نەسرەدین گۆرۆنی
نووسەر
بە یادی 121 ساڵەی لەدایکبوونی مستەفا بارزانی کاریزمای سیاسی لە بارزانی نەمرەوە بۆ مەسرور بارزانی
یادی راپەڕینی ساڵی 1991 و ساڵڕۆژی لەدایکبوونی سەرکردەی مەزن مستەفا بارزانی لە مانگی ئاداردا یادێکی گەورە و لەبیرنەکراوە و شانازییەکی گەورەی شکۆدارە بۆ کوردستان.
مستەفا بارزانی بە خەباتی بێوچان و دانەبراوی بۆ رزگاری کوردستان کە هەموو تەمەنی خۆی کردە قوربانی، توانی رێباز و فکر و فەلسەفەیەکی سیاسی نوێ بهێنیتە کایەوە، کە بوو بە چرا و رێنیشاندر لە میتۆدێک بۆ خەباتکردن، بێ خۆچەماندن و سازشکردن.
پاشان لەدوای خۆی نەوەکان و هاوخەبات و تێکۆشەرانی کورد پەرەیان بەم ریبازەدا و کردیانە ئامانج و ستراتیژییەکی بەرفراوان بۆ تێکۆشان لەپێناو رزگاری نیشتمانی کوردستان.
راپەڕینی کوردستان بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی بارزانی نەمر و هاوڕێباز و نیشتمانپەروەرانی تری بزووتنەوەی شۆڕشگێرانی کوردستان بوو، کە هەرگیز کۆڵیان نەدا لە هەڵمەتی وشیارکردنی تاکی کورد بۆ بەردەاومی دژی دیکتاتۆرییەت و زوڵم و ستەم، بەتایبەتی بەرخودان دژی رژێمی بەعسی عەرەبی لە عێراقدا.
لەهەمانکات راپەڕینیش توانی ئەزموونی پەرلەمان و حکومەتی هەرێم دروست بکات، کەواتە رێبازی بارزانی خەباتی گەلی کورد بوو کە توانی راپەرین دروست بکات، پاشان ئەزموونی رزگاری باشووری کوردستان لەچوارچێوەی دەستەڵاتی خۆجێی بەدەستبهێنێت. هەر بۆیە پاراستن و بەهێزکردنی ئەم ئەزموونی حکومڕانییە.. پاراستنی سامان و کولتور و دونیابینی خودی بارزانی نەمڕۆ ڕیبازەکەیەتی.
هەر ئەم باوەڕ و قوتابخانەیە گەوەرەیەی مستەفا بارزانی کەسانی وەک سەرۆکوەزیران کاک مەسروور بارزانی پێگەیاندووە، کە زۆر وردبین و لۆجیکانە مامەڵە دەکات بۆ پاراستنی ئەم ئەزموونی حوکومرانییە لە هەرێمی کوردستان. کەتیایدا جگە لەپاراستنی ئەم دەستکەوتە مەزنە، ئینجا بەرەوپێشبردن و توکمەکردنێتی بۆ راوستان دژی هەموو رەشەبا و تۆفانی رۆژگارێک، کە بەڕای من ئەویش بەم دوو رێگایە مەیسەر دەبێ، یەکەم خەبات دژی گەندەڵی و ریفۆڕم و خزمەتگوزارانی هاوڵاتیان. دووەم بەهێزکردنی پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ دونیا بەتایبەتی وڵاتانی خاوەن دەستەڵات پێگەی گەورە لە جیهاندا.
مەسرور بارزانی لە بواری ئیداری و کارگێڕیدا بێ ماندووبوون بەردەوام لە جوڵەی بەرفراواندایە کە یەکەم گەندەڵی بنبڕبکات، پاراستن و سەربەخۆی و سەروەری ئەم ئەزموونی هەرێمی کوردستانە لەلاوازی و کەوتن بپارێزێ؛ دووەم لە رووی دیپلۆماسی پەیوەندی ناوچەیی و نێونەتەوەییدا کورد لە چەندان کەناڵی هەمەجۆری سیاسی - دبلۆماسی پەیوەندگیری دەکات و ئەو پایە بەهێزانەی هەرێمی کوردستانی لەسەر بەندە پۆڵا ئاسا پتەوتر بکات، بۆئەوەی جارێکی تر بەبڕو بیانووی لاوەکی دەستەڵاتی حکومەتی عێراقی خۆی نەسەپێنێ بەسەر کوردستاندا.
