گرنگترین ئاستەنگەكانی زیرەکی دەستکرد لە كاری رۆژنامەوانیدا چییە؟
یەکێک لەو ئالنگارییانەی کە AI دەیکات لە رۆژنامەگەریدا، دوورکەوتنەوەیە لە لایەنگری و زاڵبوونی هەستی نووسەر و پرۆدیوسەر لەسەر بابەت و وردبوونەوە و دڵنیابوونەوەیە لە بابەتەکە، چونکە سیستمی زیرەکی دەستکرد بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەی باوەڕپێکراو و جۆراجۆر، زانیارییەکانت پێ دەبەخشێت وە لە هەمان کات دەتوانیت راهێنانی پێ بکەیت کە زانیاری دروست و تەواو پڕ لە ناوەڕۆکت پێشکەش بکات، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت چاودێرێک هەبێت وەک چاودێری مرۆیی بۆ پێداچوونەوە لە کوالێتی و ناوەڕۆکی بابەتەکە.
پشت بەستنی کەناڵەکانی راگەیاندن بە تەکنیکی زیرەکی دەستکرد لە چ ئاستێکدایە؟
خۆی پێویستە لەم سەردەمەدا میدیا پشت بە زیرەکی دەستکرد ببەستێت و وە پشبەستن پێوەی گرنگە، بۆ نموونە ژووری هەواڵ دەتوانێت بۆ شیکارکردنی داتا و وردبینی بەکاری بهێنێت، تەنانەت بۆ نووسینی راپۆرتێکی سادە و ئەنجامە وەرزشییەکان و نوێکارییە ئابوورییەکان و داراییەکان.
هاوکات زیرەکی دەستکرد دەتوانێت هەواڵەکان لە ماڵپەڕ و ئەپڵیکەیشنەکانی تایبەت بە دەزگا میدیاییەکە بە کەسایەتی بکەن واتە دیاری بکرێت کە چ جۆرە بابەتێکە و چ جۆرە خوێنەرێکیش ئەم بابەتەی دەوێت و یان کامە بابەت بەلایەوە گرنگە بەپێی خواستی خوێنەرەکە هەواڵەکە دەبینێت.
میدیا وەک دیارە دەیەوێت ئەم سنوورە تێپەڕێنێت و بچێتە ناو جیهانی زیرەکی دەستکرد بەڵام ترسی ئەوەی هەیە کە نەتوانێت هاوسەنگی رابگرێت لە نێوان توانای تەکنەلۆژی و مرۆیی، چونکە هەموو دەزگایەکی میدیایی خاوەن سیاسیەتی تایبەت بە خۆیەتی و دەیەوێت لەگەڵ هەموو نوێکارییەک ئەو رێچکەیە لە دەستنەدات و وەکو خۆی بمێنێتەوە.
ژێرخانی تەکنیکی دامەزراوە میدیاییەکان لە توانایدایە کار لە بواری زیرەکی دەستکرد بکات یاخود لاوازە؟
ژێرخانی تەکنیکی دامەزراوە میدیاییەکان بە تایبەت لە میدیا گەورەکان بەهێزە و دەتوانن زیرەکی دەستکرد بەکاربهێنن و پێشی بخەن، بەڵام بۆ ئەو مەبەستە پێویستی بە سیستم و کەسانی پسپۆڕە لەم بوارە کە توانای مامەڵەکردنیان لەگەڵ زیرەکی دەستکرد هەبێت.
ئایا زیرەکی دەستکرد سوودی راستەقینەی هەیە بۆ بوارە جیاوازەکانی میدیا؟ یاخود تەنیا پێشبڕکێیەکی تەکنیکییە لە پێناو سەرنجراکێشانی وەرگر؟
بەدڵنیاییەوە زیرەکی دەستکرد سوودی راستەقینەی لە میدیا هەیە! تەنیا بۆ سەرنجراکێشانی وەرگر نییە!
