پەری محەممەد
نووسەر
مەترسییەکانی هەڵبژاردنی کاندیدی ناشایستە بۆ پەرلەمان
بەرەو هەڵبژاردنەکانی کورستان دەچین، لایەنە سیاسییەکان وابەستەی ڕێکخستنی لیستی کاندیدەکانن، (گەرچی بە ڕوونی دیارە کاندیدان کەوتوونەتە خۆ!) تا کۆمەڵیک کەس بنێرنە پەرلەمان کە گرنگترین دامەزراوەی نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی هاووڵاتی دەکات.
لە خولەکانی ڕابردوو، تەواوی هێزە سیاسییەکان هێندەی کاریان لەسەر کاندیدی نەشیاو بۆ ئەم دامەزراوەیە کردووە، هەوڵی دانانی کەسی شایستەو بە ئەزموونیان نەداوە ئەمەیش وایکردووە دامەزراوەکە کاری خۆی لە بیر بچێتەوە کە بۆ نوێنەرایەتی کردنی دەنگی دەنگدەر دامەزراوە! بەڵکو زێدەتر وەک شوێنێکی پەیداکردنی پارەو خۆ پێگەیاندن و کۆکردنەوەی سامان وێناكراوە.
لە مێدیا سێبەرەکان ناو و لیستی زۆرینەی کاندیدانی پارتەکان بڵاوکراوەنەتەوە، هەست دەکەیت هەوڵیانداوە هەر لیستەکە پڕ بکەنەوە و هیچ گوێیان نەداوە بە کوالێتی و ئاستی هۆشیاری و زانستی و ئەکادیمی و شیاوبوونی کەسێتییەکە، دەیان کاندیدی تێدا هەن، هیچ مەرجێکی کاندیدبوونی نیە و خودی کاندیدەکەش بڕوا و متمانەی بە دەرچوون و سەرکەوتنی خۆی نیە!، بەڵام وەک چانسێکی تەمەن و ژیان لێی دەڕوانێت، بەڵکە ئێ! (بوو، بوو نەبوو، بە گ....) ئەگەر دەرچوو قازانجە و دەبێت بە خاوەنی مووچەیەکی باش، ئەگەر نا کێشەی نیە و هیچ نییە تا لە دەستی بدات.
دەبوو تەواوی پارتە سیاسییەکان ڕێگربن لەوەی، کاندیدان وەک دەخیلە و بانکی دەوڵەمەندبوون لەم دامەزراوەیە بنۆڕن.
هەڵبژاردنی کاندیدی ناشایستە بۆ پەرلەمان، دەتوانێت لێکەوتەی نەرێنی دوور مەودای لەسەر حوکمڕانی و داڕشتنی سیاسەت و متمانەی گشتی هەبێت.
لایەنە سیاسییەکان بەرپرسیارێتییەکی بەرچاویان هەیە لە دڵنیابوون لەوەی کە کاندیدەکانیان شایستەن. ئەمەش بریتییە لە پرۆسەی وردی پشکنین، پێشکەشکردنی ڕاهێنانی پێویست و بەرزکردنەوەی پلەی ئەو کاندیدانەی کە پێشینەیەکی سەلمێنراوی لێهاتوویی و دەستپاکییان هەیە. هەروەها دەنگدەران ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕن کە بزانن دەنگ دەدەن بە کێ بۆ ئەوەی نوێنەر ئەوان بکات لە پەرلەمان.
بۆیە زۆر گرنگە بڕوانامەی کاندیدەکانی پەرلەمان بریتی بێت لە خوێندن و ئەزموونی پیشەیی و تێگەیشتنێکی قووڵ لە پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان. ئەم سیفەتانە بۆ داڕشتنی سیاسەتی دروست، تێگەیشتن لە پرسە ئاڵۆزەکان و نوێنەرایەتیکردن بە شێوەیەکی کاریگەر زۆر گرنگن.
دواجار متمانەی گشتی بە حکوومەت بۆ سەقامگیری و کارکردنی دامەزراوە دیموکراسیەکان زۆر گرنگە. هەڵبژاردنی کاندیدی ناشایستە دەتوانێت ئەم متمانەیە لەناوببات، ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی بێباکی و کەمبوونەوەی بەشداریکردنی مەدەنی و لاوازبوونی پرۆسەی دیموکراسی.