دەربارەی: ژیانی مەکسیم گۆرکی و نووسین و وەرگێڕانی رۆمانی "دایک"
مەکسیم گۆرکی، یەک لە نووسەرە هەرە گەورە و بەناوبانگی سەدەی بیستی روسیا و جیهانە، لە 28ی ئازاری 1868 لە (نیژنی نۆڤگەڕەد) لەدایک بوو، لە 18ی حوزەیرانی 1936 لە گوندی (گۆرکی) لە نزیک مۆسکۆ کۆچی دوایی کرد. قسە هەیە، لەلایەن یوسف ستالین ژەهرخوارد کرابی، بەڵام نەتواندرا ئەوە بسەلمێندرێ. مەکسیم پارە و خێزان و ماڵی نەبوو، ئەوەش لە نووسینەکانی دیارە و بۆتە یارمەتیش، کە بۆ ئایدیا و پرەنسیپەکانی خەبات بکا.
مەکسیم گۆرکی وەک یەک لە دامەزرێنەرانی مەدرەسەی (سۆسڕیالیزم - socrealizm) ناوی دەرکردییە، ڕۆمانی "دایک" و شانۆی "دوژمنان"، کە لە ساڵی 1906 چاپکران و کەوتنە بەردەستی خوێنەران، بە یەکەم بەرهەمی ئەو مەدرەسەیە دادەندرێن.
سۆسڕیالیزم: ستایل یان مەدرەسەیەکی هونەری - ئەدەبی سۆڤییەتی بوو، خەباتی بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی دەکرد. سەرهەڵدان و پیشکەوتنی ئەو ئاڕاستەیە، پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە بڵاوکردنەوەی بیری سۆسیالیستی، گەشەکردن و پێشخستنی بزوتنەوەی کرێکاران هەبوو.
ژیان و بەرهەمەکانی مەکسیم گۆرکی لە روسیا تا ئێستا گفتوگۆی گەرمی لەسەر دەکرێت و نووسەر و ڕەخنەگرانی روس، لەسەر بەرهەم و ژیانی دەنووسن لەوانە:
نووسەر و ڕەخنەگر پاڤێل باسینسکی (Павел Басинский) لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ هەفتەنامەی (ئەرگومێنتی ئی فاکتی) تایبەت بە ژیان و بەرهەمەکانی مەکسیم گۆرکی دەڵێ:
- کێشەکە لەوەدایە، کە مەکسیم گۆرکی تەنیا نووسەر نەبوو، بەڵکو شۆڕشگێڕێکی هەقیقی و ڕووناکبیرێکی درەوشاوەش بوو. ئەو وەک زۆربەی ڕۆشنبیرانی ئەو سەردەم، چاوەڕێی شۆڕشی نەدەکرد، بەڵکو ئەو خۆی شۆڕشی کرد.
ڤیکتۆریا شوخینا لە یادی 145 ساڵەی لەدایکبوونی گۆرکی دەنووسی:
- پەیوەندی گۆرکی لەگەڵ بەلشەویکەکان ئاڵۆز بوو. کودەتای ئۆکتۆبەری 1917، خەمێکی گەورەی بۆ مەکسیم گۆرکی هێنا، کە لە ساڵی 1905ەوە تێیدا ئەندام بوو و لەزۆربەی چالاکییەکانی ئەوانیش بەشداربوو.
دیمیتری لیۆنیدەڤیچ لە چاوپێکەوتنێک لەسەر مەکسیم گۆرکی دەڵێ:
- وەک کەسێکی ڕووناکبیر، زوو تێگەیشت، ئاڕاستەی شۆڕش گۆڕدرایە. لەگەڵ سەرکەوتن، بیرۆکە و یارمەتی گۆرکی زیاتر بۆ بەلشەویکەکان پێویست نەبوو، هەربۆیە ئەو قەت شۆڕشی ئۆکتۆبەری بۆ قبوڵ نەکرا.
گۆرکی لە بیرەوەرییەکانی نووسیویەتی: لەناو چینی ڕۆشنبیر، هەستی بە ئارامی نەکردییە و نەیتوانییە خۆی لەگەڵ ئەوان بگونجێنی.
