له خه‌می سه‌گه‌کانی نیشتماندا

له‌ په‌ناگه‌یه‌ك چاودێری سه‌گ ده‌كرێت
له‌ په‌ناگه‌یه‌ك چاودێری سه‌گ ده‌كرێت

با ئه‌م باسه به چیرۆکێکی بچکۆلانه ده‌ستپێبکه‌م. چه‌ند رۆژێک پێش ئێستا هاوکارمه‌ندێك له‌ شوێنی کاره‌که‌م، گوتی ئه‌مڕۆ دڵم زۆر خۆشه، چونکه کیژێکی شانزده ساڵانه‌م ده‌ستکه‌وتووه، که ئه‌و کاتانه‌ی که‌س له ماڵ نییه، ئه‌و بۆ ماوه‌ی یه‌ک کاتژمێر خزمه‌تی سه‌گه‌کانم بکات، بیانباته ده‌ره‌وه بۆ پیاسه و پاشه‌ڕۆفڕێدان.

پرسیارم کرد، که ئاخۆ ئه‌م کیژه‌ی له‌کوێ دۆزیوه‌ته‌وه؟ گوتی: له فه‌یسبووک ئه‌نۆنسێکم نووسیی، هه‌لی کارێک بۆ هه‌رزه‌کاران. پاشان چه‌ند هه‌رزه‌کارێک وه‌ڵامیاندامه‌وه، به‌ڵام له چاوپێکه‌وتنی هه‌لی کاره‌که‌دا، من ئه‌م کیژه‌م هه‌ڵبژارد، چونکه خۆیان ئاژه‌ڵ و باڵنده‌یان هه‌یه، ده‌زانێت چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ سه‌گ ده‌کرێت، چۆن قسه‌ له‌گه‌ڵ سه‌گ ده‌کرێت، هیچ کێشه‌ی نییه له‌گه‌ڵ پاککردنه‌وه‌ی پیساییاندا، ئه‌گه‌ر هاتوو له ماڵ کردبێتیان، یان کاتێك ده‌یانباته ده‌ره‌وه، پیساییه‌کانیان هه‌ڵبگرێته‌وه و له شوێنی فڕێدانی زبڵدا فڕێیان بدات.

ئه‌م هاوکارمه‌نده، چه‌ندیین چاوپێکه‌وتنی له‌گه‌ڵ گه‌نجاندا کردووه له‌سه‌ر ئه‌م هه‌لی کاره، ئینجا ئه‌م کیژه‌ی هه‌ڵبژاردووه. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که ئاخۆ کارمه‌ندانی په‌ناگه‌ی سه‌گه‌کان پێویست بووه چاوپێکه‌وتنی هه‌لی کاریان هه‌بێت، یان هه‌ر ئاوها ئاسان وه‌رگیراون؟

له باشووری کوردستاندا ژیان رۆژ به‌ڕۆژ مۆدێرنتر ده‌بێت، ئه‌مه‌ش گه‌شه‌یه‌کی باشی کۆمه‌ڵایه‌تییه، لێ هه‌ست و خۆشه‌ویستیی بۆ سرووشت هێشتا وه‌ك پێویست گه‌شه‌ی نه‌کردووه. له‌دوای هه‌موو سه‌یرانێک ئه‌و سرووشته جوانه‌ی نیشتیمان ده‌کرێت به که‌لاوه. ئازاردانی به قه‌ستی ئاژه‌ڵ و باڵنده، به‌تایبه‌ت سه‌گ و پیشله. سه‌گ له به‌شێکی گه‌وره‌ی جیهاندا به‌دبه‌خته و گه‌وره‌ترین غه‌دریان لێده‌کرێت.

