کۆڕبەندی ئابووریی  جیهانی “داڤۆس” و گۆڕانکارییەکانی جیهان لە ساڵی 2024 دا

داڤۆس 2024
داڤۆس 2024

داڤۆسی 2024 لە نێوان 15 بۆ 19ی کانوونی دووەمی 2024 لە قوتابخانەی ناوخۆیی سویسری ئەلب لە دڵی شاری داڤۆس لە سویسرا بەڕێوەدەچێت و 54ەمین کۆڕبەندی ئابوورییە لە جیهان. لوتکەکە لەژێر دروشمی دووبارە "بنیاتنانەوەی متمانە" بەڕێوەدەچێت و تەوەری ئەمساڵ بۆ کۆبوونەوەی ساڵانە لە داڤۆس بریتییە لە 'لە تاقیگە بۆ ژیان: زانست لە کرداردا'.

بۆ یەکەمجار رێکخراوی ناحکومی گرینئاپ بە هاوکاری لەگەڵ شاری داڤۆس میوانداری ناوەندی کەشوهەوا دەکات و بەدرێژایی ماوەی کۆڕبەندەکە بۆ بەشداربووان کارادەبێت. ئەم لوتکەیە پێشوازی لە نوێنەرایەتی زیاتر لە 100حکومەت و رێکخراوە نێودەوڵەتییە پێشەنگەکان و 1000 کۆمپانیای هاوبەشی کۆڕبەندەکە و هەروەها سەرکردەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، پسپۆڕانی پێشەنگ، گەنجانی گۆڕانکاریخواز، خاوەنکار و میدیا جیهانییەکان دەکات.

کۆڕبەندی ئابووریی  جیهانی (داڤۆس) چیە؟

کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی (داڤۆس) ڕێکخراوێکی ناحکومی نێودەوڵەتییە بۆ هاوکاری کەرتی گشتی و تایبەت کە بنکەکەی لە شاری کۆڵۆنیای کانتۆنی جنێڤ لە سویسرایە. لە 24ـی کانوونی دووەمی 1971 لەلایەن ئەندازیاری ئەڵمانی کلاوس شواب دامەزراوە.

ئامانج لە دامەزراندنی کۆڕبەندی ئابووری  جیهانی (داڤۆس) چیە؟

کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی (WEF) ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی سەربەخۆیە و کاردەکات بۆ باشترکردنی بارودۆخی جیهان. هەروەک لە پەیامەکەیاندا هاتووە "دەرفەتی بەشداریکردن بۆسەرکردەکانی جیهان، لەوانە سەرکردە بازرگانی و سیاسی و ئەکادیمی و سەرکردەکانی دیکەی کۆمەڵگای مەدەنی دەڕەخسێنێت تابتوانن بەشداری بکەن لە داڕشتنی ئەجێندا جیهانی و ناوچەیی و پیشەسازییەکان".

داڤۆسی ساڵی 2024

داڤۆسی ساڵی 2024 کۆڕبەندی ژمارە 54ـەمینە لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی. لە (15 تا 19ـی کانوونی دووەمی 2024) لە قوتابخانەی ناوخۆیی سویسری ئەلب لە دڵی شاری داڤۆس بەڕێوەدەچێت. ئەم کۆربەندە لەسەر بنەمای ڕۆحی "گەڕانەوە بۆ بنەماکان" بەڕێوەدەچێت و دەرفەتی ئەنجامدانی گفتوگۆی کراوە و بنیاتنەرانە لە نێوان سەرکردەکان و نوێنەری وڵاتان و بازرگان و کۆمەڵگەی مەدەنی بەرجەستە دەکات. ئامانج لەم کۆڕبەندە یارمەتیدان و بەستنەوەی خاڵە هاوبەشەکانە لەم ژینگە ئاڵۆزەی لە پەیوەندی نێوان وڵاتان هاتۆتە ئاراوە. هەروەها دووربینی لە ڕێگەی ناساندنی نوێترین پێشکەوتنەکانی زانست و پیشەسازی و کۆمەڵگا بەرجەستە دەکات.

