شەهرام عەلی گەژۆ
نووسەر
ئایا تورکیا ڕازی دەبێت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان؟
نزیکەی دە ساڵە ئەنقەرە و بەغدا لەسەر هەناردەکردنی سەربەخۆی نەوتی کوردستان کێشە و گرفتیان هەیە. بەپێی ڕێکەوتنێکی ئەنقەرە و هەولێر لە ساڵی ٢٠١٤، نەوتی بەرهەمهێنراوی کوردستان بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی سەر دەریای ناوەڕاست لە لایەن تورکیاوە ڕەوانەی بازاڕی جیهانی دەکرێت
لە کاتێکدا، زۆربەی هەناردەکردنی نەوتی عێراقی فیدراڵ لە ڕێگەی کەناراوەکانی باشووری عێراقەوە دەنێردرێتە بازارەکان.
لە کاردانەوەی ئەم ڕێکەوتنەی هەولێر و ئەنقەرە بەرامبەر بە هەناردەکردنی سەربەخۆی نەوتی کوردستان، عێراق دۆسیەیەکی لە ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی تۆمارکرد. بەغدا ئاماژەی بەوەدا کە تورکیا ڕێککەوتنی بۆریی ساڵی ١٩٧٣ی پێشێل کردووە، بە ڕێگەدان بە هەناردەکردنی نەوت لە کوردستانی عێراقەوە بەبێ مۆڵەتی حکومەتی فیدرالی عێراق.
لە ٢٥ ئاداری ٢٠٢٣ وەزارەتی نەوتی عیراق ڕایگەیاند کە سکاڵایەکی لەسەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بردۆتەوە و بە پەلە پێشوازی لە بڕیارەکەی دادگای نێودەوڵەتی کرد و تورکیاش ئەنجامەکەی قەبول کرد.
ئەمە سەرەتای ئەو بە حساب بردنەوەیە بوو کە حکومەتی فیدراڵی و کۆمەڵێک لایەن و گروپ لە عیراق و هەرێمی کوردستان بە دەستکەوتیان زانی بەرامبەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتی کورد (پارتی دیموکراتی کوردستان).
نزیکەی پێنج مانگە گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە نێوان بەغدا و ئەنقەرەدا تا ئێستاش بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.
یەکێک لە کێشەکانی نێوان هەردوو وڵات بڕی ئەو قەرەبویەیە
(١.٤٧ ملیار دۆلار) کە لە بڕیاری دادگای نێودەولەتی بە سەر تورکیادا سەپێنراوەو دەبێ بیدات بە عێراق. هەرچەندە تورکیا پێشبینی ئەوەی دەکرد کە لە ئەگەری دۆڕاندنی ئەم کەیسە بەرامبەر وەزارەتی نەوتی عێراق ڕێژەی قەرەبووەکە زۆر لەوەی ئێستا زیاتر بێت.
لە نیسانی ٢٠٢٣ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی ڕێکەوتنێکیان واژوو کرد کە نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی سۆمۆوە بەبازاڕ دەکرێت و پارەی ئەم نەوتەش دەچێتە سەر حسابێک لە بانکی ناوەندی و دەسەلاتی جولە پێکردنی ئەم حسابەش لە لەیەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێزدار کاک مەسرور بارزانی دەبێت.
بە پێی زانیارییەکان، پێش واژوو کردنی ئەم ڕێکەوتنە ئەنقەرە داوای لە بەغدا و هەولێر کردبوو کە بابەتی ١.٤٧ ملیار دۆلاری قەرەبووی عێراق، خالێکی رێکەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بێت، بەو پێیە یان بەغدا قەرەبووەکە وەرنەگرێت یانیش هەولێر شان بداتە بەر دانەوەی، بەڵام حکومەتی فیدراڵی عێراق بە خێرایی ئەم بابەتەیان ڕەت کردەوەو ئانکارای لەوە ئاگادار کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک ئامادە نیە دەستکاری خاڵەکانی بڕیارەکەی دادگای نێودەوڵەتی بکات. هەر ئەمەش وای کرد ڕێزدار کاک مەسرور بارزانی هەر دوای واژوو کردنی ڕێکەوتنەکە بە خێرایی سەردانی ئەنقەرە بکات و ئەم بابەتەیان لە گەل یەکلا بکاتەوە کە هەرێمی کوردستان بەرپرسیارەتی هیچ خالێکی ناو بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی لە سەر ئەم بابەتە لە ئەستۆ ناگرێت بەڵام خوازیاری
ڕێکەوتنی نێوان بەغدا و ئەنقەرەیە.
ئەو کات تورکیا بە هۆی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی، بێدەنگی نواند و بە هیچ شێوەیەک باسی بابەتی قەرەبووکردنەوەی نەکرد تاکوو نەبێتە ئامرازێکی پڕوپاگەندە بە دەستی ئۆپۆزسیۆن.
ئەوەی ئێستا هەندێک میدیای نیمچە فەرمی تورکیا باسی دەکەن ئەوەیە کە لەوانەیە تورکیا ئامادە بێت قەرەبوویەکە بداتەوە بەڵام بە شێوەی بەش بەش و بە ماوەیەکی دوور و درێژ.
خالی دووەمی ناکۆکیەکان، بوونی داوایەکی تری وەزارەتی نەوتی عێراقە دژی تورکیا بەرامبەر بە ئاسانکاری تورکیا بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی ٢٠١٨.
ترسی تورکیا لەوەیە کە ئەگەر جارێکی تر دادگای نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندی عێراق بڕیار بدات، ڕێژەی قەرەبووکردنەوەی ئەم دۆسیەیە زۆر زیاتر بێت لە کەیسی پێشووتر.
لە ئێستادا ئەم بابەتە وەکوو پێش مەرجێکی تورکیا سەیر دەکرێت بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتن و دوبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
ئەنقەرە چەندین مەرجی تریشی هەیە کە وای کردووە پێگەیەکی ماکسیمالیستی لە دانوستانەکان بدات بە تورکیا ئەمیش بەهۆی بوونی چەند کارتێکی بەهێز لە دەست تورکیا کە دیاریترینیان خودی پرۆسەی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتە و هەروەها کەم کردنی ڕێژەی عێراق لە ئاوی ڕووبارەکانی دجلە و فوڕات و چەند زێیەکی تر. کاریگەریەکانی گۆڕانی کەش و هەوا بەڕوونی لە عێراق دیارکەوتوون کە واپێدەچێ عێراقی تەواو بێزار کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی دەرکەوتنی پەرۆشی زیاتری عێراق بۆ دەست پێکردن بە دانوستان لە گەل لایەنی تورکی و گەیشتن بە ڕێکەوتن.
ئەنقەرە دەیەوێت بە بێ هیچ سازشێک زۆرترین دەستکەوت
بەدەست بێنێت یاخود بۆ هەر سازشێک چەندین مەرجی نوێی هەبێت. تورکیا بەرامبەر بە دانەوەی قەرەبووەکە داوای کردووە کە ڕێگا بدرێت بە تورکیا چاڵاکیەکانی لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان فراوانتر بکات هەروەها، لەبەر پێویستی زۆری تورکیا بە وزە دەیەوێت عێراق بە نرخی کەمتر لە بازاڕی جیهانی نەوتی پێ بفرۆشێت. تەنانەت، تورکیا داوای کردووە کە بڕی تێچوونی خزمەتگوزاری و چاککردنەوە و چێک کردنی بەردەوامی بۆڕی گواستنەوەی نەوت لە ئەستۆی عێراق بێت.
بۆ هەموو ئەم داواکاریانە، عێراق هیچ وەڵامێکی نەبووە و خوازیارە پێش دەستپێکردنی گفتوگۆ و دانوستانی تەواو و جددی، تورکیا دەست بکات بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان تاکوو نیازپاکی خۆی نیشان بدات هەمبەر چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان.
ئەگەر چی هەناردەنەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان زیانی بەرچاوی هەیە بەڵام پێدەچێت کاریگەریەکی ئەوتۆ نەکاتە سەر حکومەتی عێراق. لە یاسای بودجەی عێراقدا هاتووە کە ئەگەر نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە نەکرا، حکومەتی فیدراڵی نەوتی هەرێم بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ بەکار دەهێنێت بەڵام بە پێی زانیاریەکان ئەم بابەتە لەوانەیە لە ڕووی تەکنیکی کێشەی زۆری هەبێت هەر بۆیەشە لە چەند مانگی ڕابردوو حکومەتی فیدراڵی نەیتوانیوە هەموو ئەو بڕە نەوتەی هەرێمی کوردستان پێش ڕاگرتنی هەناردەکردن بەرهەمی دەهێنا کە زیاتر لە ٤٠٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بوو، بۆ ناوخۆی عێراق بەکاری بهێنێت.
دەکرێت ئەم بابەتە هۆکاری سیاسیشی لە پشت بێت، بەوپێیەی هەر بابەتێک کارتێکی بەهێز بداتە دەست هەرێمی کوردستان یان ببێتە هۆی بەهێزتر بوونی پێگەی هەرێم لە ناوخۆ و دەرەوە، عێراق خۆی لێ بەدوور دەگرێت.
