ئهلێكساندهر دوگین
نووسەر
کامیان سەرەتا هەرەس دێنێت؟
"ئێوە دەتوانن وێنای ئەوە بکەن کە بایدن دەست لە بەجیهانیکردن هەڵگرێت، یان پوتن دەست لە سەروەری بەردات؟"
دیداری پوتن و بایدن، روونە کە هیچ بەڵێنێکی باشی لێناکەوێتەوە. هیچ چاودێر و پسپۆڕێک چاوەڕوانی بازدانی گەورە و ئاماژەی مژدەبەخش نەبوون لێی. لەم دۆخە خراپتر ئەوە بوو کە ئەم دیدارانە هەر ڕوونەدەن. ئەگەر سەرکردەی دوو زلهێزی نەیاری جیهانی لەنێوان خۆیان دیداریان هەبێت و رووبەڕوو یەکتر ببینن، ئەوە دیارە کە لانی کەم چالاکی سەربازی لەگۆڕێ نییە لە نێوانیاندا. بێگومان شەڕی راستەقینە دەشێت لە هەر ساتێکدا رووبدات: کاتێکیش بایدن بە ئەجێندای لیبڕاڵی توندڕەوی و بەگەڕخستنەوەی مەزنەوە سەرۆکایەتی لە ترامپ رفاند، ئەم مەترسییە دەستبەجێ زیاتریش هەڵکشا.
رووسیا و ئەمهریکا — یان ڕاستتر رووسیای پوتن و ئەمهریکای بایدن تێڕوانینیان لەسەر تەواوی بابەتەکان جیایە. ئینجا لە هەمووی گرنگتر، ئەوان رێکخستنی دنیا لە داهاتوودا هێند جیاواز دەبینن، کە هاوکێشەکەیان لەسەر حسابی وەلانانی ئەوی دی بە ئاکام دەگات.
لای پوتن خاڵی سەرەکی و لەپێشینە سەروەری کامڵ و راستەقینە و تەواوی رووسیایە. ئەم دەرفەتە تەنها لە باری فرەجەمسەری دنیادا بەدی دێت و رووسیا دەبێتە ناوەندی سەربەخۆ و ئازادی بڕیاردان. دیارە لە ریزی جەمسەرەکانی تردا، هەروەک سەروەری و بوونی ئەوانیش بەهەمان شێوە دانپێدانراو دەبێت، هەڵبەت ئازادییان تا سنووری ئازادی جەمسەرەکانی تر بڕدەکات.
لای بایدن خاڵی لەپێشینە ئەمهریکا نییە، بەڵکە دەوڵەتی جیهانییە بە سەرۆکایەتی حکومەتی جیهانی. جیهانی لەم چەشنە دەبێت تاکجەمسەر بێت، تیادا تەنها یەک ئایدۆلۆژیا بەرکار بێت — لیبراڵیزم LGBT، ژینگەناسی، دیموکراسی کەمینەکان، رەیسیزمی قەرەبووکردنەوە (بەگوێرەی ئەو تیۆرییە رەخنەئامێزە نەژادییەی ئێستا لە ئەمهریکا قەبوڵکراوە، ئەو نەژادانەی پێشتر ستەمیان لێکراوە، ئێستا دەتوانن نەژادە ستەمکارەکانیان بچەوسێننەوە و تووشی لێپرسینەوەش نەبن). هیچ سەروەرییەک نابێت لای هیچ کەسێک بەرقەرار بێت، بەوپێیەی ئەمە دژی یاسای مافەکانی مرۆڤە.
