کاندیدی سیاسی لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

هۆڵی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان
هۆڵی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان

سەرچاوەی وشەی "کاندید" دەگەڕێتەوە بۆ زاراوەی لاتینی “Candidare toga” کە بە واتای جلوبەرگی سپی کاندیدەکان دێت، کە بۆ پۆستێک وەستاون دواتر ئەم دەستەواژەیە بۆ کاندیدەکانی پۆستە سیاسییەکان گۆڕدرا و پەرەیسەند.

کاندید: بە واتای پێشکەشکردنی داواکارییە بۆ پۆستێک، ئەم زاراوەیە زۆرترین جار ئاماژەیە بۆ ئەو کاندیدانەی کە خۆیان لە هەڵبژاردن بۆ پۆستە سیاسییەکان یاخود پلە جیاوازەکانی دەسەڵات کاندید دەکەن، بەو جۆرە گرێدراوێک دروست دەبێت بە وشەی کاندیدی سیاسی، دوای ئەوەی بە پرۆسەی پاڵاوتندا تێپەڕدەبێت چ لە کیانێکی سیاسی یان بەشێوەی سەربەخۆ و دواتر دەچێتە کێبڕکێی دەنگدانەوە.

بە شێوازێکی دیکە، لە چوارچێوەی هەڵبژاردن بۆ پۆستی گشتی لە دیموکراسی پارتی نوێنەرایەتیدا، بە شێوەیەکی ئاسایی دەوترێت کاندیدێک کە لەلایەن لایەنێکی سیاسییەوە هەڵبژێردرابێت، بە شێوەیەکی گشتی هەڵبژاردنی کاندیدەکان لە ناو پارتە سیاسییەکان لەسەر بنەمای یەک یان چەند هەڵبژاردنێکی سەرەتایی بەپێی رێسای پارتەکان و هەر یاسایەکی هەڵبژاردنی کارپێکراو ئەنجام دەدرێت.

دوای دەستپێکردنی پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن و ئامادەکاری بۆ دەنگدان، کاندید لەژێر چاودێری خەڵکدا دەبێت سەبارەت بە تێڕوانینی بۆ سیاسەت، ئابووری، پرسە کۆمەڵایەتییەکان و پێشینەی کەسیی و زۆر لایەنی دیکە کە هەموو ئەمانە پێکەوە دەچنە ژێر تاقیکرنەوەی دەنگدەرانەوە و دوای هەڵسەنگاندن، بڕیاری لەسەر دەدرێت کە متمانەی پێدەدرێت یاخود رەتدەکرێتەوە.

قۆناغەکانی بوون بە کاندید

بەشێوەیەکی گشتی هەموو کەسێک ناتوانێت ببێت بە کاندید و خۆی بپاڵێوێت بۆ هەڵبژاردنەکان، ئەوەش بەپێی رێسا و یاسای وڵاتەکان گۆڕانکاری بەسەردادێت بۆ نموونە: یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان- عێراق ژمارە 1ـی ساڵی 1992 بە هەمواری حەوتەم بە یاسای ژمارە 15ـی ساڵی 2013، ماددەی سێیەم دەڵێت" ئەندامی پەرلەمان دەبێتە نوێنەری گەلی کوردستان- عێراق بێت".

هەروەها لە خاڵی یەکەمی ماددەی چوارەمدا ئاماژە بەوە دەکات: "ناشێ ئەندامییەتی پەرلەمان و فەرمانبەرێتی گشتی بەیەکەوە کۆبکرێتەوە، هەر فەرمانبەرێکی گشتی کە بووە ئەندام  لە رۆژی سوێندخواردنییەوە لە بەرەدەم پەرلەمان بە واز‌هێنەر لە فەرمانەکەی دادەندرێ و پێویستە لەسەری سکرتاریەتی پەرلەمان ئاگاداربکاتەوە لە هەڵوێستی خۆی بەرامبەر وەزیفەکەی".

