مافە دەستوورییەکانی کورد و مەترسی دروستبوونی دەسەڵاتێکی ناوەندگەرایی لە عێراق
ئەگەرچی ئەو دۆخە سیاسیەی لە دوای ساڵی 1991 شەری کەنداو لە عێراق هاتە ئاراوە، بوە هۆی هێنانە کایەی دامەزراوە دیموکراسیەکانی وەک حکومەت و پەرلەمان لە هەرێمی کوردستان، بەلام ڕووخانی رژێمی پێشووی بەعس لەلایەن ولاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە لە ساڵی 2003، ئومێدێکی تری خستە ناو کۆمەڵگای کوردی و سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستانەوە.
بە مانایەکی تر هەم تاکی کورد و هەم سەرکردایەتی سیاسی کورد، ئەو بڕوایەیان بۆ دروستبوو کە ئیدی کۆتایی هاتنی سیستەمێكی تاکڕەوییە (دکتاتۆری) لە عێراقدا کە لە مێژووی بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردا دێوەزمەیەکی نەبڕاوە بووە. ئیتر بۆ خەڵکی عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی، مانای ژیانێکی سەقامگیری کۆمەلایەتی، سیاسی و ئابورییە. دۆخەکە تا دەهات لە بەرژەوەندی دۆزی ڕەوای خەڵکی هەرێمی کوردستان بوو. ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەو پێشکەوتنە بەرچاوە بوو کە حوکمڕانی کوردی لە هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکانەوە کە تا ئێستاش لە پێش عێراق دایە، پیادەی کرد. لەلایەکی ترەوەش پرسی کورد توانی چوارچێوەیەکی دەستووری و یاسایی وەربگرێت. لەم ڕووەوە کورد توانی مافەکانی لە دەستووری بەرکاری عێراقدا جێگیر بکات. گرنگترینییان بوونی قەوارەیەکی دەستووری بۆ کورد. ئەمەش پێگەی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمی بەهێز کرد. ئەم بەهێزییە و پیشکەوتنەی پێگەی کورد بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوودا دەکرێت ڕووبەرووی ئاڵنگاری هەنووکەیی دەستووری و ئابوری و سیاسی ببێتەوە. یان بە واتایەکی تر گەیشتوەتە ئاستێک کە بەشێوەی بەرنامەرێژی لە نەفەسێکی دورمەودا و لەسەرخۆدا بە چەندین میکانیزمەوە کار بۆ لاوازکردنی بکرێت. بۆیە ئەم وتارە هەوڵدەدات تیشک بخاتە سەر ئەو ئاڵنگارییانە.
پێگەی هەرێمی کوردستان لە نێوان دەستوور و ناوەندگەرایی عێراق لە بڕیاردان دا
دوای پەسەندکردنی دەستووری بەرکاری عێراق لە ساڵی 2005، کێشەکانی کورد لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ زیاتر ئومێدی چارەسەرکردنی لێ دەبینرا، بەوپێیەی بۆ یەکەم جار وا بە شێوەیەکی کاریگەر پرسی کورد کەوتە ناو ئەم دەستوورەوە و حکومەتی فیدڕاڵی بە چارەسەرکردنی پابەند کردووە. کورد توانی چەند کلیلێکی دەستووری بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی لە دەسەڵاتدارانی عێراق، بە دەست بێهنێت. گرنگترینیان دانپێدانان بە هەرێـمی کوردستان وەک قەوارەیەکی دەستووری، پرسی خاک، نەوت، پێشمەرگە و بەشداری سەرەکی لە دەسەڵاتە فیدڕالیەکان.
کێشەی خاک کە خۆی لە کەرکوک و ناوچەکانی تری پەیوەست پێییەوە دەبینێتەوە، یەکێکە لەو کێشە لە مێژەیینانەی نێوان دەسەڵاتدارانی کورد و حکومەتە یەک لە دوایەکەکانی عێراق. ئەمەش بۆ یەکەم جارە سەرکردایەتی سیاسی کورد بە رێبەرایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی ماددەی 140 تایبەت بە چارەسەرکردنی ئەم پرسە لە دەستووری بەرکاری عێراق جێگیر بکرێت. بەپێی ئەم ماددەیە پێویستە ئەم پرسە تا کۆتایی ساڵی 2007، چارەسەر بکرابا، بەلام وەک دەبینین ئەمە بۆ شانزدە ساڵ دەبێت نەک حکومەتەکانی عێراق ئەم پرسەی چارەسەر نەکردووە بەلکو هەندێک لە لایەنە بڕیار بەدەستە عەرەبەکان لە بنەڕەتدا بڕوایان بەم ماددەیە نیە و پێیان وایە مردووە.
نەوت یەکێک بوو لەو پرسانەی کە دەسەڵاتدارانی کورد توانیان دەرچەیەکی دەستووری بۆ دابنێن بۆئەوەی بتوانن سوود لە سەرچاوە سروشتییەکانی خۆیان وەربگرن. بۆ ئەم مەبەستەش ماددەی 112 دەستووری عێراق دەڵیت " یەکەم: حکومەتی فیدرالی لەگەڵ هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکان نەوت و غازی بەرهەمهێنراوی کێڵگەکانی ئێستا بەڕێوە دەبات بەمەرجێک داهاتەکانیان بەشێوەیەکی دادپەروەری و بەگوێرەی دابەشبوونی دانیشتوان لە سەرجەم پارچەکانی وڵاتدا دابەش بکرێت لەگەڵ دیاریکردنی پشک بۆ ماوەیەک بۆ ئەو هەرێمە زیانلێکەوتوانەی ڕژێمی پێشوو بێبەشی کردبوون و ئەوانەش کەپاشتر زیانیان لێکەوت بەجۆرێک گەشەسەندنێکی هاوتەریب بۆ ناوچە جیاوازەکانی وڵات مسۆگەر بکات و ئەمەش بە یاسا ڕێکدەخرێت.
دووەم: حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێمەکان و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکان بەیەکەوە هەڵدەستن بە ڕەنگڕێژکردنی سیاسەتی ستراتیجی پێویست بۆ بەرەوپێشبردنی سامانی نەوت و غاز بەجۆرێک کەببێتە مایەی دەستخستنی زۆرترین سوودو کەڵک بۆ گەلی عێراق ئەویش بە پشتبەستن بە نوێترین تەکنیکی بنەماکانی بازاڕو هاندانی وەبەرهێنان. ماددەی 115دەڵیت " هەرشتێک لە سنوری دەسەڵاتە تایبەتەکانی حکومەتی فیدرالیدا ئاماژەی پێنەکرابێت، ئەوە دەبێتە دەسەڵاتی هەرێمەکان و ئە ێزگایانەی ناکەونە سنووری هیچ هەرێمێکەوە. ئەگەر ناکۆکی دروستبوو لەسەر دەسەڵاتە هاوبەشەکانی نێوان حکومەتی فیدرالیو حکومەتی هەرێمەکان، ئەوا پێشینە بۆ یاسای هەرێمەکەیە."
تا ئێستاش پرسی نەوت کێشەیەکی سەرەکی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵە. پەرلەمانی عێراق نەی توانیوە و نەی ویستووە یاسایەکی فیدڕاڵی تایبەت بە نەوت و گاز بۆ چارەسرکردنی ئەم پرسە دەرچوێنی چونکە دەستوور سەنەدێکی یاساییە بۆ هەر یاسایەک کە لە پەرلەمانی عێراق دەردەچێت. ئەمەش دەکرێت بە پێشلکردنی دەستوور دابنرێت کە حکومەتەکانی عێراق لە دوای 2005ـەوە کاریان بۆ نەکردووە. گرنگتر لەمەش، ئەگەر یاسایەکی لەوشێوەیەش دەربچێت، بەشێوەیەک دەبێت کە دەسەڵاتەکانی هەرێم تێیدا بچووک بکرێنەوە.
یەکێک لە پرسەکانی تر پێشمەرگەیە، بەپێی برگەی پێنجەم لە ماددەی 121 "هەرچی پەیوەندی بە بەڕێوەبردنی هەرێمەوە هەیە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمدایە بەتایبەتی پێکهێنان و ڕێکخستنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی هەرێم وەک پۆلیس و ئاسایش و پاسەوانی هەرێم." وەک دەبینین هێزە ئەمنیەکانی هەرێم و هێزەکانی پێشمەرگە دانپێنراون لە رووی دەستوورییەوە، ئەمەش حکومەتی عێراق ناچار دەکات هاوشێوەی سوپای عێراق هاوکارییە سەربازی و داراییەکان بۆ هێزە ئەمنیەکانی هەرێم بە هێزەکانی پێشمەرگەشەوە دابینی بکات، ئەمە لە کاتێکدایە حکومەتەکانی عێراق نەک نەی کردووە بەلکو هاوکاری ئەو هێزە چەکدارانەی ناو عێراق دەکات کە لە دەرەوەی سوپای نیشتمانی عێراقن. بۆیە لە رووی سەربازییەوەش، حکومەتی فیدڕاڵ نەی توانیوە پابەند بێت بە دەستووری عێراق کە دانی بە هێزە ئەمنیەکانی هەرێمی کوردستانی ناوە.
پرسی دەسەڵاتە فیدڕاڵیەکان یەکێکە لەو پرسە گرنگانەی کە تا ئێستا نەک گرنگی پێنەدراوە لەلایەن حکومەتەکانی عێراقەوە بەلکو هەر بەلاشیدا نەڕۆیشتووە؛ فیدڕاڵیزم وەک لە پێناسەکەیدا هاتووە سیستەمێکی سیاسی کە بەمانای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی دەوڵەتە لە نێوان حکومەتێکی ناوەندی و حکومەتی هەرێمەکان یاخود یەکەیەکی خوارتر لە خۆی. ئەمەش ئەو واتایە دەگەیەنێت کە حکوومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمەکان یان یەکەکان هاوبەشن لە سەروەری دەوڵەتدا. بۆیە دەوڵەتی عێراق دەوڵەتێکە سیستەمە سیاسییەکەی فیدڕاڵیە بەلام ئەم سیستەمە وەک لە دەستووری بەرکاری 2005 هاتووە لە عێراقدا، جێبەجێ نەکراوە.
ماددەی 48 دەڵێت "دەسەڵاتی یاسادانانی فیدرالی لە ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی فیدراڵی پێکدێت." بەم پێیە بێت ،ئەنجومەنی فیدراڵی دەزگایەکی دەستوورییە و دەبێت هاوشێوەی ئەنجومەنی نوێنەران بوونی هەبێت و دابمەزرێت. ئەمە لە کاتێکدایە ، تا ئێستاش تەنها ئەنجومەنی نوێنەران لە عێراقدا هەیە. گرنگی ئەم ئەنجومەنە بۆ هەرێمی کوردستان لە ماددەی 65 دەستووردایە کە دەڵیت "ئەنجومەنێکی یاسادانان پێکدەهێنرێت کە بە (ئەنجومەنی فیدراڵی) ناودەبرێت، نوێنەرانی هەرێم و ئەو پارێزگایانە لە خۆدەگرێت کە ناکەونە سنووری هیچ هەرێمێکەوە، پێکهاتەومەرجەکانی ئەندامێتیو بواری تایبەتمەندێتی ئەم ئەنجومەنەو هەرچی پەیوەندیدارە بەم بوارەوە بە یاسا ڕێکدەخرێت بە زۆرینەی دوو لە سێی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران." کاتێک ئەم ئەنجومەنە دامەزرا، هەرێمەکان و پاریزگایەکان دەتوانن مافی ڤیتۆیان هەبێت و رێگە لە حوکمی زۆرینە بگرن، نمونەی ئەو وڵاتانەی کە ئەم ئەنجومەنانەیان هەیە وەک ولاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کەنەدا و ئوردن.
بەگشتی دەردەکەوێت، کە مافەکانی کورد لە دەستووردا جێگیر کراون و بێ کێشەن بەلام ئەوەی روونە پابەندنەبوونی حکومەتی عێراقە بە دەستوور، ئەمەش وای لێی دەخوێندرێتەوە مەیلی دەسەڵاتداری لە عێراق زیاتر لە حکومەتێکی ناوەندگەراییدا دەخوڵێتەوە وەک لە چوارچێوەیەکی دەستووریدا. دیوێکی تری ئەم پابەندنەبوونە دەگەڕێتەوە بۆ دەستێوەردانی هەرێمی لە کارووباری دەوڵەتی عێراقدا بە تایبەتی ئێران کە رێگر بێت لە چارەسەرکردنی پرسی کورد لە عێراقدا.
هەرێمی کوردستان و گرنگترین ئاڵنگارییەکان
گومانی تێدا نیە، تاکو دەستووری تازەی عێراق بەرکار بێت، ئەوا پێگەی هەرێمی کوردستان بە مافە دەستوورییەکانیەوە بە کاریگەر و یاسایی دەمێنیتەوە، هەرچەند لە ڕووی کردارییەوە هیچ هەنگاوێکی پێویست بۆ چارەسەرکردنیان نەنراوە. دوای ئەنجام دانی ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کورستان و کەوتنەوەی ڕووداوی شانزدەی ئۆکتۆبەر، دەسەڵاتدارانی عێراق و وڵاتانی هەرێمی گەیشتنە ئەو بڕوایەی، کە بە هەرشێوەیەک بێت کار بۆ بچووککردنەوە و بێهێزکردنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان بکەن. هەرچەندە سەرکردایەتی سیاسی کورد توانی دوای ئەم ڕووداوانە تاڕادەیەک پێگەی سیاسی هەرێم بگەرێنەوە ئاستێکی سەقامگیر دوور لە هێرشی سەربازی گرووپە چەکدارەکان، بەلام نکۆڵیش لەوە ناکرێت کە هەرێمی کوردستان روبەڕووی چەند ئاڵنگارییەک ببێتەوە، کە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان لای روون بێت و بە هەند بزانێت:
یەکەم: وشککردنی سەرچاوە ئابورییەکان لە بەرگی بیانووە دەستوورییەکاندا
دوای ڕووداوەکانی شانزدەی ئۆکتۆبەر هەموو هەوڵێکی بەغدا بۆ وشککردنی شادەماری ئابوری هەرێمی کوردستان بووە. ئابوری هەرێمی کوردستان یەکێک بوو لەو پێشکەوتننانەی هەرێم کە دەستپێکەکەی دەگەڕیتەوە بۆ پەسەندكردنی ڕەشنوسی پرۆژە یاسای نەوتی عیراق لە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە شوباتی 2007 و دەرچوونی یاسای ژمارە 22ـی ساڵی 2007ـی پەرلەمانی كوردستان تایبەت بە نەوت و گازی هەرێمی كوردستان، هەروەها دەرچوونی یاسای ژمارە 4ـی ساڵی 2006ـی پەرلەمانی کوردستان. ئەم دوو یاسایە پەرلەمانی کوردستان دوو فاکتەری بەهێزی بونیاتنانی ژێرخانی ئابوری هەرێمی کوردستان بوون کە تا ئێساش حکومەتی هەرێم پشتتیان پێ دەبەستێت. لە ئەنجامی ئەم دوو یاسایە حکومەتی هەرێم خاوەنی بونیادی ژێرخانی نەوت و ئابورییەکی خۆبەرێوەبەرە.
هەروەها سەردانەکانی بەم دواییانەی بەرێز سەرۆکی حکومەت بۆ چەندین وڵاتی ئەورووپی و کەنداو بۆ بازارکردنی غازی سروشتی هەرێم، بازارەکانیان گەرمتر کردبوو، ئەمەش ئاستی سیاسەتی نێودەوڵەتی هەرێمی کوردستانی بەرزکردبوەوە. جگەلەوەش ئاستی وەبەرهێنانی لە هەرێمی کوردستان زیاتر بەرەوپێشەوە چوو، کە بەپێی وتەی بەرپرسانی بازرگانی حکومەتی هەرێم کۆی گشتی کۆمپانیا بیانیەکان کە لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان دەکەن ژمارەیان دەگاتە زیاتر لە 2700 کۆمپانیا، کۆمپانیا ناوخۆییەکانیش نزیکەی 18 هەزار کۆمپانیا دەبن، ئەمە لە کاتێکدایە تەنها نۆسەد کۆمپانیای بیانی لە لایەن حکومەتی عێراقەوە تۆمارکراون. زیاتر لەوەش حکومەتی هەرێم بەردەوامە لە ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان و قیڕتاوکردنی رێگاکان و دروستکردن و نوێکردنەوەی خوێندنگاکان و پێشکەشکردنی چەندین خزمەتگوزاری تر. ئەم پێشکەوتنە ئابورییە کە لە هەرێمی کوردستان هەیە لە عێراق وەک پێویستە نیە، لە کاتێکدا ئەو بودجەی کە لە بەردەستی حکومەتی هەرێمە زۆر کەمترە وەک ئەوەی لە بەردەستی حکومەتی فیدڕاڵە. ئەم پێشکەوتنە ئابورییەی هەرێمی کوردستان بوە هۆی ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی عێراق هەوڵی بەرگرتنی بدەن. لە یەکەم هەوڵیاندا بەکارهێنانی دادگای باڵا بوو بۆ رێگەگرتن لە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەبیانووی نایاسایی بوون. بە مانایەکی تر بەغدا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم تایبەت بە نەوت و گاز لە رێگەی دادگای باڵاوە بخاتە ژێر ڕکێفی حکومەتێکی ناوەندگەرایی. لەلایەکی ترەوەش، تێبینی دەکرێت، تاڕادەیەک کۆمەڵگای نێودەوڵەتی مەیلی نزیکبوونەوە لە بەغدایان هەیە، بۆیە لە ئەنجامی ئەو هەستکردنەی حکومەتی هەرێم بەو مەیلە، سیاسەتێکی ژیرانی کرد کاتێک لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ ڕیکەوتنی کرد، هەرچەندە ڕەوتێک هەیە کە ئیستغلالی ئەم رێکەوتنە و مەیلی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیان کردووە، بە ئاراستەیەک کە هەرێمی کوردستان بەهەموو شێوەیەک بچووک بکەنەوە و سنورداری بکەن. ئەمەش یەکێکە لەو ئالنگارییانە کە پێویستە حکومەت و سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان لێی بەئاگا بن.