هەڵبەتە جێی داخە دوژمنانی کورد و هەرێمی کوردستان تەنیا لەدەروەی جەستەی هەرێمی کوردستان نین، بەڵکو لە ناوخۆشدا وەک دێوەزمەیەکی رەش دەستی داگیرکەر پەلكێش دەکەن، وەک کرمێکی (چەندسەرە) بەربوونەتە ناو رەگەکانی کێڵگەی پاراوی نیشتمان، ئەمڕۆکە بەئاشکرا زۆر لایەنی دیاری ناو ئەم هەرێمە خەبات دەکەن بۆ لاوازی هەرێم و لە بەرامبەردا بەهێزکردنی حکومەتی عێراقی.
ئەجندا و دوونیابینی مەسرور بارزانی لە سەر سەکۆی سیاسەت و دەوڵەتداری، هەر زوو بە ئاشکرا و بێ تەم و دوور لە لێڵی خۆی بەیانکرد و بە شێوەیەکی کردەکی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەهێزبوون و سەربەخۆیی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک سیستەمێکی فیدڕاڵی (کە بەپێی دەستوری عێراق پارێزراوە) هاوجووت و وێکڕا لەگەڵ چارەسەرکردنی مووچەی هاوڵاتیانی هەرێم و بەرەوپێشبردنی باری ژیاری و ئابووریان ستراتیژییەکی چارەنووسازی یەکجار گرنگ بووە بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەو پێیوابووە هەر پاشەکشییەک لە دیموکراسی و سیستەمی فیدڕاڵی لەعێراقدا دەرگای دۆزەخێکی نوێ بۆ ژیانی پێکەوەبوون و رۆحی بەشداریکردن بۆ ئایندەیەکی خۆشگوزەران دروستدەکات، چارەسەرکردنی مووچەو کێشەداراییەکان لەگەڵ حکومەتی ناوەند تاکە ئامانجی کورد نەبووە، بەڵكو سەروەریی و پاراستنی ئەزموونی حکومەت و پەرلەمانی کوردستان (کە بەرهەمی راپەرین و خەباتی چەندان سآلی کوردبووە بە هەموو قوربانیەکانیەوە) ئامانجێکی گەورەتر و رۆح و جەوهەری پرسی کوردە، بنچینە یان بناغە هەرە گرنگەکەیە کە هەموو ئامانجەکانی تر لەسەری بەندە و راوەستاوە.
سەرتاپای مێژووی کورد بریتی بووە لەململانێ و خەبات و شۆڕشی خوێناوی دژی داگیرکاری حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانی عێراق بۆ بە دەستهێنانی مافی چارەنووس و سەربەخۆیی و دەستکەوتنی ئازادی بەدەستهێنانی دەستەڵاتی خۆجێیی کورد لەناو سنووری خاکی خۆیدا، نەک دەستکەوتی مادی و نەوت و دابینکردنی مووچە، هەڵبەتە ئەوانەی تر گرنگن، بەڵام ئەمە ئامانجە سەرکیەکەیە کە رێبازی بارزانی لەسەر بوونیاد نراوە، لەگەڵ ئەوەشدا لەم رێبازەدا خاڵێکی یەکجار گرنگ تیایدا دەدروشێتەوە کە دەستپاکی و پاراستن و بە هەدەر نەدانی سامانی کوردستانە، بەجۆریک ژێرخان و ئابووری و سەرمایەی کوردستان بەشێکە لە ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی کوردستان.