سەردانی ئەم دواییەی وەزیری دەرەوەی تورکیا و لە هەمان کاتدا کۆبوونەوەی وەزیرانی نەوتی عێراق و وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا لە ئەنقەرە بۆ ئامادەکاری سەردانە چاوەڕوان کراوەکەی سەرۆکی تورکیا بوو بۆ عێراق تاکوو ئەردۆغان بە دەستی پڕ بگەڕێتەوە تورکیا بەڵام ئەنجامەکان وا دەردەکەوێت کە سەردانەکەی سەرۆکی تورکیا بەم زووانە ئەنجام نەدرێت.
هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی عێراق لە مانگی ئایاردا داوای کردنەوەی بۆری کەرکوک-جەیهانیان کرد. دواتر حیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند کە هیچ وەڵامێکیان لەلایەن کۆمپانیای وزەی دەوڵەتی تورکیا وەرنەگرتۆتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە بەگوێرەی زانیارییەکان بەرپرسانی تورکیا "هۆکاری تەکنیکی" دیارینەکراویان بۆ دواکەوتنەکە کردۆتە بیانوو.
لە مانگی حوزەیران شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا لەگەڵ تیمێکی عێراقی لە بەغدا کۆبووەوە بە سەرۆکایەتیی باسم محمد خزیر بریکاری وەزیری نەوت. لەم کۆبوونەوەیەدا نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەشداری کردووە و گفتوگۆکانیان لەسەر دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بووە.
سەرەڕای چەند مانگێک هەوڵدان، بەڵام هیچ نیشانەیەکی ڕوون بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان نییە. پێش ڕاگرتنی بۆرییەکە ڕۆژانە نزیکەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕۆژانە نزیکەی 75 هەزار
بەرمیل نەوت لە کێڵگەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی فیدراڵیەوە هەناردە دەکرا. وەستاندنی هەناردەکردنەکە بە تێچووی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە ٢.٥ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.
چاوەروانیەکان لە محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەوەیە کە بە ئاڕاستەی چارەسەر هەنگاو بنێت و خۆی تەداخول بکات کە ئەمەش ئەگەری ڕێککەوتن لە نێوان هەر دوو وڵات زیاتر دەکات. بەڵام، بە پێی زانیارییەکان و تەنانەت هەندێک لە ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، پێدەچێت گروپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی و لایەنە شیعەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی سەر بە ئێران، ڕێگری لە پێشکەوتنی کۆبوونەوەکان بکەن. گوایە ئەم گرووپانە ئامادە نین حکومەتی سودانی ڕازی بێت بە داواکاری تورکیا بۆ هەڵوەشاندنەوەی دووەم داوای یاسایی کە لە دادگای نێودەوڵەتی تۆمارکراوە. هەمان ئەو گروپانەش بوون ڕێگرییان لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق کرد کە هەوڵی داخستنی دۆسیەکەی دەدا لە ماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا.
جگە لە داواکارییە لۆجستی و ئابوورییەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، وەزیری دەرەوەی تورکیا چەند داواکاریەکی تری هەبوو کە پەیوەست بوون بە ئاسایشی ناوخۆی ئەو وڵاتە. پەیوەندی بەهێزی چەکدارانی حەشدی شەعبی نزیک لە ئێران لە گەل گروپەکانی سەر بە پەکەکە و جێبەجێنەکردنی ڕێکەوتننامەی هەولێر- بەغدا بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال، چارەسەر نەکردنی کێشەی داگیرکردنی کەمپی مەخمور لە لایەن پەکەکە و فراوانتر بوونی سنووری چاڵاکیەکانی لە پارێزگای سلێمانی، لە نیگەرانییە هەرە سەرەکییەکانی ئەنقەرەیە لە بەغدا. بەو پێیەی پەکەکە ڕێکخراوێکی چەکدارییە کە لە لایەن تورکیا و ئەمریکاو بەڕیتانیا و چەندین وڵاتی تر بە گروپێکی تیرۆریستی ناسراوە.
کەواتە دەکرێت دۆخەکە بەشێکی ڕەنگدانەوەی ڕکابەرییە ناوچەییەکەی نێوان ئەنقەرە و تاران بێت. لایەنەکانی سەر بە ئێران لە عێراق بەردەوام لێدوان دژی تورکیا دەدەن و هێرش دەکەنە سەر بنکە سەربازییەکانی تورکیا. لێدوانی هادی عامری سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر لە کاتی سەردانی وەزیری دەرەوەی تورکیا بەڵگەیەکی ڕوونی ئەم بابەتەن.
لە لایەکی دیکەوە دەوترێت واشنتۆن لە پشت پەردەوە هەوڵی لەیەک نزیککردنەوەی ئەنقەرە و بەغدا دەدات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی تورکیاوە بەڵام تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی دڵخۆشکەر نەبووە.