به‌رزان عه‌لی حه‌مه
نووسەر
جیلی جنێو
بیست ساڵی ڕه‌به‌قه، گه‌وره‌ترین ئومێد كه دراوه به گوێی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستاندا، تێكدان و ڕووخاندنی حكومه‌ته‌كه‌ی بووه
خه‌ڵكی ئێمه حه‌زی له‌وه‌یه به‌رده‌وام باسی خراپه‌ی بۆ بكه‌یت. دنیای وه‌ك تاریكستان و ژیانی وه‌ك ناچارییه‌كی بێ هوده بۆ شرۆڤه بكه‌یت. حه‌زیان به‌وه نییه باسی خۆشی و ئاسووده‌ییان بۆ بكه‌یت، (گه‌رچی كه‌م و جوزئییش بێت!) پێیان خۆشه هه‌میشه بیریان بهێنیته‌وه كه ئه‌وان خۆش ناژین، باش ناژین، ئاسووده نین و هه‌موو شت خراپه!
به هه‌ر كه‌س بڵێیت ژیانت باشه (ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر باشیش بێت!) تووڕه ده‌بێت، جنێو ده‌دات و پیاتا دێته خواره‌وه. به‌ڵام هه‌موو كه‌س وا لێكراوه كه ئه‌وه‌ی زۆر پێ خۆشه وه‌ك برسی و هه‌ژار و بێ پاره و ڕه‌شوڕووت و ده‌یان وه‌سفی تری هه‌ژارانه باسی بكه‌یت!
جا فه‌لسه‌فه‌ی (هه‌موو شت خراپه!) ڕێك فه‌لسه‌فه‌ی دادائیزمه. دادائیستهكان كاریان له‌سه‌ر یه‌ئس و نائومێدی، تاریكی و لادانه‌كان ده‌كرد. به كوردی و كورتی: لای دادائیستهكان، ژیان به‌های نییه و هه‌موو شت قابیلی تێكدان و قڵپ كردنه‌وه‌یه. جا مرۆڤ یان ژیانه‌كه‌ی بیدائییه، یان ئه‌قڵه‌كه‌ی. ئه‌گه‌ر تۆ سفره‌ت ڕازاوه نییه و گیرفانت خاڵییه و ژیانت ڕازاوه نییه، ناكاته ئه‌وه‌ی ئه‌قڵیشت هه‌مان جۆره.
داهێنه‌ر و خه‌لاقی ئه‌م تێڕوانینه جه‌ماوه‌رییه، كۆمه‌ڵێك نووسه‌ری گرینۆك و خه‌یاڵپڵاو بوون. به ناوی شعر و ڕۆمان و میدیای ئازاده‌وه، ژیانی زاتیی مرۆڤی ئێمه‌یان شێواند. ئیدی لێره مرۆڤ بۆی نییه باس له خۆشبه‌ختییه زاتییه‌كانی خۆیشی بكات. سه‌ره‌قه‌ڵه‌می حازر و جنێوی حازر و سوكایه‌تیی حازری ئه‌وانی تر، به خێرایی به‌رۆكی ده‌گرێت. ئا له‌م سایكۆلۆژیا و هزره جهماعییهدا، یان ده‌بێت غه‌رق بیت، یان تۆیش به خۆشییه‌كانی ئه‌وانی تر تووڕه و په‌ست بیت.
بیست ساڵی ڕه‌به‌قه، گه‌وره‌ترین ئومێد كه دراوه به گوێی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستاندا، تێكدان و ڕووخاندنی حكومه‌ته‌كه‌ی بووه. هه‌ر كه‌س قووت بووه‌ته‌وه، موژده‌ی داوه كه به‌م زووانه ئه‌زموونه‌كه‌یان بۆ تێك ده‌دا و وه‌زیر و كاربه‌ده‌سته‌كانیان بۆ له سێداره ده‌دات. به‌و پێیه‌یش كه تێكدان و خراپه‌كاری پێویستی به لۆژیك و به‌رنامه‌ی چڕ و پڕ نییه، ئه‌وانه‌ی ئه‌م بیرۆكانه‌یان هه‌بووه، هیچیان كه‌سایه‌تی به‌هێز و كاریگه‌ر و دووربین نه‌بوون. سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ده‌یانویست حكومه‌تی هه‌رێم بڕووخێنن، خۆیان ڕووخان. سه‌رجه‌م ئه‌و حیزبانه‌ی كه ده‌یانویست حكومه‌تی هه‌رێم لاواز بكه‌ن، خۆیان لاواز بوون و ئه‌وانه‌یشی ماون، له‌سه‌ره مه‌رگدان. ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی كه دوێنێش له‌سه‌ر ئه‌وان جنێوی به هه‌موو كه‌س ده‌دا، ئێستا جنێو به خۆیشیان ده‌دات.
ئه‌م هزره جه‌ماوه‌رییه، ئه‌م مێنته‌ڵێتی و خولیایه، تێگه‌یشتنێكی ده‌گمه‌نی له نێو مرۆڤی ئێمه‌دا دروست كردووه، هه‌ر كه‌سێك تووڕه بهت یان تووڕه‌ی بكه‌یت، ئه‌گه‌ر پاره‌دار بێت، حیزبێك و كه‌ناڵێك و ده‌یان په‌یج دروست ده‌كات، ئه‌گه‌ر پاره‌داریش نه‌بێت، یان خۆپیشاندان ده‌كات، یانژی هه‌ر كێی به‌ر ده‌ست كه‌وت، تێر جنێوی پێ ده‌دات.