د. سانع شەریف
نووسەر
ئابووری هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەمەچەشنبوونیدا گەشە دەکات
هەمەچەشنکردنی ئابووری بنەمایەکی سەرەکی گەشەسەندنی ئابوورییە کە تێیدا وڵاتێک دەچێتە سەر پێکهاتەیەکی بەرهەمهێنان و بازرگانی فرەچەشنتر. زۆرجار دەبینین، نەبوونی هەمەچەشنی ئابووری پەیوەندی بە زیادبوونی بەرکەوتن یاخود پشتبەستن بە ئابووری دەرەکییەوە هەیە کە دەتوانێت ئاسۆی گەشەی ئابووری درێژخایەنی نیشتمان تێکبدات.
گومانی تێدا نییە کە هەمەچەشنکردنی ئابووری مانای فراوانبوونی ئابوورییەکە بە زیادکردنی جۆراوجۆری کاڵا و خزمەتگوزاری و پیشەسازییەکان. ئامانجی ستراتیژیەتی هەمەچەشنکردنی ئابووری کەمکردنەوەی پشتبەستنە بە یەک کەرت، ئەمەش وا دەکات ئابووری وڵات زیاتر بەرامبەر بە کاریگەرییە نەرێنییە دەرەکیەکان سەقامگیرتر بێت. سەقامگیری و ڕەخساندنی هەلی کار و گەشەکردنی درێژخایەن زیاتر لە پلانی هەمەچەشنیکردندا بەرجەستە دەبێت.
ڕوونتر بلێین، زۆرجار وڵاتان بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی پەیوەست بە پشتبەستن بە یەک پیشەسازی، وەک نەوت یان کشتوکاڵ، بەدوای هەمەچەشنکردندا دەگەڕێن. زۆرن ئەو وڵاتانەی ڕیگەی هەمەچەشنکردنی ئابوورییان گرتۆتەبەر بۆ بەرەوەپێشبردنی وڵاتەکەیان و تیێدا سەرکەوتوو بوونە، لەوانە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کە لە مێژووی ئابووری خۆیدا پشتی بە هەناردەکردنی نەوت بەستووە، بەلام لە ڕووی ستراتیژییەوە ئابووریی خۆی هەمەچەشن کردووە. بۆ نموونە کەرتەکانی وەک گەشتیاری و خانووبەرە و دارایی لە دوبەی پەرەپێدا. ئەم گۆڕانکارییە وایکرد پشتبەستنیان بە داهاتی نەوت کەم بێتەتەوە.
بەهەمانشێوە، قەتەر حاڵەتێکی دیکەی دیارە کە بە شێوەیەکی نەریتی پشت بە غازی سروشتی و نەوت دەبەستێت، وەبەرهێنانێکی زۆری لە کەرتەکانی وەک دارایی و خانووبەرە و فڕۆکەوانیدا ئەنجامدا. ئەم هەمەچەشنکردنە ئابوورییە مەبەستدارە وایکردووە قەتەر ببێتە ئابوورییەکی دینامیکی و سەقامگیر تەنانەی لە نێوان هەڵاوسانی بازاڕەکانی وزەی جیهانیشدا. وڵاتانی دیکەش وەک سەنگافورە و کۆریای باشوور بە شێوەیەکی کاریگەر بەهۆی فراوانبوونیان لە بواری تەکنەلۆژیا و بەرهەمهێنان و خزمەتگوزارییەکان لە دەرەوەی گرنگییە ئابوورییە سەرەتاییەکانیان، هەمەچەشن بوون. ئەمە جگەلەوەی وڵاتی نەرویجیش نموونەیەکی دیکەیە کە بە شێوەیەکی کاریگەر ئابوورییەکەی بە بەکارهێنانی سامانی نەوتی خۆی بۆ وەبەرهێنان لە کەرتەکانی وەک وزەی نوێبووەوە، تەکنەلۆژیا و ماسیگرتن ، هەمەچەشن کردووە.
نموونەیەکی دیکەی گرنگی هەمەچەشنی ئابووری مالیزیایە. ئەگەر زیاتر لەسەر ئەم وڵاتە بوەستین؛ ئەم وڵاتە بە مەبەستی پێشخستنی ئابووری وڵاتەکەی لە رێگەی هەمەچشنکردنەوە، هەردوو بەرنامەی گۆڕانکاری ئابووری حکومەت Economic Transformation Program و گۆڕانکاری پێشەسازی حکومەت Industrial Transformation Program کە کردی بەجەوهەرییەتی کاردنی. هەندێک گۆڕانکاری بوێڕانەی ئەنجام دان لەوانە پێشخستنی پیشەسازی زەیتی خورما، پەرەپێدانی کەرتی نەوت و گاز، بەرزکردنەوەی خزمەتگوزارییە داراییەکان، و وەبەرهێنان لە پەروەردە و چاودێری تەندروستی. ئامانج لێی هەمەچەشنکردنی ئابووری و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە کەرتە تەقلیدییەکان بوو. ئەمە جگەلەوەی کە پڕۆژە تایبەتەکان و سەرەکییەکان بە تێپەڕبوونی کات گەشەیان سەند.ئامانجی ئەم دوو بەرنامەیە هەروەها گەشەی ئابووری بەردەوام و باشترکردنی ئاستی ژیانی خەڵکی مالیزیاش بوو. ئەم گۆڕانکارییانە وای کرد مالیزیا ڕۆلێکی سەرەکی لە کەرتەکانی ئەلیکترۆنی و ئۆتۆمبێل و گەشتیاریدا بگێڕێت. لە ئەنجامدا ئەم وڵاتە گۆڕا بۆ ئابوورییەکی هەمەچەشنتر و پیشەسازی و گەشەسەندنی ئابووری بەردەوامی بەخۆیەوە بینی.
