د. سامان سۆرانی
نووسەر
بۆ پێویستە زیاتر کار لەسەر ئینتما و ناسنامەی کوردستانی بوون بکرێت؟
دەتوانین بڵێین ئینتما هەستێکە لەناخی هەر تاکێکدا چاندراوە و لەگەڵ شارەزایی و ئەزمووندا لە دایك دەبێ و گەشە دەکات، بەو پێیە ئەو تاكە وەک ئەندامێکی کۆمەڵە کەسێ قبوڵ دەکرێت و شاراوە نییە، کەوا مرۆڤ خۆڕسکانە پێویستی بە هەستی ئینما و ناسنامە هەیە، کە هاوتەریبە لەگەڵ پێویستییەکانی تری مرۆڤ، وەکو خواردن و خواردنەوە و هەر پێویستییەکی تر بۆ بەردەوامبوون و مانەوەی لە ژیاندا.
لەبەر گرینگی ئینما و ناسنامە لە بەخشینی ئەو هەستە بە مرۆڤ، کە ژیانی بەهای هەیە، ئینما و ناسنامە ئەو توانایە بە مرۆڤ دەبەخشێ، خۆی لەگەڵ دژوارترین هەل و مەرجی پەیوەست بە هەست و سۆزی بگونجێنێ، وەکو هاوڕێ و کەس و کار و هۆز و نەتەوە و مرۆڤایەتی. یەکێك لەو کێشانەی، کە ڕووبەڕووی مرۆڤ دەبێتەوە، هەڕەشەیە بۆ سەر ئینما و ناسنامەی.
زانایانی بواری دەروونناسی ئەوەیان سەلماندووە، کە ناسنامەی کۆمەڵایەتی پێویستییەکی سەرەکییە بۆ باشترکردنی ئەدای دەروونی تاکەکەس، جگە لە باشترکردنی ڕێزگرتن لە خودی کەسی و کۆمەڵایەتی کاتێ کەسێك هەست دەکات، کە سەر بە گرووپێ لە مرۆڤ و لەنێوانیان مرۆڤەکان بەوە جیادەکرێتەوە و گرینگی هەیە.
فەلسەفەی ئینما لە ئێپیستمولۆژیای هاوچەرخدا بەشێکە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان و فۆکس دەخاتە سەر تێگەیشتن لەوەی چۆن ناسنامەی تاك و کۆمەڵ و پەیوەندییە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان دروست دەبن و ئەو لایەنانەی پەیوەستن بە پرۆسەی ئەفراندن و سەلماندن چین. ئامانجی ئەم فەلسەفەیە بریتیە لە لێکۆڵینەوە لەسەر بیرکردنەوەی کۆمەڵایەتی و کولتووری و سیاسی و چۆنیەتی کاریگەری لەسەر ناسنامە و ئینتماکان. ئەو لێکۆڵینەوەیە شیکردنەوەی سیستەمی کۆمەڵایەتی، سیاسی، کولتووری و مێژوویی و شێوازی کاریگەری ئ گۆڕاوەکان لەسەر ناسنامەی تاك و کۆمەڵ لەخۆ دەگرێت.
هەروەها ئەم فەلسەفەیە تیشک دەخاتە سەر پەیوەندی نێوان تاک و کۆمەڵگا و ئەو ڕۆڵەی کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان دەیگێڕان لە دروستکردنی ناسنامەی تاک و و گروپەکانی کۆمەڵگە.
بە دڵنیاییەوە ئینمای مرۆڤ و پەیوەندی مرۆڤایەتی ناکۆك نییە لەگەڵ ئینتمای نیشتمانی و نەتەوەیی گەلان و نەتەوەکان، هەروەها ناکۆك نییە لەگەڵ شێوەکانی تری ئینتما، وەکو ئینتمای تاك بۆ خانەوادە، ئینمای خانەوادە بۆ هۆز و ئینمای هۆز بۆ گەل و دەوڵەت.
چەمکی ئینتمای سیاسی ئاماژەیە بۆ ئەو پەیوەندییەی مرۆڤ بەو ژینگە سیاسیەی تێدا دەژی، کە بریتیە لە حیزبە سیاسییەکان، بیرۆکە و ئایدۆلۆژییەکانی زاڵەکانی ناو کۆمەڵگە.
ئینتمای سیاسی بەو واتایە دێ، کە کەسێ باوەڕی بە ڕاستی ئەو هزرە سیاسییانە بێت کە باوەڕی پێهێنابێ، بۆ ئەوەی هەڵوێستێکی ڕوونی هەبێت سەبارەت واقیع و پێشهاتە سیاسییەکان، لەسەر بنەمای تێڕوانینێکی سیاسی کە سەرچاوەکەی ئەو هزرە سیاسیە و ئەو ئایدۆلۆژیا سیاسییوە بێت، کە ئەو ئینتمای بۆی هەیە.
لەبەر ئەوەیە، تاك ئینتمای سیاسی خۆی لە ڕێگەی ئەندامبوونی لە حیزبێکی نەتەوەیی دەردەبڕێت، کە گونجاو بێت لەگەڵ بیرو بۆچوون و بڕوا و قەناعەتی سیاسی لەناو ژیانی سیاسی گشتی دەوروبەری.
