"هه‌رزه‌ وه‌كیلی شاری خامۆشان"

ئه‌حمه‌وی حاجی ره‌شید چ شتێك له‌ تارق ئه‌لهاشمی جیای ده‌كاته‌وه‌؟

به‌شێك له‌و نوێنه‌رانه‌ی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ دژایه‌تیكردنی هه‌رێمی كوردستان ناسراو بوون
به‌شێك له‌و نوێنه‌رانه‌ی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ دژایه‌تیكردنی هه‌رێمی كوردستان ناسراو بوون

له‌وه‌ته‌ی ناویانم بیستووه‌، مه‌حمود ره‌زای ئامۆزای كاك نه‌وشیروان و قه‌یس خه‌زعه‌لی وه‌كو یه‌ك قسه‌ ده‌كه‌ن. ئاڵا تاڵه‌بانی و حه‌نان فه‌تلاوی له‌ مه‌ڕ قه‌زییه‌ی كورد، به‌ موو جیاوازی له‌ نێوانیاندا نه‌بووه‌. غالب و راكان جبووری یه‌ك فه‌همیان به‌رامبه‌ر به‌ كوردستان هه‌یه‌. هۆشیار عه‌بدوڵڵا و ئه‌بو ئالای وه‌لائی كوا جیاوازییه‌كه‌یان؟ به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمار بێت، یان هه‌ر غازی عه‌‌جیل یاوه‌ر سه‌رۆك كۆمار بمایه‌، جیاوازییه‌كه‌ چی بوو؟ ئه‌حمه‌وی حاجی ره‌شید چ شتێك له‌ تارق ئه‌لهاشمی جیای ده‌كاته‌وه‌؟

خۆ له‌ مانا ئه‌نه‌سرۆپۆلۆژییه‌كه‌یدا (مرۆڤناسی)عه‌ره‌بێك، جا له‌ فۆڕمی حه‌نان فه‌تلاوی و قه‌یس خه‌زعه‌لی بێت یان له‌ فۆڕمی هادی عه‌له‌وی، ئه‌گه‌ر دژیشت بێ و له‌ كه‌مینیشدا بێت بۆ خستن و لێدانت هه‌ر ئاساییه‌، دواجار تۆ فاسیڵه‌یه‌كی قه‌ومی و نه‌ژادیی له‌ نێوانتاندا هه‌یه‌، كه‌ ده‌شێت به‌ر یه‌ك بكه‌ون و ململانێی لێ بكه‌وێته‌وه‌، تۆیش نه‌یكه‌یت، ئه‌و هه‌ر وه‌ك بیانووی ململانێكه زه‌قی بكاته‌وه‌‌ و  له‌ گۆشه‌یه‌كه‌وه‌ بیبه‌ستێته‌وه‌ به‌وه‌ی كه‌ تۆ ئاریت و ئه‌ویش سامی.

به‌ڵام كاتێك كوردێك، له‌ هه‌مان توخم و نه‌ژادی خۆته‌‌، به‌ هه‌مان نه‌فه‌س و به‌ هه‌مان خواست و سه‌لیقه‌ی بێگانه‌كه‌وه‌ دژ به‌ خۆی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ قه‌ومی و نه‌ژادییه‌كانیش ده‌وه‌ستێته‌وه‌، ناكرێت وه‌ك هادی عامری و حه‌نان فه‌تلاوییه‌ ئه‌غیاره‌كه‌ لێی بڕوانرێت. ده‌ی به‌ڵێ لاده‌ره‌ و جاشاندنیشی وه‌ك پێناسه‌كردن بۆی، دۆخێكی ئاساییه‌.

كاتێك هاوشێوه‌یی له‌ ره‌فتار و گفتاریشدا هه‌ر وه‌ك ئێغیاره‌ دژه‌كه‌ بێت، كه‌واته‌ تۆ پاڵنه‌رێكی زاتی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی شه‌خسی وای لێ كردوویت، ئێمه‌ پێشتریش نموونه‌ی له‌م جۆره‌مان هه‌یه‌، كاتێك تۆ نوێنه‌ری ده‌نێریته‌ به‌غداد تا نماینده‌ی خواسته‌ میللی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد بكات، بووه‌ته‌ نماینده‌ی عروبه‌ و به‌عسیزم. مه‌گه‌ر پێشتر شۆڕشی كوردی (ئه‌وه‌ی یه‌كێتی!) ته‌ها محێدین مه‌عروفی بۆچی نارده‌ به‌غداد و بوو به‌ چی؟ ئێ بۆ پێمان وا نه‌بێت ئه‌م غالب و ئه‌غه‌لبییه‌ هه‌رزه‌ و كه‌مسه‌وادانه‌ی ئه‌مڕۆش كه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ به‌غداد، نه‌بوونه‌ته‌ ته‌ها محێدین مه‌عروفه‌كه‌ی دوێنێ؟ بۆ مه‌گه‌ر ئه‌وسا موكه‌ڕه‌م تاڵه‌بانی بۆ چ شتێك نێردرایه‌ به‌غداد و چی كرد؟

جیاوازییه‌كه‌ی دوێنێ و ئه‌مڕۆ‌ ته‌نیا یه‌ك شته‌، دوێنێ كه‌ ته‌ها محێدین مه‌عروف بوو به‌ جاش و نائیبی سه‌دام، كه‌س وه‌ك پاڵه‌وان سه‌یری نه‌كرده‌وه‌ و به‌ خۆفرۆش و جاش و پیس لێی ڕوانرا تا مرد، به‌ڵام ئه‌مڕۆ به‌ ئاشكرا خراپتر له‌وه‌ی ته‌ها محێدین مه‌عروف ده‌كات و ده‌ستخۆشیشی لێ ده‌كرێت.

وێڕای هه‌موو ئه‌مانه‌، من له‌و میدیا محه‌لییانه‌ی سلێمانی تا نزیك له‌ هه‌موویان ئیشم تیا كردووه‌، سێرڤه‌ری زۆربه‌ی ئه‌و په‌یج و سایتانه‌ له‌ ئێرانه‌، پێتان وایه‌ ئه‌مه‌ له‌ خۆڕایه‌؟ كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی هه‌یه‌، نائیبی ره‌ئیس جمهوری ئێران به‌ به‌رهه‌م ساڵحی وتبوو: عه‌زێتیان مه‌ده‌ن ملیۆنان دۆلارمان تیا سه‌رف كردووه‌!