بە ڤیدیۆ.. 200 کیلۆگرام تی ئێن تی پوچەڵکرایەوە

 لەسەر رێگایەکی سەرەکی لە کانی ماسێ لە لایەن پەکەکەوە دانرابوو

K24 - دهۆک:

لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزاندا، لەسەر رێگایەکی سەرەکی لە کانی ماسێ بڕێکی زۆری تی ئێن تی لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە پوچەڵکرایەوە کە لە لایەن پەکەکەوە دانرابوو.

رۆژی دووشەممە 2/5/2022، لە کاتژمێر 9:30 بەیانی و لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆزدا، لەسەر رێگای گوندی (چەقەڵا) و کۆمەڵگای (بریفکا)ی سەر بە ناحیەی کانی ماسێ لە سنووری قەزای ئامێدی، نزیکەی 200 کیلۆگرام لە ماددەی (تی ئین تی) کە پەکەکە لەو شوێنە داندرابوو لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دۆزرایەوە.

هاشم تڕوانشی، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی کانی ماسێی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند: "ئەو شوێنەی (تی ئێن تی)ـەکەی لێ دۆزراتەوە، رێگایەکی سەرەکی خەڵکی سڤیلی ناوچەکەیە و رۆژانە بە دەیان ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان هاتووچۆی پێدا دەکەن، بە خۆشحاڵییەوە، پێش ئەوەی بتەقێتەوە یان بتەقێندرێتەوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پۆچەڵکرایەوە".

بەرپرسی لیژنەی ناوچەی کانی ماسێ، باسی لەوەش کرد: "ئامانجی پەکەکە بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەراوکێـیە لەنێو خەڵکیدا و ئەو ناوچەیە نە قەرس و ئەرزەرووم و دیاربەکرە و نە سەربازگەی تورکیاشی لێیە. خەڵکی ئێمە لەو فێلانەی پەکەکە تێربوونە و ئێمە لە هیچ لایەنێک قبوڵ ناکەین ئەمن و ئاسایشی هەرێمی کوردستان تێک بدات و گیانی هاووڵاتیان بخاتە مەترسیەوە".

شایانی بیرهێنانەوەیە، پێش ئێستاش پەکەکە لە چەندین جێگەی دیکە ئەم جۆرە کردەوانەی ئەنجام داوە، لە یەکێک لەو جارانەشدا رێگای گوندی راڤینا و تاوەری کارەبایان بە ئامانج گرتبوو.

Fly Erbil Advertisment