بۆتان تحسین
نووسەر
بۆ ساڵیادی عێزەتی سلێمان بەگ و کۆچی دوایی شێخ خالیس بەرزنجی
”باوکت خائین نەبوو، باوکت زۆر شەریف و نیشتمانپەروەرە، خەم بەو وەسفەی ناو وەفاتنامەکە نەخۆی“. بۆ من ئەو هەڵوێستە چاوەڕواننەکراو بوو، هەموو کەسێک خۆی لە نووسراوەکە دەشاردەوە، کەچی بەڕێوبەری پەروەردە وام پێدەڵیت
لەو کاتەی بۆ ساڵیادی عێزەتی سلێمان بەگ پلانم دانابوو، چەند پەیڤێکی وەفاداری بۆ رۆژگار و بیرەوەرییەکانی ئەو بنووسم، لەهەمان کاتیش هەواڵی کۆچی دوایی شێخ خالیس شێخ جەواد بەرزنجییم بیست، کە وای لێکردم یادگاری ئەو دوو هاوڕێیەی یەکتر بە یەکەوە ببەستمەوە.
دوای لە سێدارەدانی باوکم لە ساڵی 1988، دۆخێکی ناجۆر و دژوار بە ڕووی خانەوادەی ئێمە هەڵیکرد، کە هاوکات بوو لەگەڵ شکستێکی چاوەڕواننەکراو بۆ بزاڤی رزگاریخوازیی نەتەوەیی، ئەو کات تەواوی کورد لە ناو گێژاو و مەینەتییەکی گەورە دەتلایەوە، هیچ ترووسکاییەکی ئومێدبەخش و دڵخۆشکەر بۆ ژیان لە ئارادا نەبوو، رۆژ نەبوو هەواڵیکی ناخهەژێن لەبارەی کەسوکار، خزم و دۆست و قوربانییەکانی ناوچە ئەنفالکراوەکان پێڕانەگات، لەو کاتەی کە لە ماڵدا باوک بێ سەروشوێنە، گوند وێرانکراوە، خەڵک راپێچی کۆمەڵگەکان کراوە، عێزەتی سلێمان بەگ لە باوک دڵسۆزتر نەوای ژیانمان دەدات، بژێویی و دوارۆژی ئێمە دەخاتە ئەستۆی خۆی، دڵفرەوانی و دەسکراوەیی ئەو بۆئێمە هەمیشە دووقاتی خەڵکی دیکە بوو، لە دۆخێکی دژواری وادا کەوتینە ژێر چەتری بەخشندەیی ئەو مرۆڤە، کە هەموو کەسێک ئیرەیی بە لوتف و ناز و نیعمەتی باوک و باپیرێکی لەو جۆرە دەبینی، بە تایبەتیش بۆ من بوو بە قوتابخانەیەک بۆ بەهای بەرزی هزری مرۆڤدۆستی و بیری نەتەوایەتی، کە یادەوەرییەکەی نەک هەر لە ساڵیادی بەڵکو بۆ چرکەیەکیش لە بیرەوەریی مندا کاڵ نابێتەوە، بۆ یەکەم جار هەر لە کتێبخانەکەی ئەودا کتێبەکانی (مرۆڤ و دەوروبەری مەسعود محەممەد، هەژار بۆ کوردستان، عومەری خەیام، کتێبەکانی محەمەد حەسەنین هەیکەل، مێژووی جیهانی جەواهیر لال نەهرۆ و چەند کتێبێکی تر)م خوێندەوە، لە دانیشتنەکانی ئەودا بە خزمەتی دەیان کەسایەتیی وەک (عەزیز محەمەد، دکتۆر عزەددین مستەفا رەسول، جەوهەر نامیق) ئاشنابووم، مرۆڤێک بوو هەمیشە بە دوای کۆکردنەوەی خاڵە هاوبەشەکان بوو، جیاوازی رێبازی سیاسیی ، ئایین، بیروباوەڕ، نەژاد و چینایەتیی لە ناخی ئەودا نەبوو، زۆر بە لێبوردەیی مامەڵەی لەگەڵ ناحەزانی دەکرد، وێڕای ئەو هەموو سەختیانەی ژیانی بە ئومێدێکی زۆرەوە سەیری جوانییەکانی ژیانی دەکرد، ببوو بە سەرچاوەی وزەیەکی پۆزەتیڤی بۆ دەوروبەرەکەی، کە دڵیان بە ژیان خۆش بێت. هەمیشە لەگەڵ دەسپێشخەریی ئاشتەوایی سیاسی و کۆمەڵایەتیی دابوو.
لە دوای کۆچی دواییدا گەلێک شت لەبارەی عێزەتی سلێمان بەگ نووسراوە و گوتراوە، بەڵام هێشتا ئەو پەیڤ نووسراوانە نرخی راستەقینەی خۆیان بەو کەسایەتییە نەداوە، کە خوێندنەوەی قووڵتر و گەورەتر هەڵدەگرێت، گەلێک جاریش ئەو زۆری و بۆرییە لە شکۆی ئەو مرۆڤەی هێناوەتە خوار. بە دوودڵییەکی زۆرەوە ئەو چەند دێرەم نووسی، کە هێندەی رەنگدانەوەی هەست و سۆزی نەوە و باپیرێکە، هێندە خوێندنەوەیەکی شایستە بە کەسایەتیی ئەو نییە.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی عێزەتی سلێمان بەگ هەواڵی کۆچی دوایی شێخ خالیس شێخ جەواد بەرزنجییم بیست،، بە ئەرکێکی ئەخلاقیم زانی هەڵوێستێکی ئەو مرۆڤە تێکەڵ بەو چەند پەیڤەم بکەم، کە دەبێ خەڵکێکی دیکەش پێی بزانێت، هەمیشە بە شەهیدبوونی باوکم سەربەرز بووم، بەڵام هیچ وەختێک بە ئەندازەی ئەو رۆژە شانازییم بە کوردایەتیی و شەهیدبوونی باوکم نەکرد کە هەڵوێستەکەی شێخ خالیسم بینی، بە تایبەتیش لە رۆژگارێک، کە جگە لە نەوای عێزەتی سلێمان بەگ، هیچ شتێک وەک پێویست مایەی دڵنەوایی و سێبوری نەبوو.
لە ساڵی 1990 لە کۆلیژی زانستی زانکۆی سەلاحەددین وەرگیرام، وەفاتنامەی باوکم لە ئەمنی هەولێر دەرچوو بوو، لە روونکردنەوەی هۆکاری مردنەکە نووسرابوو “بە هۆی خیانەت و کاری تێکدەرانە (تەحسین محەممەد) بە سزای عادیلانەی خۆی گەیشت“، رێوشوێنی تۆمارکردن لە زانکۆ پێویستی بە نووسراوێک هەبوو لە پەروەردەی هەولێر، هیچ فەرمانبەرێک زاتی ئەوەی نەدەکرد، خۆی بخاتە بەردەم ئەو بەرپرسیاریەتییە، تا دواجار بڕیاری نووسراوەکەیان خستە ئەستۆی بەڕێوبەری پەروەردە، کە شێخ خالیس بەرزنجی بەڕێوبەر بوو، منیش داواکارییەکەم بردە ئۆفیسی بەڕێوبەر، ژوورەکەی لە خەڵک جمەی دەهات، بە بێهیواییەکی زۆرەوە دۆسییەکەی خۆم خستە سەر مێزی بەڕێوبەر، ئەویش بەسەرپێیی سەیرێکی وەفاتنامەکەی کرد و خستییە ژێری ژێرەوەی هەموو دۆسییەکانی تر، بەو کارەشی هەر بە یەکجاری نائومێدی کردم، پێم وابوو ئەویش خۆی لێ دەدزێتەوە، ئاستەنگی تێدەخات، تا دەهات خەڵکی وەڕێ دەکرد، دواجار هەر خۆم مامەوە، لەو کاتەی من چاوەڕوانی وەڵامێکی نەرێنی بووم، شێخ خالیس زۆر بە داخدارییەوە پێی گوتم ”باوکت خائین نەبوو، باوکت زۆر شەریف و نیشتمانپەروەرە، خەم بەو وەسفەی ناو وەفاتنامەکە نەخۆی“. بۆ من ئەو هەڵوێستە چاوەڕواننەکراو بوو، هەموو کەسێک خۆی لە نووسراوەکە دەشاردەوە، کەچی بەڕێوبەری پەروەردە وام پێدەڵیت، لە خۆشیان خەریک بوو باڵ بگرم و بفڕم، لەوانەیە بۆ نەوەیەک کە بە دۆخی ئەوسا ئاشنا نەبوو بن، ئەو رستەیە زیاتر بچێتە خانەی دروشمێکی سەرپێیی، بەڵام بۆ ئەو ساتەی کە من تێیدا بووم، لووتکەی کوردایەتیی و نیشتمانپەروەریی بوو، هەر ئەو کاتە ئەو هەڵوێستەی شێخ خالیس و خەڵکێکی دیکەی هەولێر ئەو وانەیان فێرکردم، کە کوردایەتیی بەرپرسیاریەتێکی ئەخلاقییە و رەنگە پەیوەندی بە رێباز یان خەتێکی سیاسییەوە نەبێت، مەخابن کە زەمەن دەڕوات خەڵکانیکی وەک عێزەت سلیمان بەگ و شێخ خالیس بارگە و بنەی خۆیان دەپێچنەوە، لە دوای خۆشیان نەوەیەک پەیدابوون، کاریان تەنیا کاڵکردنەوەی بەها نەتەوەیی و نیشتمانییەکانە.
