منداڵێکی فەڵەستینی لە ئەمەریکا بە چەقۆ کوژرا

K24 - هەولێر:
لە ویلایەتی 'ئیلینۆیس'ـی ئەمەریکا، پیاوێکی فەڵەستینی لەگەڵ منداڵەکەیدا لەلایەن کەسێکەوە بە چەقۆ هێرشیان کرایە سەر و بەوهۆیەوە، پیاوەکە بریندار بوو، منداڵە شەش ساڵانەکەشی گیانی لەدەستدا.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی شارەوانی ویل لە ویلایەتی ئیلینۆیس، منداڵەکە 26 چەقۆی لێدراوە و بەهۆی سەختی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە، باوکی منداڵەکەش کە تەمەنی 32 ساڵە، بریندارە و ئێستا لە نەخۆشخانەیە.
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا تاوانی کوشتنی ئەو منداڵەی بە "کردەیەکی رق و کینە" ناوبرد و رایگەیاند، خێزانی منداڵەکە کە موسڵمانن لە فەڵەستینەوە هاتوونەتە ئەمەریکا، وەک هەمووان بەدوای پەناگەیەکدا گەڕاون بۆ ژیان.
بایدن گوتیشی: ئەم کردەوە ترسناکەی رق و کینە لە ئەمەریکادا جێگەی نییە و پێچەوانەی بەها سەرەکییەکانی ئێمەیە.
بە گوتەی پۆلیسی ویلایەتی ئیلینۆیس، پیاوێکی تەمەن 71 ساڵ بەناوی جۆزێف چوبا لە شاری شیکاگۆ، بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر پیاوەکە و منداڵەکەی و هەردووکیانی بریندار کردووە.

ئەحمەد رەحاب، بەرپرسی نوسینگەی شیکاگۆی گرووپی CAIR بۆ داکۆکیکردن لە مافی موسڵمانان لە ئەمەریکا لە زاری شایەتحاڵێکی تاوانەکەوە رایگەیاند، تشوبا لە دەرگای ماڵی قوربانییەکانی داوە و هەوڵی داوە باوکەکە بخنکێنێت.
ئاماژە بەوەشدرا، دەسەڵاتداران تۆمەتبارەکەیان بە تاوانی کوشتن و ئەنجامدانی تاوانی رق و کینە تۆمەتبار کردووە.
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس، تاوانەکە پەیوەندی بە جەنگی ئێستای نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە هەیە کە نزیکەی 10 رۆژە بەردەوامە و بەهۆیەوە، تا ئێستا زیاتر لە چوار هەزار کەس لە کەرتی غەززە و ناوچەکانی ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی ملیۆنێک هاووڵاتی غەززە ئاوارە بوون.
لەدوای سەرهەڵدانی جەنگەکە، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشداری دەدەن لە ئەگەری سەرهەڵدانی توندوتیژی زیاتر بەرانبەر بە موسڵمانان و جووەکان لە ناوچەکانی دیکەی جیهان.
ئەمە یەکەم تاوانی رق و کینە نییە لەدوای جەنگی حەماس و ئیسرائیل، رۆژی 8ـی ئەم مانگە، تەنیا دوای دوو رۆژ لە دەستپێکی جەنگەکە، لە شاری ئەسکەندەرییەی میسر، دوو گەشتیاری ئیسرائیلی لەلایەن پۆلیسێکی میسرییەوە بە دەستڕێژی گوللـە کوژران.