یاسا نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە بۆردوومانکردنی نەخۆشخانەکان لە کاتی جەنگدا چی دەڵێن؟

دیمەنێکی نەخۆشخانەی مەعمەدانی دوای بۆردوومانکردنی
دیمەنێکی نەخۆشخانەی مەعمەدانی دوای بۆردوومانکردنی

K24 - هەولێر:

بەگوێرەی رێککەوتننامەی جنێڤ بۆ پارێزگاریکردن لە خەڵکی سڤیل لە کاتی جەنگدا، نابێت هێرش بکرێتە سەر نەخۆشخانە مەدەنییەکان و ئەرکی هەمووانە کە پارێزگاری لێبکەن.

رێککەوتننامەکانی جنێڤ کۆمەڵێک یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییە کە پێکهاتووە لە چوار پەیماننامە و سێ پرۆتۆکۆل کە تایبەتن بە پاراستنی کەسانی سڤیل و بێ‌چەک لە کاتی جەنگدا.

لە ماددەی 18ی رێککەوتننامەی جنێڤ کە 12ـی ئابی 1949 نووسراوەتەوە، باس لەوە کراوە، نەخۆشخانە مەدەنییەکان کە تایبەتن بە چارەسەرکردنی نەخۆش و برینداران و حاڵەتەکانی منداڵبوون، بە هیچ شێوەیەک نابێت هێرش بکرێتە سەریان، بەڵکوو دەبێت لە هەموو کاتەکاندا رێزیان لێ بگیرێت و لایەنەکانی بەشدار لە جەنگ، بیپارێزن.

هەر لەو ماددەیەدا ئاماژە بەوە دراوە، لایەنە بەشەڕهاتووەکان دەبێت بەڵگەنامەی پێویست بخەنەڕوو کە بیسەلمێنن، نەخۆشخانەکان مەدەنین و بۆ مەبەستی دیکە بەکارناهێنرێن.

لە ماددەی 19ی هەمان رێککەوتننامەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، ئەرکی پاراستنی نەخۆشخانە مەدەنییەکان کۆتایی نایەت تەنیا کاتێک نەبێت کە لە نەخۆشخانەکەدا ئەرکە مرۆییەکان پێشێل بکرێن، بەو واتایەی نەخۆشخانەکە بۆ زیانگەیاندن بە دوژمن بەکاربهێنرێت.

هەر لە ماددەی 19ـی رێککەوتننامەی جنێڤ روونکراوەتەوە، کە چارەسەرکردنی نەخۆش و برینداری سەربازی لە نەخۆشخانەی مەدەنیدا وەک کردەیەک سەیر ناکرێت کە زیان بە دوژمن بگەیەنێت.

سەرەڕای بوونی ڕێککەوتننامەی جنێڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل و شوێنە مەدەنییەکان، بەڵام هێشتا بەشێک لە وڵاتان پابەند نابن و ئەم یاسا و رێککەوتننامەکان پێشێل دەکەن.

دوایین هێرشی سەر شوێنە مەدەنییەکان، شەوی ڕابردوو بوو کە بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیا جیهانییەکان، "سوپای ئیسرائیل لە رێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە بۆردوومانی نەخۆشخانەی (مەعمەدانی)ی غەززە کرد"، کە بەهۆیەوە زیاتر لە 500 کەس کوژران و برینداربوون.

سەبارەت بە ھێرشەكەی سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانی، حەماس ئیسرائیلی تاوانبار کرد، بەڵام ئیسرائیل گرووپی جیهادی ئیسلامی فەڵەستینی تاوانبار دەكات و هەردوولاش رەتیدەكەنەوە دەستیان لەوكارەدا ھەبووبێت.

هەروەها رۆژی 4ی ئۆکتۆبەری 2023، سوپای تورکیا زنجیرەیەک هێرشی بۆ سەر بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەستپێکرد و، تا ئێستا دوو نەخۆشخانە و 48 قوتابخانەی بەئامانج گرتووە.

Fly Erbil Advertisment