ئایا عێراق لە پڕۆژە یاسای نەوت و گازدا نەخۆشی هۆڵەندی بەهەند وەردەگرێت؟

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

حکومەتی عێراق لە هەوڵی ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای نەوت و گازدایە مشتومڕی گەرم لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا هەیە بۆ داڕشتنی یاسایەک، لە رابردوودا دووجار رەشنووسی یاسای نەوت و گاز ئامادەکراو، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لایەنەکان تا ئێستا عێراق بەبێ یاسای نەوت و گازە، ئەوەی جێی سەرنجە تا ئێستا هیچ کام لە لایەنە سیاسییەکان و حکومەتی عێراقیش پیشنیازێکی لەو شێوەیەیان نییە یان بۆ میدیاکان باسیان نەکردووە کە لە داڕشتنی پڕۆژە یاساکەدا نەخۆشی هۆڵەندی بەهەند وەربگرن.

نەخۆشی هۆڵەندی، نەخۆشییەکی بایۆلۆجی یان ڤایرۆس و میکرۆب نییە، بەڵکو زۆر لەمانە ترسناک ترە و کاریگەرییەکانی بەئازار ترن، ئەم دەستەواژەیە ئێستا وەک رێنمایی و بەرچاو روونی بەو وڵاتانە دەدرێت کە پشت بە تاک سەرچاوەی داهات دەبەستن بەتایبەت داهاتی سامانی سرووشتی.

چیرۆکەکە بەمجۆرەیە:

لە ساڵی 1959 هۆڵەندا كێڵگەیەكی زەبەلاحی گازی سروشتی لە باكووری رۆژهەڵاتی وڵات دۆزییەوە كە زیاتر لە دوو ترلیۆن و 700 ملیار مەتر سێجا گازی سرووشتی تێدا بوو، واتە یەکێک لە 20 کێڵگە زەبەلاحەکەی گازی سرووشتی لە جیهاندا.

لە سەرەتای شەستەكاندا، واتە سەرەتای دەرهێنانی گازی سرووشتی لە هۆڵەندا مشتومڕێكی گەرم كەوتە نێو سیاسەتمەدارەكانی ئەو سەردەمەی هۆڵەندا و بە گشتی سیاسەتمەداران بوونە دوو بەرە.

بەرەی یەكەم بە سەركردایەتی وەزیری دارایی و وەزیری كاروباری ئابووری بوو. ئەم بەرەیە پێیانوابوو دەبێت داهاتی گازی سرووشتی لە سندوقێكی تایبەت كۆبكرێتەوە و راستەوخۆ نەخرێتە نێو بودجەی وڵات، ئەویش بۆ رێگەگرتن لە هەڵاوسان و كاریگەرییە نەرێنییەكانی دیکە.

بەرەی دووەم بە سەركردایەتی سەرۆكی بانكی ناوەندیی هۆڵەندی بوو، ئەم بەرەیە دژی جیاكردنەوەی داهاتەكە و دژی دامەزراندنی سندوقی داهاتی گاز بوون. ئەم بەرەیە پێیوابوو وڵات سیاسەتی خۆی دادەڕێژێت لە چوارچێوەی كۆی ئەو بودجەیەی كە دێتە خەزێنەی دەوڵەتەوە.

لە كۆتاییدا بەرەی دووەم سەرکەوتن و هۆڵەندا بڕیاریدا، سندووقی داهاتی گازی سرووشتی دانەمەزرێنێ و داهاتەکەی تێكەڵ بە بودجەی وڵات بكرێت.

هۆڵەندا بە خێرایی دەستی كرد بە هەناردەكردنی گازی سرووشتی بۆ ئەوروپا و ئەمەریكای باكوور، داهاتی دەستكەوتوو لە فرۆشتنی گازی سرووشتی كاریگەریی ئەرێنی خستە سەر باروگوزەرانی خەڵك. دوای ئەوەش دراوی بیانی بە لێشاو رژایە وڵاتەوە و حكومەت گرنگیدا بە پیشەسازیی گاز و هاندانی كۆمپانیاكان بۆ بەگەڕخستنی سەرمایە لەم بوارەدا، سێكتەرەكانی دیكەش بایەخی ئەوتۆیان پێنەدرا.

