زارا محه‌ممه‌دیی چیمان پێده‌ڵێ؟

تابڵۆی زارا، نیگاركێش: شاد م. كامه‌ران
تابڵۆی زارا، نیگاركێش: شاد م. كامه‌ران

له‌پێش هه‌موو شتێکه‌وه، زارا محه‌ممه‌دیی هه‌م هانمان ده‌دات و هه‌میش ده‌مانجوڵێنێت بۆ بیرکردنه‌وه له زمانێکی ستانداردی کوردیی، که هه‌موو پێکه‌وه په‌سه‌ندی بکه‌ین. هه‌ر له سه‌ره‌تای ئه‌م نووسیینه‌ی مندا، من و چه‌نده‌ها خوێنه‌ر و نووسه‌ر و هه‌ڵه‌گر و مامۆستای زمانی کوردیی ده‌که‌وینه کێشه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌کترییدا. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه بۆچیی؟ وه‌ڵام. له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ندێک له ئێمه به‌شێوه‌یه‌ک ده‌نووسن، که پێیانوایه ئه‌وان ڕاستنووسی زمانی کوردیین. سه‌ره‌تا با پیتی "ی" وه‌ربگرین. ئاخۆ ئه‌م پیته که‌ی به وه‌ک "ی"یه‌کی کورت ده‌رده‌بڕدرێت و که‌یش ده‌بێته "ی"یه‌کی درێژ؟  بۆ نموونه "دیار" وه‌ک ناو. دیار ئاکۆ. دیار ئاکۆ ته‌مه‌نی هه‌شت ساڵه.

منداڵێک دێته ماڵه‌وه له‌لای دایکی گله‌ییه‌ک ده‌کات و ده‌ڵێ، دایه دیاری باجی سۆزان پاڵێکی پێوه‌نام و که‌وتم. ئاخۆ ئه‌م منداڵه ده‌ڵێ دیاری یاخوود ده‌ڵێ "دیار"ی باجی سۆزان؟ ئه‌م یایه یایه‌کی خاوه‌ندارێتییه "دیار" هی سۆزانه. دیار کوڕی سۆزانه. زارا محه‌ممه‌د. هه‌ندێک محه‌مه‌د ده‌نووسن وه‌ک له عه‌ره‌بییه‌که‌دا چلۆنه ئاوهاش ده‌نووسن. به‌ڵام با تاک گوێ له خۆی بگرێت، کاتێک ده‌ڵێ، محه‌مه‌د گوێی له چه‌ند پیتی "م"ه؟ ئه‌دی ئه‌م "ی"یه‌ی پاش محه‌ممه‌د چییه؟ وه‌ڵام. ئه‌م "یا"یه یایه‌کی درێژه، واتا دوو "ی". یایه‌کی پێناسه، وه‌ک پێناس له پیشه، باوه‌ڕ و ئایدیایه‌ک. محه‌ممه‌دییش به‌وانه ده‌گووترێت، که دوای ڕێبازیی محه‌ممه‌د پێغه‌مبه‌ری ئیسلام که‌وتوون.

نموونه‌یه‌کی تر، بریتییه له وشه‌ی کورد. نموونه له‌سه‌ر ئه‌م وشه‌یه، من کوردم. تۆ کوردیت یان تۆ کوردی. زمانی من کوردییه. لێره‌دا هه‌موو تاکێک ئه‌گه‌ر بێتو گوێ له خۆی بگرێت، ده‌زانێت که له زمانی کوردییدا گوێی له دوو "ی"یه وه‌ک یای درێژ. که‌واته زمانی کوردیی نه‌ک زمانی کوردی.

ڕیفۆڕم له زماندا کایه‌یه‌کی گرنگیی زمانه، که پێویسته له‌کاتی پێویستدا بکرێت. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که ئاخۆ ئێمه که‌ی دواجار ڕیفۆڕممان له زماندا کردووه؟ به‌هیوام وه‌ک پیشاندانی ڕێز له زارا له نزیکتریین کاتدا ئه‌م کاره بکه‌ین.

که‌مپینی زارا. له یه‌که‌م وه‌شانی که‌مپینی زارادا وێنه‌یه‌کی زارا به ئاڵایه‌کی کوردستانه‌وه بڵاوبۆوه و له‌سه‌ری نووسرا بوو، ئێستا کچێک نیشتیمانمه. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، بۆچیی ئه‌م ڕسته‌یه؟ زارا و ئێستا کچێک نیشتیمانمه‌ی شێرکۆ بێکه‌س چ په‌یوه‌ندییان به‌یه‌که‌وه هه‌یه؟ دوو دیدی ته‌واو جیاواز له‌یه‌كتر. زارا له‌پێناوی نیشتیماندا ده‌چێته زیندانه‌وه و شێرکۆش پشت ده‌کاته نیشتیمان. یه‌که‌م جوڵه‌ی که‌مپینه‌که‌ی زارا له قازانجی ئێران خۆیدا بوو نه‌ک زارادا، نه‌ک کورددا. من ده‌نووسم نیشتیمان نه‌ک نیشتمان. با تاک گوێ له خۆی بگرێت و درک به‌و "ی"یه‌ی دوای پشتی "ش" له نیشتیماندا بکات. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که ئێمه خاوه‌نی ئه‌م "ی"یه بین له نیشتیماندا بۆچیی نه‌ینووسین؟

زارا محه‌ممه‌دیی وه‌بیرمان ده‌هێنێته‌وه، که ئه‌وه خۆرهه‌ڵاته هه‌میشه خاوه‌نی ته‌وژمێکی به‌هێزی کوردایه‌تیی و نیشتیمانپه‌روه‌رییه. هه‌میشه هه‌ستێکی به‌هێزی کوردایه‌تیی له خۆرهه‌ڵاته‌وه به‌ره‌وه باشوور به‌ڕێده‌کرێت. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که ئه‌م هه‌سته له باشووردا چی لێدێت، به‌تایبه‌ت له سلێمانیی ئێستادا؟ سلێمانیی ئێستا، گه‌وره‌تریین دوژمنی کورد به گشتیی به شه‌هیدی گه‌وره و دڵسۆزی گه‌وره‌ی کورد ده‌ناسێنێت، به‌ڵام له خۆرهه‌ڵاتدا په‌یکه‌ر و وێنه‌ی ده‌سووتێنن. له خۆرهه‌ڵاتدا چه‌پڵه‌ی سووپاس بۆ تره‌مپ لێده‌رێت، وێڕای ئه‌وه‌ی، که تره‌مپ دۆستی کوردیش نییه، به‌ڵام ئه‌و دوژمنێکی گه‌وره‌ی له کۆڵ جیهان کرده‌وه، که له‌پێش هه‌موو شتێکه‌وه قازانج بوو بۆ کورد.

 زارا سه‌رله‌نوێ وه‌بیرمان ده‌هێنێته‌وه، که نیشتیمان هه‌موو شت نییه، به‌ڵام هه‌موو شت به‌بێ نیشتیمان هیچه. زمان هه‌موو شت نییه، به‌ڵام هه‌موو شت به‌بێ زمان هیچه. ئازادیی هه‌موو شت نییه، به‌ڵام هه‌موو شت به‌بێ ئازادیی هیچه. ماوه‌ته‌وه بڵێم،

مرۆڤی کورد زامداره وه‌ک زارا

زارا مه‌لی تێکۆشانه ده‌فڕێت

به ئاسمانی گووند و شارا،

زارا ئازایه، به‌هێزه له تێکۆشانا

زارا دوێنێ مامۆستا بوو

که‌چی ئیمڕۆ سیمبوڵه له کوردستانا،

دوژمن ترسنۆکه و زیڕه‌ی له زمانی کوردیی کردووه

زارا چقڵی گوڵێکه به چاوی کۆمارێکدا چووه.