دلۆڤان عیمادەددین
نووسەر
ریمۆنتاداکەی مەسرور بارزانی
نزیکەی نۆ ساڵ دەبێت نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی بەندەری جیهانی تورکیا دەکرێت و دەفرۆشرێت، لەو کاتەوە حکومەتی عێراقی لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس، سکاڵای لەسەر تورکیا تۆمارکردووە، هەرچەندە بەگۆڕینی سەرۆکوەزیرە جیاجیاکانی عێراق جاروبار کەیسەکە وەستێندراوە و دووبارە کەیسەکە جووڵێندراوەتەوە، بەڵام دواجار دادگاکە لە بەرژەوەندی حکومەتی عێراق بڕیاریدا.
وادیارە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەووردی خوێندنەوەی بۆ ئەم بابەتە کردووە و زیاتر لە پلانێکی هەبووە، بەگوێرەی ئاماژەکان، پێدەچێت پێش دەرکردنی بڕیاری دادگا، مەسرور بارزانی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان رێککەوتبێت، هەر بۆیەش دوای دەرکردنی بڕیاری دادگا دەمودەست زۆری نەخایاند رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان راگەیەندرا.
چاوەڕێدەکرا لەم کەیسەدا، دادگا سزایەکی قورس لە بەرژەوەندی عێراق دژی تورکیا دەربکات و بەگوێرەی سەرچاوە نافەرمییەکان، سزایەکە بەبڕی ملیارات دۆلار بوو، بەدوور نەدەزاندرا حکومەتی هەرێمیش لەو سزایانە زەرەرمەند بێت و ئابووری هەرێمی کوردستان تووشی قەیرانێکی گەورە بکات. ئەوەی ئێستا باسی لێوەدەکرێت و بەگوێرەی بڕیاری دادگا تەنیا بەبڕی ملیارێک و 400 ملیۆن دۆلار، تورکیا قەرەبووی عێراق دەکاتەوە و ئەگەری ئەوە هەیە عێراق لەم بڕە پارەیەش خۆشبێت، هەرچەندە تورکیا لەبەرامبەر بڕیاری دادگا تا رادەیەک رەزامەندی دەربڕیوە، بەڵام پێدەچێت دەسەڵاتدارانی ئێستای تورکیا بیانەوێت ئەو بابەتە درێژە بکێشێت تا دوای هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە و ئەوکات رەنگە تورکیا بۆچوونێکی دیکەی هەبێت.
لەم کەیسەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دواوە بوو، بەڵام ئەم رێککەوتنە پێگەی هەرێمی کوردستانی زۆر بەهێزکرد و پێشیخست، مەسرور بارزانی پێش دەرکردنی بڕیاری دادگا رێککەوتنی لەگەڵ حکومەتی عێراق کردبوو و ریمۆنتاداکەی بەم شێوەیە تۆمارکرد:
- مەترسی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی گۆڕی بۆ هەناردکردنی ئەو نەوتە بەشێوەیەکی فەرمی و یاسایی.
- نەوتی هەرێمی کوردستان بە نرخێکی کەمتر دەفرۆشرا، بەڵام دوای ئەم رێککەوتنە بە نرخی ستانداردی بازاڕی جیهانی دەفرۆشرێت.
- سەرەرای بڕیاری دادگا لە بەرژەوەندی حکومەتی عێراق، هیچ سزایەکی ماددی نەکەوتە سەر هەرێمی کوردستان.
- چ لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە هەندێکجار هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە "قاچاخ ناودەبرا" ئێستا ئەو نەوتە بە شێوەیەکی یاسایی و فەرمی هەناردە دەکرێت.
- پێشتر باس لە ناشەفافییەتی داهاتی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرا، دوای ئەم رێکكەوتنە داهاتەکەی شەفافتر دەبێت.
- ئەم رێککەوتنە وادەکات چیتر هیچ گرووپ و تاقمێک هەڕەشەی دەستبەسرداگرتنی کێڵگە نەوتییەکان نەکەن و بە موڵکی حزب ناوینەبەن، چونکە دوای ئەم رێککەوتنە لە بەرژەوەندی ئەواندا نابێت ئەم کارە بکەن.
- هەر لایەنێک بیەوێت لە دیوی هەرێمی کوردستان یان تورکیا، کێشە بۆ بۆریی نەوت و هەناردەکردنی نەوت دروستبکات، یان هەوڵی شکاندن و تەقاندنەوەی بدات وەک جاران بۆی ناچێتە سەر و رووبەڕووی رێکاری یاسایی توند دەبێتەوە.
- بەگوێرەی رێککەوتنەکە، داهاتی فرۆشی نەوتی هەرێمی کوردستان لە هەژمارێکی بانکی کۆدەکرێتەوە، کە دەسەڵاتی خەرجکردنی راستەوخۆ لەژێر سەرپەرشتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان یان ئەو کەسەی ئەو رایدەسپێرێت، دەبێت و لێرەشدا چیتر هەرێمی کوردستان پەنا بۆ بانکی وڵاتانی دەرەوە نابات و داهاتەکەی لەژێر دەستی خۆیدا دەبێت.
بەکورتی لەم قۆناغەدا، مەسرور بارزانی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی لە دۆخێکی زۆر خراپ و مەترسی و قەیراناویدا بۆ دۆخێکی زۆر باش گۆڕی، راستە کۆمپانیای سۆمۆ سەرپەرشتی فرۆشتنی ئەو نەوتە دەکات، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە، کێ خاوەندارییەتی بۆڕییە نەوتەکە دەکات، کە تاوەکو ئێستا باسی لێوەنەکراوە و دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر بکاتەوە، هەرچەندە ئەم رێککەوتنەش کاتییە، بەڵام سەرەتایەکی باشە کە دەبێتە بنەمایەک بۆ دەرکردنی یاسای نەوت و غازی فیدراڵی.
ئەوەی لێرەدا دەمێنێتەوە، ئەو خاڵە گرنگەیە و خەڵک چاوەڕێی دەکات، داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستانە، چۆن دەخرێتە خزمەتی هاووڵاتییان و بەشێوەیەکی جیاوازتر لە رابردوو، سوودی لێ ببینن و جووڵەی زیاتر بخاتە نێو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان.