حکوومەتی بەهاناوەچوون یان کار بەڕێکار!

ئەو بەلەمەی لە ئاوی ئیتاڵیا تێکشکا
ئەو بەلەمەی لە ئاوی ئیتاڵیا تێکشکا

ئەوانەی بە عەرز و حاڵ و مەزبەتە و سکاڵای نەزۆک و تفی سەرهەورازەوە چوونە بەردەم دادگای فیدراڵ و داوای سڕکردن و وەستاندنی ئەرک و کار و چالاکییەکانی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێم و داخستنی نوێنەرایەتییەکانی دەرەوەی هەرێمیان کرد، داوا پڕ لە شەرمەزاییەکانیان بە گاڵتە پێکردنەوە قەبووڵکرا.

هەقە لێیان بپرسین ئەرێ ئێوە بەم پیشە دێرینەی خۆفرۆشیتان بە هانا و هاواری کام میللەت و نیشتمان و نەتەوەوە هەرێمەوە چوون؟، ئەرێ هیچ پارێزگا یان دەڤەر یان شارۆچکە یان گەڕەکێک لەم هەرێمە هاواری خۆی بۆ ئێوە هێنا بوو تاوەکوو لە میحنەتی کوردایەتی و نیشتمانپەروەری و دڵسۆزی دەربازیان کەن؟!، یان ئێوە و ئەوانەی هاوکار و هاوپیشە و هاوهزرن لەگەڵتان چاویان لە ئاست ڕەوشەکانی پێشکەوتن و گەشەکردن و ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیری هەرێم و چاکسازییە بنەڕەتیەکانی کابینەی نۆیەمی نزم و شۆڕ بوو.

ڕەنگە کاتێک لە شڕە ئەدەبیاتی هەندێ میدیا و ڕاگەیاندندا گوێ بیستی دەستەواژەی "حکوومەتی کاربەڕێکار" دەبن وا دەزانن گورزی ڕۆستەمیان وەشاندوە و هەنگوێنیان لە کلۆرەداردا دۆزیوەتەوە.

با بەئێوە و هەزارانی ئەمسالی وەک ئێوە بڵێم ئەم حکوومەتە و ئەم کابینەیەی کە بە مەزەندەی ئێوە "کار بەرێکارە"، ئەمڕۆ بۆ جاری چوارەم و لەسەر ئاستی جیهان و نێودەوڵەتی و لە تەمەنی ئەو چوارساڵەیدا وەک بەهاناوەچوون نەک "کاربەڕێکار"، بەرپرسانە لە کارەسات و ڕووداوە دڵتەزێنەکاندا بەهاواری هاووڵاتییانی خۆیەوە چووە، نموونەشمان لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆ و دەرەوە بێ شمارن.

کاتێک ئێوە ماستاوی قوت و مووچەبڕین و بودجە ڕاگرتنان دەکرد، سەرۆکی حکوومەت، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ڕادەسپارد بەفەرمی بەهانای (ڕێوار)ی تەمەن 11 ساڵ و نۆ تەرمە سەرنشینەکەی ئەو سێ یەختە غەرقبووە بچن کە لە دوورگەکانی یۆنان و دەریای ئیجەدا لێیان قەوما بوو. ئەوکاتەی ئێوە داوای هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمتان دەکرد، ئەنجوومەنی وەزیران لە 26ی کانوونی یەکەمی 2021 خەمخۆری گەڕاندنەوەی ئەو 16 جەنازەی هاووڵاتییانی خۆی بوو کە لە کەنداوی ئینگلیزی نێوان فەرەنسا و بەریتانیادا خنکا بوون.

ئەو دەمەی ئێوە لە بڕگە یاسایەک دەگەڕان ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم ڕابگرن و پارەی دایکە شەهید و ئەنفالکراوان و کیمیاباران و زیندانییە سیاسییەکان و خاوەن پێداویستە تایبەتەکان ببڕن، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە پلانێکی تۆکمە و بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەت و پەرلەمان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان خەریکی چارەسەری کێشە مەزنەکەی کۆچی کوردان بۆ بیلاڕووس و پۆلۆنیا و لیتوانیا بوو کە زیاتر لە 20 هەزار کەس کەوتبوونە داوی پیلانی چەواشەکارانەی کۆچ.

ئەمجارەش دوای کارەساتە دڵتەزێنە کەی یەختەکەی کەناراوەکانی ئیتاڵیا لە 17ی ئەم مانگە کە زیاتر لە 60 کەس بوونە قوربانی و لەوانەش 26 یان منداڵ بوون، بەڵێ هەر ئەمجارەش کە ئێوە خەریکی دەستوەشاندبوون لە پێکهاتە ئاینی و نەتەوەکانی کۆمەڵگەی کوردستان و دەتانوویست هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە فلاشمیمۆری بەڕێوە بچێت، جارێکی تر حکوومەتی بەهاناوەچوون بە بڕیاری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ڕێزدار مەسرور بارزانی، لە ڕێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم ئەرک و ڕێکارەکانی گەڕاندنەوەی تەرمی هاووڵاتیانی خۆیی لە ئەستۆی گرت.

ئەرێ گەلۆ ئەمە حکوومەتی بە هاناوەچووەنە یان بەقەولی ڕکابەرە نەزۆکەکان حکوومەتی "کاربەڕێکارە"؟!.