پێشکەوتنەکانی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام

Sustainable Development Goals (SDGs)

پێشکەوتنەکانی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام
پێشکەوتنەکانی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام

- ئێستا ھەرێمی کوردستان لەچ قۆناغێکی ئەم ئامانجانەدایە؟

- چی کراوە و پێویستە چێ بکرێت؟

- ئایا حکومەت دەتوانێ لە ساڵی 2024 ئامانجەکانی (2، 5، 6، 7، 10، 13، 15 و 16) بەدیبھێنێت؟

کارنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ساڵی 2030 بۆ گەشەپێدانی بەردەوام لەلایەن هەموو وڵاتانی ئەندام لە نەتەوەیەکگرتووەکانەوە لە ساڵی 2015 پەسەندکراوە و خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم کارنامەیە نەخشەیەکی هاوبەشە بۆ گشت وڵاتانی بەشداربوو بۆ بەدیھێنانی ئامانجەکان و ئاشتی و خۆشگوزەرانی مرۆڤەکان و هەسارەکەمان لە ئێستا و داهاتوودا.

ولاتانی جیھان بەگشتی، دان بەوەدا دەنێن کە کۆتاییهێنان بە هەژاری و بێبەشییەکانی دیکەی مرۆڤ دەبێت شانبەشانی ئەو ستراتیژییانە بێت کە یەکسانی تەندروستی و پەروەردەیی باشتر بکەن، ھەروەھا نایەکسانییەکانی دیکە کەم بکەنەوە و ھانی گەشەی ئابووری بدەن. لە هەمان کاتدا بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و کارکردن بۆ پاراستنی ناوچە ئاوییەکان و دارستانەکان و بنیاتنانی ژێرخان بەشێکن لە کۆی ئەم 17 خاڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان کاری لەسەر دەکات.

ئامانجەکان بەگشتی بریتین لە (17) ئامانج و پێکدێن لە:

1- نەھێشتنی ھەژاری (No Poverty).

2- نەھێشتنی برسیەتی (No Hunger).

3- یەکسانی تەندروستی ( Good Health & Well-being).

4- کوالێتی سیستەمی خوێندن (Quality Education).

5- یەکسانی رەگەزی (Gender Equality).

6- ئاوی پاک (Clean Water & Sanitation).

7- سەرچاوەی وزەی خاوێن و کارا (Affordable & Clean Energy).

8- کاری بەردەوام و گەشەی ئابووری (Decent Work & Economic Growth).

9- داھێنان لە ژێرخان و سێکتەرە جیاوازەکان (Industry, Innovation & Infrastructure).

10- کەمکردنەوەی نایەکسانییەکان (Reduced Inequalities).

11- بنیاتنانی شار و کۆمەڵگەی خاوێن و سەوز (Sustainable Cities & Communities).

12- بەرھەمھێنان و بەکاربردن (Responsible Consumption & Production).

13- گۆرانی کەشوھەوا (Climate Action).

14- ژیان لەژێر ئاودا (Life Below Water).

15- ژیان لەسەر وشکانی (Life on Land).

16- ئاشتی و یەکسانی و دامەزراوەی بەھێز (Peace, Justice and Strong Institutions).

17- ھەماھەنگی بۆ بەدیھێنانی ئامانجەکان (Partnership for the Goals).

لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش وڵاتان ھەوڵی جددی دەدەن بۆ کارکردن و بەدیھێنانی ئامانجەکان بەگشتی. ئەم ھەوڵانە وایانکردووە ریزبەندی ھەریەک لەم وڵاتانە جیاوازبێت لە لیستی وڵاتان بۆ ساڵی 2023. عێراق وەکو وڵاتێکی سەرەکی و گرنگ لە نەخشەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست  لەژێری ژێرەوەی وڵاتانی دراوسێیدایە. لە ریزبەندی وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەراستدا، ئیسرایل پلەی یەکەمە و لە جیھانیشدا لە ریزبەندی (48) دایە. لەدوای ئەویش تورکیا دێت کە لە ریزبەندی (72) دایە و پاشان ئوردن کە دەکەوێتە (77) و میسر لە ریزبەندی (81) دایە. دوای ئەمانیش سعوودیە و لوبنان و قەتەر لە ریزبەندی (94، 95 و 100)ـی ریزبەندییەکەدان. عێراق دەکەوێتە ریزبەندی دواوەی وڵاتانی رکابەری لە ناوچەکەدا و لە ریزبەندی (105)ی وڵاتاندایە لە جیھاندا.

