جۆرج بۆش: هێرشەکانی 11ی سێپته‌مبه‌ر هۆشدارییەکی توند بوو بۆمان کە واز لە کێبرکێی و جیاوازی سیاسی بهێنین

بۆش: گەلی ئەمه‌ریکا بە بەخشندەیی و دڵفراوانی خۆی شکستی بە پیلانی تیرۆریستان هێنا، کە دەیانویست وا لە ئەمه‌ریکیەکان بکەن، رقیان لە موسڵمان و پەنابەران بێته‌وه‌

K24- هه‌ولێر:

جۆرج بوش، سەرۆکی پێشووتری ئەمه‌ریکا رایگەیاند: گەلی ئەمه‌ریکا بە بەخشندەیی و دڵفراوانی خۆی شکستی بە پیلانی تیرۆریستان هێنا، کە دەیانویست وا لە ئەمه‌ریکیەکان بکەن، رقیان لە موسڵمان و پەنابەر بێت.

ئه‌م گوتانه‌ی بوش له‌ رێوڕه‌سمێكدا له‌ یادی لە یادی 20 ساڵه‌ی هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەردا هاتوون و گوتی: هێرشەکان زۆر شتیان فێرکردین، هۆشدارییەکی توند بوو بۆمان کە واز لە کێبرکێی و جیاوازی سیاسی بهێنین.

بۆش دووپاتیكرده‌وه‌، "دەتوانم تەنیا ئەوەتان بۆ باس بکەم، لە رۆژێکی زۆر ناخۆشدا کە وڵاتەکەمانی پێیدا تێدەپەری بینیم. لە رۆژی پرسە و ناخۆشیدا بە ملیۆنان ئەمه‌ریکم دەبینی، کە دەستیان بۆ دراوسێکانیان درێژ دەکرد و دڵنەوایی یەکتریان دەدایەوە، ئەمە ئەو ئەمه‌ریکایە کە من دەیناسم، لەکاتێکدا کە ئەوانەی هێرشیان کردە سەر ئێمە، خۆیان بە موسڵمان دەزانی، بەڵام بینیم کە ئەمه‌ریکیەکان چۆن باوەشیان بۆ موسڵمانەکانی ئەمه‌ریکا دەکردەوە، ئەمە ئەو نەتەوەیە کە من دەیناسم".

هه‌روه‌ها گوتی: "لەو رۆژەدا کە بەهۆی رق و کینەوە لە دەرەوەی ئەمه‌ریکاوە هێرشمان کرایە سەر، بەڵام بەخشندەیی ئەمه‌ریکیەکانم بینی بەرامبەر بە پەنابەران، ئەمە ئەو نەتەوەیە کە من به‌باشی دەناسم".

له‌ درێژه‌ی گوته‌كانیدا سه‌رۆكی پێشووتری ئه‌مه‌ریكا ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا، "20 ساڵ لەمەوبەر تیرۆریستان 33 سەرنشین و 7 ئەندامی دەستەی فرۆکەوانییان بەزۆر بەخۆیان و فرۆکەکەیانەوە لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا لە گەشتی 93دا بەکارهێنا، بەڵام ئەو ئەمه‌ریکیانە بەشێوەیەك رووبەڕووی تیرۆریستان بوونەوە، كه‌ تیرۆریستان بە ئازایەتییان سەرسام بوون، بەڵام ئەمە نابێ ئێمە سەرسام بکات، چونکە ئەمە ئەو نەتەوەیە کە ئێمە دەیناسین".

H.B