
ئارام برادۆستی
نووسەر
چارەنووسی هەڵبژاردنەكانی عێراق
فاكتەرە بكەر و نەكەرەكانی ئەم پڕۆسەیە بەسەر دوو لایەن دابەش بوون

وەك ئاگادارین بڕیار وایە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە (10/10/2021) بەڕێوەبچێت، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە سەرەڕای ئامادەكاریەكان بۆ بەڕێوەچوونی ئەم پڕۆسەیە كەچی هەندێ رووداو روو دەدەن كاریگەری زۆریان دەبێت لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن یاخود دواخستن و پەكخستنی، بۆیە دەبینین فاكتەرە بكەر و نەكەرەكانی ئەم پڕۆسەیە بەسەر دوو لایەن دابەش بوون، كە بەم شێوەیەی خوارەوە پوختیان دەكەینەوە.
یەكەم: فاكتەرە بكەرەكانی پرۆسەی هەڵبژاردن:
1- كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەك یەكێك لە هاوبەشە سەرەكییەكانی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە رێگەی رێكخراوی نێودەوڵەتی نەتەوەیەكگرتووەكانە هەر لەكاتی بەڕێوچوونی خۆپیشاندانەكانی تشرینی یەكەمی (2019 ) بەهۆی داواكاری خۆپیشاندەران بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە هەڵوێستی لەگەڵ داواكارییەكەیان بوو، بۆ ئەم مەبەستە بە ئاشكرا رایگەیاند، پێویستە بە شێوازێكی نوێ هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، لەوە زیاتر پێداگری كرد لەسەر گۆڕینی سیستەمی هەڵبژاردن لە رێگەی هەمواركردنی بازنەكانی هەڵبژاردن بۆ بازنەی بچوكترو زیاتر لە هەمان كاتدا دەنگدان بە كاندید لە جیاتی لیست و كاندید.
لەسەر ئەم بنەمایە هەر لەوكاتەوە تاكو ئێستا بە بەردەوامی لەگەڵ ئەوە بووە هەڵبژاردنی پێش وەختە ئەنجامبدرێت. (un) لە سەرەتادا وای بۆ دەچوو لەم هەڵبژاردنە گۆڕانكاری بنەڕەتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران دروست دەبێت لەرووی چۆنایەتیەوە وە ئەم گۆڕانكارییە سەردەكێشێت و كاریگەری دەبێت لەسەر پێكهێنانی حكومەت دوای هەڵبژاردن، بەڵام دوای بۆی دەركەوت ئەم بۆچوونەیان لە جێگەی خۆی نیە و ئەوەش ئەوە دەگەیهنێت كە خوێندنەوەی دروستیان بۆ واقیعی عێراقی نەبووە، بۆیە (un) هەموو تواناكانی خۆی خستووهتەگەر بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پێش وەختە ئەنجام بدرێت و بەلایەنی كەمەوە بە دەست بەتاڵی لێی نەیێتە دەرەوە. جگە لەوە كاردەكات تا بتوانرێت پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەلیكترۆنی دوور بێت لەهەر دەستێوەردانێكی هاوشێوەی، بۆ ئەم مەبەستە چەندین چاودێر و نێردەیان سەردانی دامەزراوەكانی پەیوەندیداریان كردووە لە عێراق و هەرێمی كوردستان.
2- سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق بەڕێز (مستهفا كازمی) هەروەك خۆی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی دیاریكرد، تاكو ئێستا هەمیشە پێداگری لەسەر ئەوە دەكات و هەڵوێستی نەگۆڕی لەگەڵ ئەوەیە كە دەبێت هەڵبژاردنی پێش وەختە لەو وادەیە ئەنجام بدرێت، كە دیاریكراوە، هەرچەند جارێك لە وادەی دیاریكراوی كە (مانگی 6/2021) بوو دواخرا بەهۆی ئەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن نەیدەتوانی لەو وادەیە ئامادەكاریەكانی تەواو بكات.
3- كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق تاكو ئەم ساتە بە بەردەوامی ئامادەكاری كردووە و دەیكات بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، راستە دەبێت ئەم دامەزراوەیە بە شێوەیەك ئامادەكاری بكات كە هەڵبژاردن لە وادەی خۆی ئەنجام دەدرێت، بەڵام ئەگەر نیەتێكی دواخستن هەبووایە تا ئێستا ئیعازێك دەدرایە ئەم دامەزراوەیە. هەرچەند ئەم دامەزراوەیە لەم ئامادەكاریە دەبێت بەردەوام بێت و ئەو ئەركەی لەسەر شانیەتی جێبەجێی بكات و ئەو بەرپرسیاریەتەی هەیەتی بەرگەی بگرێت. چونكە لە لایەك نابێت بكەوێتە ژێر كاریگەری هیچ شەپۆلێكی دواخستن، یاخود پەكخستنی و لە لایەكی تر ئەگەر گریمان هەڵبژاردنی پێشوەختە لە وادەی خۆی ئەنجام نادرێت خۆ بەلایەنی كەمەوە (7) حەوت مانگ بگرە كەمتریش دوای ئەو وادەیە دەبێت ئەنجام بدرێت چونكە ئەو كاتە دەكەوێتە وادەی دروستی خۆی دوای تێ پەڕاندنی چوار ساڵ بەسەرییدا.
لە هەمان كاتدا ئێستا كۆمسیۆن لە بەڕێوەبردنی قۆناغێكی گرنگی پرۆسەی هەڵبژاردنە ئەویش قۆناغی بانگەشەی هەڵبژاردنە، كە ماوەكەی دیاریكردووە لە (8/7/2021) تاكو (7/10/2021)، بەهۆیەوە كاندیدەكان و قەوارە سیاسییەكان بانگەشەیان راگەیاندووە و دەستیان پێكردووە، هەرچەندە زیاتر ئەم بانگەشەیە لە ناوەڕاست و باشووری عێراق جوڵانەوەیەكی زیاتری هەیە وەك لە هەرێمی كورستان، بێگومان ئەم بانگەشە لە لایەن كاندیدەكان و قەوارەكان كە دەكرێت تێچوون و خەرجی دەوێت، ئەگەر پرۆسەكە لەكاتی خۆی بەڕێوەنەجێت هیچ لایەنێك بەرپرسیاریەتی ئەم خەرجیانە هەڵناگرێت. لەهەمانكاتدا كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لەكاتی ئێستا خەریكی خەریكی ئەنجامدانی خولی چڕو پڕە لەسەر رێكارەكانی بەڕێوەچوونی پرۆسەكە. جگە لەوە لە ماوەی داهاتوودا ناوی كارمەندانی سەر سندوقی دەنگدان رادەگەیەنرێت.
4- پێداگری قەوارە سیاسییەكان و كاندیدەكان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن سەرەڕای ئەوەی هەندێ لە قەوارە سیاسیەكان پاشەكشەیان لە پرۆسەكە كردووە لە كاتی ئێستادا، و قەوارە پێداگیرەكان لەسەر ئاستی ئەنجوومەنی نوێنەران لە خولی رابردوو خاوەن پێگەی باڵاو كاریگەری خۆیان بوون لەوانە هاوپەیمانی فەتح، نەصر، دەوڵەتی یاسا، حیكمە، هەروەها لە كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپەیمانی كوردستان ( یەكێـتی و گۆڕان)، بۆیە بەشداریكردنی ئەو لایەنانە و لایەنەكانی تر رەوایی دەبەخشێتە پرۆسەی هەڵبژاردن.
