌ش کودەتایەکى دیكه بەسەرۆکایەتى (عه‌بدولسه‌لام عارف) کرا بەسەر (قاسم) لەئەنجامدا (قەومییەکان) هاتنە سەر حوکم بۆ پینەکردنى بارودۆخى عێراق بە دڕەندەترین شێوە رووبەڕووى گەلى کورد بوونەوە.
دواتر ساڵى (1968) بەعسییەکان کودەتایان کرد و هاتنە سەر تەختى حوکم، لە سەرەتادا بۆ پینەکردنى ئەو گێژاوەى عێراق تێىکەوتووە دەستیانکرد بە دانیشتن و دیالۆگ لەگەڵ سەرکردایەتى کوردستان، ئەوەبوو لە ساڵى 1970 رێكکەوتنامەى (11ى ئادار)ی لێكهوتهوه.
هەموو رووداوەکان کە روویاندا، نەیانتوانى کێشەى نەتەوە و مەزهەبى لەعێراق چارەسەربکات، هەرچەنده لە رابردوودا هەوڵدراوە بەدیلى فیدراڵى لەعێراق پەیڕەو بکرێت، به‌ڵام سەرکەوتوو نەبووە، دەتوانین رەهەندى مێژوویی فیدراڵى لە عێراق بگەڕێنیەوە بۆ بیرۆکە و سیاسەتە شۆڤێنییەکان لە دەسەڵاتدا، بۆیە لێرەدا دەکرێت تیشک بخەینە سەر ئەم دوو قۆناغە، به‌ڵام لەگەڵ ئەوەشدا نەیانتوانى چارەسەرى کێشەى نەتەوەیی و مەزهەبی و ئایینى لە عێراق بکەن ئەم دوو قۆناغە وەک نموونە:
قۆناغى یەکەم: فیدراڵى پارێزگاكان له‌سه‌رده‌می عه‌بدولڕه‌حمان به‌زاز ساڵی 1966:
له‌سه‌رده‌می (عه‌بدولڕه‌حمان عارف) ساڵی (1966) بریاردرا دیالۆگ و دانیشتن له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی شۆرشی ئهیلوول به ریبه‌رایه‌تی (مه‌لا مسته‌فا بارزانی ) بكه‌ن، ئه‌وه‌بوو حكومه‌تی ئه‌و كاتی عێراق به‌سه‌ركردایه‌تی (عه‌بدولڕه‌حمان به‌زاز) له رێكه‌وتی (15/6/1966) له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی كورد له‌سه‌ر زۆر شت رێككه‌وتن، به‌ڵام خاڵی ناكۆك كه سه‌ركردایه‌تی كوردستان رازی نه‌بوون (فیدراڵى پارێزگاكان) بوو، كه (به‌زاز) پێشنیازی كردبوو بۆ ناوچه‌كانی باكووری عێراق، به‌تایبه‌تی شاره‌كان فیدراڵى پێ بدرێت و به‌شیوه‌ی (لا مه‌ركه‌زییه‌ت) بۆ هه‌ریه‌كه‌یه‌كی ئیداری كه‌سایه‌تیه‌كی خاوه‌ن پێگه و شاره‌زا ئه‌م ناوچه‌یه به‌رێوه‌ببات، ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان ره‌تكرایه‌وه.
قۆناغى دووەم: فیدراڵى پارێزگاكان له‌سه‌رده‌می پۆل بریمه‌ر ساڵی 2003:
له‌پاش پرۆسه‌ی ئازادی عێراق ساڵی (2003) له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانانه‌وه ئه‌وه بوو حاكمی مه‌ده‌نی ئه‌وكات (پۆل بریمه‌ر) ده‌ستیكرد به گفتوگۆ و دانیشتن له‌گه‌ڵ لایه‌نه سه‌ره‌كییه سیاسییه‌كانی عێراق بۆ نووسینه‌وه‌ی (یاسای به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت)ی كاتی بۆ ماوه‌ی گواستراوه ساڵی (2004)، له‌سه‌ره‌تادا زۆربه‌ی لایه‌نه‌كان دژی (فیدراڵى هه‌رێمی كوردستان) بوون و حاكمی مه‌ده‌نی ئه‌مه‌ریكی له عێراق (پۆل بریمه‌ر) له‌گه‌ڵ فیدراڵى هه‌رێم نه‌بوو، به‌ڵكو پشنیازییان (فیدراڵى پارێزگاكان) بوو، كه له سه‌ره‌تاوه زۆربه‌ی پشتگیری‌یان كرد و له‌ناو كوردیش پێشوازی لێكرا، چونكه ئه‌وسا هه‌رێمی كوردستانی عێراقی خاوه‌نی دوو حكومه‌ت و ئیداره بوو (سلێمانی) له‌لایه‌ك و (هه‌ولێر و دهۆك) له‌لایه‌كی دیكه‌وه.
