هێرشی سەربازی بۆ سەر نەیجەر

هێرشی سەربازی بۆ سەر نەیجەر
هێرشی سەربازی بۆ سەر نەیجەر

ئیکواس(کۆمەڵەی ئابوری بۆ ووڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقا) دوێنێ لە کۆبونەوەیەکدا لە ئەکرای پایتەختی غانا  هۆشداری دا بە کودەتاچییەکان لە نەیجر کە ئەگەری هێرشی سەربازی بۆ سەر ووڵاتەکەیان ئەگەرێکی کراوەیە وە ئەوان سڵ ناکەنەوە لە ئەنجامدانی وەها هێرشێک. ئەم کۆبوونەوەیە دوای ئەوە دێت کە دەسەڵاتدارانی تازەی نەیجەر رەتیان کردەوە محمد بازومی سەرۆکی کودەتابەسەکراوی نەیجر ئازاد بکەن وە دەسەڵاتەکەی بگێڕنەوە. لە راستیدا ئەگەری هێرشی ئیکواس بۆ سەر نەیجر بابەتێکی ئێجگار گرنگەو میدیا جیهانیەکان تیشکی زۆریان خستوەتە سەر.

کۆمەڵەکە بۆ نیشاندانی هێزی خۆی بۆ وەها هێرشێک ئەوەی ووت کە بە دووری مەزانن هێرشی سەربازی بکەین چونکە پێشتریش هێزمان بەکار هێناوە بۆ سەر ووڵاتانی وەکو گابمیا، وە لایبیریا. لە دواین لێدوانیشیاندا ئەوەیان ووت "لەرۆژێکی دیاریکراودا هێرشی سەربازی دەکەین، ئێمە ئەوەمان ناوێت بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتدارانی نەیجەر وامان لێدەکەن". ئەوەی گرنگە لەم نووسینەدا ئێمە ئاماژەی پێبکەین ئەگەری هێرشە کردنە بۆ سەر ووڵاتەکە کە بە پێی کۆمەڵەی ئابورری بۆ ووڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقا ئامانجی هێرشەکە گێرانەوی نیزامی دەستووریە بۆ ووڵاتەکە وە هێنانەوەی محمد بازووم، سەرۆکی شەرعی لەکارلادراوی ووڵاتی نەیجەرە کە ئەویش پشتیوانی ئیکواس و ووڵاتانی رۆژئاوای هەیە بەتایبەت فەرەنسا، ئەمریکا، وە ئەڵمانیا.

لە راستیدا شارەزایان ئەگەری پەلاماری سەربازی لەلایەن ئیکواس لەم کاتەدا بەدوور دەزانن ئەوانیش لەبەر چەند هۆکارێک:

یەکەم: ئەنجامدانی هێرشی سەربازی لەم کاتەدا لانی کەم ئامادەکاری شەش مانگی پێویستە.

دووەم: ئەم پەلامارە کۆستێکی زۆری ئابووری تێدەچێت کە هەڵاوسان و ئاڵانگاریە ئابووریەکانی ئێستا ئەنجامدانی ئەم پرۆسە سەربازیە سەخت دەکات.

سێیەم: ئەم هێرشە وا لەووڵاتانی دەوروبەر دەکات بۆ بەرگری لە سنوورەکانی خۆیان سەرباز بنێرنە سەر سنوور کە گرفتی تری سیاسی دروست دەکات و پرۆسەکە سەخت دەکات.

چوارەم: تا ئێستا ئیکواس هێرشی سەربازی بۆ هیچ ووڵاتێک ئەنجام نەداوە کە ئامانج لێی گێرانەوەی نیزامی دەستووری بووبێت وەک چۆن دەیانەوێ لە نەیجر بیکەن.

پێنجەم: ئەم پەلامارە دووبەرەکایەتی زۆر لەناوخۆی ووڵاتانی ئەندام لە ئیکواس دروست دەکات کە خۆیان گرفتی زۆری ناوخۆی ئابووری و سیاسیان هەیە.

چاودێران لەپاڵ ئەم گرفتانەی سەرەوە، هێما بۆ ئاڵانگاری تریش دەکەن بۆ نموونە تا ئێستا دیاری نەکراوە چ رۆژێک ئەم هێرشە ئەنجام دەدرێت وە ئایا بەچەند سەرباز بەشداری دەکەن کە توانای رووبەرووبونەوەی سوپای نەیجەری هەبێت. جگە لەمەش ئەگەرێکی تریش هەیە کە ئەویش درێژبوونەوەی جەنگەکەیە بۆ ماوەیەکی زۆر. ئەگەر بریاریش بێت هێڕشەکە بکرێت دەبێت تەنها ئیکواس خۆی بیکات بەبێ پشتیوانی سەربازی ووڵاتانی خۆرئاوا چونکە هەر بەشداریەکی راستەوخۆی فەرنسا یا ئەمریکا کە پشتیوانی خۆیان بۆ هێرشی سەربازی ئیکواس بۆ سەر نەیجەر دەڕبڕیوە دەبێتە هۆی شەرعیەتدان بە دەسەڵاتدارانی تازەی نەیجەر چونکە خەڵکی ووڵاتەکە دژی داگیرکاری فەرەنسا و ووڵاتانی خۆرئاوان لە ووڵاتەکەیان.  

 ئیکواس کۆمەڵەیەکی ئابووریە لە رۆژئاوای ئەفریقا، ئامانجی بازرگانی و گەشەی ئابووریە کە هەر بۆیەشە دەسەڵاتدارانی نەیجر لە وەڵامی پەلاماری سەربازی بە ئیکواسیان راگەیاند کە باشترە گرنگی بە رەهەندی ئابووری بدەن نەک پەلاماری سەربازی. کۆمەڵەکە ١٥ ئەندامی هەیە کە پێکدێن لە (بێنین، بورکینا فاسۆ، کابۆڤێردی، کۆت دیڤوار، گامبیا، غانا، گینیا، گینیا بیساو، لیبێریا، مالی، نیجەر، نەیجیریا، سەنیگال، سیرالیۆن و تۆگۆ).

 مامۆستای زانکۆ- پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان