د. بههزاد تاهیر سهلیم
نووسەر
راستییە شاراوەکانی کێشەی نێوان روسیا و ئۆکراین
سهركردهكانی ئۆكراینا له پێناو چوونه ناو یهكێتی ئهوروپا پێیان خۆشه لهگهڵ رووسیا له قهیراندا بن
"روسیا چاوی بڕیوەتە فراوانکردنی سنوورەکانی لە رۆژئاوای خۆی و باشووری رۆژھەڵاتی ئۆکراین، چونکە بە بەشێکی دانەبڕاوی خاکی خۆی دەبینێت، بەڵام لەو قۆناغەدا ئەستەمە شەڕێکی تر دروست ببێت، چونکە نە ئابوورییەکەی بەرگەی ئابڵوقەی تری رۆژئاوا دەگرێت و نە رۆژئاواش نیەتی رووبەڕوو بوونەوەی سەربازی راستەوخۆی ھەیە لەگەڵ روسیا و نە ئۆکراینیش توانای بەرگری ھەیە.
روسیا لەسەر سنووری ئۆکرانیا هەوڵ دەدات پەیامێکی ئاگادارکەرەوە بۆ کیێڤ و وڵاتانی رۆژئاوا بنێرێت و هۆشداری بدات لە دەرئەنجامەکانی ئەندامێتی ئۆکرانیا لە پەیمانی باکووری ئەتڵەسی ناسراو بە ناتۆ.
لە هەمانکاتدا یەکێک لە نیگەرانییەکانی وڵاتانی ئەوروپا لە قەیرانی رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بریتیە لە کاریگەریەکەی لەسەر بازاڕی وزە و بەرزبونەوەی نرخی گاز و سووتەمەنی لەوڵاتانی ئەوروپادا و دروستکردنی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی لەنێوان هاووڵاتیانی حکوومەتەکانیان. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە یەکێک لە یەکەم کاردانەوەکانی مۆسکۆ لەئەگەری ھەڵکشانی قەیرانی ئۆکرانیا دەکرێت سنوردارکردنی هەناردەی غاز بێت بۆ ئەوروپا".
بە پێی ھەندێ سەرچاوە ئامانجی روسیا لە کۆکردنەوەی ھێز لە سەر سنوورەکانی ئۆکراین بریتیە لە ئەگەری داگیرکردنی تەواوی بەشەکانی رۆژهەڵات و تەنانەت باشووری ئۆکراین چ بە پاساوی پشتگیریکردنی خەڵکی ناوخۆی رووسی لە دژی هێرشە شاراوەکانی ئۆکرانیا یان بۆدووبارە گەیشتنەوەی کریمیا بە ئاوی پاک تەنانەت بە زەبری هێز.
لەبەر ئەوەی سەرچاوەی ئاوی کریمیا ئێستا لە سنوورەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆکراینە و ئەو نیمچە دوورگەیە تووشی قەیرانی ئاوی پاک بووهتەوە.
بەڵام هەندێک پێیان وایە بوونی سەربازی گەورەی روسیا لەنزیک سنوورەکانی ئۆکرانیا تەنیا هۆشدارییە بۆ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمهریکا کە روسیا پێی وایە لەنزیکەوە بەشدار دەبێت لەکێشەکانی ئۆکرانیا و هەروەها ئاگادارکردنەوەیەکە بۆ ڤلادیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا کەبەم دواییانە ھێزەکانی سەر بە روسیای لەو وڵاتە سەرکوت کردووە.
مانگی شوباتی رابردوو بەڕێز زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ئیمزای لە سەر بڕیارێک کرد کە بووە هۆی داخستنی سێ کەناڵی تەلەڤزیۆنی بەرهەڵستکاری ئۆکراین و لایەنگری رووسیا. کەناڵەکان پەیوەست بوون بە ڤیکتۆر مێدڤێدچوک، پەرلەمانتارێکی ئۆکراین کە بە هاوڕێیەتی نزیکی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین ناسراوە. داخستنی ئەم کەناڵانە و هەروەها دەستبەسەرداگرتنی سامانی تایبەتی بەڕێز مێدڤێدچوک، تووڕەیی لای رووسیای دروستکرد.
لە رووی نێودەوڵەتیشەوە ئۆکرانیا هەوڵەکانی خۆی چڕکردەوە بۆ راکێشانی سەرنجی نێودەوڵەتی لە سەر بابەتی لکاندنی کریمیا لە رووسیا وپێشنیازکردن و بڵاوکردنەوەی ستراتیجێک بۆ کۆتایی پێهێنانی داگیرکاری لە نیمچەدوورگەی کریمیا.
هەروەها بانگهێشتی چەند وڵاتێکی کرد بۆ بەشداریکردن لە یەکەم کۆبوونەوەی پلاتفۆرمی کریمیا. دەستپێشخەرییەکە بە ئامانجی دووبارە خستنەڕووی داهاتووی نیمچەدوورگەی کریمیا لە بەرنامەی جیهانیدا بوو.
ئەم جووڵانە لە کاتێکدا هات کە ئۆکرانیا گواستنەوەی ئاو لە وڵاتەوە بۆ کریمیا بڕی دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 رووسیا کریمیای گرتەوە؛ رووسیا تووشی قەیرانێکی سەختی کەمئاوی کریمیا بوویەوە. ئەو کێشەیە زۆر گەورە بوو کە لە ئۆکرانیا هەندێک لە شیکەرەوەکان پێیان وابوو کە رەتکردنەوەی ئەو وڵاتە بۆ گواستنەوەی ئاو پێش "کۆتایی داگیرکاری" لەوانەیە رووسیا بیر لە داگیرکردنی ناوچەی خەرسان بکات بۆ گەیشتن بە رووباری دنیپەر کە پێشتر بۆ دابینکردنی ئاوی کریمیا بەکار دەهات.
باس لە سێ سیناریۆ دەکرێت کە بۆ چی روسیا ھێزی بردووهتە سەر سنورەکان: یەکەمیان ئەوەیە کە روسیا دەیەوێت ھێزو چەکەکانی پێشانبدات و عەرزی عەزەڵاتە بۆ ترساندنی دوژمنەکانی. یان بە پاساوی پشتگیریکردنی خەڵکی ئەو ناوچانەی کە زمانیان رووسیە هێرش بکاتەسەر دانباس. یان خود بچێتە باشووری ئۆکرانیا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئاو لە کریمیا. لە لایەکی تر روسیا و ھاوئاوازەکانی پێیان وایەکە دەستپێکردنی شەڕێکی گەورە خواست و حەزی ئەمریکایە، چونکە دەبێتە ھۆی وەستاندنی ھێڵی بۆری نورد ستریم 2 و سەپاندنی سزای زیادتر بە سەر روسیادا.
راستی مەسەلەکە ئەوەیە کە مۆسکۆ بە یارمەتی یاخیبووانی سەر بە خۆی لە لوهانسک و دۆنتسک لە ناوچەی دۆنباس لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و هەروەها دوای ئەوەی نیمچە دوورگەی کریمیای ئەو وڵاتەی لکاندەوە بە سەر خاکەکەی، تا ئێستا لە قەیران و ناکۆکی ئۆکرانیا و لەسەوداکردن لەگەڵ واشنتن و ناتۆ و یەکێتی ئەوروپادا سەرکەوتوو بووە.
روسیا لە ساڵی 2014دا بە لکاندنی نیمچە دوورگەی کریمیا وەڵامێکی سنوورداری وڵاتانی رۆژئاوای بینی. ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا جگە لە دەرکردنی رووسیا لە جی 8 و سەپاندنی سزا لە دژی مۆسکۆ، ھیچ کردارێکی ئەوتۆیان نەبوو. لە ئەنجامی شەڕ لەسەر لکاندنی نیمچەدوورگەی کریمیا لەگەڵ روسیا و هەروەها شەڕ و پێکدادانی نێوان میلیشیا ئۆکرانییەکان و میلیشیاکانی ژێر دەسەڵاتی مۆسکۆ لە رۆژهەڵات، بووهتە ھۆی گیان لە دەستدانی نزیکەی 14 هەزار کەس.
ئۆکراین لەبەر پێگەی جیۆپۆلەتیکی خۆی وەک خاڵی بەیەکگەیشتنی رۆژهەڵات و رۆژئاوا و توانا پیشەسازییەکان و باکگراوندی مێژوویی لەناوچەی ئۆراسیا زۆر گرنگە. ئەم سیفەتە بێهاوتایانە، هەروەها پێکھاتەی قەومی دوولایەنەی ئەو وڵاتە، وای کردووە کە ببێتە جێگای پێکدادان وبەربەرەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا.
یەکەم بەریەککەوتنی روسیا و رۆژئاوا لەو وڵاتەدا لە کاتی شۆڕشی پرتەقاڵی و لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2004دا روویدا. ئەگەر چی لە ساڵی 2004دا رکابەری لە بواری سیاسیدا بوو، بەڵام 10 ساڵ دوای ئەوە بە هۆی فاکتەرێکی ئابووریەوە ئەو دوو لایەنە رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە. رووبەڕووبوونەوەکە چڕتر و قوڵتر بوو و بووە هۆی جیابوونەوەی بەشێک لە خاکی ئۆکراین.
پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و ئۆکراین لە دوای سەربەخۆیی ئەو وڵاتە و لە پاش رووخانی یەکێتی سۆڤیەتەوە بەردەوام شاھیدی گرژیبووە. لە روانگەی وڵاتانی رۆژئاوا و بەتایبەتی ئەندامانی ناتۆ روسیا چاوی بڕیوەتەوە سنوورەکانی خۆرئاوای خۆی و بە خاکی دانەبراوی خۆی زانیوە و لەساڵی 2008 لەشکرکێشی کرد بۆ جۆرجیا و لەساڵی 2014دا بەرەو ئۆکراین ھێزی جوڵاند و دوای ململانێی ساڵی2014، روسیا توانی نیمچەدوورگەی کریمیا بخاتەوە سەر خاکەکەی.
لەو کاتەوە پەیوەندییەکانی رۆژئاوا و روسیا زیاتر و زیاتر گرژییان تێکەوتووە. بەڵام یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ و ئەمهریکا جگە لەچەند سزایەکی کەم هیچ کارێکی ئەوتۆیان بەرامبەر روسیا نەکردووە.
گاز و ئێنێرجی
لە ناکۆکییەکانی نێوان رووسیا و ئۆکراین دا گازی سروشتی رۆڵێکی گرنگ دەبینێت. تۆڕی بۆری گازی رووسیا کە وزە بۆ وڵاتانی رۆژئاوا دابین دەکات ئێستا بە ناو خاکی ئۆکرانیادا تێدەپەڕێت و رووسیا گازی هەناردەکراوی خۆی بۆ ئەوروپا دەگوازێتەوە. روسیا نزیکەی چارەکێک لە گازی ئەوروپا دابین دەکات و لەسەدا 80ی ئەو گازەش بە لایەنی کەمەوە پێش تەواوبوونی هێڵی بۆری نۆرد ستریم بە ناو خاکی ئۆکرانیادا تێدەپەڕێت.
لە ساڵی 2005دا رووسیا ئۆکرانیای بەوە تۆمەتبار کرد کە بەشێک لەو گازەی بۆ ئەوروپا دەچوو دزیبوو جگە لە پێنەدانی نرخی گازەبەکارهاتووەکان. ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی چەندین ناکۆکی یاسایی تا وای لێھات روسیا لە 1ی کانوونی دووەمی ساڵی 2006داگازی لە سەر ئۆکرانیا بڕی کە بووە هۆی ئەوەی ئەزمەی گاز لە ناوچەکانی تری ئەوروپادا دروست ببێت.