مەودای ئینتمای سیاسی تاكەکان و حزبە سیاسییەکان لە ڕێگەی مەودای ئینتمایان بۆ دۆزە سیاسییەکان دەردەکەوێ، کە پەیوەستن بە ژیانی مرۆڤ و مافە سەرەکییەکان و ئازادی و هەوڵەکان بۆ سەربەخۆیی. چونکە دواجار مرۆڤ هیچ بەهایەكی نابێ، ئەگەر خاوەندی خاك و دەوڵەتی سەربەخۆ نەبێ یان نیشتمانێکی داگیرکراوی هەبێ.
کەسێ هیچ هەڵوێستێکی سیاسی نەبێ، ئەو کەسە ئینتمای سیاسی نییە. ڕۆشنبیری کارا دەبێ لە بابەتەکانی پەیوەست بە خاك و نیشتمان و ئازادییەکان و ئالنگارییەکانی ڕووبەڕووی نیشتمان و گەلەکەی دەبێتەوە بەرجەستە بێت و سەوڵی هزری خۆی تاو دات.
کەسانی خاوەند ناسنامەی كوردستانی هەڵوێستی خۆیان ئاشکرا دەردەبڕن لە پرسەکانی پەیوەست بە بوون و چارەنووسی نیشتمانەکەیان.
لەبەر ئەوەیە، چەمکی ئینتمای سیاسی ڕەهەندێکی تر بۆ کەسایەتی مرۆڤ زیاد دەکات، ئەویش ڕەهەندی سیاسییە، واتە مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی عەقڵانییە و بیرمەندێکە سەر بە نیشتمان و نەتەوەکەیەتی.
ئینتما زمانە، کە پێویستە کار بۆ پاراوبوونی و پاراستنی بکرێ. ئینتما لەخۆگرتن و متمانەیە بە فاکتەرێ لە فاکتەرەکانی ژینگەی دەوروبەری تاك و هێشتنەوەی پەیوەندی پێوەی لە ڕووی سۆز و هزر و ئاکار و واقیعەوە.
بە پاراستنی ئینتما بۆ کوردستان وەکو نیشتمان و خاک و مێژوو و بەهاکانی تر، دەتوانرێ ئەو چەمك و مانایە بەدەست بهێنرێ، کە پەیوەستە بە هاوڵاتیبوون، واتە بەرجەستەکردنێکی یاسایی، کە هەموو ئەو پرەنسیپ و ماف و ئەرکانە لەخۆ دەگرێ، کە هاوڵاتی هەست بە بوون و شکۆی خۆی دەکات لە کوردستانێ، کە تێیدا دەژی و خۆی بە بەشێ لە پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکەی دادەنێت.
بەهێزی ئینتمای تاكی كوردستانی لە پابەندبوون و کارلێککردنێتی لەگەڵ پێداویستییەکانی کوردستان و کار کردن بێ وچان بۆ پەرەپێدان و گەشەکردنی و و پاراستنی و نمایشکردنی خۆشەویستییەکی قووڵ بۆی.
یەکێك لە بەها گرینگەکانی ئینتما بۆ کوردستان، کە پێویستە کاری لەسەر بکرێت و پشتگوێ نەخرێت، تیشك خستنە سەر بەهای یەکبوونی نەتەوەیی و گۆڕینی ئەو یەکبوونە بۆ ئامانجێ، کە هەموو تاکێکی کوردستانی کار بۆ بەدیهێنانی بکات و بەردەوام بێت لە پاراستنی. یەکبوونی کوردستانیان کۆمەڵگە بەهێز دەکات و دەبێتە مایای پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و خۆشگوزەرانی.
ئینتما بۆ نیشتمان بە شێوەیەکی عەقڵانی هەموو ئینتما تەسکەکانی دیکەی خێزانی و خێڵەکی و هۆزبەندی و تایەفەگەری و ئایدۆلۆژیا پەرستی و لێکدانەوەی حزبی تەسك کاڵ دەکات. گەلی کوردستان خاوەندی شارستانییەتێکی چەند هەزار ساڵەیە، کە ناسنامەی دەپارێزێ لە لەناوچوون لە ژێڕ ڕۆشنایی تێکەڵبوونی بێ بەرنامەی نێوان گەلان.
لەبەر ئەو هۆکارانەی سەرەوە پێویستە کاری زیاتر بکرێ بۆ بەهێزکردن و قووڵترکردنی چەمکی ئینتما و ناسنامەی کوردستانی بوون لەناو هزری نەوەکانی ئایندە، کە دواجار دەبن بە پارێزەری خاك و نیشتمان.
لە کۆتاییدا دەڵێین، ناکرێ خۆشەویستی نیشتمان تەنها لە ڕێگەی قسەکردن و پێشکەشکردنی وتاری بێ هەڵە و هۆنینەوەی شیعری ناوازەوە بێت، بەڵکو پێویستە نیشتمانپەروەری وەربگێڕین بۆ کردار، بۆ هەڵسوکەوت و نیشتمانپەروەری بکەین بە یاسای ژیان. دەبا بۆ پاراستنی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە و فرەیی و ئازادی و دیموکراسی کار بکەین بۆ یەک ئاڵا، یەك خاك، یەك دڵ، یەك دەست، یەك نیشتمان، کە کوردستانە.