ساختەچێتی و تیرۆری فیكری

هەواڵی ساختە
هەواڵی ساختە

ئەوانەی ئیدیۆلۆژیای فیكری خەڵكیی دەگۆڕن و كەلێن لە نێوان خەڵك و فەرمانڕەوایان دروست دەكەن، جەنگە سەربازییەكان نیین، بەڵكو شۆردنەوەی ئامانجدارانەی مێشك و ئاخنینی نەستی كۆی خەڵكە بە فكری ناڕاست و تەمومژاوی و شێواو.

رەنگبێ جەنگاوەرە سەربازییەكان تەنیا ئامانجیان كۆنترۆڵكردنی شوێن و پێگەی جیۆگرافیی گرنگ و ستراتیژیی بێت، بەڵام هەرگیز بە باشی كۆنترۆڵی هەست و سۆزی دەروونیی خەڵكیان پێ ناكرێت، كەچی بەكارهێنانی ئامڕازەكانی بەدگومان كردنی خەڵك و نەهێشتنی متمانەیان بە دەسەڵاتێكی دیموكراتیی فەرمانڕەوا تا ئاستی ڕكابەرایەتی كردنی؛ ئەوەش لە ڕێی دێواندنی و تانەلێدانی و ناشرینكردنی بڕیار و هەڵوێست و كردەوەكانی، ڕێگەیەكی ساختەچییانەیە بۆ بەڕە لەژێر پێ دەرهێنانی دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی، كەسی ساختەچی بە بێ ئەوەی خۆی تووشی پێكدادانی فیزیكی و شەڕی لابەلای سەربازی بكات، گەرچی شەڕی سەربازی بۆ گەیشتن بە كۆنترۆڵكردنی شوێن و پێگەی بەرانبەر و گەیشتن بەو ئامانجەی مەبەستە ماوەیەكی كورتتری دەوێتن لە كاتێكدا بڵاوكردنەوەی بێ متمانەیی لە ناو خەڵك و ڕق هەڵگرتن لە دەسەڵاتی فەرمانڕەوا  تا كەسی ساختەچی بە ئامانجی خۆی دەگەیەنێت، زۆرترین خەڵك هەڵدەخەڵەتێنێت و خراپ پەمپیان دەدات، ئەوەش ماوەیەكی زۆرتری دەوێت، كە دواتر تا ئاستی تیرۆری فیكری تەشەنە دەسێنێت.

هەندێك لەو لایەنانەی كە لە هەرێمی كوردستاندا خۆیان دەخەنە خانەی ئۆپۆزسیۆنەوە و لە پێناوی گۆڕینی ڕێڕەوێكی فیكری دیاریكراودا كە لە بەرژەوەندی خۆیان یان لە قازانجی دەرودراوسێكانی نەتەوەی كورد و خاكی كوردستانە، بە قۆرخكردن و سوودوەرگرتن لە گەمەی دیموكراسی ئەو كارە دەكەن، ئەم ڕێگەیەی دووەمیان پێ مسۆگەرترە و بە ناوی گۆڕین و گۆڕان و نوێ و تازە و هاوچەرخ و وشەی بریقەداری ترەوە گرووپ و بزووتنەوە و حزبگەل دادەمەزرێنن تا دەستیان بە كورسی عەرش و قاسەی قوروش بگات و بە شێوازێكی فریودەرانە خەڵكی لە گرێژنە دەبەن و دەیانخەنە ژێر ڕكێفی فریادڕەسانەی خۆیانەوە، سەرەتا بە شێواندن و سوككردنی بەها و پیرۆزیەكانی تاك و كۆمەڵ دەست پێ دەكەن تا چیتر لای خەڵكی گرنگ نەبن، دواتر شێواندنی بازاڕ و ئابووری و باری دارایی خێزان و تاك و هەموو كێشەكانی سەر زەوی و ئاسمان دەخەنە ئەستۆی فەرمانڕەوایان، هاوكات بەسەر ئەو تەنافانەوە گەمە دەكەن كە بەهۆیەوە دید و تێڕوانینی خەڵك وەرچەرخێنن بۆ ئەو میتۆد و بڕوا فیكریانەی كە لەگەڵ ئامانجەكانی خۆیان هاوتەریبن، بەو شێوەیە دەست بە تیرۆری فیكری دەكەن و بژاردەكانی بیركردنەوەی خەڵكی لەسەر شەقام و شوێنە گشتیەكان و لە ناو ماڵی خۆیانەوە تەسك دەكەنەوە بۆ ئەو هاشوهوشەی خۆیان كە بە ناوی ئۆپۆزسیۆن و پاسەوانی مۆراڵ و فریادڕەسییەوە دەینێنەوە.

لە راستیدا ئەمە بەكارهێنانی هێزێكی نەرمە دژ بە فەرمانڕەوایەتی وڵات و كوێركردنی دید و ڕوانینی خەڵكە لە بەرانبەریان، پاش ئەوەی وڵاتانی دراوسێ لە ماوەی زیاتر لە سەد ساڵی دژایەتی و دوژمنایەتی كردنی نەتەوەی كورد و چاو بڕینە خاكی كوردستاندا بە ئاگر و ئاسن و شەڕی ماڵوێرانكەر و بەكارهێنانی  ئامڕازەكانی هێزی ڕەقەوە كوردیان بە تەواوی پێ لە ناو نەچوو، ئێستا بەم كەلێن خستنە نێوان خەڵكی كوردستان و فەرمانڕەوایانی و بەم پتەو بوونە زیرەكانەی هێزی نەرمەوە كە ئۆپۆزسیۆن لە ناو ماڵی كورددا و دژ بە فەرمانڕەوایەتی كوردی هەڵیدەسوڕێنن، ئەوان واتە واتانی دەوروبەر دەسكەوتی باشتر بۆ خۆیان دەچننەوە، ئیتر بۆ ئەم تیرۆركردنی فیكرییە لە ژێر چەشنەها دروشمی وەك نەهێشتنی گەندەڵی و ڕزگاركردنی خەڵك لە ئامڕازەكانی ستەم و ڕاپەڕینی فیكر و گۆڕینی بارودۆخ بەرەو باشتر و دادپەروەری و مافی مرۆڤ و.. تاددا بە سەدان ماڵپەڕ و كەناڵی ڕاگەیاندن تەرخان دەكەن كە زۆربەیان سەرچاوەكانی دامەزراندن و بەڕێوەبردنیان نادیارن، هەمیشە ئەم هێزە نەرمانە لە ڕێی ئامڕازە مەدەنی و جڤاكیەكانەوە بە بێ زۆر لێكردن بۆ هەڵخەڵەتاندنی زۆرترین كەس دەست بە فرتوفێڵ دەكەن، یەكەمین ئامڕازیشیان كۆنترۆڵكردنی هەست و سۆز گۆڕینی ڕەفتاری مرۆڤەكانە بەو شێوەیەی خۆیان ئامانجیانە، ئەویش لە ڕێی بەكارهێنانی ئامڕازەكانی بڵاوكردنەوە و ڕاگەیاندن.

بۆ ئەم بەبازاڕكردنەی فكری خۆیان لە ڕێی تۆڕەكانی ئەنتەرنێتەوە بودجە و دارندەییەكی خەیاڵی خەرج دەكەن كە تێچووەكەی زۆر لە بودجەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و بودجەی ڕاگەیاندنی پارتە فەرمانڕەواكان زیاترە، هەندێك جار وا ڕێك كەوتووە كە پارتێكی فەرمانڕەوا و شەریك لە فەرمانڕەوایەتی هەرێمدا لە بودجەی خەڵك و حكومەتەوە بە ناڕاستەوخۆ لە پێناوی بەهێزكردنی پێگەكانی ئەو هێزە نەرمەی سەرپەرشتی تیرۆری فیكری دەكات پشكیان پچڕیوە و هەر لە دژایەتی حكومەت و كەسایەتییە مێژوویی و بەها شكۆدارەكانی كوردستان بەكارهێنراونەتەوە، بۆ نموونە ئێستا چەندین ماڵپەڕ ڕۆژانە بە دەیان شێوازی ڕیپۆرتاژی وێنەیی و لە ڕێی بەكرێگرتنی چەندین بێژەر و ئەكتەر و چالاكوانی مەدەنییەوە، بەشێوازێكی بروسكەیی و بە كۆمەڵێك وشە و وێنەی فریودەر، سیناریۆئاسا ئەو وشە و وێنانە بۆ بەرژەوەندی خۆیان قۆرخ دەكەن كە زۆرترین هەڵچوون و توڕەیی لای بینەران دروست دەكەن تا قەناعەتێكی واقیعییان لا دروست بكەن.

