سه‌یف شهمس
نووسەر
حكومه‌ته‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئاڵنگارییه‌كان
حکومەتەکەی مەسرور بارزانی کە لە 10ـی تەممووزی 2019 پێکهێنراوە و لە 10ـی تەممووزی 2023 کۆتایی دێت، ڕووبەڕووی چه‌ندین ئاڵنگاری گه‌وره بووه‌وه کە تا ئێستا هیچ یه‌كێك له حكومه‌ته‌كانی پێش خۆی لە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی نەبوونەتەوە. لێره‌دا ئاماژه به‌و ئاڵنگاری و دەستکەوتانه ده‌كه‌ین كه له ماوه‌ی حكومه‌ته‌كه‌یدا به‌ده‌ستهاتوون.
قەرزه گه‌وره و زه‌به‌لاحه‌كان یەکێکە لە گرنگترین ئه‌و ئاڵنگارییانه‌ی رووبه‌ڕووی حكومه‌ته‌كه‌ی بووه‌ته‌وه، بەو پێیەی قەرزەکانی بە میرات بۆ به‌جێماوه و ژماره‌یه‌كی گه‌وره‌یه. راستییه‌كه‌ی کێشەی ئەم قەرزانە بارگرانییه‌كی گه‌وره‌ی دارایی له‌سه‌ر سەقامگیری هەرێم دروست كردووه و زۆربەیان قەرزی ناوخۆیین و هی وەبەرهێنەران، بەڵێندەران و هاوڵاتیانن. هەروەها ئه‌م حكومه‌ته لە سیاسەتی نەوتدا به هه‌مان شێوه ڕووبەڕووی ئاڵنگاری بووه‌ته‌وه، به‌وپێیه‌ی کێشەی بەردەوامی لەگەڵ حکومەتی عێراق هەیە. ئەم كێشانه پەیوەندییان بە گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر به‌كارهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم هەبووە، و بووەتە هۆی ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق له داگا نیوده‌وڵه‌تییه‌كان هەڕەشەی سكاڵا له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكات.
لەنێو ئەو ئاڵنگارییانه‌ی دیكه کە حکومەت ڕووبەڕووی بووەوە، کێشەی پاشەکەوتکردنی مووچەی فەرمانبەران بوو. حکومەتی پێشوو بۆ ماوەی چوار ساڵ لەسەریەک تەنیا بەشێکی مووچەی فەرمانبەرانی دابوو، ئەمەیش بارگرانییەکی گەورەی لەسەر حکومەته‌كه‌ی مەسرور بارزانی دروستکرد. هه‌روه‌ها نابێت كاریگه‌ری نه‌خۆشی ڤاپرۆسی كۆرۆنا له‌بیر بكه‌ین، چونکە ئاڵنگارییه‌كی گەورە بوو بۆ حکومەتی هه‌رێمی كوردستان، بەو پێیەی ئابووری ناوچەکە کاریگەری زۆری لەسەر بوو بەهۆی کاردانەوەکانی پەتاکە، ئەمەش بووە هۆی دابەزینی چالاکییە ئابوورییەکان و كه‌مبوونه‌وه‌ی داهاتەکان. جگە لەوەش گرژی و ناکۆکی نێوان لایەنە سەرەکییەکانی هەرێم کاریگەری لەسەر سەقامگیری حکومەت و توانای بڕیاردان هه‌بووه.
کێشەی حزبی و هاوپەیمانیهتیكردنی هەندێک لایەنی ئۆپۆزسیۆنی كوردی لەگەڵ حکومەتی عێراق لە دژی حکومەتی مەسرور بارزانی یه‌كێكی دیكه بوو له ئاڵنگارییه قورسه‌كان، به‌شێوه‌یه‌ك دادگای فیدراڵی لە بەغدا وەک ئامرازێک بۆ فشارخستنە سەر هەرێم و سنووردارکردنی لە هەندێک بڕیاردا بەکارهێنراوه.
یەکێک لە ئاستەنگە هەرە دیارەکانی بەردەم حکومەتی هه‌رێمی كوردستان بریتی بوو له بڕینی تەواوی بهشهبودجەی هه‌رێم لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لە بەغدا کە بووە هۆی پەکخستنی زۆرێک لە پڕۆژە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی هەرێم. جگە لەوەش، تواناكانی حکومەت بەدەست کێشەی زۆری گەندەڵییه‌وه دەناڵێنن و بووه‌ته هۆی ڕێگریكردن لە جێبەجێکردنی چاکسازییە پێویستەکان و کاریگەری لەسەر متمانەی گشتی بە حکومەت و دامودەزگاکانی دروست كردووه.