پاش چەند رۆژێک لە 4ی کانوونی دووەم کە رێککەوتنێکی سەرەتایی هاتە ئاراوە، برینی گازەکە گەڕێندرایەوە، بەڵام قەیرانەکە کۆتایی نەهات. لەماوەی ئەو چەند ساڵەدا بۆری گاز چەندین ناکۆکی لەنێوان روسیاو ئۆکرانیا دروست کردووە بۆ نمونە لە ساڵی 2009دا رووسیا گازی ئۆکراینای بڕییەوە و جارێکی تر ناکۆکیەکان بەرز بوونەوە.
لە ساڵی 2010دا رووسیا رێکەوتنێکی لەگەڵ ئۆکرانیا ئیمزا کرد بۆ ئەوەی لە سەدا 30 داشکاندن پێشکەش بەو وڵاتە بکات. لە کۆتایی ساڵی 2014 و دەستێوەردانی سەربازی روسیا و لە کۆتاییدا دەستبەسەرداگرتنی کریمیا و زیادبوونی گرژیەکان، رووسیا گرێبەستی داشکاندنی هەڵوەشاندەوە. لەگەڵ زیادبوونی قەرزەکانی ئۆکراین کەدەگاتە 4.5 ملیار دۆلار و بە ئەنجام نەگەیشتنی دانوستانەکان، رووسیا لە 15ی حوزەیراندا دووبارە گازەکەی بڕی و بەڵێنی دا کە ھەناردەی گاز بۆ ئەوروپا بەردەوام بێت.
دوای ئەوەی یەکێتی ئەوروپا بووە زامنی ئۆکراین، رووسیا و ئۆکراین لە 30ی تشرینی یەکەم رێککەوتن و یەکێتی ئەوروپاش رازی بوو کە رۆڵی گەرەنتی ئۆکرانیا بۆ جێگیرکردنی قەرزەکان بگێرێت. بەڵام لە 25ی تشرینی دووەمی 2015دا، بەهۆی قەرزەوە، رووسیا دووبارە ھەناردەی گازی بۆ ئەو وڵاتە بڕی و لەو کاتەوە ئۆکراینا گازی پێویستی خۆی لە یەکێتی ئەوروپاوە دابین کردووە.
روسیا و ئەڵمانیا هەوڵیاندا بە دەستپێکردنی هێڵی نۆرد ستریم کە لە زەوی دەریای بالتیکدا تێدەپەڕێت، پشتبەستن بە رێگای خاکی ئۆکرایناو بێلاڕوسیا و سلۆڤاکیا و کۆماری چیک کەم بکەنەوە. قۆناغی دووەمی ئەم تۆڕە گازییە ناسراو بە نۆرد ستریم 2 هێشتا بە کار نەخراوە. ئەمریکا چ لە کاتی دەسەڵاتی ترهمپ و ئێستاش دژبەرێکی سەرسەختی هێڵی بۆری نۆرد ستریم 2 بووە، چونکە لە روانگەی ئەمریکاوە بۆرییەکە ئەوروپا وابەستەی روسیا دەکات.
ئۆکراین هاوپەیمانی ناتۆیە، بەڵام ئەندامێکی فەرمی نییە. ئەم وڵاتە پەرۆشە بۆ ئەوەی بچێتە ناو یەکێتی ئەوروپا، بەڵام مەرجەکانی چونە ناو یەکێتیەکەی نییە لە بەر ھەبوونی گەندەڵی کارگێڕی و ئابووری لاوازی ئەو وڵاتە. چوونە ناو ناتۆ ئاسانتر دەبێت بۆ ئەو وڵاتە و دەکرێت ببێتە پێشەکی بۆ ئەوەی لە ئەوروپا نزیک بێتەوە و دواتر ببێتە ئەندام لەو یەکێتیە.
سەرکردەکانی ئۆکراین تاڕادەیەک ئەو قەیرانەیان پێ خۆشە کە لەگەڵ روسیا دروست بووە، بۆ ئەوەی ببێتە بیانوویەک بۆ بە ئەندام بوون لە ناتۆ. ئەو وڵاتە لە ساڵی 2008دا داواکاری ئەندامێتی خۆی پێشکەش کرد، بەڵام وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لە ترسی زیاتربوونی گرژییەکان لەگەڵ رووسیا پێشوازییان لێ نەکردووە.
مێژووی پەیوەندییەکانی روسیا و ئۆکراین
دوای روسیا ئۆکرانیا گەورەترین و گرنگترین کۆماری یەکێتی سۆڤیەت بوو و تەنانەت چەکی ناوەکیشی هەبوو. جگە لە ھەندێ ماوەی کورت، بەدرێژایی مێژوو هەرگیز سەربەخۆ نەبووە و لەلایەن مۆسکۆوە فەرمانڕەوایی کراوە جگە لە سەردەمێک کە بە بەشێک لە پۆڵەندا دادەنرا. رووداوەکانی ساڵانی نەوەدەکان و رووخانی یەکێتی سۆڤیەت بووە هۆی سەربەخۆیی وڵات کە رووداوێکی نوێ و نایاب بوو لە مێژووی ئەو وڵاتە.
لە رووی بارودۆخی ناوخۆییەوە بۆشاییەکی گەورە لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوای وڵات لە رووی کەلتووری و قەومیەوە هەیە. لە رۆژئاوا بەئۆکراینی قسە دەکەن، بەڵام لە رۆژهەڵات زۆرینەی خەڵک بە رووسی قسە دەکەن و ئایینەکەیان مەسیحییەتی ئۆرتۆدۆکسە. لە نیمچەدوورگەی کریمیا کە تا ساڵی 1954 بەشێک بوو لە رووسیا، زۆرینەیان رووسن.
لە ساڵی 1954 سەرۆکی سۆڤیەت نیکیتا سێرگی یۆڤیچ خروشوڤ نیمچەدوورگەی کریمیای دایە ئۆکراینا. دوای نەمانی یەکێتی سۆڤیەت لەساڵی 1992 پەرلەمانی کریمیا دەنگی دا بە سەربەخۆیی لە ئۆکرانیا کە لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە پەسەند نەکرا، هەر لەو ساڵەدا پەرلەمانی رووسیاش پێدانی کریمیا بە ئۆکرانیای ساڵی 1954ی هەڵوەشاندەوە.
لە ساڵی 1994 خەڵکی کریمیا سەرۆکێکیان هەڵبژارد کەدروشمی هەڵمەتەکەی "چوونە پاڵ رووسیا" بوو. روسیا لە دوای رووخانی یەکێتی سۆڤیەتەوە هەمیشە چاوەڕێی گەڕانەوەی لانی کەم بەشی رۆژهەڵاتی ئۆکرانیای کردووە.
روسیا و ئۆکرانیا لە رۆژهەڵاتدا وەک پەیوەندی نێوان ئەڵمانیا و فەرەنسا لەڕۆژئاوای ئەوروپا دەچن. ئەڵمانیا و فەرەنسا ساڵانێک لە شەڕدابوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەی کە کێشەکانیان بەلاوە دەنێن و پەیوەندییەکانیان ئاسایی دەبنەوە، ئەو دوو وڵاتە ناوکی یەکێتی ئەوروپایان پێکهێناوە. بە پێی ئەم بیردۆزە، هاودەنگی رووسیا و ئۆکراینیش دەتوانێت ناوکی وەها دروست بکات بۆ شارستانیەتی سلاڤی- ئۆرتۆدۆکس لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا.
وەک ئاشکرایە رۆژئاوا حەزی بەوە نییە و هەوڵدەدات تا ئەو رادەیەی کە دەکرێت گرژییەکانی نێوان روسیا و ئۆکرانیا زیاتر بکات لەوحاڵەتەدا ئەگەری زۆر ھەیە کە سیناریۆی دابەش کردنی ئۆکراینا بۆ دوو بەشی رۆژهەڵات و رۆژئاوا ھەیە کە بەشی رۆژهەڵات دەچێتە پاڵ رووسیا و بەشی رۆژئاواش دوای تەواوکردنی قۆناغەکان زیاتر لە رۆژئاوا نزیک دەبێتەوە.