ئامێری ئەلیکترۆنی دەنگدان

دەنگدانی ئەلیکترۆنی
دەنگدانی ئەلیکترۆنی

تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندییەکان، هێزێکی سەرەکی بزوێنەر لە داڕشتنی تایبەتمەندییەکانی "سەدەی بیست و یەکەم" پێکدەهێنێت و کاریگەرییەکانی لە گەشەی ئابووری جیهانی و کۆمەڵگە مەدەنییەکان و حکومەتەکان بەگشتی و لەسەر ژیانی خەڵک بەتایبەتی رەنگیداوەتەوە.

هاتنی تەکنەلۆژیا بۆ نێو مەیدانی سیاسی بە گەورەترین کاریگەری لەسەر ژیانی کۆمەڵگە دادەنرێت، بەو پێیەی تەکنەلۆژیا لە هەموو قۆناغەکانیدا هاتۆتە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە بۆ دەستەبەرکردنی کارایی و وردبینی و خێرایی لە تەواوکردنیدا، هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە بناغەی بنەڕەتی بنیاتنانی سیستمی دیموکراسی و شەرعیەت و سووڕانەوەی دەسەڵاتە.

تەکنەلۆژیا و عێراق

بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای زانیاری لە پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق، بەتایبەت لە قۆناغی دەنگدان لەژێر ناونیشانی "دەنگدانی ئەلیکترۆنی" کاریگەرییەکی ئەوتۆی جیهێشت، چونکە هاووڵاتییان داوای شەفافیەت و ژیانێکی ئارامتر دەکرد، داوایان کرد هەڵبژاردنەکان بەشێوەیەکی پاک و بێگەرد ئەنجامبدرێت، دوای ئەوەی لە لێکۆڵینەوەکانی پەرلەمانی عێراق، بوونی گەندەڵی دارایی و ئیداری لە کاروبارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکاندا دەرکەوت، لە هەوڵێکدا بۆ خێراترکردنی راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و رێگریکردن لە هەر ساختەکارییەک، بڕیاردرا پرۆسەی ژماردن و ریزکردن لە سیستمی ئەژمارکردنی دەستییەوە بگۆڕدرێت بۆ سیستمی ئەلیکترۆنی، بۆ هەڵبژاردنەکانی 2018 گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیای میرو سیستمی کۆریای باشوور واژۆکرا بۆ کڕینی 59 هەزار و 800 ئامێری ریزکردنی ئەلیکترۆنی بە بەهای 100 ملیۆن دۆلار.

لێرەدا ئاماژە بەوە دەکەین کە "کۆریای باشوور" کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گرێبەستی لەگەڵدا کردووە بۆ کڕینی سندوقی هەڵبژاردنی ئەلیکترۆنی، خۆی لە ژماردنی دەستی بەدوور ناگرێت بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی هیچ ساختەکاری و هەڵەیەک روونادات، بۆیە بە "یەکەم وڵاتی جیهان" دادەنرێت، لە رووی متمانەپێکراوییەوە لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا.

لەمیانەی ئەزموونکردنی خراپ بەکارهێنانی سیستمی دەستی، هەر بۆیە گونجاوترین سیستم بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە عێراقدا بەکارهێنانی دەنگدانی ئەلیکترۆنییە کە زیاتر لە 20 وڵاتی پێشکەوتوو لە بواری ئەلیکترۆنیدا پەسەندی کردووە، یان بە تێکەڵکردنی سیستمی دەستی و ئەلیکترۆنی بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر ساختەکارییەکی ئەگەری، بۆ نموونە ئەڵمانیا بە وڵاتێکی پێشکەوتووی پیشەسازی دادەنرێت و یەکەم ئامێری دەنگدانی ئەلیکترۆنی لە هەڵبژاردنەکان لە شاری کۆڵن لە ساڵی 1998 بەکارهێندرا، تاقیکردنەوەکە لەو کاتەدا بە سەرکەوتوو دادەنرا، دوای ساڵێک کۆڵن دەنگدانی ئەلیکترۆنی بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەوروپا بە تەواوی بەکارهێنا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی، شارەکانی دیکە بەدوایدا بگەڕێن، تا هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2005 نزیکەی دوو ملیۆن دەنگدەری ئەڵمانی بە شێوەی ئەلیکترۆنی دەنگیان دەدا، ئەمەش کاردانەوەی ئەرێنییان دەربڕی بەهۆی ئاسانکاری بەکارهێنان و کەمبوونەوەی ژمارەی بنکەکانی دەنگدان و کارمەندانی سەرپەرشتیکردن.