لەژێڕ ڕۆشنایی سەرەوەدا پرسیارە گرنگەکە دێتە پێش، ئایا هەرێمی کوردستان دەتوانێت وەکو ئەو وڵاتانەی سەرەوە، گەشە بە ئابوورییەکەی خۆی بدات لە رێگەی بەهەمەچەشنکردنی کەرتەکانی ئابووری؟ یان بەمانەیەکی تر حکومەتی هەرێم توانیویەتی هەرێمی کوردستان بخاتە سەر ئەم ڕێرەوە ئابوورییە پێشکەوتوویە؟
وێڕای ئەو هەموو ئاڵنگاری و گۆشارە سیاسییانەی لە سەر ئاستی هەرێمی و ناوخۆی عێراق لە سەری، حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی تا ڕادەیەک ئەو دەرچەیە بەهۆی هەمەچەشنیکردنیی بەرهەمە ناوخۆییەکانیەوە بدۆزێتەوە کە هەرێم دەگەیەنێتە ئەو ڕێرەوە ستراتیجیە ئابورییەی کە ولاتانی لە سەرەوە ئاماژەمان پێدان گرتوویانە بەر و سەرکەوتووبوونە. ئەم هەوڵەی هەرێمی کوردستان بۆ بەهەمەچەشنکردنی ئابوورییەکەی لەگەڵ ڕاگەیەندنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە دەستکەوتە هەرە گرنگە نیشتمانییەکانی وڵات بوو، دەستیپێکرد.
ڤیژنی سەرۆکی حکومەت زۆر پەرۆشانە و چالاکانە دەتوانرێت ئەنجامی باشی لێ بەدی بکرێت چونکە لە ڕووی مێژووییەوە هەرێم زۆر پشتی بە هەناردەکردنی نەوت بەستبوو بەڵام دواتر هەوڵەکانی بۆ هەمەچەشنکردنی ئابووری و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە یەک کەرت تا ڕادەیەکی باش دەرکەوتن. بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی بە پەرەپێدانی کەرتەکانی وەک کشتوکاڵ، گەشتوگوزار، و پیشەسازی دا. دەستپێشخەرییە کشتوکاڵییەکان کە ئامانجیان بەرزکردنەوەی بەرهەمی خۆراکی ناوخۆییە بە کردارەکی دەستیپێکرد لەوانە ناردنە دەرەوەی بەرهەمی هەنار و هەنگویینی کوردستان لەو بەرهەمانەن کە بوونەتە جێگەی ڕەزامەندی بازاری نێودەوڵەتی ئەمەش وەک ئەو ئەزموونەیە کە لە مالیزیا لەریگەی بە پێشەسازیکردنی زەیتی خورما و گەشتیاری دەستی پێکرد.
جگەلەوەش هەوڵەکانی گەشتیاری لە دەوری شوێنە سەرنجڕاکێشە مێژوویی و سروشتییەکانی ناوچەکە بەشێکی تری لەو گۆڕانە ئابووریەی کە حکومەتی هەرێم ئەنجامی دا. زیاترلەمەش، هەوڵەکان بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی لە پیشەسازییە جیاوازەکاندا، درا، لەوانەش بەرهەمهێنان و خزمەتگوزارییەکان. گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە ئەم ڤیژنەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئومێدێکی ئەرێنییە کە بارودۆخە ئابوورییەکان لە هەرێمی کوردستان دەتوانن پەڕەبسەنن ، ئەمەش دەبێتە هۆی پێشکەوتنی ئابووری وڵات بەلام گرنگتر لەمەش، ئەگەر حکومەتی هەرێم هەوڵ بدات سوود لە ئەزموونی وڵاتانی وەک قەتەر و سەنگافورا و کوریای باشور و مالیزیا وەربگرێت کە توانیویانە سەرکەوتنێکی بەرچاو لە بە هەمەچشنکردنی ئابووری وڵاتەکەیان بەدەست بهێنن، ئەوا سەرکەوتنەکان بۆ هەرێمی کوردستان لە بواری گەشەسەندنی ئابووری وڵات خیراتر دەبن.