وەزیری بەرگری ئەڵمانیا لەبارەی جموجۆڵەکانی داعشهوه بۆ كوردستان24 دەدوێت
K24 – برۆکسل:
رۆژی دووەمی کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری و دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لەبرۆکسل بهردهوامه. پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە بۆریس پیستۆریۆس وەزیری بەرگری ئەڵمانیا رایگەیاند، هەرچەندە لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆ باسی داعش ناکەین، بەڵام بەردەوام گوتوومانە دەبێت ئاگاداربین و چاودێری بارودۆخەکە بکەین.
هەروەها وەزیری بەرگری ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەشکرد، هەموولایەک پێویسته پێکەوە و بەهاوبەشی شەڕ لەدژی ئەو داعش لەعێراقدا بكهین.
لەماوەی رابردوودا چەندین جار داعش هێرش و چالاکی لەچەند ناوچەیەکی عێراق لەدژی سوپای ئهو وڵاته و پێشمەرگە و گوندنیشینان ئەنجامداوە. چەندین کەسیش بوونەتە قوربانی. ئەڵمانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی ئەندامی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و ماوەی چەندین ساڵە هاوکاری پێشمەرگە دەکات. هەمیشە بەرپرسانی ئەڵمانی دوپاتیدەکەنەوە کەئەوان بەردەوام دەبن لەیارمەتیدانی پێشمەرگە.
لەدوای ئازادكردنی عێراق لە 2003دا لەلایەن هێزەکانی ئەمهریکا و هاوپەیمانانیەوە، ئەبو موسعەب زەرقاوی رێکخراوی ئەلقاعیدەی لە عێراق راگهیاند، ئەلقاعیدە له عێراق، بهتایبهت ناوچە شیعەنشینەکاندا هێرشی ئەنجامدەدا، بەهیوای ئەوەی کە پێکدادانی تایفیی لەعێراقدا سهرههڵبدات.
ساڵێک بەرلە دروستکردنی ئەو رێکخراوە، زەرقاوی لەگەڵ هەزاران چەکدار و خۆبەخشی توندڕەودا بۆ عێراق هات، بەمەبەستی ئەوەی لەدژی ئەمهریکی و بەریتانییەکان و هێزەکانی دیکەی هاوپەیمانی ئەو دوو وڵاتە، بجەنگێت.
زهرقاوی بووە کەسێکی ناسراو لەسەر ئاستی جیهان، دوای ئەوەی کۆڵن پاوڵ، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمهریکا، لە گوتارێکدا لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی 2003، ناوی هێنا.
لە 7ـی حوزەیراندا، زەرقاوی لە هێرشێکی ئاسمانی هێزەکانی ئەمهریکادا کوژرا، ئەبو ئەیوب ئهلمهسڕی جێگەی گرتەوە. مهسڕی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی عێراقی دروستکرد، و ئەبو عومەر ئەلبەغدادی وەکو سەرکردەی نوێی ئەو رێکخراوە دەستنیشانکرد.
له نیسانی 2010 ئەبو عومەر ئەلبەغدادی و مەسڕی لەهێرشێکی هاوبەشی هێزەکانی ئەمهریکا و عێراقدا کوژران و ئەبوبەکر ئەلبەغدادی بووە سەرۆکی نوێی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق.
له نیسانی 2013 بەغدادی رایگەیاند، گروپەکەی بۆ دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام(داعش) گۆڕیوە، ئەوەش لەدوای ئەوە هات کە جەبهەتولنوسرەی لەخۆگرت، کە بە بەرەی نوسرە ناسرابوو و سەربە ئهلقاعیدە بوون.
له کانوونی یەکەمی 2014 داعش کۆنترۆڵی رەقەی سووریای کرد و وەکو پایتەختی دەوڵەتەکەی رایگەیاند.
له شوباتی 2014 ئەلقاعیدە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ داعش پچڕاند، لەدوای ئەوەی پێکدادانی ناوخۆیی لەنێوان بەرەی نوسرە و داعش روویدا.
له حوزەیرانی 2014 لەیەکێک لە هێرشە گەورەکانی داعشدا، ئەو رێکخراوە کۆنترۆڵی مووسڵ و تکریتی کرد.