شێوازەکانی ئامێری سکانەر

ئامێرەکە بریتییە لە: سکانەر کە لەسەر رووی سندوقی هەڵبژاردنەوە دانراوە بۆ ئەوەی دەنگدەر دوای هەڵبژاردنی کاندیدەکەی لەسەر کاغەزی دەنگدان، بیخاتە ناو شوێنی ئامێرەکەوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی هەڵبژاردنی خۆی تۆمار بکات.

یاخود بە شێوازیکی دیکە ئامێری وردبینی ئەلیکترۆنی: ئامێرێکە کە بنکەی تۆماری ئەلیکترۆنی دەنگدەر لە ئاستی وێستگەکەدا لەخۆدەگرێت و لە رۆژی هەڵبژاردندا لە بنکەی دەنگدان بەکاردێت، هەر وێستگەیەک ئامێرێکی پشتڕاستکردنەوەی ئەلیکترۆنی دەبێت کە داتای دەنگدەرانی سەر بە وێستگەکە لەخۆدەگرێت بۆ مەبەست لە خوێندنەوەی داتاکانیان کە لە کارتی ئەلیکترۆنی دەنگدەر (درێژخایەن و کورتخایەن) و هاوتاکردنی لەگەڵ داتابەیسی ئەلیکترۆنی کە لە ئامێرەکەدا هەڵگیراوە، هەروەها وەرگرتنی پەنجەمۆری دەنگدەر و هەڵگرتنی، خوێندنەوەی بارکۆد لەسەر کاغەزی دەنگدان وهەڵگرتنی لەناو ئامێرەکەدا.

دەنگدەر دوای نیشانەکردنی کاغەزی دەنگدان، لە شوێنی دیاریکراوی ناو سکانەرەکەدا دایدەنێت بەجۆرێک کە ئامێرەکە بیخوێنێتەوە و ئەو دەنگانەی لەسەری تۆمارکراوە بژمێرێت و دەیخاتە ناو سندووقەکەوە. هەروەها سکانەر؛ بارکۆدی کاغەزی دەنگدان دەخوێنێتەوە و هەڵیدەگرێت و پرۆسەی هاوتاکردن لەگەڵ بارکۆدی کاغەزی دەنگدان ئەنجام دەدات کە لەلایەن ئامێری پشتڕاستکردنەوەی ئەلیکترۆنییەوە دەخوێندرێتەوە و لەیەک کاتدا لە رێگەی کێبڵی بەستنەوەی ئامێری پشتڕاستکردنەوە و ئامێری ریزکردن و ژماردنی ئەلیکترۆنییەوە دەگوازرێتەوە.

ئامێری گواستنەوەی ئەنجامەکان، ئامێرێکە بۆ ناردنی ئەنجامی بنکەکانی ناوەندەکانی دەنگدان دوای تەواوبوونی پرۆسەی ژماردن و ریزکردنی ئەلیکترۆنی، ئەنجامی وێستگەکە بە شێوەی ئەلیکترۆنی لە ئامێری ژماردن و ریزکردنی ئەلیکترۆنییەوە دەنێردرێت بۆ ئامێری گواستنەوە لە رێگەی ئەو کێبڵەی کە ئامێری ژماردن و ریزکردنی ئەلیکترۆنی و ئامێری گواستنەوە بەیەکەوە دەبەستێتەوە،(RTS)  بۆ ناردنی ئەنجامەکان لە رێگەی مانگی دەستکردەوە بۆ سەنتەری نیشتمانی بۆ کۆکردنەوە و شیکردنەوە و خشتەکردن و راگەیاندنی ئەنجامەکان.

لایەنە باشەکانی بەکارهێنانی ئامێری ئەلیکترۆنی:

1- ڕێگریکردن لە ساختەکاری کە لە کاتی کارەکانی ژماردنی دەستی روودەدات، جا لە رێگەی پووچەڵکردنەوە بێت، یاخود شاردنەوەی.