دوای ماوەیەک مەترسییەکان دەرکەوتن، دیارترینی بەهێزبوونی دراوی هۆڵەندی بوو. زیادبوونی بەهای دراوی هۆڵەندی وایكرد هەموو كاڵا بەرهەم هاتووەکانی ناوخۆی هۆڵەندا نرخیان بەرزببێتەوە، بەم هۆیەوە بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی كاڵا  كەمبووەوە. سێكتەری كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار تووشی زیانی گەورە هاتن و رێژەی بێكاری رووی لە هەڵكشان كرد.

پوختەی بابەتەکە بەم شێوەیەیە:

بڕە پارەیەکی زۆر لە رێگەی فرۆشتنی سامانی سرووشتییەوە دێتە وڵاتەوە، حکومەت لە شێوەی پێشینە و مووچە دەیدات بە هاووڵاتییان، بەهۆی ئەم داهاتە زۆرەوە هاووڵاتییان لە خۆشگوزەرانیدا دەژین، بەڵام بەهای دراوی ناوخۆیی وڵاتەکە بەرز دەبێتەوە، نرخی کاڵا و خواردەمەنییەکان بەراورد بە بەرهەمە هاوردە کراوەکان بەرزتر دەبێت، واتە هەڵاوسان روودەدات و توانای کڕینی بەرهەمی ناوخۆیی کەم دەبێتەوە، هەر بۆیە هاووڵاتییان روو لە کڕینی کاڵا و خواردەمەنی هاوردە کراو دەکەن، بەم هۆیەوە کارگەکان بەرهەمهێنان کەمدەکەنەوە و رێژەی بێکاری روو لە زیادبوون دەکات، کۆی سێکتەرەکان لاواز دەبن و بەشێکیان لەکار دەکەون، بەم شێوەیە ئابووری وڵات بە تەواوی دەکەوێتە دەست بەرز و نزمی نرخی سامانە سرووشتییەکە.

ئەم دۆخە ئابوورییە نەخوازراوەی هۆڵەندا بووە مایەی تێڕوانین و لێكۆڵینەوە، لە راپۆرتێكی گۆڤاری ئیكۆنۆمیستدا لە ساڵی 1977 بە نەخۆشیی هۆڵەندی ناوزەند كرا.

لە باكووری ئەوروپا، نەرویجییەكان، سوودیان لە ئەزموونی هۆڵەندا بینی و سندووقێكیان بۆ داهاتی نەوت دامەزراند، ئێستا داهاتەكان و پارەی دەستكەوتوو لە نەوت بەشێوەی سەرمایەگوزاری خەرج دەكرێت و پڕۆژە ستراتیجییەكانی پێجێبەجێ دەكرێت، بەمەش نەرویج خۆی پاراست لە نەخۆشیی هۆڵەندی و سێکتەرەکانی كشتوكاڵی، خزمەتگوزاری، پیشەسازی و گەشتوگوزار شانبەشانی یەكتری لە گەشەی بەردەوامدان.

رێگە راستەکەی نەرویج بەمشێوەیەیە، ئەو داهاتەی لە رێگەی فرۆشتنی نەوتەوە دێتە وڵاتەوە ناچێتە بودجەوە و لە سندوقێکی تایبەتدا هەڵدەگیرێت، ئەم داهاتە بۆ دروستکردن و پتەوکردنی ژێرخانی سەرجەم سێکتەرەکان خەرج دەکرێت، بەم شێوەیە هەموو سێکتەرەکان پێکەوە گەشە دەکەن و داهاتی نەوت لە خزمەتی سێکتەرەکاندا دەبێت.

ئێستا هۆڵەنداش سوودی لە هەڵەکەی خۆی بینیوە و تەنیا بە فرۆشتنی گوڵ و بەرهەمە شیرەمەنییەکان ساڵانە بە دەیان هێندەی قەبارەی پارەی گاز داهاتی دەستدەکەوێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە کابینەی نۆیەمدا ئەم بابەتەی بە گرنگی وەرگرتووە جگە لە نەوت گرنگی بە بووژانەوەی سێکتەرەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵی و گەشتیاری دەدات و زیاتر لە 30% پشتی بە داهاتە نانەوتییەکان دەبەست، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە کشتوکاڵ دەبێتە بڕبڕەی کوردستانێکی بەهێز، بەڵام عێراق تاوەکو ئێستا زیاتر لە 95% پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت و گرنگە نەخۆشی هۆڵەندی بەهەند وەربگرێت تاوەکو لەم قەیرانە ئابوورییە بێشومارانەی ئێستا رزگاری بێت.