یان ئاماری درۆیینە و بەراوردكاری و زێدەڕۆیی لە ژمارە و داتادا بڵاو دەكەنەوە، زیاتر ئەو وشانەیان لە زار هەڵدەوەرێت كە ختوكەدانی سۆزدارانەی چین و توێژی گشتی پێ دەدرێن، پێگە و ماڵپەڕەكانیان لە بواری داراییەوە دەوڵەمەندن و سەدان كەس بە كرێ دەگرن تا شێری دووبارە بڵاوكراوەكانیان بە هەموو دنیادا بۆ بكەن، بەو شێوەیە كەناڵەكانی وڵاتانی دراوسێ كە هەر خۆیشیان هەندێك لەم ماڵپەڕانە بەڕێوە دەبەن و ئەوانیش دووبارە لە كەناڵە فەرمیەكانیانەوە بڵاوی دەكەنەوە تا هەم ڕای گشتی شەقامی خۆیان لە دژی نەیارەكانیان هان بدەن (كە كوردستان بە نەیاری سەرسەختی خۆیان دەزانن) هەم هەمان بەرنامە و ریپۆرتاژی گوماناوی بە خەڵكی كوردستان بفرۆشنەوە و ورەی خەڵكی پێ دابەزێنن و شكۆی كەسایەتیە ناودارەكانی كوردستان نەهێڵن، یان دێن چەند وتە و ڕستەیەكی كەسایەتیەكی ناوداری كورد لە كۆی وتارێكیدا دەردەهێنن و دەیلكێنن بە وێنە و ڤیدیۆیەكی ترەوە و بە فراوانترین شێواز بڵاوی دەكەنەوە چ بۆ گاڵتەكردن بە سەركردەكانی كورد بێت یان بۆ سوككردنی بیركردنەوەی شۆڕشگێڕانەیان تا كورد هەر خۆی بە كۆیلە و زەلیلی دەستی وڵاتانی دەوروبەری بزانێت، ئیتر بە دەیان هەزار دڵساف و ساویلكە و بێ ئەزموون لە دنیای فیكر و سیاسەتدا دەكەونە ناو تەونی جاڵجاڵۆكەیی و بازاڕی وێنە و ڤیدیۆی ئەم ماڵپەڕانەوە كە تیرۆری فیكری فەرمانڕەوایانی كوردی پێ دەكەن و لەسەر سووك و چرووك كردنی دۆزی ڕەوای كوردستان كار دەكەن.

هەڵسوڕاوانی ئەو جۆرە ماڵپەڕانە دۆخی كۆمەڵایەتی و ئابووری ناسك هەڵدەبژێرن تا بە فەیكەوە زۆرترین كاریگەری سۆزدارانەیان هەبێت، زۆر جاریش بە ساختەچێتیەوە بڕوای ئایینی و دابی كۆمەڵایەتی لە پێناوی داشۆرینی كەسایەتیەكان بەكاردەهێنن تا فكری پۆزەتیڤانەی بەرانبەرەكەیان بە نێگەتیڤانە بخەنەڕوو، دواتر لای خەڵكی متمانەیان نەهێڵن، خۆ ئەگەر خاڵێكی لاواز لە كەسێكدا بدۆزنەوە، بە هەموو توانای خۆیانەوە شەوو ڕۆژ بە ناووناتۆرەوە ئەو خاڵە لاوازە گەورەتر دەكەنەوە تا ئاستی ئەوەی ململانێی زەیینی لەگەڵ ئەو كەسە بكەن و بڕواكانی لای خەڵكی سوك بن، ئینجا دەچنە قۆناغی بە خۆ هەڵدان و خۆ بە فریادڕەس نیشان دان، بە نموونە كە ڕیپۆرتاژ و ڤیدیۆی بە سوك نیشاندانی سەركردە و لایەنگرانی كەسایەتیە نەتەوەیی و مێژووییەكانی كورد بڵاودەكەنەوە هەر لەو ڕۆژەدا بە چەند وێنە و لە چەند بۆنە و دیمانەیەكدا خۆیان وەك شەریفی مەككە پیشان دەدەن، ئەگەر یەكێك لە لایەنگرانی ئەو كەسایەتیە مێژووییانە سوكەكارێكی هەڵەی لە دەست دەرچووبێت، ئەمان دێن ئەو كارە لەسەر هەموو لایەنگرەكانیی تری فكرو ڕێبازەكەی دەگشتێنن تا شەرمیان لە خۆیان بێتەوە كە سەر بەو كەسایەتی و ڕێبازەن..