چونکە زیرەکی دەستکرد یارمەتی رۆژنامەنووسان دەدات خێراتر لە جاران داتاکان بنکۆڵ بکەن، بۆ دۆزینەوەی ئەو بابەتانەی کە گرنگن، هەروەها دەتوانێت هەواڵە رۆتینییەکانی وەکو کەشوهەوا و نرخی دۆلار و دینار بە تۆماتیکی بکات، ئەمەش کاتێکی ئێجگار زۆر بۆ هەواڵساز و رۆژنامەنووسان دەگێڕێتەوە و کاتیان پێ دەدات لێکۆڵینەوەی قوڵتر بکەن بۆ بابەتەکانی دیكه کە گرنگن.
بۆیە زیرەکی دەستکرد ئامرازێکە بۆ ئاسانکردن و بەهێزکردنی کارەکان لەناو میدیادا بە پێچەوانەوە نەزانینی بەکارهێنان دەبێتە کێشە و ئەوکات تەنیا بۆ سەرنجراکێشانی وەرگر هیچ سوودی دیكهی نابێت.
ئایا میدیای کوردی لە رووی (ماددی و مرۆیی)ـەوە لە توانایدایە پێویستییەکانی زیرەکی دەستکرد دابین بکات؟
دەستپێکردنی هەموو کارێک پێویستی بە نەخشەسازی و دارشتنی پلانە، دەبێت بپرسیت کە ئایا چۆن دەستپێدەکەیت، کەی دەستپێدەکەیت؟ لەگەڵ کێ دەستپێدەکەیت؟ و بۆ دەستپێدەکەیت، ئەگەر وەڵامی ئەو پرسیارانەمان لابوو، ئەوکات لە لایەنی مرۆییەوە کێشەمان نابێت و تەنیا ماددی پێویست دەبێت، کە ئەمەش بەڕای من ئێستا هەموو دامەزراوە میدیاییەکان لە توانایاندایە لەرووی تەکنیکییەوە بەرەوەپێش بچن و تێچوو بۆ ئەو بابەتانە دابین بکەن، چونکە تێچووەکەی ناگاتە 10%ـی ئەو تێچووانەی کە بۆ بابەتی دیكهی میدیایی بەکاردەهێنرێن.
رۆژنامەوانان لێهاتوویی تەواویان هەیە لە بەکارهێنانی بەرنامەکانی زیرەکی دەستکرد؟
بەڕای من رۆژنامەنووسان پێویستە کاتێکی زیاتر لە پەرهپێدان و بەرەوپێشچوونی خۆیان لەو بوارە تەرخان بکەن، چونکە ئەوەی ئێستا دەبیندرێت لە ماڵپەڕ و تەلەڤزیۆنەکان، رەنگدانەوەی دڵ و دەروون و ئاستی هۆشیاری و مرۆیی ئەو رۆژنامەنووسانەن، لە دەرئەنجامدا دەردەکەوێت کە هێشتا زۆر ماوە بگەن بەو ئاستە کە مامەڵە لەگەڵ زیرەکی دەستکرد بکەن، بەڵام لەهەمان کات خەڵکمان هەیە زۆر لێهاتوون و پێویستە هەلیکار بدرێت بەو کەسانە کە پسپۆڕ و شارەزا و توانای وەرگرتنی ئەو جۆرە بابەتانەیان هەیە، چونکە رۆژنامەنووس لێرە دەبێت بەلایەنی کەم بزانێت مۆبایل و کۆمپیوتەر و ئینتەرنێت بەکاربهێنێت، هاوکات زمانی ئینگلیزی بزانێت تاوەکو بتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە بکات.
تێچووی بەرزی تەکنەلۆژیاکانی زیرەکی دەستکرد ئالنگارییەکی سەرەکییە لە تەوزیفکردنی کەرەستە و ئەپەکانی زیرەکی دەستکرد؟
بەدڵنیاییەوە، تێچوو دەتوانێت بەربەستێکی گەورەبێت ئەویش تەنیا بۆ کۆمپانیا بچووکەکان، بەڵام لەگەڵ باوبوونی تەکنەلۆژیاکان و بژاردەی زیاتری کۆمپانیا جۆراوجۆرەکانی لە فرۆشتنی تەنکەلۆژیای زیرەکی دەستکرد نرخەکان دادەبەزن.