بەگشتی داڤۆس ئامانجی رەخساندنی دەرفەتی گفتوگۆیە لەنێوان سەرکردە نوێخوازەکان لەسەر بابەتگەلێک کە لە پێکهاتە سیاسییەکانی ئێستا و نیگەرانییە جیۆپۆلەتیکییەکانەوە دەست پێدەکات، تا دەگاتە کێشە ئابووری  و بازرگانی و کێشە ژینگەییەکان و تەحەددیاتی سەرکردایەتی و رۆڵی هونەر لە کۆمەڵگەدا. دانیشتن و چاوپێککەوتنەکان لە داڤۆسی ئەم ساڵ نوێترین پێشنیازەکان بۆ پێشکەوتن لەسەر ئاسایشی جیهانی، بازرگانی، گەشەی ئابووری، هەلی کار، گۆڕانکاری کەشوهەوا و گواستنەوەی وزە و پچڕانی تەکنەلۆژیا و تەندروستی و خۆشگوزەرانی لەخۆدەگرێت. لە راستیدا کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی سەکۆیەکە بۆ گفتوگۆ و کارلێککردن لەسەر پرسە قەیراناوییەکانی نێوان خەڵک و زانایان، سەرکردەکانی بازرگانی و داڕێژەرانی سیاسەت بەمەبەستی باشترکردنی بارودۆخی جیهان. تەوەری سەرەکی لە داڤۆسی 2024 بریتییە لە "لە تاقیگەیەکەوە بۆ ژیان: زانست لە کرداردا".

دووبارە بونیادنانەوەی متمانە

یەکێک لە تەوەرەکانی ئەم کۆڕبەندە بریتیە لە "بونیادنانەوەی متمانە" کە ئامانجی گەڕاندنەوەی یەکڕیزی و پتەوکردنی بنەما سەرەکییەکانی شەفافیەت و یەکدەنگی و لێپرسینەوەیە لەنێوان سەرکردەکاندا. هەروەها یەکێک لە بەرنامەکانی کۆڕبەندەکە بریتییە لە بەرجەستەکردنی گیانی "گەڕانەوە بۆ بنەماکان" لەسەر بنەمای گفتوگۆیەکی کراوە و بنیاتنەرانە لەنێوان سەرکردەکان و نوێنەری حکومەت و بازرگانی و کۆمەڵگەی مەدەنیدا. ئامانجیش لەمە بریتییە لە دروستکردنی تێڕوانینێک لە رێگەی خستنەڕووی نوێترین پێشهاتەکانی زانست و پیشەسازی و کۆمەڵگە. لەگەڵ ئەوەشدا یارمەتیدەرە بۆ بەستنەوەی خاڵە هاوبەشەکان لە ژینگەیەکی ئاڵۆزتردا.

بەشێوەیەکی گشتی  کۆڕبەندەکە تیشک دەخاتە سەر چوار تەوەرەی سەرەکی:

1. دەستەبەرکردنی ئاسایش و هاوکاری لە جیهانێکی لێکترازاودا.

2. گەشەکردن و خۆئامادەکردن بۆ رەخساندنی هەلیکار بۆ سەردەمێکی نوێ.

3. زیرەکی دەستکرد وەک هێزێکی بزوێنەری ئابووری و کۆمەڵگە.

4. ستراتیژی درێژخایەن بۆ کەشوهەوا و سرووشت و وزە.

کێن ئەوانەی بەشداری داڤۆس 2024 دەکەن؟

ئەمساڵ زیاتر لە 300 کەسایەتی ناسراو و دیار بەشداری لە کۆڕبەندەکە دەکەن و لەنێویشیاندا زیاتر لە 60 سەرۆکی وڵاتان و نوێنەری حکومەتان لەخۆدەگرێت. نوێنەرایەتییەکی بەهێز لە هەموو ناوچە سەرەکییەکانی جیهانەوە بەشداری دەکەن. هەروەها دیارترین سەرۆکی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە بەشداری ئەم کۆڕبەندە دەکەن بریتین لە (ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس - سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، کریستالینا جۆرجیڤا - بەڕێوەبەری کارگێڕی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی، ئاجای ئێس بەنگا - سەرۆکی گرووپی بانکی نێودەوڵەتی، نگۆزی ئۆکۆنجۆئیوێلا - بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی، جێنس ستۆڵتنبێرگ - سکرتێری گشتی ناتۆ، تێدرۆس ئەدهانۆم گیبریسوس - بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی و ئاچیم شتاینەر - کارگێڕی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوەیەکگرتووەکان).

