مههدی فهرهج
نووسەر
ئاڵا دامێنە، ئاڵا پارچە پەڕۆکێک نییە!
نیشتمان دایکە، دایک پیرۆزە
ئۆکراینییەکان شوێن و وڵاتانی دیکەیان هەیە کە بێمنەت دەتوانن پەنای بۆ ببەن و لێی بمێننەوە، بەڵام ئەوان لە ژێر ئاڵای خۆیان مردنیان هەڵبژاردووە نەک ڕاکردن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە مانا و بههای ژیان لای ئەوان لەوانەیە 15 جار جوانتر و گەورەتر بێت بەراورد بە لای ئێمە. دەتوانین خۆڕاگری لەوانەوە فێرببین. ژێردەستی پوتن قبووڵ ناکەن، چونکە رۆژانێک سۆڤیەتی جاران داگیری کردبوون و نایانەوێت چیدیکە بکەونەوە ژێر ڕکێفی رووسیا و هەستاون هاوپەیمانەتی ئەمهریکای بەژەوەندی خوازیان هەڵبژاردووە هەوڵ و تەقەڵای ئەندامبوون لە ناتۆ دەدەن. بۆ ئەوەی کەرامەت و حکومەت و نیشتمانەکەیان پارێزراو بێت، ئەوانەی خۆشمان بە ناو نیشتمانی و نەتەوەیی و خەباتکار… هتد.
هەر کاتێ بێ جەو دەبن کەرکووك دەکەن بە دیاری، دەڵێن بەخوا دەگەڕێینەوە بۆ بەغدا و قەوارەی هەرێم هەڵدەوەشێنینەوە! عاجیزم کەی هەرێمی نازانم کوێ ڕادەگەیێنم. ئەمە لە کاتێدا میللەتی کورد بێکەسە و دوای خوا، تاكه دۆستی چیاكانه! هەمووی دوژمنی سەرسەختمانن و رۆژانە مووشەکبارانمان دەکەن و بە لاپەڕەکانی دەستوور دەستمان دەسووتێنن! نازانم ئەم پەرتەوازەیی و دەنگی جیاوازییە بێ مانایەمان لە چییە؟
سەرۆکی وڵاتی ئۆکرانیا، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی؛ هەرچەندە بەشێک لەم گرژی، ئاڵۆزی و شەڕە بەهۆی سەرکێشی ئەوەبووە، بەڵام لە کۆڵانەکانی شاری "کیێڤ" پیاسەدەکات و "کیێڤ" بە دیاری نابەخشێت.
هەندێ یارمەتی و هێزی تەشریفی رەوانەی ناوچەکە و سنووری وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات کراوە لە لایەن ئەمهریکا و ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا، بەڵام کەسیان ناتوانن یەک تەقەش بۆ ئۆکرانیا بکەن، چونکە دواتر دۆستانی رووسیاش دێنە مەیدان و بێ دوودڵی جەنگی جیهانی سێیەم روودەدات. ئەم هاوکارییانەش تەنیا بە ئامانجی بەرقەراری ئاسایشی ناوچەکە و راوستانێک دژ بە پوتن و کارەکانییەتی.
هەر کەسێک لە ئێمە لە بوارەکەی خۆی بە پێی پێویست دەتوانین قارەمانێک بین بۆ خزمەتی نیشتمان، ئێستا ههندێ کەس کە نازانم چۆن پێناسەیان بکەم، لەوانەیە حەز بکەن بۆم بنووسن "نیشتمانی چی؟ " ، منیش دەڵێم فەرموو سنوور کراوەیە حەزدەکەی بڕۆ بۆ مەککە، ئەوروپا، بەغدای حەبیب یان حەزدەکەی تاران.
ناکرێت پارتێکی سیاسی، سەرکردەیەکی گەندەڵی بێویژدان یان دزێک وات لێ بکات جنێو بە ئاڵا، نیشتمان و پیرۆزییەکانی میللەتەکەتەوە بدەی.
نیشتمان دایکە، دایک پیرۆزە.