خاڵێکی تر لە میتۆد و کاری مەسرور بارزانی گواستنەوە و گەیاندنی پرسی کوردە بۆ سەکۆی نێونەتەوەی بە شێوازێکی مۆدێرن و جیاواز، دۆزینەوەی چەندان کەناڵی نوێ و سەردەمیانە بۆ دروستکردنی هاوڕێ و دۆستی نوێ بۆ گەلی کورد، بەشداری کردنی سەرۆکی حکومەت و نوێنەرو و نمایندەکانی سەر بە حکومەتی هەرێم لە کۆبەند و کۆنگرە و دانیشتنە فراوانەکانی ئابووری و ئاسایش و دبلۆماسی و سیاسی، شارستانی و کولتوری، بەشداری لە زانکۆ و بازاڕ و نمایشخانە مەزنەکانی تەکنەلۆژیا و بوارە هەمەجۆرەکانی تردا؛ دۆزی کوردی گوازتۆتەوە بۆ قۆناغێکی پێگەیووی هەستیار و زیندوو بە ڕووی دونیادا، شێوازی کاری حوکومڕانی لە نیشاندان و دارشتنی پلان و چۆنێتی جێبەجێکردنی ئامانجەکان بەرهەمـی ڕۆشن و دەستکەوتی بەرچاوی دروستکردوە، هەر ئەمەش مەسرور بارزانی لە کەسێکی سیاسی فەرمانڕەوا و ئیداری و دەوڵەتدارییەوە گواستۆتەوە بۆ کەسیکی کاریزمای سیاسی و سەرکردەی ژیری لێهاتوو کە زۆر بە ئارامییەوە بارزانی نەمر ئاسا مامەڵەی سیاسی و پرۆژەکانی خۆی دەخاتە بواری پراکتیکەوە. مستەفا بارزانی نەمر لە چوارچێوەی پارتی دیموکراتی کوردستان چووبووە دەرەوەو بە دامەزرادنی ریبازێکی نەتەویی و نیستمانی ئازادیخوازانە بوو بە سەرکردەیەکی مەزن بۆ هەر چوارپارچەی کوردستان، هەموو لایەنە سیاسیەکانی دۆست و دوژمنی بە چاوێکی زۆر بەرزەوە لێیان دەروانی، چونکە بێ سڵەمینەوە ئاشقی خزمەتکردن بوو بە میللەت. ببوو بەسەرچاوەی بیری شۆڕشگیری و رابوون و بەرگری بۆ هەموو تاکێکی ئازادی خواز و تینووی سەربەستی.
ئەشق و تامەزرۆیی مەسرور بارزانی بۆ خزمەتکردن و سەقامگیری و بەربەرچدانەوەی نادادی و نەمانی گەندەڵی و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگای هەرێمی کوردستان لە ئاستی کەسێتی سیاسی بەرزتر باڵای کردووە و گۆڕدراو بۆ کەسی کاریزمای سیاسی، ئەمەش هیوایەکی یەکجار گەورەیە بۆ دواڕۆژی کوردستان کە دەستێکی ئەمین و پارێزراو و خزمەتکار بەمیللەت چارەنووسی ئەم هەرێمەی هەڵگرتووە، کەسێک هیج پێویستی بە خۆنواندن و نەڕە و هاواری نێرگسی نیە، کە بەشێوازی سەیری خۆگۆڕین و خۆ سوورکردنەوە و هەڕەشە و دەست وەشاندنی هەرزەکارانە و جوڵەی نائاسایی بێتە بەردەم مینبەرەکان، بەڵکو بە ئارامی و باوەڕبوونێکی بەهێزەوە تەنیا بەکردار و پرۆژەی خزمەتگوزاری و چاکسازی ڕاستەقینە و خزمەت بە میللەت.. گرەوی سەرکەوتن دەباتەوە، بەڵام لە هەموویان گرنگتر و لە پێشینە تر بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ هەڵگرتنی پەیامە مەزنەی مستەفا بارزانی یە کە: "هیچ سامان و تاجێکی شاهانەی ئەم دونیایە ناتوانێ مساوەمەمان بە کێشەی خاکی کوردستان پێبکات".
لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی بارزانی نەمر لە ناو دڵی یادی راپەڕین شکۆداردەبێ بە پاراستنی دەسکەوتەکان و یەکگرتووی لایەنە سیاسیەکانی کورد دژی هەموو ئەوانەی دەیانەوێ بچینەوە ژێر گورزی دوژمنان ئینجا ئەو گورزە وشەبێ لەسەر پەڕاو یان کوتەک بێ بۆ جەستەمان.