شۆڕشی ئۆکتۆبەر، زۆر لە خەون و ئومێدەکانی گۆرکی لەگۆڕنا، ئەگەرچی، پەیوەندی لەگەڵ سەرکردەکانی بەلشەویک لەناو ئەوانیش لەگەڵ لێنین و ستالین خۆشبوو. ئەو وەک نووسەری چەوساوەکان (proletarius) ناوی دەرکردبوو و لەسەر شۆڕشی ئۆکتۆبەر گوتوویەتی: (با ڕەشەبا بە گوڕتربی). گۆرکی پەیوەندی و برادەرایەتی لەگەڵ زۆربەی نووسەرانی ئەو سەردەمی روس لەوانە: بونین، چێخۆف، لیۆ تۆڵستۆی، ستانیسلۆڤ، هەروەها لەگەڵ زۆر لە نووسەرانی بیانیش هەبوو.
گۆرکی جگە لەوەی ڕۆمان و چیڕۆک و شانۆی دەنووسی، ڕۆژنامەنووسێکی زۆر بەتوانا و سەرکەوتووش بوو. نووسینی بۆ زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەو سەردەم دەنووسی. لە رۆژنامەی (ژیانی نوێ Новой жизни) زنجیرەک گوتاری بە دە ئەلقە بەناوی: (بیرە نەگونجاوەکان -Несвоевременные мысли) بڵاوکردەوە، تێیدا هەڵسەنگاندنێکی ڕەخنەگرانەی بۆ شۆڕشی ئۆکتۆبەر کردییە، ڕووداوەکانی ناوەوەی وڵاتی شیکردیتەوە و تێروانینی تایبەتی لەسەر ڕووداوەکانی داهاتووش هەیە.
بەلشەویکەکان زوو ئەو ڕۆژنامەیان داخست، ئازادی نووسین و قسەکردن لە روسیا لە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر خەفە کرا، مەکسیم بە ناچاری لە 1921 روسیای جێ هێشت و بۆ (ئیتالیا) گەڕایەوە.
لێرە و لەوکاتە، مەکسیم گۆرکی و ڕۆشنبیرانی ئەوکاتی روسیا، زیاتر و زیاتر تێدەگەن، وەک پێشان دەستەڵاتیان نەمایە، کە کاریگەرییان لەسەر حوکمڕانی وڵات هەبی، دەیانبینی، هەنگاو بە هەنگاو ئازادییەکانیان لێ دەسەندرێتەوە.
مەکسیم گۆرکی دوو جار روسیای جێهێشت. جاری یەکەم لە 1906 – 1913 و جاری دووەمیش لە 1921 تا 1928 بوو، کە هەسەتی دەکرد، لەو ژینگە ئاڵۆز و پیسە، بۆ ژینگەیەکی ئارام دەچیت و لە دەرەوەی وڵات بە هێمنی دەژی. دەرکەوت، ژیان لە ئاوارەیی قەت بەوجۆرە نەبوو، کە ئەو بیری لێ دەکردەوە. نووسەرانی دیکەی ئاوارەی روس، گۆرکیان لە کڵوب و دانیشتنەکانی خۆیان قبوڵ نەدەکرد، چونکە گۆرکی تا پێش شۆڕشی ئۆکتۆبەر، پشتیوان و دەمڕاستی بەلشەویکەکان بوو. لەبەر هەبوونی ئایدیۆلۆژی جیا، ڕێگا خەباتی جیا، قەت ئەو پەیوەندییە توندوتۆڵە لە نێوان نووسەرانی ئاوارەی روس دروست نەبوو... هەموویان کێشەکانی ناوەوەی وڵاتیان لەگەڵ خۆیان بۆ ئاوارەیی بردبوو...
گۆرکی لە دوورە وڵات، زۆر هەستی بە تەنیایی دەکرد، لە هەمان کات، ستالین و دەوروبەری خەونیان بەوە دەبینی، کە مەکسیم گۆرکی بە یەکجاری بۆ وڵات بگەڕێتەوە. لە ساڵی 1932 ستالین بە رەسمی داوەتی کرد و ئەویش بۆ وڵات گەڕایەوە و کۆمەڵێک خەڵاتی پێدرا، یەک لەوانە خەڵاتی لێنین بوو. لە ڕاستیدا، لە 1928 هەتا 1933 مەکسیم گۆرکی لە دوو شوێن، لە مۆسکۆ و لە ئیتالیا دەژیا.
کارەکانی لە دەرەوەی وڵات خراپتر و خراپتر بەڕێوە دەچوون، هەرچەندە نووسەرێکی زۆر ناوداری جیهانیش بوو، لە هەمان کات، تیراژی کتێبەکانی لە روسیا هەتا دەهات بەرزتر دەبوونەوە. لەدوای پوشکین و تۆڵستۆی، مەکسیم گۆرکی زۆرترین خوێنەری لە ناوەوەی روسیا هەبوو، کە ئەوەش کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بڕیاری گەڕانەوەی بۆ روسیا هەبوو. مەکسیم گۆرکی پێنج جار بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبل کاندید کرا، بەڵام قەت ئەو خەڵاتەی بەر نەکەوت. لە ساڵی 1933 بۆ دواجار ناوی خرایە ناو لیستی کاندیدانی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبل، هەر ئەوجار دوو نووسەری دیکەی روس (مێرێژکۆڤسکی و بونین) لەناو لیستەکە هەبوون، خەڵاتی نۆبل بەر بوونین کەوت.
تێپلیاکۆڤ ئە. لە گوتارێکی بەناوی: "پەیوەندی گۆرکی لەگەڵ بەلشەویکەکان" دەنووسی:
- لێنین لە ساڵی 1919 بۆ گۆرکی نووسی: ئێوە پێشوەخت و بێ (بیرکردنەوە) بڕیارتان دایە، شۆڕش بێ ڕووناکبیر سەرناکەوێ. ئەوە تێڕوانینێکی ساغڵەم نییە، هەر بۆیە بەردەوام پێیم دەگوت، ژینگەت بگۆڕە. ئەو نیمچە هەڕەشەیە، گۆرکی ناچارکرد لە ساڵی 1921 بۆ جاری دووەم دەربەدەربی. لە ئاوارەییش گۆرکی دەیزانی، بەلشەویکەکان ئاگاداری هەموو هەنگاوەکانی ئەون و جاسوسی بەسەرەوە دەکەن، بۆیە گوتی: (لە هەموو شتێک دەگەم، بەڵام وەک سەگ قسەم بۆناکرێ.). ئەو زوو تێگەیشت لەسەردەمی حوکمڕانی تۆتالیتاری ستالینی، ناتوانی کاریگەری لە هیچ بوارێک هەبی.
لە دوا ساڵەکانی تەمەنی، هەوڵی بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لەگەڵ نمایندەی ڕۆشنفکری ئەوروپی دەدا و باشیش دەیزانی، هەموو نووسین و نامەکانی لەلایەن ئۆرگانەکانی پۆلیسی نهێنی و (KGB) چاودێریان دەکرێت و دەخوێندرێنەوە.
رۆمانی دایک و وەرگێڕانی کوردی
دیمیتری بیکۆڤ لەسەر رۆمانی "دایک" دەڵێ: گۆرکی رۆمانێکی تراگێدی لەسەر سەردەمێکی تراگێدی نووسی. بە بڕوای ئەو، ڕۆمانی "دایک" لەسەر دۆڕانە، بەڵام ئەو دۆڕانە، کاریگەرییەکەی بە جۆرێکی تایبەت، کار لەسەر هەست و سۆز دەکا، بۆیە لەوکاتەی ڕۆمانی "دایک" دەخوێنینەوە، وەک ئەوەی ئێمە هانا وەبەر شتێکی گەورە، تڕاگێدیایەکی گەورە دەبەین و زۆر بەجوانیش تێدەگەین، چ لەوێندەر ڕوودەدا، بەتایبەتیش لەوکاتەی پاڤل ڤڵاسۆڤ لە لاپەڕەکانی پێشەوەی ئەم ڕۆمانە دەڵێ: دایکە، ئێمە بێگومان هیچ شتێکی خراپ بۆ کەس داوا ناکەین، بەڵام بەندیخانە لە داهاتوو چاوەڕێی هەر هەموومان دەکا، باشە تۆ لە ئێستاوە ئەوە بزانی.
ڕۆمانی "دایک" باس لە کارەسات دەکات و هیچ شتێک، کە تامی خۆشی تێدابی، لێرە و لەو ڕۆمانە نابیندرێ، هیچ گیانێكی بەختەوەری تێدانییە. رۆمانی "دایک" باس لەوە ناکا، کە ئێمە سەردەکەوین، بەڵکو شۆڕش پێش ئەوەی لە شەقامەکانی روسیا دەست پێ بکا، دەبی لە ناو مێشک و ناخی مرۆڤەکان دەست پێ بکا، هەربۆیەش دەبینین، ڕۆمانی "دایک" بە کودەتایەکی روحی دەستپێدەکا، کە ئەوەش هەقیقەتێكی ڕوون و گەورەیە.