نزیکەی 1600 سەرکردەی بازرگانی بەشداری دەکەن، لەنێویاندا زیاتر لە 800 بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیا و دامەزراوە سەرەکییەکانی جیهان و سەرۆک و ئەندامان و هاوبەشەکانی کۆڕبەندی ئابووری جیهان لەخۆ دەگرێ. هەروەها زیاتر لە 150 داهێنەری جیهانی، پێشەنگانی تەکنەلۆژی و یونیکۆرن دەبن کە دەستێکی باڵایان هەیە لە گۆڕانکاریە پیشەسازییەکان.

هەروەها زیاتر لە 200 ئەندامی کۆمەڵگەی داڕێژەرانی جیهانی، سەرکردە جیهانییە گەنجەکان و خاوەنکارەکان بەشداری لەم کۆڕبەندە دەکەن بۆ نمایشکردنی داهێنان و خستنەڕووی چارەسەرە ناوخۆییەکان. هەروەها زیاتر لە 150 پسپۆڕ و سەرۆکی زانکۆ پێشەنگەکانی جیهان و دامەزراوە توێژینەوەیی و دامەزراوە هزرییەکان  و زیاتر لە 40 ڕێکخراوی ناحکومی و سەرکردەی ئایینی و نوێنەری کۆمەڵگەی مەدەنیش بەشداری دەکەن.

کاریگەرترین سەرۆکەکانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە بەشدار دەبن لەم کۆڕبەندە بریتین لە (کیرستن شویج - بەڕێوەبەری گشتی، دەیڤید میلیباند - سەرۆکی لیژنەی رزگارکردنی نێودەوڵەتی، لوک سێگۆشە - سکرتێری گشتی کۆنفیدراسیۆنی نێودەوڵەتی سەندیکاکان و تیرانا حەسەن - بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ).

لە داڤۆسی ساڵی  ڕابردوو وشەی 'فرەقەیران'  تەوەرەی سەرەکی گشت کۆبوونەوەکان بوو. بۆ ئەمساڵیش بۆرگێ برێندێ، سەرۆکی کۆڕبەندەکە ئاماژەی بەوەداوە کە "لە کاتێکدا ئاستەنگە جیهانییەکان پێویستیان بە چارەسەری بەپەلە هەیە، هاوکاری داهێنەرانە و گشتی و تایبەتمان پێویستە بۆ گۆڕینی بیرۆکەکان بۆ کردار". هەروەها جەختی لەوە کردۆتەوە کە “کۆڕبەندەکە پێکهاتەی پەرەپێدانی توێژینەوە، هاوپەیمانی گشتی و دەرفەتی هاوکاریی ئەرکدار دابین دەکات کە بتوانێ بە درێژایی ساڵ کار بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکان بکرێ. کۆڕبەندی 2024یش وەک ئامرازێک بۆ خێراکردنی هەماهەنگیەکان دەبێت و پەیوەندییەکانی نێوان سەرکردەکان و دەستپێشخەرییەکان قووڵتر دەکاتەوە.”

ئەوەی شایانی باسە داڤۆسی 2024 یەکێک دەبێت لە گرنگترین کۆربەندەکان دوای ساڵی 2020 و قۆناغەکانی کۆتایی هاتنی کۆرۆنا. هاوکات لەگەڵ ئەجیندا و ناوەڕۆکی کۆڕبەندەکە کۆمەڵێك بابەت و تەوەرەی دیکەی گرنگ و هەنووکەیی جیهانی هەن کە پێشبینی دەکرێ لە دانیشتن و چاوپێککەوتنەکانی نێوان سەرۆک و نوێنەرایەتی وڵاتان گفتوگۆی لەبارەوە بکرێ. لەوانەش ڕووداوەکانی ئەم دواییەی جیهان وەک قەیرانی کەشوهەوا و جیهانی دوای پەتای کۆڤید-١٩، شەڕی ئۆکرانیا و جەنگی نێوان ئیسرایل و حەماس و نیگەرانییەکان لە بەرزبوونەوەی تێچوونەکان و ئاستەنگەکانی بەردەم ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هەنگاونان بەرەو بەدەستهێنانی ئامانجە نێودەڵەتیەکان (SDGs).

کەواتە پرسیارە گرنگەکان بۆ بەشداربووانی کۆڕبەندەکە ئەوەیە: ئایا ساڵی 2024 دەبێتە ساڵی قەیرانی هەمیشەیی؟ یاخود ساڵی 2024 دەبێتە گۆڕەپانی قۆناغی چاکبوونەوە و چارەسەرکردن؟