هاووڵاتیەك لە کیێڤەوە رووداوەکانی ئەمڕۆی ئۆکرانیا بۆ کوردستان24 دەگێڕێتەوە

"خۆم لانیکەم گوێم لە 10 تەقینەوە بوو لە کیێڤ"

لە ناوەندی کیێڤ چەند تەقینەوەیەکە روویانداوە
لە ناوەندی کیێڤ چەند تەقینەوەیەکە روویانداوە

K24 - هەولێر:

ئینا کنێدیك، ئەندامی کۆمەڵەی بازرگانانی ئۆکرانیا بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئێستا لە کیێڤم، ئەمڕۆ کاتژمێر 06:30 خولەکی بەیانی زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا، کاتژمێر هەشت یەکەم تەقینەوە روویدا، خۆم لانیکەم گوێم لە 10 تەقینەوە بوو لە کیێڤ.

کنێدیك باس لەوە دەکات، لە هەواڵەکاندا روونە کە تەقینەوەی زیاتر روویانداوە و ناوەندی شارەکە کراوەتە ئامانج و، مووشەکێك لە پارکێکی منداڵانی نزیک زانکۆی شێڤچێنکۆ کەوتە خوارەوە.

ئینا کنێدیك، ئەندامی کۆمەڵەی بازرگانانی ئۆکرانیا
ئینا کنێدیك، ئەندامی کۆمەڵەی بازرگانانی ئۆکرانیا

ئەو ئەندامەی کۆمەڵەی بازرگانی ئۆکرانیا بە کوردستان24ـی گوت: بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە شاری کیێڤ کارەبا بڕدرا، بەڵام ئێستا کارەبا گەڕاوەتەوە. میترۆکان وەستان و ئێستا وەک پەناگە بەکاردەهێندرێن. هەمووان هەوڵدەدەن گیانی خۆیان بپارێزن یان لە پەناگەکاندا یان لە کۆریدۆرەکان.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، بە گوێرەی راگەیەندراوی شارەکە بەلایەنی کەمەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و 12 کەسی دیکەش برینداربوون. هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشانەدا، ئەم بەیانییە سەرتاسەری ئۆکرانیا هێرشی کراوەتە سەر.

بەپێی زانیارییەکان، شارەکانی کیێڤ، کیرۆڤۆگراد، دنیپرۆ، ئیڤانۆ-خارکیڤ، لڤیڤ، ژیتۆمیر، کرێمنچوک و میکۆلایڤەوە بۆردوومان کراون.

ئەمرۆ بەیانی رووسیا 75 مووشەکی ئاراستەی شارە جیاوازەکانی ئۆکرانیا کرد وەک وەڵامێک بۆ تەقاندنەوەی پردی نێوان رووسیا و کریمیا.

ڤۆڵۆدیمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، وڵاتەکەیان لەژێر هێرشێکی چڕی مووشەکیدایە و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیاش جەختدەکاتەوە لەوەی، هێرشەکە تەنیا هۆشدارییەک بووە بۆ ئۆکرانیا و گوتیشی: ئۆکرانیا بە دیفاکتۆ چووەتە ریزی گرووپە تیرۆریستییە نێودەوڵەتیییەکان.

Fly Erbil Advertisment