له باشووری کوردستانیشدا سه‌گ به‌دبه‌ختریین ئاژه‌ڵه، ئینجا پشیله. ته‌نانه‌ت له‌و په‌ناگایانه‌دا، که بۆیان دروستکراوه، به دڕنده‌ترین شێوه و نه‌زانییه‌وه مامه‌ڵه ده‌کرێن. له چه‌ند رۆژی رابوورددا، کوردستان24 دۆکیۆمێنتێکی بڵاوکرده‌وه، که تێیدا کارمه‌ندانی په‌ناگه‌یه‌ک به شه‌ق و خاکه‌ناز له سه‌گه‌کان ده‌ده‌ن. ئه‌م دیارده‌یه قێزه‌ونترین دیمه‌نی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌یه، که هه‌رچی هه‌ست و سۆز و خۆشه‌ویستییه بۆ گیاندارێك نیمانه، که به هه‌ق سیمبوڵی وه‌فا و خۆشه‌ویستییه.

سه‌گ زۆر له‌وه زیره‌کتر و به هه‌ستتره وه‌ک له‌وه‌ی، که ئێمه‌ی کورد تێیده‌گه‌ین. سه‌گ قسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌کرێت، نه‌ک لێی بدرێت، سه‌گ خۆشه‌ویستیی پێده‌درێت، نه‌ک هه‌ڕه‌شه‌ی لێبکرێت و بتۆقێنرێت. سه‌گ وه‌ک هه‌موو بوونه‌وه‌رێکی دیكه‌، که پێویستیان به داڵده و به دڵنیایی ژیانه، پێویسته داڵده بدرێن و دڵنیا بکرێن، چونکه مرۆڤ هه‌موو شتی بۆ خۆی داگیرکردووه و ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ به‌شێکی گه‌وره‌ی ئاژه‌ڵ و باڵنده‌دا بوونه‌ته نامۆیه‌ک له سرووشتدا و مرۆڤ به ویست و ئاره‌زووی خۆی مامه‌ڵه‌یان ده‌کات.

یه‌کێك له هه‌ڵه زه‌قه‌کان، که رۆژانه دووباره ده‌بێته‌وه، بریتییه له پێدانی گۆشتی خاو به سه‌گ و گورگ و به پشیله‌ش. گۆشتی خاو نابێت بدرێت به سه‌گ و پشیله، چونکه فێرده‌بن و له‌م رێگه‌یه‌شه‌وه به‌رده‌وام هێرش ده‌که‌نه سه‌ر باڵنده و ئاژه‌ڵی بچووک و ده‌یانخۆن، چونکه فێری گۆشتی خاو بوون. ئه‌م هه‌ڵه‌یه له‌گه‌ڵ گورگیشدا ده‌کرێت، که خاوه‌نه‌کانیان گۆشتی خاویان ده‌ده‌نێ و هه‌ر خۆشیان گله‌یی ده‌که‌ن، که گورگه‌کانیان هێرش ده‌که‌نه سه‌ر قه‌ل و قاز و گیانداره ماڵییه‌کانیان و ده‌یانخۆن.

چ گورگ بێت و چ سه‌گ، ده‌توانرێت به قسه فێربکرێن، که هێرش نه‌که‌نه سه‌ر ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ی دیكه‌، به‌ڵام ئه‌مه به ته‌نیا نابێت، چونکه ئه‌م سه‌گ و گورگانه ده‌بێت ژیانیان دڵنیا بێت، ئه‌مه‌ش به واتای ئه‌وه‌ی، که رۆژانه خواردنی خۆیان هه‌بێت. دیاره ئه‌م هێز و ویسته سرووشتییه‌ی سه‌گ و گورگ و پشیله له سرووشتیاندا پارێزراوه، به‌ڵام مرۆڤ ده‌توانێت فێریان بکات، که کۆنترۆڵی بکه‌ن. ئه‌رکی سه‌گ و گورگ زۆر نییه، ته‌نیا خزمه‌تکردنیان نه‌بێت، چونکه نه سه‌گێک نه گورگێک بیست و چوار کاتژمێر برسیی نییه، هه‌ندێکیان رۆژی یه‌ک ژه‌م ده‌خۆن، هه‌ندێکیان دوو ژه‌م. ئه‌مه‌ش به‌پێی گه‌وره‌یی و بچووکی سه‌گ و گورگه‌که ده‌گۆڕدرێت، که رۆژانه چه‌ند گرام خواردن ده‌خۆن.

