
رەگەز رەشید
پێشکەشکار و بێژەر
ده‌زگای خێرخوازی بارزانی شوناسی كوردستانی.. سیمای دامه‌زراوه‌یی نێوده‌وڵه‌تی

له ده ساڵی رابردوودا، ده‌زگای خێرخوازی بارزانی له رووی ستراتیژی كاركردنه‌وه، پێنگاڤی جددی ناوە بۆ ئه‌وه‌ی ببێته ده‌زگایه‌كی خێرخوازیی نێوده‌وڵه‌تی. قەبارەی به‌رفراوانی پێشكەشكردنی یارمه‌تییه جۆراوجۆره‌كانی ده‌زگاكه و زنجیرەیەک پڕۆژە و دەستپێشخەری خێرخوازیی و مرۆیی، وایکرد له ناوچه‌كه ببێته ئه‌و ژماره به‌هێزه‌ی له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا، له ته‌ك میساق و ئامانجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان كار بكات بۆ بەدەستهێنانی هاوکارییه نێودەوڵەتییەكان لە چارەسەرکردنی ئه‌و كێشانه‌ی کە سیمایەکی ئابووری، کۆمەڵایەتی، کولتووری و مرۆیی‌یان هەیە.
په‌ڕینه‌وه له سنووری هه‌رێمی كوردستان و به‌شداری كرده‌یی له‌كاتی كاره‌سات و شه‌ڕدا، هه‌ر به‌ته‌نها ده‌زگای خێرخوازی بارزانی وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی مرۆیی و خێرخوازی به جیهان نهناساندوە، به‌ڵكو كاریگه‌ری هه‌بووە له ناسینی زیاتری شوناسی كوردستانی و نه‌ته‌وه‌یی له‌سەر ئاستی جیهان.
روونتر بڵێم، ده ساڵی رابردوو، له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه، ده ساڵی پڕ گۆڕانكاری بوون، گۆڕانكاریەکان تاچه‌ند پێشبینیكراو بووبن، یان پێشبینینهكراو و جێگه‌ی سه‌رسوڕمان بوون، ره‌نگه بۆ ئێمه‌ی كورد هەندێک له گۆڕانكارییه‌كان، خێرا و له ناكاو بووبن، به‌ڵام ده‌رئه‌نجام شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی ئێمه‌ی برده قۆناغێكی جیاوازتر. بۆ نموونه، گرژییه یه‌ك به دوای یه‌كه‌كانی ناوچه‌كه و فه‌شه‌لی خه‌ونی هاووڵاتی وڵاتانی عه‌ره‌بی له ئه‌زموونكردنی حوكمڕانی دیموكراسی و ژیانی شایسته (مه‌به‌ستم بانگه‌شه‌ی به‌هاری عه‌ره‌بییه)، ده‌یان هێزی توندڕه‌وی لێهاته به‌رهه‌م، له رووی ئاسایش و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ژێرخانی ئابووریشه‌وه، چه‌ند كه‌ڕه‌ت به‌شێك له ناوچه‌كه‌ی برده دواوه و ده‌رئه‌نجام مه‌ترسیه‌كانی هاتنه ئارای داعش و گه‌شه‌سه‌ندنی خێرایانه‌ی، چاوی هه‌موو جیهانی خسته سه‌ر ناوچه‌كه.
له به‌رامبه‌ریشیدا، تێكشكاندنی هه‌ژموونی داعش له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه له عێراق و شه‌ڕڤانان له سووریا (لەگەڵ ئەوەی چه‌ند بۆ ئێمه‌ی كورد پڕ ئازار و قوربانیش بووبێت)، به‌ڵام دۆزی كوردی برده قۆناغێكی دیكه و شوناسی كوردی زیاتر به میلله‌ت و نه‌ته‌وه جیاوازه‌كان ناساند.
كردنه‌وه‌ی سنووری هه‌رێمی كوردستانیش بە ڕووی ئاواره و په‌نابه‌ران، سه‌رنجی میدیاكانی جیهان و رێكخراوه مرۆییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی بەلای خۆی راكێشا. هەروەک یه‌كێك له‌و ده‌زگایانه‌ی رۆڵی گه‌وره‌ی گێڕا له به‌هاناوه‌چوونی ئاواره و په‌نابه‌ران، ده‌زگای خێرخوازی بارزانی بوو، به ئه‌ندازه‌یه‌ك له نێو ته‌پوتۆزی شه‌ڕ، هه‌نگاوی نا بۆ پاراستنی مرۆڤ له ده‌رهاوێشته‌كانی شه‌ڕ و نه‌هامه‌تی و برسیه‌تی و بێلانه‌یی، ته‌نانه‌ت هاوكارییه‌كانی سنووری هه‌رێمی كوردستانیشی به‌زاند.
له رۆژئاوای کوردستانیش، له‌نێو مه‌ترسییه‌كان و به رێگه‌ی سه‌خت و دژوار، بێ جیاوازی ره‌نگ و ره‌گه‌ز و نه‌ته‌وه و ئایین، هاوكارییه‌كانی گه‌یاندن و له چه‌ندان وڵاتی تریش، له كاتی كاره‌سات و شه‌ڕدا، به شوناسی كوردستانی، ناوی خۆی له مێژووی بە هاناوەچوون و کاری مرۆیی تۆمار كرد.