دووەم: فاكتەرە نەرێنیەكان ( ئەوانەی كاریگەرن لەسەر ئەنجام نەدانی پڕۆسەكە)
1- كشانەوەی قەوارە سیاسیەكان: لە ماوەكانی رابردوو ژمارەیەك قەوارەی سیاسی بڕیاری بەشدارینەكردن و بایكۆتكردنی پرۆسەی هەڵبژاردنیان راگەیاند، لە نێویان تەیاری سهدری و حزبی شیوعی عێراقی و چەندین لایەنی تر، هەندێ لەم قەوارانە كاریگەریەكی زۆریان لەسەر دامەزراوەكانی عێراق شەقامەوە هەیە لەوانە تیاری سهدری، بۆیە بەشدارینەكردنی قەوارەیەكی وەك تیاری سهدری چەندەها پرسیار بەدوای خۆیدا دههێنێت كە تا ئێستا وەڵامەكان وەرنەگیراونەتەوە، هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەلایەك و قەوارە سیاسییەكان لەسەر ئاستی عێراق لەلایەكی تر لەگەڵ ئەوەن هەڵوێستی بایكۆتكردن فراوان نەبێت و بەرەو لاواز بوون و بەرتەسك بوونەوە بڕوات و داوا دەكەن ئەو قەوارانەی بڕیاری بایكۆتیان داوە لە بڕیارەكەی خۆیان پاشگەزببنەوە.
2- باروودۆخی ئەمنی: وەك ئاشكرایە بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن پێویست بەوە دەكات هەڵبژاردن لە بارودۆخێكی ئەمنی لەبار بەڕێوەبچێت، بەڵام ئەوەی ئەمڕرۆ هەستی پێدەكرێت لە زۆر پارێزگاكانی عێراق ئەوەیە باروودۆخی ئەمنی لەبار نییە بە تایبەت تاكو ئێستا داعش مەترسی لەسەر چەندین پارێزگا دروست كردووە. جگە لەوە لە هەموو كاتێك ئەگەری كردەی خۆكوژی هەیە بە تایبەت لە شوێنە قەرەباڵغەكان. لە لایەكی تر ئەگەری ئەوە هەیە خۆ پیشاندەرانی یەكی تشرین رێگە نەدەن بە ئاسانی كەل و پەلی هەڵبژاردن بگاتە هەموو شوێنێك و یاخود رێگە نەدەن هەڵبژاردن لە هەموو شوێنێك بەڕێوەبچێت، بۆیە پلانێكی ئەمنی توندو تۆڵ دەبێت پیادەبكرێت بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بە سەركەوتوی بەرێوەبچِێت.
3- ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق: بە شێوەیەكی گشتی دەتوانین بڵێین ئەم دامەزراوەیە هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پێش وەختە نەبووە، ئەم هەڵبژاردنە بە ناڕاستەخۆ واتە نا چالاكی و لاوازی دامەزراوەكانی دەسەڵاتەكانی جێبەجێكردن و یاسادانان لە پیادەكردنی رۆڵی خۆیان، و ئەو تێڕوانینە نەرێنیە بەرامبەر ئەم دەسەڵاتانە جێگەی رەزامەندی نەبوو، هەرچەندە كابینەی (عادل عبدالمهدی ) لە ژێر پاڵەپەستۆی شەقام وازی هێنا بەڵام بەهۆی جیاوازی سروشتی دەسەڵاتەكان ئەنجوومەنی نوێنەران لە ئەركەكانی خۆی بەردەوام بوو. وەك ناڕازیبونێك بەرامبەر ئەم تێڕوانینە زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران لەگەڵ ئەوە نین هەڵبژاردنی پێش وەختە ئەنجام بدرێت. چونكە راستەخۆ دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی تەمەنی كاری ئەوان و دروستكردنی مێژووێكی نەرێنی بۆیان، ئەوەشمان لەبیر نەچێت لە رووی مادییەوە بە زیانی ئەندامانی ئەم خولەی ئەنجوومەن تەواو دەبێت.
د. ئارام برادۆستی
بەڕێوەبەری گشتی لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان