
به‌رزان عه‌لی حه‌مه
نووسەر
رێبه‌رێك ببێته سه‌رۆك...
"مادام سه‌رۆكی ئێوه ئه‌و هه‌موو ساڵه نه‌بووه ڕێبه‌ر، با ئه‌م جاره رێبه‌رێك ببێته سه‌رۆك"

خۆ ئه‌وان به‌وه شۆك نین كه كه‌سێك له به‌ره‌ی ناسیۆنالیزمه‌وه پۆستێكی به‌غداد وه‌ربگرێت. ته‌نیا به‌وه شۆكن كه ده‌ڵێن: كاندیده‌كه‌ی ئێمه زۆرتر عێراقییه نه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وان، حیزبه‌كه‌ی ئێمه زۆرتر عێراقچێتیی كردووه نه‌ك حیزبی ئه‌وان، ئێمه زۆرتر له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی و به‌یتی ره‌هبه‌ری و حه‌وزه‌ی قوم بووین نه‌ك پارتی، كه‌واته پۆسته‌كانی به‌غداد، ده‌بێت بۆ ئێمه‌ی "له‌وان عێراقیچی تر" بێت.
یانی پوخته‌ی هه‌یه‌جان و ناڕهحهتییهكهی ئه‌وان، ته‌نیا ئه‌وه‌یه كه ده‌ڵێن: حه‌ی عه‌له‌ل سه‌ڵات ئێوه كوردایه‌تی بكه‌ن و ئێمه‌ش له عێراق لێتان تێكده‌ده‌ین. ته‌بعه‌ن ئه‌مانه له كوردستان به كورده‌كه‌ی خۆمان ده‌ڵێن: پارتی درۆ ده‌كا و كوردایه‌تی ناكات، له به‌غداش به عه‌ره‌به‌كان ده‌ڵێن: پارتی ئینفساڵییه و كوردایه‌تی ده‌كات، وه‌رن له‌گه‌ڵ ئێمه بن چونكه ئێمه هیچ باوه‌ڕمان به كوردایه‌تی نییه، خۆ به درۆیشهوه بێت، پارتی تۆزێك بڕوای پێیه‌تی، به‌س ئێمه به درۆیشهوه بڕوامان پێیی نییه.
جیاوازی پارتی و یه‌كێتی، یان با بڵێین جیاوازی پارتی و هه‌موو حیزب و گروپه سییاسییه‌كانی تری كورد، ئه‌وه‌یه كه هه‌موویان پێیان وایه پارتی دروشمی كوردایه‌تی و نیشتمانی و به‌كار ده‌هێنێت و ئه‌وانیش قه‌شمه‌ری به‌م شتانه ده‌كه‌ن و باوه‌ڕیان پێی نییه. به‌رده‌وام ته‌عنی پارتی به‌وه ده‌كه‌ن، كه به ناوی كوردایه‌تییه‌وه سیاسه‌ت ده‌كات و كوردایه‌تیی كردووه به چه‌كی ده‌ستی و هتد. ئه‌وانیش گه‌وره‌ترین و به‌هێزترین چه‌كیان لای ئێران و حه‌شدی شه‌عبی و به‌یتی شیعه، ئه‌وه‌یه كه وه‌كو پارتی نین و باوه‌ڕیان به ته‌جزییه‌ی عێراق نییه و كوردایه‌تی ناكه‌ن و ده‌یانه‌وێت له چوارچێوه‌ی عێراقێكی موهحهددا بمێننه‌وه و ته‌نانه‌ت زوو زووش بیریان ده‌هێننه‌وه كه له‌گه‌ڵ ریفراندۆم نه‌بوون، ئیدی خه‌تی جیاكردنه‌وه‌ی خۆیان و پارتی، ته‌نیا به‌وه ده‌كێشن كه پارتی دروشمی كوردایه‌تی به‌رزكردووه‌ته‌وه و ئه‌مانیش دژی پارتین.
له نێو هه‌موو ئه‌و فه‌زایه‌شدا، شتێك كه زۆر نامۆیه ئه‌وه‌یه، كاندیدی یه‌كێتی چانسی بردنه‌وه‌ی لاواز بووه، كه‌چی كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو له یه‌كێتی ناڕه‌حه‌تتر دیارن. هۆشیار عه‌بدوڵڵا و غالب و شڕهپهرلهمانتارهكانی تر غهمبارترن، ئه‌مه‌یه كه ده‌ڵێن: كوتك له ئاگردان گه‌رمتر. ئێ كه مونافه‌سه‌كه له نێوان یه‌كێتی و پارتیدایه، غالب تۆ بۆچی جنێو ئه‌ده‌ی؟ كاكه حه‌مه به‌ڵگه له‌سه‌ر كاك عه‌لی باپیر بڵاو ده‌كاته‌وه، كه‌چی غالب تێههڵدهقورتێنێ و جنێو ئه‌دات. كاك بافڵ لاهور و تاقمه‌كه‌ی له حیزبه‌كه‌ی خۆی ده‌رده‌كرد، كه‌چی غالب فێی لێ ئه‌هات و جنێوی ده‌دا. ده‌ی مادام سه‌رۆكی ئێوه ئه‌و هه‌موو ساڵه نه‌بووه ڕێبه‌ر، با ئه‌م جاره رێبه‌رێك ببێته سه‌رۆك!