هاوکات لە خاڵی دووەمی هەمان ماددەدا هاتووە: "ناشێ ئەندامییەتی پەرلەمان و ئەندامییەتی ئەنجوومەنێکی هەڵبژاردەی سەر بە دایەرە و دەزگاکانی حکومەتی هەرێم بەیەکەوە کۆبکرێتەوە و پێویستە لەسەر ئەندام، لە ماوەی هەشت رۆژدا، لە رۆژی راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکەوە، یەکێ لە دوو ئەنجوومەنەکە هەڵبژێرێ، ئەگەر ئەوە نەکات، ئەوە بە هەڵبژێری ئەندامییەتی ئەم پەرلەمانە دادەندرێت و پەرلەمان ئاگادار دەکات" .

هەروەها لە ماددەی پێنجەمی یاساکەدا ئاماژە بەوە کراوە: "هەموو ئەندامانی پەرلەمان خۆیان تەرخان دەکەن و مومارەسەی ئەرک و فرمانی حزبی و سەندیکا و رێکخراوە جەماوەرییەکان بە مومارەسەی کاری وەزیفەی و سەنەعەتەکاری و پیشەیی دانانرێت و لەگەڵ مەبەستی ئەم یاساییەدا پێچەوانە نییە".

قۆناغی یەکەم: "مەرجی یاسایی هەبێت"

بۆ نموونە مەرجە یاساییەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ماددەی 21ـدا چەند خاڵێک خراوەتەڕوو، لەوانە هاووڵاتی هەرێمی کوردستان - عێراق بێت و لێی نیشتەجێ بێت و شیاو بێت بۆ ئەو پۆستە تەمەنی گەیشتبێتە 25 ساڵ.

هەروەها بە چاکی خوێندن و نووسین بزانێت و بە هیچ جۆرە جەریمەیەک حوکم نەدرابێت پەیوەندیدار بە رەوشت و ئادابی گشتی و دەستپاکی، هەروەها بە تاوانی کوشتنی ئەنقەست و دزیکردن بەندنەکرابێت و لەو تاوانانەش بەشداری نەکردبێت کە دەسەڵاتی سەرکوتکار لە کوردستان پلانی بۆ دانابێت یان ئەنجامی دابێت.

قۆناغی دووەم: "خۆ کاندیدکردن"

کاتێک هاوڵاتییەک ویستی کاندید بوونی هەیە، ئەوا پارتە سیاسییەکان دەبنە کیانێکی سیاسی بۆی و دەتوانێت لە رێگەیەوە خۆی کاندید و بگات بە پلەی ئەندامییەتی، یاخود هاووڵاتییان دەتوانن بە بوونی مەرجە یاساییەکان، بەشێوەی سەربەخۆ خۆیان کاندید بکەن و بچنە پێشبڕکێی هەڵبژاردنەوە.

قۆناغی سێیەم: "کاندیدە قبوڵکراوەکان"

بەپێی ماددەی 22 لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لیستی پاڵێوراوان لە ماوەی 15 رۆژدا لە بەرواری راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردن، پێشکەش بە سەرۆکی دەستەی باڵا دەکرێت و هەموو بەڵگەنامە یاسایی داواکراوەکانی پێوە دەلکێندرێت کە لە ماددەی 21ـدا هاتووە.

کاتێکیش ئەو کاندیدانانەن لە رێگای پارت یان سەربەخۆوە داواکارییەکانیان لە لایەن دەستەی باڵاوە  قبوڵکرا، دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەکرێت، بە قۆناغێکی گرنگی کاندیدەکان ناسێندراوە چونکە لەو ماوەیەدا کاندید بانگەشەی خۆی نمایش دەکات، متمانەی دەنگدەر بەدەست دەهێنێت.

قۆناغی چوارەم: "هەڵبژاردنی کاندید وەک ئەندامی پەرلەمان"

دوابەدوای راگەیاندنی ئەنجامەکان، کاندیدەکان متمانەی گەل و پەرلەمانی پێدەدریت، بۆ ماوەی چوارساڵ لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێت بە ئامانجی خزمەتکردنی گەل و جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی کە لە کاتی بانگەشەدا ئاماژەی پێکردووە.

رێژەی ئافرەت

لە ماددەی 22ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان جەخت لەوە کراوەتەوە، کە هەر لیستێک بۆ کێبڕکێی هەڵبژاردن پێشکەش دەکرێت، نابێت رێژەی ئافرەت تێیدا لە 30% کەمتربێت.