لەبەرئەوە لای بایدن، رووسیای پوتن دوژمنە، دوژمنی ڕەها. ئەمە بەو مانایە نییە کە رووسیا دوژمنی ئەمهریکایە. ئەگەر ئەمهریکا وەک جەمسەرێک لە دنیای فرەجەمسەردا چاولێبکەین، واتە ئەوی لەسەردەمی ترامپی ناسیۆنالیستدا شیاو و گونجاو بوو، ئەوا تەواوی پرس و کێشە هەڵپەسێراوەکان دەشێ چارە بکرێن. راستە کە رووسیا و ئەمهریکا خاڵی بەریەککەوتنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانیان هەیە، بەڵام مایەی گرفت نین. بەتایبەت ئەگەر ئەو رووبەرانە وەک ناوچەی بەرپرسیارێتی هاوبەش لە فۆرمێکی واقیعیدا دەستنیشان بکرێن؛ واتە ئۆراسیا بۆ ئۆراسییەکان، ئەمهریکا بۆ ئەمریکاییەکان، ئەوروپا بۆ ئەوروپاییەکان. ئەم لیستە دەشێت درێژبکرێتەوە، ئەفریکا بۆ ئەفریکاییەکان، ئاسیا بۆ ئاسیاییەکان، دنیای ئیسلام بۆ مسوڵمانان و هتد. دیارە ئەمە لەبارێکدا روودەدات کە لە سەرۆکایەتی ئەمهریکادا سەرۆکی ئەمهریکا هەبایە. دیدار لەتەک وەها سەرۆکێکدا بۆ سەرۆکی رووسیا بێشک بەرهەمدار و بنەمادار دەبوو.
بەڵام گرفتەکە لەوەدایە کە بایدن سەرۆکی ئەمریکا نییە. ئەو لیبراڵ و گڵۆبالیستە و پێ لەسەر ئەو رەهەندە دادەگرێت، کە لیبراڵ و گڵۆبالیست بمێنێتەوە، ئەمەش بەو مانایە کە هەمووان دەبێت ملکەچی ئەجێندای ئەو بن، شوێنی بکەون. لای کەسی گڵۆبالیست و جیهانگیر دۆست و کەسانی تەوقە لەگەڵکراو تەنها گڵۆبالیستی هاوشێوەی خۆین. سەرجەمی ئەوانەشی کە مکوڕن لەسەر فرەجەمسەری و سەروەری وڵات، دەستبەجێ دەکەونە بازنەی دوژمنەوە.
پوتن کتومت لە توخمی ئەمانەیە. ئەم هێلکاری دنیا وەک کۆنسێرتی بکەرە سەروەرەکان دەبینێت، یەکێکیان رووسیایە، یەکێکیان ئەمهریکایە، یەکێکی تر چینە و هتد. بۆیە پوتن لە دیدارەکەدا بایدنی وەک هاوتای خۆی بینی. بەڵام بایدن پوتنی وەک کەسێک بینی کە یاخی بووە و لە کۆنترۆڵ دەرچووە، بۆیە پێویستە بە ئابڵوقە سزا بدرێت و بە پێبەخشینیش فریو.
جیاوازی گەورەی کۆبوونەوەی پوتن و بایدن لەمەدا خۆی بەیاندەکات. لەڕاستیدا دیداری گەورە بوونی نییە. بەوەدا کە ئەوان لە دوو دنیای تەریبدان، شتێکی ئەوتۆیان بۆ گوتن نییە. بە جەمسەربوونی ئەم دوو دنیایە لە گەشەی خێرادایە. ئەوان تەنها کاتێک دەتوانن یەکتر ببینن کە یەکێکیای یاسای گەمەی ئەویتریان قەبوڵبکات.
ئێوە دەتوانن وێنای ئەوە بکەن کە بایدن دەست لە بەجیهانیکردن هەڵگرێت؟ من کە ناتوانم، یان پوتن دەست لە سەروەری بەردات، من بەهیچ شێوازێك باوەڕم بەمە نییە، لای پوتن گرنگترین شت ئەو رەهاییبوونەیە، بۆیە وەک دەبینین لێرە هیچ بوارێک بۆ گفتوگۆ نایەتە ئاراوە. رێکكەوتنیش دەشێت تەنها لەسەر شتی لاوەکی و بێبایەخ بکرێت.
لە پەیوەندی نێوان ئەموریکا و رووسیادا تەنها نەمانی یەکێک لە لایەنەکان پرسەکە یەکلایی دەکاتەوە. ئاخۆ کامیان پێشتر هەرەس دێنێ؟ ئەی ئەگەر کەسیان نەڕووخان چی؟ لەم بارەیاندا تەنها ئەگەرێک کە بمێنێتەوە وشەیەکە بە پیتی ش… دەستپێدەکات.
نوسینی: ئەلێکساندر دوگین
وەرگێرانی لە رووسیەوە بۆ کوردی: ھێمن تاھیر