نرخی نان و مێتۆدی من براوە و تۆ براوە

نان
نان

مشتومڕەکانی ئەم دواییەی میدیاکان و کاسبکاران و شەقام بەگشتی سەبارەت بە بڕیارەکانی حکومەت بۆ گۆڕانکاری لە نرخی نان و چەندیەتی بڕی ئەم نانەی کە هاوڵاتییەک دەتوانێت لەپای پێدانی بڕی 1000 دینار بەدەستی بهێنێت، کاسبکاران و هاوڵاتیانی دابەشکردووە بەسەر چەند لایەنێک. بەشێکیان وەکو کار ئاسانی و  پاکێجی هاوکاری حکومەت بۆ هاوڵاتیان هەژماری دەکەن. بەشێکی دیکەیان بە بارگرانی و ئاستەنگی دەزانن و پێیان وایە ئەم بڕیارەی حکومەت بارگرانیە بەسەر کاسبکاراندا. بەتایبەت نانەواخانەکان. دەتوانین بۆچوونی هەردوو لایەن بەهەنەد وەربگرین و هەڵوەستەی لەسەر بکەین. لە کۆتایی ئەم وتارەشدا بڕیار بدەین لەوەی کامە بۆچوون دروستە و کامە لایەنیش پێویستی بە بەرچاوڕوونی زیاتر هەیە لەسەر بابەتەکە.

با لەخۆمان بپرسین و بڵیین؛ هەر بەڕاست ئەم بڕیارە بارگرانیە یاخود کار ئاسانی گشتی؟

ئێمە وەکو بەکاربەر پێویستە پرسیاری ئەوە لەخۆمان بکەین کە ئایا داشکان لە نرخەکان (کەمکردنەوەی نرخەکان) بۆ ئێمە سوودی زیاترە یاخود بەهێزکردنی توانای کڕین لەڕێگەی زیادکردنی بڕی بەرهەم، بەهەمان ئەم بڕە پارەیەی کە ئامادەین بیدەین بۆ بەدەستهێنانی بەرهەمەکان (بەدەستهێنانی بەرهەمی زیاتر بەبێ خەرجکردنی پارەی زیادە). بۆ منی بەکاربەر بەنموونە، ئایا  8 دانە نان بە 1000 دینار بکڕم سووودی زیاترە یاخود 10 دانە نان بە 1000 دینار؟ با ئەمە سیناریۆی یەکەممان بێت.

تاوەکو ئێستا بارودۆخەکە بەم شێوەیەبووە، بازاڕ و بەکاربەران ڕاهاتبوون لەگەڵ دۆخی بازاڕ. واتە فرۆشیار بڕوای وابوو بە فرۆشتنی 8 دانە نان بە 1000 دینار دەتوانێت تێچوونەکانی پڕ بکاتەوە و قازانجی خۆی دیاری بکات. هاوڵاتیانیش وەکو بەکاربەر سەرەڕای تێبینی و ناڕەزایی تاڕادەیەک بێ هەڵوێستبوون بەرامبەر بە کڕینی 8 دانە نان بە 1000 دینار.

لێرەدا حکومەت وەکو لایەنی سێیەم کە ئەرکی چاودێریکردن و بەدواداچوونە بۆ کێشە و ئاریشەکانی هەردوولا. هەم لایەنی یەکەم وەکو فرۆشیار (نانەواخانەکان) و هەم لایەنی دووەم وەکو کڕیار (هاوڵاتیان). بۆیە پێویستە بەدواداچوون بکات و هەڵسەنگاندنی بەردەوام ئەنجام بدات. لەکوێش درکی بە ئاریشەیەک کرد دەستتێوەردان بکات.