دیارە ڕۆمانی "دایک" باس لە ڕوودانی شۆڕش تەنیا لەناو روسیا ناکا، کە لە ئەنجامدا، هەموو کرێکارێک لە 8 کاتژمێری کارکردنی نانی زۆری دەست بکەوی، بەڵکو رۆمانی "دایک" باس لەوە دەکا، کە دەرەنجامی هەموو شۆڕشێک، ڕزگارکردنی مرۆڤە لە کۆیلایەتی.
رۆمانی "دایک" بە زمانی روسی بۆ جاری یەکەم لە ساڵی 1906 بڵاوکرایەوە و بۆ زمانی کوردیش لەلایەن کەریم حسامی لە زمانی فارسییەوە وەرگێڕدرایە و لە ساڵی 1978 چاپی یەکەمی زمانی کوردی کرا. بۆ نووسینی ئەو گوتارەوەش، من سوودم لە چاپی سێیەمی (چاپخانەی ڕۆژهەڵات) 2007 وەرگرت. ئەم کتێبە لەلایەن محەمەدی مەلا کەریم پێداچوونەوەی بۆ کرایە.
کەریم حسامی دەنووسی: دەتوانم بڵێم لە کاتێکدا کە ئەمێندارییەکی تەواوم لە وەرگێرانیدا رەچاو کردووە هەر لەو کاتەش دا ئەوەندەی لە توانام دا بوبێ هەوڵم داوە وشە و زاراوەکانی بێ ئەوەی ناوەڕۆک و مانای خۆیان تێک بدرێ بە زاراو و گوتنی کوردی بەکاریان بێنم. بێ جێ نابێ ئەوەندەش بڵێم کە هەوەڵ جار ئەم کتێبەم لە زمانی فارسی یەوە وەرگێڕا سەر زمانی کوردی پاشان لە گەڵ نووسخەی رۆسی یەکەم بەراورد کرد و لەو شوێنانەی پێویست بوو دەسکاریم کرد . (ئەو کۆپلەی سەرەوەم وەک خۆی تایپ کردەوە).
لەسەر بەرگ نووسرایە: (ماکسیم گورگی). باوەڕ ناکرێ کەریم حسامی زمانی روسی باش زانیبی، چونکە (ماکسیم) نییە و (مەکسیم)ە، (گۆرگی) نییە و (گۆرکی)یە، کە بە زمانی کوردی وشەی (گۆرکی) مانی (تاڵ) دەبەخشی. محەمەدی مەلا کەریم لەسەر هەمان کتێب نووسیویەتی:
- من ناڵێم ئەم وەرگێرانەی کاک کەریم تەواوی ئەرکی وەرگێڕانی ئەم رۆمانەی بەجێ گەیاندووە. بەڵام دیارە کەوا تا ئەو ڕۆژەی بۆمان هەڵئەکەوێ نووسەرێکی کوردی و رووسیزانی چاکمان ببێ راستەوخۆ لە رووسییەوە بۆمان بکات بە کوردی، کەلێنی نەبوونی رۆمانەکەمان بە کوردی، بۆ پڕ ئەکاتەوە.
بۆ نووسینی ئەو گوتارەم، بە پێویستی نازانم لاپەڕ بە لاپەڕی ئەو کتێبە هەڵبدەمەوە و بەدوای کەموکورتییەکانی بگەڕێم و بۆ خوێنەرانی بنووسم، بەڵکو تەنیا کۆپلەی یەکەمی لاپەڕەی یەکەمی ئەو ڕۆمانە لە خوارەوە وەک خۆی دەنووسمەوە و دواتریش هەمان کۆپلە لە زمانی روسی بۆ زمانی کوردی وەردەگێڕم، لەوکات تێدەگەین، وەرگێڕی فارسی یان کەریم حسامی بە ئەرکی خۆیان هەڵنەستاین، هیچ باوەڕیش ناکرێ، کەریم حسامی زمانی روسی زانیبی، چونکە لەو وەرگێڕانەی من، پیشانی دەدا، روسی نەزانییە، یان ئەوەندەی زانییە، بەشی وەرگێڕانی شاکارێکی ئەدەبی لەوجۆرە ناکا.
رۆمانی دایک بەوجۆرە دەست بە نووسینەکەی دەکرێ:
(لە گەڕەکی بەسام و پڕ دووکەڵی کرێکاران دا، هەموو ڕۆژێ دەنگی دڵتەزێنی ئاژێری کارخانە وڵاتی دەلەرزاند. پاشان خەڵکێکی هیلاک و ماندوو بە پەلە لە خانووە بچووکە بۆرەکان دەهاتنە دەر و وەک مارمێلکەی ترساو ڕایان دەکرد. لە سەرماو سۆڵی تاریک و رونی بەیانی دا، بە کۆڵانێکی تەنگ دا بۆ لای دیوارە بەرزەکانی ئەو کارخانەیە دەچوون کە بەساردی چاوەرانیان بوو. پەنجەرەکانی وەک چاوی چووار گۆشە رێگا قوڕ و چەورەکانیان روناک دەکرد. قوڕ لە ژێر پێ یان دا فڵچە فڵچی دەهات.).