سەبارەت بە دەستکەوتەکان:
لەژێر سەرکردایەتی مەسرور بارزانی جەخت لەسەر کەمکردنەوەی بڕی قەرزەکانی حکومەتی کوردی کراوەتەوە. بەهۆی هەوڵەکانی دژەگەندەڵی و زیادبوونی هاوردەی ناوخۆ، قەبارەی قەرزەکان لە 32 ملیار دۆلارەوە بۆ 28 ملیار دۆلار کەمکرایەوە و پێشکەوتنی بەرچاو لە پێدانی مووچەی فەرمانبەران هاته ئاراوه. لە رابردوودا حکومەتی هه‌رێم بە درێژایی ساڵ نەیدەتوانی مووچەی فەرمانبەران بە تەواوی بدات بۆ بڕینی رێژه‌یه‌ك له كۆی مووچه‌كانیان سیسته‌می پاشه‌كه‌وتی په‌یڕه‌و ده‌كرد، كه به‌هۆیه‌وه گرژی لە نێوان فەرمانبەران و حکومەتدا دروست بووبوو.
راستییه‌كه‌ی پشتبه‌ستنی هه‌رێمی كوردستان به نه‌وت بۆ فره‌یی داهاته‌كانی دیكه‌ی ناوخۆ گۆڕاوه، بۆ نموونه حكومه‌ت پشتوانی زیاتری بۆ كه‌رته‌كانی كشتوكاڵ هه‌یه، له‌و چوارچێوه‌یه‌یشدا پێشکەوتنی بەرچاو بەدیهاتووە بەهۆی ئەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی هەرێم بۆ یەکەم جار لە سەردەمی دەسەڵاتی مەسرور بارزانیدا هەناردەی دەرەوەی وڵات دەکرێت.
هاوکات لەگەڵ حکومەتی عێراقیش لەسەر پرسی نەوت ڕێککەوتن کرا، کە به‌هۆیه‌وه کێشە بەردەوامەکانی نێوان هەردوولا چارەسەر بووه، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌م رێككه‌وتنه واژۆ كرا به‌رله‌وه‌ی دادگا نێودەوڵەتییەکان بڕیارێک دەربکەن سەبارەت بە یاساییبوونی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و پێش ئەوەی تورکیا هەناردەکردنی نەوتی هەرێم رابگرێت.
به‌ڕێز مەسرور بارزانی لە ماوەی حوکمڕانیدا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام و به‌رفراوان کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران ئەنجام داوه و له‌و كۆبوونه‌وانه‌دا چەندین بڕیاری گرنگی داوه، به‌شێوه‌یه‌ك لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا ژمارەی كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران گەیشتە 218 كۆبوونه‌وه. ئاماژە بەوە دەکرێت کە ئەم ژمارەیە نزیکە لە کۆی ئەو کۆبوونەوانەی سەرۆکوەزیرهكانی پێشوو و پێشووتر لەگەڵ کابینەکانیان ئەنجامیان داوە. ئەم کۆبوونەوانە رەنگدانەوەی پابەندبوونی مەسرور بارزانییە بۆ بەدیهێنانی پێشکەوتن و پتەوکردنی هاوکاری و وەرگرتنی بڕیاری پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییه‌كانی بەردەم هەرێم. ئەم کۆبوونەوانە لە ئەنجامی ئه‌و دیدگا و سەرکردایەتی و رێنماییە دروستانهوه دێت، کە مەسرور بارزانی لە سەرکردایەتیکردنی حکومەت و بڕیاردانی گرنگ بۆ بەرژەوەندی هەرێم و گەلەکەی خاوه‌نداریه‌تی كردووه. راستییه‌كه‌ی ئەم پێشکەوتنە لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ژمارەیەکی زۆر لە پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستان لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا دەبینرێت. ژمارەی ئەو پڕۆژانە گەیشتووەتە 3425 پڕۆژە، كه كۆی تێچووی هه‌موویان ده‌گاته نزیكه‌ی 13 ترلیۆن دیناری عێراقی.
پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە ئەم ژمارە زۆرەی پڕۆژەکان و تێچووی ئاماژەپێکراو لە چاوەڕوانییەکان زۆر زیاترە لە كاتێكدا وه‌ك پێشتر باسمان كرد حكومه‌ت رووبه‌ڕووی چه‌ندین ئاڵنگاری و كێشه‌ی جۆراوجۆر بووه‌وه. مایه‌ی سه‌رنجه ئەم دەستکەوتانە رەنگدانەوەی پابەندبوونی حکومەتە بۆ گەیشتن بە گەشەپێدان و گەشەسەندنی ئابووری لە ناوچەکە و ڕەخساندنی هەلی کار و باشترکردنی ژێرخانی ئابووری. ئەم پڕۆژانە چەندین کەرت دەگرێتەوە، لەوانە ژێرخانی ئابووری، تەندروستی، پەروەردە، کشتوکاڵ، وزە، گواستنەوە، گەشتیاری و رۆشنبیری. راستییه‌كه‌ی ئەم پڕۆژانە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی کۆمەڵگا و پێشخستنی گەشەسەندنی بەردەوام لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ کراون. له لایه‌كی دیكه‌وه ھەرێمی کوردستانی خستە سەر رێگای پشتبەستن بە بەرھەمی ناوخۆ و هاندانی تاك بۆ کارکردن و پشت بەستن بە دەستپێشخەرییەکانی خۆی بۆ دۆزینه‌وه‌ی كار له بری ئه‌وه‌ی پشت به دامه‌زراندن ببه‌ستێت له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه، كه له رابردوودا زیاتر په‌یڕه‌و ده‌كرا. هه‌روه‌ها توانرا سیاسەتەکانی پێشووی حكومه‌ت بگۆڕدرێن کە گرنگییان بە دابینکردنی هەلی کار لە کەرتی گشتی ده‌دا و له ماوه‌كانی رابردوودا بووە هۆی زیادبوونی مووچەخۆران و ئه‌ركی حكومه‌ت به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی بووه دابینكردنی مووچه بۆ هاووڵاتیان، به‌ڵام له كابینه‌ی نۆیه‌مدا رۆڵی کەرتی تایبەت بەهێزتر بووە و كاری باش و په‌ره‌پێدانی ده‌ستپێشخه‌رییه تایبه‌ته‌كان هان دراوه.
لە سایەی کەسایەتی بەهێزی مەسرور بارزانی و توانای رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییه‌كان، حکومەتەکەی توانی لەسەر پێی خۆی بوەستێت و بەردەوام بێت لە راپەڕاندنی ئەرکەکانی. مەسرور بارزانی بە حیکمەت و هێزەوە سەرکردایەتی حکومەتی کرد و ئەگەر کەسایەتییەکی دیکەی سیاسی کورد سه‌رۆكی حكومه‌ت بووایە، ره‌نگه حکومەت رووبەڕووی ئاڵنگاری و سەختی زیاتر ببایه‌وه و بڕووخایه. ئەمەش سه‌رچاوه‌ی له‌وه‌وه گرتووه، كه مه‌سرور بارزانی له منداڵییه‌وه له‌ناو منداڵدانی شۆڕشه‌وه گه‌وره بووه و وەک پێشمەرگە لە دۆڵ و چیاكاندا خەباتی كردووه و لەناو پڕۆسه‌ی ئه‌نفال و كۆمهڵكوژییهكانیدا ژیاوه. راستییه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی ژیرانە هەوڵی ئه‌كتیڤكردنی ئامانجەکانی شۆڕش و پێداویستییەکانی هاووڵاتیی کورد و خواسته‌كانی هه‌رێم ده‌دات. هەروەها مه‌سرور بارزانی خاوه‌نی رووحێكی گه‌نجانه‌یه له هه‌رێمی كوردستان و له سه‌رده‌می نوێ‌دا، نه‌خاسمه له بواری په‌روه‌رده‌یی، ته‌ندروستی و كۆمه‌ڵایه‌تیدا، تایبه‌تمه‌ندییه‌ك كه مه‌سرور بارزانی پێی ده‌ناسرێته‌وه، ئه‌وه‌یه كه خۆی له ده‌ركه‌وتنی میدیاكان و گه‌شتكردن بۆ پایته‌خته‌كانی وڵاتان به‌دوور ده‌گرێت، به‌ڵكو سه‌رنجی خۆی خستووه‌ته‌وه سه‌ر هاووڵاتی كورد.
بەکورتی ئەگەر کەسایەتی بەهێزی مەسرور بارزانی و توانای رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییه‌كان و به‌دیهێنانی سەقامگیری نەبووایە، رووخانی حكومه‌ته‌كه‌ی ئه‌گه‌رێكی كراوه ده‌بوو. حیكمه‌تی سه‌ركردایه‌تیكردن و توانای دانوستاندن و بڕیاردانی دروستی مه‌سرور بارزانی، بەشدارییه‌كی كارایان هه‌بوو لە بەردەوامیدان و درێژه‌دان به کار و دەستکەوتەکانی حکومەت لە ژێر رۆشنایی ئەو ئاڵنگارییه گەورەیەی کە رووبەڕووی دەبێتەوە.
ئه‌م وتاره به زمانی عه‌ره‌بی له‌م ماڵپه‌ڕه‌دا بڵاوكراوه‌ته‌وه:
https://www.algardenia.com/maqalat/59374-2023-07-09-09-25-01.html