ئه‌م پڕۆژه‌یه هه‌رزوو له‌لایه‌ن (سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی) ره‌تكرایه‌وه و زۆر به توندی دژی وه‌ستایه‌وه، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ی له رێكه‌وتی (4/1/2004) پۆل بریمه‌ر سه‌ردانی (هه‌ولێر)ی كرد و ئه‌و پێشنیازه‌ی كرد، به‌ڵام هه‌ڵوێستی (سه‌رۆك بارزانی) روون بوو هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ره‌تیكرده‌وه و پێی وابوو كورد ماوه‌ی (12) ساڵه حكومڕانی خۆی ده‌كات و له ئێستادا چه‌ند ناوچه‌یه‌كی كوردستانی تازه ئازاد كراون، پێویسته بگه‌ڕێنه‌وه باوه‌شی هه‌رێمی كوردستان كه بریتیبوون له (كه‌ركووك و خانه‌قین و دوزخورماتوو و داقووق و جه‌له‌ولا و مه‌خموور و شێخان و شه‌نگال)، نه‌ك هه‌رێمی كوردستان جارێكی دیكه دابه‌ش بكرێت.
لەدوای پڕۆسەى ئازادى عێراق ساڵى (2003):
بابەتى (فیدراڵى) لەنێو شەقامى عێراقى بە پڕۆژەیەکى (ئەمەریکى) دەناسرا، کە هەوڵێکە بۆ دابەشکردنى عێراق، ئەوەش لاوازى بیرکردنەوەى چینى سیاسی و ئەکادیمى شەقامى عێراقى پیشان دەدا، چونکە ئەوە لەبیرکرا ئەم بابەتە رەهەندێکى مێژوویی هەیە، لە شەستەکانیش بگرە لە بیستەکانى سەدەى رابردوو لەسەر ئاستى پارێزگا خراوەتە بەرباس و وەک چارەسەرێکى بنەڕەتى بۆ کێشەى جیاوازى (نەتەوەیی و مەزهەبی و ئایینى) لەم وڵاتە، به‌ڵام بە میکانزمى جیاجیا دیاریکراوە.
ئەوەى جێگەى هەڵوەستەکردنە بابەتى فیدراڵى لە رابردوودا تەنیا وابەستەکرابوو بە نەتەوەى (کورد)، کە داوایەکى مێژوویی ئەم نەتەوەیە بووە، به‌ڵام بە رۆیشتنى کات ئەوە دەرکەوت لەناو هەموو پێکهاتەکانى عێراق و بگرە پارێزگاکانى دیكه‌ى عێراقیش کە (فیدراڵى) تاکە چارەسەرە بۆ کێشەکانى ئەم وڵاتە، چونکە پێکهاتەکان بۆیان دەرکەوت، کە (هەرێمى کوردستان) لە هەموو بوارێکەوە پیشکەوتنى بەرچاوى بینیوە لە رووى (ئاوەدانى و وەبەرهێنان و نزمى ئاستى هەژارى و بێکارى و سەقامگیرى ئەمنى و ئاسایش).
لەبەرامبەردا پارێزگاکانى باشوورى عێراق، کە دەوڵەمەندن بە کۆمەڵێک سامانى کانزایی و بە شادەمارى ئابوورى ئەو وڵاتە دادەنرێت، کەچى رێژەى هەژارى لەپارێزگاى (موسەننا) بەپلەى یەکەم دێت بە رێژەى (52%) و پارێزگاى دیوانیە بە رێژەى (48%) و پارێزگاى (میسان) بە رێژەى (45%) و پارێزگاى (زىقار) بە رێژەى (44%) لە کۆى دانیشتوان پارێزگاکەن.
لە ئێستادا شیعەکانى لە پارێزگاى (بەسرە) و سوننەکانیش لە پارێزگاى (ئەنبار) کە چ لەسەر ئاستى سیاسی و چ لەسەر ئاستى جەماوەرییەوە بابەتى (فیدراڵى و بەهەرێمبوون) بووەتە بابەتێکى گەوهەریی، ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت عێراق چیتر بەو شێوەیە بەڕێوەنابرێت و خەڵک گەیشتووه‌تە ئەو قەناعەتە کە ماوەى (100) ساڵە جگە لەنەهامەتى و شەڕ و ماڵوێرانى و ئاوارەبوون چی‌تریان نەبینیووە.
بۆیە لەئیستادا بابەتى (فیدراڵى) لەداوایەکى سیاسی بووه‌تە داوایەکى جەماوەرى شەقامی عێراقى، چونکە هەموو نیشاندەرەکان ئەوەمان پێدەڵێن درێژەپێدانى سیاسەتى یەکتر قهبووڵنەکردن و رەشکردنەوەى یەکتر تا سەر نابێ و لەسەر ئەرزى واقیعیش ئەوە بە روونى دیارە لە نێو دەسەڵاتدارانى عێراق.