به‌رده‌وامی كاركردنی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی له سه‌ر ئاستی ناوخۆیی و هه‌وڵدانی به‌رده‌وامیشی بۆ په‌ڕینه‌وه له سنوورەکان و هه‌نگاونان بۆ گه‌یاندنی هاوكارییه‌كان بۆ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ر زوو خه‌سڵه‌تی ده‌زگاكه‌ی له ده‌زگایه‌كی تاڕادەیەک لۆكاڵییه‌وه گۆڕی بۆ دامه‌زراوه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی، به شێوه‌یه‌ك زوو ده‌ستوپه‌نجه‌ی له‌گه‌ڵ گه‌یاندنی هاوكارییه‌كان بۆ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان نه‌رم كردن و بینیشمان به‌شداریكردنی كرداری و به‌هانه‌وه‌چوونی گه‌وره‌ی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی له بوومه‌له‌رزه‌كانی شەشی شوباتی توركیا و سووریا، توانی ده‌زگاكه بكاته سیمایەکی بەرچاو و ژماره‌یه‌كی به‌هێز له ناوچه‌كه.
بێگومان نموونه‌ی به‌هانه‌وه‌چوونی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی ڕاسته‌وخۆ دوای بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی شه‌شی شوبات و گه‌یاندنی هاوكاریه‌كانی بۆ توركیا و پاشانیش سووریا، دەستپێکی کاری مرۆیی نییە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، یه‌كه‌م جاریشی نییه سنووری كاركردنی له هه‌رێمی كوردستانه‌وه ده‌باته ده‌ره‌وه و نه‌خشه‌ی كاری مرۆیی به نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات. هەروەک پێشتر به قه‌باره‌ی جیاواز، له كاتی چەندین كاره‌ساتی سروشتی و ده‌ستكرد، ئاماده‌یی هه‌بووه و کاروانی هاوکارییەکانی گه‌یاندۆته ئوسترالیا و به‌نگلادش و یه‌مه‌ن و لوبنان و ئۆكرانیا و توركیا وو سووریا و باشووری سودان و چه‌ند وڵاتێكی تر و ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق. به‌ڵام به‌شداری ئه‌و جاره‌ی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی به‌و قه‌باره گه‌وره‌یه و راسته‌وخۆ دوای بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی شەشی شوبات له توركیا و سووریا، نه‌وه‌ك هه‌ر به ته‌نها توانی ده‌زگاكه له ده‌زگایه‌كی کوردستانی بكاته ده‌زگایه‌كی نێوده‌وڵه‌تی، به‌ڵكو پێگەیەکی پێشەنگی لەسەر نەخشەی کاری مرۆیی نێودەوڵەتی به ده‌زگاكه به‌خشی و سەنگ و قورساییشی، به‌رامبه‌ر جیهان نیشاندا. به تایبه‌ت، ئەم بوومەلەرزەیە کە بە یەکێک لە بەهێزترین بوومەلەرزەکانی مێژووی تورکیا و سووریا دادەنرێت، بەمەش سه‌رنجی وردی میدیاكانی جیهانی بۆخۆی راكێشا.
به ئه‌ندازه‌یه‌ك ئێستا ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی مۆدێلێكی نوێی كاری خێرخوازییه له ناوچه‌كه، مۆدێلێكی مۆدێرن و دامه‌زراوه‌یی، كه ده‌توانێت یه‌كانگیر بێت له‌گه‌ڵ په‌یامی گەیاندنی خزمەتگوزاری و هاوکاریی مرۆیی لە پێناو ئاشتی و ئارامی بۆ ژینگە و مرۆڤایەتی. بەو مانایەی وه‌ك یه‌كێك له دامه‌زراوه كوردستانییه‌كان، ده‌توانێت لە هه‌ر كاتێك، قه‌یرانێك، كاره‌ساتێك، کە به‌رۆكی جیهانی دەگرێت، له ناو هه‌ناوی كوردستانه‌وه، له زاخۆ بۆ حه‌مرین و له ڕێگه‌ی خێرخوازان و دۆستانییه‌وه له جیهان و رێكخراوه مرۆیی و خێرخوازییه هاوبه‌شەكانی، كۆمه‌ك كۆبكاته‌وه و له هه‌ولێره‌وه به‌ره‌وه ئه‌وێ، هاوكارییه‌كانی بگهیەنێت. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت، ده‌زگای خێرخوازی بارزانی، توانیوویەتی له‌لایه‌ك متمانە و خۆشەویستی كوردستانیان و خێرخوازان بۆ خۆی دروست بكات، هاوکات مۆدێلی به‌شداری گشتی له‌سه‌ر ئاستی تاك و كۆمه‌ڵ، بازرگان و ده‌وڵه‌مه‌ند، خێرخوازانی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان بهێنێتە کایەوە، زۆر رێكخراوی مرۆیی و خێرخوازیی جیهانییش بكاته هاوبه‌شی خۆی، هەمووانیش متمانه‌ی به‌هێزیان به ده‌زگاكه هه‌بێت و دڵنیابن، كه هاوكارییه‌كانیان ده‌گاته شوێنی مه‌به‌ست.
ده‌رئه‌نجام، ده‌زگای خێرخوازی بارزانی به شوناسی كوردستانی و به سیمای دامه‌زراوه‌یی نێوده‌وڵه‌تی، توانای بەهاناوەچوونی خێرا و کەمکردنەوەی کاریگەری زیانی قەیرانەکانی مرۆیی و كارهساتەکانی سروشتی له جیهان و ناوچه‌كه هەیە، توانایەکی دیاری لە پرۆسەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی مرۆیی و به‌هانه‌وه‌چوونی لێقەوماوان و چاودێری پزیشکی و پێشکەشکردنی یارمەتی جۆراوجۆری وەک خواردن و خواردنەوە، پەروەردە، نیشتەجێبوون و پاراستنی منداڵ و..تاد، هەیە.