هەربۆیە لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی خۆی، حکومەت دوای هەستکردن بە جیاوازی نێوان بڕی نرخ و خستنەڕووی نان هەڵساوە بە ئەنجامدانی گۆڕانکارییەک لە زیادکردنی بڕی خستنەڕووی بەرهەمی دیاریکراو کە (نانە) بەرامبەر بە هەمان نرخی پێشوو لەپێناو ئاسانکاری و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر لایەنی دووەم کە هاوڵاتیان و کڕیاران دەگرێتەوە. لەهەمان کاتتدا، توانیویەتی بە خستنەڕووی پاکەیجێکی هاوکاری بۆ نانەواخانەکان بە دابینکردنی پێداویستیەکانی بەرهەمهێنان بە تێچوونێکی کەمتر وەکو قەرەبوویەک بۆ ئەم گۆڕانکارییەی لە بڕی خستنەڕوو ئەنجامیانداوە. ئامانجیش لەمە ڕاگرتنی بالانسی نێوان بەرهەمهێنەر و بەکاربەرە و جێبەجێکردنی مێتۆدی من براوە و تۆ براوەیە (Win-Win) کە گونجاوترین مێتۆدە بۆ گۆڕانکارییەکی لەم شێوەیە.

دوو لە گرنگیەکانی ئەم بڕیارە، کە تاوەکو ئێستا پێموایە حکومەتیش ئامانجەکەی خۆی نەپێکاوە لەرووی مارکێتینگ و زەمینەسازی بۆ دەروونی فرۆشیار، ئەویش بریتیە لە هاوکارییەکانی بۆ بازاڕ و زیادکردنی بڕی ئەم نانەی نانەواخانەکان رۆژانە دەیفرۆشن. واتە گۆڕانکاری لە نرخی نان ئەنجام نەدراوە (ئەوەی ڕوویداوە داشکان نەبووە لە نرخی ناندا وەکو نرخ)، بەڵکو پاکێجێکی هاندانە بۆ زیادکردنی بڕی فرۆشتن بە هەمان نرخ بەرامبەر بە پاکێجی هاوکاری حکومەت بۆ نانەواخانەکان. واتە لەبری ئەوەی حکومەت نانەواخانەکان ناچار بکات نرخی 8 نان بکەن بە 750 دینار، ئەوا هەوڵیداوە لەرێگەی زیادکردنی بڕی فرۆشتن گۆڕانکاری بکات، واتە 10نان بفرۆشن بە 1000 دینار. ئەمەش بەم مانایەی نانەواخانەکان هەم بڕی فرۆشتنەکانیان زیاد دەکەن هەم سوود لەم پاکێجی هاوکاریە وەردەگرن کە لەلایەن حکومەتەوە بۆیان دابین دەکرێت. هەروەها هاندانێکیشە بۆ بەرزکردنەوەی خواستی بەکاربەر و ڕاکێشانی هاوڵاتیان تا زیاتر ڕوو لە نانەوا خانەکان بکەن و بە نرخێکی کەم بەرهەمێکی زیاتریان دەست بکەوێت.

ئەم جۆرە دەستتێوەردانەی حکومەتەکان لە بازاڕدا بە گرنگ دادەنرێ. لە بڕیاری لەم شێوەیەدا، هەم کڕیار و هەم فرۆشیار لە پاکێجەکانی حکومەت سوودمەند دەبن و هاوڵاتیانیش هەست بە ئارامی و سەلامەتی دەکەن. ناڕێکیەکانی بازاڕیش کەم دەبنەوە. بۆیە هەنگاوی لەم شێوەیە نەک تەنها لە نرخی نان بەڵکو لە بەرهەمە خواردەمەنییەکانی دیکەی وەکو گۆشتی سوور و مریشک و بەرهەمە خواردەمەنیەکانی دیکەش گرنگە تا لەڕێگەیەوە حکومەت بتوانێ کار بکاتە سەر ئاستی خۆشگوزەرانی و یەکسانی کۆمەڵاتی و نەهێشتنی هەژاری و برسیەتی لەنێو هاوڵاتیاندا.

لەلایەکی دیکەشەوە زەمینەسازیە بۆ ئامادەکردنی هەرێمی کوردستان و خۆ گونجانە لەگەڵ ئامادەکارییەکانی جیهان بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی هەژاری و برسیەتی و نایەکسانی کۆمەڵایەتی هەروەک لە خاڵەکانی یەکەم و دووەم و دەیەمی  ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام (SDGs)ی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە 17 ئامانجی هاوبەشی جیهانین لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پلانی بۆ داڕیژراوە و تا ساڵی 2030 کاری لەسەر دەکرێت.