من ئەو کۆپلەی سەرەوەم لە زمانی روسی بۆ زمانی کوردی وەرگێڕا و بەو جۆرەی خوارەوە دەرچووە:
(هەموو ڕۆژێک لە ئاسمانی گەڕەکی کرێکاران، لە کەشێکی تەمومژاوی و هەوایەکی چەور، ئامێرەکانی کارگە دەنگیان لێوە دەهات، دەلەرزین و لە ماڵە بۆر و گچکەی کۆڵانەکانیش، خەڵک وەک سیسرکەی ترساو دەردەپەڕین. ئەو خەڵکە خراپ و تووڕانەش، ماسولکەکانیان بەو تۆزە نووستنە قەت نەرم نەدەبوونەوە. لە بەرەبەیانێکی سارد و لەو جادە قیڕنەکراوە، بەرەو دیوارە بەردڕێژە بەرزەکانی کارخانەکان دەڕۆیشتن. ئەو ژنە بە بڕوابەخۆبوونێكی زۆرەوە چاوەڕێی دەکردن و ئەو جادە خۆڵاوییە پیسەی، بە دەیان چاوی هەڵاوساو و خڕ ڕووناک دەکردەوە. تەپە تەپ لەژێر پێڵاوەکانیان دەبیسترا.).
وەرگێڕانی هەر کتێبێک، بەتایبەتیش شیعر و چیڕۆک و ڕۆمان، ئەگەر لە زمانی یەکەمەوە نەبی، وەرگێرێکی زۆر باش و شارەزا نەبی، ئەو تام و خۆشییە بە خوێنەر نادا، چونکە هەر زمانێک یاسا و ڕێسا و وردەکاری تایبەتی خۆی هەیە. لە ڕاستیدا، تەنیا زمان زانین بەش ناکات و هەموو کەسێکیش ناتوانی هەموو کتێبێک وەربگێڕی، ئەگەر هەردووک زمان زۆر باش نەزانیت و لە هەردووک وڵاتیش نەژیابی.
وەرگێڕ قەت ئەو مافەی نەبوە و نییە، بە ئارەزووی خۆی وشە و ڕستەکانی ناو کتێب وەربگێڕیت و بکوردێنی، چونکە هیچ نووسەرێک ئەوەی ناوێ. ئەو دەیەوێ کتێبەکەی وەربگێڕدرێ، وەک چۆن ئەو نووسویەتی، نەک وەک چۆن وەرگێڕ کتێبەکە دەبینی یان تێی دەگا. لە ڕاستیدا، بە هیچ شێوەیەک نابی ناوی وەرگێر لەتەک ناوی نووسەر لەسەر بەرگ دابندرێت و بنووسرێ، چونکە کاری وەرگێڕ و پیشەی نووسین زۆر لەیەک جیان. نووسەر لە بیرۆکەی خۆی رۆمانێک دەنووسی، کە پیشتر نەنووسرایە، هەموو وشە و بیرۆکە و ڕستەکان، خۆی جاری یەکەم بیری لێ کردوونەتەوە و دەریبڕیون، بۆیە ئەو نووسەر و داهێنەر و خاوەنی کتێبەکەیە لە بەرامبەر، کاری وەرگێڕ کارێکی زۆر ئاسانە، ئەوەی ئەو دەیبینیت و دەیخوێنیتەوە، وەریدەگێڕی بۆیە، ئەو کتێبەی بە کۆمەڵێک ساڵ دەنووسرێ، بە چەند مانگێک بە ئاسانی وەردەگێڕدرێ.
کەریم حسامی ڕۆمانی "دایک"ی لە زمانی فارسی وەرگێڕایە، بەڵام ناوی وەرگێڕی فارسی نەنووسییە و غەدرێکی گەورەی لێ کردییە. لەڕاستیدا، دەبوایە جگە لە ناوی وەرگێڕی فارسی، بنووسرابا، کە لە چ زمانێکیشەوە بۆ زمانی فارسی وەرگێڕدرایە.
ستۆکهۆڵم
8ی ئابی 2021