مرۆڤ ده‌توانێت گۆشت بکووڵێنێت و بیدات به سه‌گ و گورگ، به‌ڵام که تۆ سه‌گ و گورگت وه‌ک ئاژه‌ڵی ماڵیی بوێت، ئه‌وا نابێت گۆشتی خاوی بده‌یتێ، به‌ڵکو ده‌بێت بۆی بکوڵێنیت. پێدانی برنجی زۆر ده‌توانێت سه‌گ و گورگه‌کانت تووشی نه‌خۆشیی شه‌کره بکات، پێدانی هه‌ندێک خواردنی مرۆڤ به سه‌گ و گورگ ده‌توانێت زیانێکی گه‌وره‌ی ته‌ندروستییان پێبگه‌یه‌نێت. سه‌گ و گورگ شه‌ڕیان پێناکرێت. ئه‌مه کاری حکومه‌ته، که به‌یاسایه‌ک ئه‌م دیارده‌یه قه‌ده‌غه بکات، هه‌روه‌کو چۆن شه‌ڕه که‌ڵه‌شێر و که‌ویش قه‌ده‌غه بکرێت. حکومه‌ت پێویسته سزای گه‌وره‌ی ئه‌و خه‌ڵکانه بدات، که سه‌رپێچی له‌م بڕیاره‌دا بکه‌ن.

باخچه‌ی ئاژه‌ڵان و په‌ناگه‌ی ئاژه‌ڵان پێویسته خه‌ڵکانێک کاری تێدا بکه‌ن، که خاوه‌نی دڵێکی گه‌وره بن بۆ سرووشت، که خاوه‌نی شاره‌زایی به‌خێوکردنی ئاژه‌ڵ و باڵنده بن. ئه‌گه‌ر هاتوو هه‌ر کارمه‌ندێکیش بچووکتریین ئازار به ئاژه‌ڵ و باڵنده‌کان بگه‌یه‌نێت، ئه‌وا له جێی خۆیدا ده‌ربکرێت و سزا بدرێت. مرۆڤ ده‌بێت بیر له‌وه بکاته‌وه، که ئه‌مانه به‌ ته‌نیا سه‌گ و پشیله و هه‌ر ئاژه‌ڵ و باڵنده‌یه‌کی دیكه‌ نین، به‌ڵکو کۆمه‌ڵێک رۆحن، کۆمه‌ڵێک ئاگایی و گایستن، کۆمه‌ڵێک هۆشن، هه‌ر وه‌ک من و تۆی مرۆڤ.

ئاخۆ بیرتان له‌وه کردووه‌ته‌وه، که دۆلفینێک له سه‌دا بیستی مێشکی به‌کارده‌هێنێت و مرۆڤێکیش ته‌نیا له سه‌دا ده؟ ئه‌م له سه‌دا ده‌یه‌ش هه‌تا ئێستا که‌س به‌کاری نه‌هێناوه. تاکه مرۆڤێک، که هه‌تا ئێستا توانیبێتی له سه‌دا هه‌شتی مێشکی به‌کاربهێنێت، ئالبه‌رت ئاینشتاین بووه. ماوه‌ته‌وه بڵێم، که ئاخۆ ئه‌وانه‌ی به خاکه‌ناز له سه‌گ ده‌ده‌ن و کلک و گوێی سه‌گ و پشیله ده‌که‌ن و قاچه‌کانیان ده‌بڕنه‌وه بۆ نووشته و جادو، له سه‌دا چه‌ندی مێشکیان به‌کارده‌هێنن؟