خۆشبەختانە لەم چەند ساڵەی دواییدا ھەرێمی کوردستان ھەنگاوی جددی ناوە بۆ ئەنجامدان و خستنەسەرپێی کۆمەڵێک پرۆژەی ھەمەجۆر کە بەشی ھەرەزۆریان دەکەونە چوارچێوەی ئامانجەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان. بۆ نموونە لەماوەی پێنج ساڵی رابردوو (1176) پرۆژە لە کوردستان بەبڕی (68) ملیار دۆلار جێبەجێ کراون. ھەریەک لەم پرۆژانە بەپێی سێکتەر و جۆری پرۆژەکە دەکەونە چوارچێوەی یەکێک لە ئامانجەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان.

بەنموونە دەتوانین بڵێین لە کوردستان (6) پرۆژەی بانکی بۆ دابینکردنی یەکسانی دارایی گشتی و پاڵپشتی گەشەی ئابووری و بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری کە دەکەونە چوارچێوەی ئامانجەکانی ( 8، 9 و 10) و بەبڕی (776) ملیۆن دۆلار ئەنجامدراون. ھەروەھا (72) پرۆژە بۆ دابینکردنی یەکسانی تەندروستی بۆ ھەمووان و دەکەوێتە چوارچێوەی ئامانجی (3) و بەبڕی (1.1) ملیار دۆلار ئەنجامدراون. لەگەڵ ئەوەشدا (534) پرۆژەی بازرگانی و پیشەسازی ئەنجامدراون کە دەکەونە چوارچێوەی ئامانجەکانی (1، 8، 9 و 12)ـی نەتەوەیەکگرتووەکان. سەبارەت بە خاڵی (4)ی ئامانجەکان لە کوردستان (63) پرۆژەی پەروەردەیی ئەنجامدراون و لەم ماوەیەدا ھەوڵەکان بۆ دابینکردنی یەکسانی پەروەردەیی و کوالێتی خوێندن خراونەتەگەڕ. بەڵام  ئەوەمان بیرنەچێت کە پێویستمان بە پرۆژە و کاری زیاتریش ھەیە لەم سێکتەرەدا.

پرۆژە کشتوکاڵییەکان کە گرنگییەکی تایبەتیان پێدراوە لەم دواییەدا بە زیادکردنی بەرھەمی خۆماڵی و ھەناردەکان و بەخۆماڵیکردنی کشتوکاڵی و وەبەرھێنان لە بەرھەمە جیاوازەکان خاڵەکانی (1، 2، 8، 9، 12 و 13) دەگرێتەوە لە ئامانجەکان و لە کوردستانیش گرنگییەکانی حکومەت بە کشتوکاڵ و بەرھەمی خۆماڵی زیادی کردووە. کۆی گشتی پرۆژەکان لەم سێکتەرەدا بریتین لە (43) پرۆژە بە بری (1.2) ملیار دۆلار. بەڵام جارێک ماویەتی و ئەمە بەس نییە. پێویستە حکومەت ھەوڵەکانی چربکاتەوە بۆ کەمکردنەوەی ھەژاری و برسیەتی کە خاڵی (1 و 2)ی ئامانجەكان لەخۆدەگرێت.

پێم وایە لە خاڵی (11)ی ئامانجەکان کە تایبەتە بە بنیاتنانی شار و کۆمەڵگەی خاوێن و سەوز کە تێیدا رەچاوی گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا و رێژەیی سەوزایی و پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان کرابێت کەمتەرخەمین. سەرەڕای زۆری پرۆژە جێبەجێکراوەکانی نیشتەجێبوون کە ژمارەیان (210) پرۆژەیە بەشێکی کەمیان ئەم بنەما و پێشکەوتنانەیان لەخۆگرتووە. لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی زۆریان بوونەتە ھۆی روودانی کارەساتە سرووشتییەکان و سەرھەڵدانی چەندین کێشەی دیکە. بۆیە پێشنیاز دەکەم کە پێداچوونەوە بە کوالێتی پرۆژەکان بکرێت و رێککاری پێدانی مۆڵەت و چاودێریکردنی پرۆژەکان توندتر بکرێت.

ھەروەھا لە کۆتاییدا وێڕای دەستخۆشی و پێزانینمان بۆ حکومەت پێشنیازیش دەکەم کە لە ساڵی ٢٠٢٤ دا گرنگی زیاتر بدرێت بە ئامانجەکانی (2، 5، 6، 7، 10، 13، 15 و 16) کە رەنگە تائێستا ژمارەی پرۆژە ئەنجامدراوەکان بۆ بەدیھێنانی ئەم ئامانجانە زۆر سنوورداربن و پێویستە لە ساڵی 2024 ھەوڵەکان چربکرێنەوە بۆ بەدیھێنانیان.