2- سیستمی هەڵبژاردنی نەرمتر و چەندین بژاردە بۆ دەنگدەران دابین دەکات، هاوکات یارمەتیدەرە لە تەواوکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی کارا و بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکان بە خێرایی پێوانەیی، سەرەڕای ئاڵۆزییەکانی سیستم ی هەڵبژاردن لە رووی سیستم  و میکانیزمی دەنگدان، روونبووەتەوە کە دەنگدانی ئەلیکترۆنی ناتواندرێت وازی لێبهێنرێت، بەتایبەتی سەبارەت بە پرۆسەی ژماردن ئەلیکترۆنی میکانیزم و رێکارە پێشکەوتووەکان لەخۆدەگرێت، وەک رێکارەکانی بایۆمەتری، کە ئاماژە بە پەنجەمۆری دەنگدەر دەکەن، چونکە ئامێری پێشکەوتوو هەیە بۆ ناسینەوەی پەنجەمۆری دەنگدەر بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی یان بەکارهێنانی چەند توخمێکی رەسەنایەتی (کارتی زیرەک و ژمارەی ناسنامەی کەسی).

3- دەنگدانی ئەلیکترۆنی رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران زیاد دەکات، بەتایبەتی لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکاندا کە یارمەتیدەرە لە دەنگدان بەو هاووڵاتییانەی لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن بەبێ ئەوەی پێویستیان بە دەنگدانی تایبەت یان پێشوەختە هەبێت.

4- رێگری دەکات لە حاڵەتەکانی دووبارەبوونەوەی دەنگدان.

لایەنە لاوازەکانی بەکارهێنانی ئامێری ئەلیکترۆنی:

1- گومانی تێدا نییە کە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای مۆدێرن لە هەڵبژاردنەکاندا پەیوەستێکی نزیکی بە ژینگەی هەڵبژاردنەوە هەیە و ئەمەش فاکتەرە سەرەکییەکانی ئەو ژینگەیەش دەگرێتەوە، کە ژێرخانی (وەک بوونی… هێزی کارەبایی جێگیر) ئەوەش وادەکات کارەبای وێستگەو بنکەکان ببڕیت کارەکان دەستێندرین.

2- بەکارهێنانی دەنگدانی ئەلیکترۆنی پێویستی بە بودجەیەکی زیاترە، چونکە دەگەڕێتەوە بۆ گرانی تێچووی ئامێرەکان.

3- بوونی ئامرازی ئەمنی ئەلیکترۆنی و کارمەندی شارەزا  لەنێو دەنگدەراندا، هەروەها متمانە بە سیستمی سیاسی، ئەم توخمانە بەزۆری لە کۆمەڵگا دابەشبووەکان و لە دیموکراسی مۆدێرنەکاندا بەردەست نین.

4- کە هاککردن و گۆڕینی کلیلی دەستگەیشتنە نهێنییەکان ئاسانە.

5- سستی کارکردنی ئامێرەکان وادەکات کاتی زیاتر پێویست بێت بۆ دەنگدان.

بارودۆخی هەڵبژاردن لە عێراق و هەرێمی کوردستان، هەمیشە بووەتە بابەتێکی گرنگی هاووڵاتییان و دڵنیابوونەوەیان لە پاکوبێگەردبوونی پرۆسەکە و ئەنجامدانی لە کات و ساتی خۆیدا، تاوەکو دەستووری عێراق بە تەواوی جێبەجێ بکرێت و دەسەڵات بە شێوازی ئاشتییانە دەستاودەست بکرێت لە عێراقدا، جێگای بایەخدانە هاووڵاتی گرنگی بە بەڕێوەبردن و چۆنیەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە شێوازی سیستم و ئامێر و فاکتەرەکانی پرۆسەکە بدەن، بە هۆکاری ساختەکارییەکی زۆر سیستمی ئەلیکترۆنی هاتە کایەیی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە بۆ دوو جار عێراق تێپەڕی و بەئەزموونکردنی ئامێری ئەلیکترۆنی دەنگدان، شەفافانەتر بەرەو پرۆسەکە هەنگاوی ناوە لە هەردوو هەڵبژاردنی 2018 و 2021ـدا.