دووەم: هەموارکردنەوەی دەستووری عێراق و مافەکانی کورد
زۆربەی سەرکردە عەرەبەکانی عێراق بەتایبەت شیعەکان، بەناچاری چوونەتە ژێرباری ئەم دەستوورەی ئێستای عێراق، لە بنەڕەتدا ئەم دەستوورە بە ڕەتکراو دەزانن، پێیان وایە کە کاتی خۆی ئەم دەستوورە بەسەر عێراقدا سەپێنراوە، بە واتایەکی تر ئەوان زیاتر باوەڕییان بە دەسەڵاتێکی ناوەندگەڕایی لە عێراقدا هەیە، چونکە بیرۆکەیەکیان هەیە کە بریتییە لەوەی "سونەکان تا 2003 فەرمانڕەواییان" کرد، ئیتر کاتی ئەوەیە شیعەکان دەسەڵات بگرنە دەست"، کاتێکیش دەستوورێکی نوێ بۆ عێراقیش نوسرایەوە، گرنگترین خاڵ بۆ رێگەگرتن بوو لەو جۆرە حوکمڕانییە تاکڕەویە. ئەوان ئێستاش لە بنەڕەتدا زۆر گرنگی بە دەستووری عێراق نادەن ئەوەندەی جەخت لەسەر ناوەندگەرایی دەکەنەوە، تەنانەت کاریشی بۆ دەکەن. دوای هەڵبژاردنی 10 تشرینی یەکەمی 2021، وەرگرتنەوەی حکومەت، دوورنیە کاری داهاتووی شیعەکان لەریگەی زۆرینەی پەرلەمانی، هەموارکردنەوەی دەستووری عێراق بێت، لەوانەش گۆڕینی سیستەمی فیدڕالیە، ئەمەش مەترسی دەخاتە سەر مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان. لەو حاڵەتەشدا دەکریت مافەکانی کورد لە دەستووردا کەم بکەنەوە یاخود بەوشێوەیە ئێستا کە لە دەستووردا هەیە، نەمێننەوە. هەرچەندە ئەم کارە بۆ لایەنە شیعەکان ڕەنگە ئاسان نەبێت بەلام پەرتەوازەیی لایەنە کوردییەکان و هەست نەکردن بەم مەترسییە ڕەنگە کارەکە بۆیان ئاسان بکات و ئاڵنگاریەکی مەترسیداریشە لە بەردەم مافەکانی کورد لە عێراقدا، ئەمەش بە روونی دەرکەوت، دوای ئەوەی لایەنێکی کوردی بەبێ گەڕانەوە بۆ یەکرێزی نیشتمانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە نوێنەرایەتی کیانی دەستووری هەرێم دەکات، داوای بودجەی تایبەتی بۆ پاریزگای سلێمانی کرد. بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتی سیاسی کورد بە هەموو لایەنەکانەوە خۆیان بۆ ئەم ئالنگارییە ئاماددە بکەن، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لێی ئاگادار بکەنەوە.
لە ئەنجامدا، ڕوونە کە لایەنە دەسەڵاتدارە شیعەکان بە بیانووی ناڕوونی دەستووری و یاسایی هەریەک لە دادگای باڵا و پەرلەمانیان وەک چەکێک دژ بە هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنن. ئەمەش دەکرێت وا سەیر بکرێت کە بیرۆکەیەکی ناوەندگەرایی لەناو کۆی سیستەمی حوکومڕانی دەوڵەتی عێراق لە بەرگی دەستووری و یاساییدا دروست بێت، کە بە مەترسییەکی گەورە بۆسەر سیستەمی فیدڕاڵی عێراق بەگشتی و مافەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، دادەنرێت.