پێت وایە زیرەکی دەستکرد جێگەی توانا و سەلیقەی کاری رۆژنامەوانان پڕبکاتەوە و ببێتە هۆی لەناوبردنی توانا کەسییەکان یاخود گەشەپێدان و بەرەوپێشچوونی توانا مرۆییەکان؟
زیرەکی دەستکرد تەنیا دەتوانێت یارمەتی رۆژنامەنووسان بدات و کارەکانیان ئاسان بکات.
ئایا زیرەکی دەستکرد دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی کاری رۆژنامەنووسان و لەدەستدانی کارەکانیان؟
بەڕای من نەخێر، چونکە رۆژنامەنووسان لە کاری بنکۆڵکاری و شیکاری و داڕشتنی کۆنتێکستدا زۆر گرنگه کار بکەن، کە زیرەکی دەستکرد ناتوانێت ئەمە بکات تەنیا دەتوانێت کار لەسەر شتە رۆتینییەکان بکات کە کاری رۆژنامەوانان ئاسان دەکات.
نەبوونی ئەزموونی تەکنیکی پێویست کاریگەری هەیە لەلایەن ئەو کەسانەی بەرپرسی دامەزراوە میدیاییەکانن؟
بەڵێ، نەبوونی زانیاری تەواو لەسەر زیرەکی دەستکرد کەمێک پاشەکشەت پێ دەکات لە مامەڵەکردنی، واتە ناتوانیت ئەو سوودانە بە تەواوەتی وەربگریت کە لە زیرەکی دەستکردا بەردەستن لەکاری رۆژنامەوانیدا، بەڵام پێویستە راهێنان بکەن و فێرببن کە چۆن ئەم تەکنەلۆژیایە بەکاربهێنن ئەویش بە کردنەوەی کۆڕس و سیمینار لەسەر فێربوونی ئەم بابەتە.
ئایا رۆژنامەنووسان ئاشنا نین بە زیرەکی دەستکردی وەکو (پێداچوونەوە، وەرگێڕان، دروستکردنی ڤیدیۆ، مۆنتاژ، داڕشتنەوەی هەواڵ).
راستە لەوانەیە رۆژنامەنووسان هێشتا ئاشنا نەبن بە زیرەکی دەستکرد یان خێرای بەکارهێنانی بەڵام دەتوانن هەر لەم رێگەیەوە چەندین خول ببینن کە یارمەتییان دەدات بۆ فێربوون.
زیرەکی دەستکرد زۆرێک لە تایبەتمەندییەکانی زیرەکی مرۆڤی نییە بە تایبەت لە رووی هەستەوە.
بە دڵنیایەوە راستە چونکە مرۆڤ لە رووی هەستەوە دەتوانێت کاریگەرییەکی ناوازە و بەهێز دروستبکات لەکاتی داڕشتنەوەی هەواڵ و ئامادەکردنی ڤیدیۆ کە بتوانێت پەیوەندییەکی بەهێز لە خوێنەر و بینەردا دروستبکات بەڵام زیرەکی دەستکرد، ناتوانێت تەنیا لەسەر چەند پڕەنسیپێک کاردەکات کە بۆی داندراوە ئەمەش ساردی و تێرنەبوون لە بابەتەکە لەلایەن بینەر دروستدەکات.
لایەنە نەرێنییەکانی زیرەکی دەستکرد چین لەو بوارەی کە من کاری تێدا دەکەم؟
کاری من دەستکاریی کردنی ڤیدیۆ و سۆشیال میدیایە، زیرەکی دەستکرد دەتوانێت کار لەسەر دروستکردنی ڤیدۆ بکات و پۆست و هەواڵەکان لە سۆشیال میدیا بڵاوبکاتەوە، بەڵام ناتوانێت وەکو رۆژنامەنووس و تەکنیککار لە رووی هەستەوە. تاموچێژ بداتە ڤیدیۆ لە هەمان کات دەتوانێت لە هەستی بینەر تێبگات.
*رۆژنامەنووس و یوتیوبەر و شارەزا لە بواری تەکنەلۆژیا