سیاسی
د. سیروان حوسێن مەخمووری
د. سیروان حوسێن مەخمووری

نووسەر

ئايندەی ناوچە دابڕێندراوەكان پاش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان

کەرکووک
کەرکووک

هەر لەڕاگەیاندنی ئەنجامی هەلبژاردنەكانی هەر (15) پارێزگا دەركەوت هێزەكانی نزیك لەئێران براوەی زۆربەی كورسیەكان بوونە، ئەگەر شیكردنەوە بۆ كات و ساتی هەڵبژاردنەكە بكەین دەبینین ئەم هەڵبژاردنە بەپلەی یەكەم لەبەرژەوەندی هێزە نزیكەكانی ئێرانە بەتایبەتی هێزەكانی حەشد شەعبی كە كۆنترۆلی جومگە سەرەكیەكانی ووڵاتیان كردووە، ئەمە وێڕای بەردەوامی بایكۆتی سەدریەكان لەپرۆسەی سیاسی عیراق بۆتە هەل و دەرفەت لەلایەكی ترەوە هێزە شیعەكان هەوڵی كۆنترۆلی پارێزگاكانی سووننەیان داوە لەرێگەی سەربازییەوە و بەڵام پاش هەڵبژاردنەكان دەركەوت بۆ یەكەمجار لەڕیگەی لیستە نزیكەكانی خۆیان بگەنە ئیدارەی پارێزگا سووننەكان و پارێزگای كەركوك، پلانەكەیان لەڕێگەی ئەم هەنگاوانە بووە:

هەنگاوی یەكەم: ئەگەر ووردبینەوە پێش هەڵبژاردن لایەنە شیعەكان و هێزە نزیكەكانی خۆیان لەم پارێزگایانە بەپارەیەكی گەورە و زەبەلاح دەستیان كرد بەبانگەشە، بەجۆرێك هەر لەسەرەتاوە بەپاڵپشتی هێزی سەربازی و ماددیەوە دەستیان كرد بە كڕینی كارتی دەنگدان كە بۆ  هەر كارتێك نرخەكەی گەیشتە (50 تا 120) هەزار دینار، ئەم كارەشیان بەڕێكخراوی تاڕۆژی هەڵبژاردن جێبەجێ كرد و ئەمەش كاریگەری لەسەر گۆڕینی لە هەڵویستی زۆربەی دانیشتوانی ئەو پارێزگایانەیان كرد، بەشێوەیەك هەندێ لایەن دەنگێكی زۆریان هێناوە لەپاش 2003 وە ئەو دەنگەیان نەهێنا بۆ نموونە هەرسێ كۆتای پارێزگای نەینەوا كەكورسیەكانی هەریەك لە (مەسیحی، كوردی شەبەك، كوردی ئێزیدی) بۆ لایەنەكانی حەشد بووە، ژمارەی دەنگەكانیان جێگای گومانە لەهیچ هەلبژاردنێكی ڕابردوو بەم شێوەیە دەنگ نەهاتووە، ئەمە بۆ لیستەكانی تری نزیك لەخۆیان هەر ڕاستە، لەلایەكی ترەوە كڕینی كادیر و كەسایەتی لایەنەكان بەپارەیەكی زەبەلاح ئەوەش گومانی لەسەر پڕۆسەكە دروستكردووە.

هەنگاوی دووەم: لەم هەنگاوەیان هێزە سووننەكان و شیعەكانی نزیك لەئێران ڕێككەوتن لەسەر بەرزكردنەوەی ڕێژەی بەشداری خەڵك لەگشت پارێزگا سوونەنشین و ناوچەكانی نفوزی هەردوو لا بۆ نموونە بەشداری خەڵك لەقەزای حەویجە گەیشتە سەرووی (75%)، ئەم ڕێژەیەش لەڕابردوو رووی نەداوە، لەلایەكی ترەوە نەتەوە یەكگرتووەكان هەر لەسەرەتاوە بڕیاریان دا كەسەرپەرشتی پرۆسەی هەلبژاردن ناكات، ئەمە وێڕای ئەوەی نەبوونی چاودیری لایەنەكان لەزۆربەی بنكەكانی دەنگدان بۆ نموونە لەكەركووك لەقەزا عەرەبنشینەكان چاودیری لایەنە كوردییەكانی نەبوو هەموو ئەمانە گومانی دروستكردووە لەسەر كۆی پرۆسەكە و ئەو ژمارە زۆرەی دەنگدانی لایەنەكان.

هەنگاوی سێیەم: ئەم هەنگاوەیان بریتی یە لە قۆناغی پاش هەڵبژاردن، بەجۆرێك ئەو هێزانەی كەنزیكن لەئێران لەهەوڵی گۆڕینی بارودۆخی ناوچە دابڕیندراوەكان بەگشتی كەركووك و شەنگاڵ بەتایبەتی چونكە ئەو دوو شوێنە هەژموونی هێزەكان زیاتر زاڵە و بوونەتە خاوەن كورسی، ئەم هەنگاوەش بەمەترسیترین هەنگاوی گۆڕینی دیمۆگرافی ئەو ناوچانە دادەنرێت، بەجۆرێك ئەگەرئەم ناوچانە لەڕابردوو دووچاری شاڵاوەكانی تەعریب بوونەتەوە ئەمجارە دەبنە قوربانی شاڵاوی تەشەیووع، چونكە ئەگەر سەیری نەخشەی كورسی لایەن و پێكهاتەكانی كەركووك بكەین بەڕوونی دیارە ئەو پلانەی دارێژراوبوو بریتی بوو لەكەمكردنەوەی دەنگی كورد، وەك دەبینین لیستەكەی (راكان الجبوری) و لیستی یەكێتی نشتیمانی و كاندیدی كۆتای مەسیحی نزیك لە ئێران براوەی هەرسێ پێكهاتەی عەرەبی و كوردی و مەسیحی بوونە، ئەوەش ڕوونە ئەو پلانە یەكێتی كردە یەكەم بەڵام نەتەوەی كوردی لەم پارێزگایە لەزۆرینەی ڕەها كردە كەمینە، ئەمە وێڕای ئەوەی هەردوو لیستی نەوەی نوێ و مەشخەڵ زیاتر لە (32000) هەزار دەنگی كوردییان لەم پارێزگایە فەوتاند، هەموو ئەو پلانەیان لەپێناو ئەوەیە پارتی دیموكراتی كوردستان و هێزەكانی تری نەیاری خۆیان پەراوێزبخەن بە ویستی خۆیان ئەجیندا و سیاسەتەكانیان پیادە بكەن، هەربۆیە لەپاش ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر ئەو هەڵبژاردنە بەمەترسی ترین پیلان هەژماردەكرێت بۆ لاواز كردنی ڕۆلی كورد و تێكدانی یەكڕێزی لایەنە كوردییەكان.

بۆیە مەترسی لەسەر ئایندەی ناوچە دابڕێندراوەكان زیاتربووە و هەموو ناوچەكان لەبەردەم هەڕەشەی گۆڕانی دیمۆگرافی و ئەتنۆگرافی دان، بەجۆرێك لەهەوڵی ئەوەدان ئەو ململانێیەی نەتەوەیی یەی كە یەك سەدەیە لەنێوان كورد و عەرەبە شۆڤێینی و لایەنە توندڕەوەكانی تر هەبووە لەڕابردوو ئەمجارە دەیگۆڕن بۆ ململانێی حزبی و مەزهەبی و شەخسی و سیاسی،بەجۆرێك هەموو كارێك دەكەن تا بەهەموو ڕای گشتی ڕابگەینن كە لەعیراق هیچ كێشەیەكی نەتەوەیی نیە و لەكەركووكیش كێشەی نەتەوەیی نەماوە بووەتە كێشەی لایەنە سیاسیەكان (كوردی – كوردی) (عەرەبی – عەرەبی) (توركمانی – توركمانی).