به‌رزان عه‌لی حه‌مه
نووسەر
كاك مه‌سروور هیچت پێویست نییه؟
مرۆڤی كورد به فیكه و هۆڕن و ده‌نگدان و هه‌را و فه‌رته‌نه‌ی چه‌ندین مانگ، حكومه‌تێك دروست ده‌كات، كه‌چی هه‌ر كه كاره‌باكه‌ی له‌سه‌ر كوژایه‌وه، ده‌ڵێت یه‌ڵڵا با بیڕووخێنین
من ئه‌گه‌ر بۆم بكرێت یارمه‌تیی مه‌سروور بارزانی بده‌م كه چاكتر و باشتر و ناوازه‌تر حوكمڕانیی بكات، یه‌ك و دووی لێ ناكه‌م و یه‌كسه‌ر ده‌چمه یارمه‌تیدانی. خۆ من به موعاره‌زه‌یی و ناڕه‌زایی و عه‌سه‌بێتی له دایك نه‌بووم.
ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌تێكم پێ خراپ بێت و بزانم به هه‌وڵێكی من، به بیرۆكه‌یه‌كی من، به موشاره‌كه‌یه‌كی من، چاكتر ده‌بێت، ئێ حه‌تمه‌ن ده‌چم له‌گه‌ڵیان چاكتر و باشتری ده‌كه‌م. خۆ من ئه‌گه‌ر خه‌له‌لێك له سه‌لاجه‌كه‌ی ماڵه‌وه‌شمان هه‌بێت، یه‌كسه‌ر به له‌قه تێی ناكه‌وم و نایشكێنم، له كاتێكدا دانه‌یه‌كی چاكتر و تازه‌تریشم پێ شك نه‌یه‌ت كه له جێی دانێم.
ده‌ی بۆیه كاتێك ویستوومه ئه‌م حكومه‌ته نه‌ڕووخێت و ته‌نانه‌ت به (خراپه و هه‌ڵه‌كانیشییه‌وه) ئه‌گه‌ر هه‌یبووبێت، بمێنێته‌وه، له ترسی ئه‌وه بووه، كه حكومه‌ته‌كه‌ی ناو کەللەسه‌ری ئه‌وانی تر له مۆدێله‌كه‌ی حه‌شدی شه‌عبی بووه، ئه‌وه‌ی گوایا به‌نزینت بۆ ده‌كاته 450 دینار، به‌ڵام شه‌ق و پێله‌قه‌ی بۆ كردوویته‌ته به‌لاش!
مرۆڤی كورد به فیكه و هۆڕن و ده‌نگدان و هه‌را و فه‌رته‌نه‌ی چه‌ندین مانگ، حكومه‌تێك دروست ده‌كات، كه‌چی هه‌ر كه كاره‌باكه‌ی له‌سه‌ر كوژایه‌وه، ده‌ڵێت یه‌ڵڵا با بیڕووخێنین! ده‌ی میلله‌تێك ده‌توانێت بێ منه‌تانه ئاوا حكومه‌ته‌كه‌ی بڕووخێنێت، كه حكومه‌تێكی به كاره‌بای 24 سه‌عاتی و مووچه‌ی فووله‌وه حازر كردبێت و له جێگه‌كه‌ی دابنێته‌وه!
بۆیه لای من، نه‌ك هه‌ر به‌شه ته‌شغیلییه‌كانی حكومه‌ت، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر ده‌زگای ئاسایش، دژه‌تیرۆر، پاراستن و ته‌نانه‌ت زانیارییش، بزانم خه‌له‌لێكی ئه‌منییه‌تییان هه‌یه و ئارامیی وڵاته‌كه‌یان به باشی پێ ناپارێزرێ و به ڕاوێژێكی من، به بیرۆكه و سه‌رنجێكی من، باشتر و ناوازه‌تر ده‌بن، یه‌ك زه‌ڕڕه شه‌رم له ته‌فسیراته‌كانی تۆ ناكه‌م و ئاماده‌م یارمه‌تییان بده‌م. ده‌ی به‌ڵام تۆ وانیت، حیزبه‌كه‌ت وا نییه، هاوڕێكه‌ت، كه‌ناڵ و میدیا و ڕۆشنبیره‌كه‌ت وا نین! ئه‌وان هه‌ر ده‌ڵێن حكومه‌ت خراپه و با بیڕووخێنین، گه‌رنا حكومه‌ت خراپه و پێمان ناڕووخێت، وه‌رن با جنێوی پێ بده‌ین! ئه‌وان ده‌یانه‌وێت حكومه‌ت خراپ و خراپتریش بێت، تا جنێوی زیاتری پێ بده‌ن و مەقاله‌ی زۆرتری له‌سه‌ر بنووسن!
حكومه‌تێك كه نیوجار خراپه، چۆن ده‌بێت بڕووخێنرێ و حكومه‌تێكی نێو كه‌للـه سه‌ری چه‌ند كه‌سێكی له جێ دابنرێت كه هێشتا له قۆناغی تیۆریدایه؟! ئێ قوربان من ئاوا سه‌یری حكومه‌ت ناكه‌م كه یه‌كه‌یه‌كی خراپی موتڵه‌قه و ئیللا ده‌بێت هه‌موو هێز و ئێنێرژیی خۆم له ڕووخاندنیدا به فیڕۆ بده‌م؟! تۆ چیم پێ ده‌ڵێی بیڵێ، خۆفرۆش، جاش، پاره‌خۆر، هه‌رچی دی...
حیزب و هێز و گرووپه ناڕازییه‌كان، هه‌موومانیان له‌سه‌ر ئه‌وه ته‌ڵقین دا كه تا قامی قیامه‌ت هه‌ر حكومه‌ت بڕووخێنین، یانی هه‌ر حكومه‌تێك ئه‌وان پێیان خراپ بوو، ئێمه گوڕ بده‌ینه خۆمان و به مەقاله و موزاهه‌ره بیڕووخێنین. حكومه‌تێك شه‌ش ملیۆن كه‌س به‌ڕێوه ببات، هه‌میشه سێ ملیۆنیان له كه‌میندا بن بۆی و هه‌ر كات بۆیان ڕێككه‌وت بیڕووخێنن! خه‌ڵكیان ته‌واو بێ ئومێد كرد، كه هیچ ئاسۆیه‌ك نه‌ماوه و هه‌موو ئاینده‌یان بۆ خسته دوای ڕووخاندنی حكومه‌ت. زه‌لامی وا هه‌یه له ساڵێكدا حه‌فتا جار ئۆپڵه‌كه‌ی ده‌باته لای فیته‌ر و بێ ئومێدیش نابێت، كه‌چی هه‌ر ده‌م بكاته‌وه، ئه‌ڵێت ئه‌م حكومه‌ته چاك ناكرێت و ئومێدی لێ به‌دی ناكرێ و ده‌بێت بڕووخێنرێت! میلله‌تێك به چوار ساڵ جارێك حكومه‌تێك دروست ده‌كات، كه‌چی ده‌یه‌وێت هه‌موو ساڵێك سێ چوار حكومه‌ت بڕووخێنێت.