سیاسی
د. سیروان حوسێن مەخمووری
د. سیروان حوسێن مەخمووری

نووسەر

"سەرۆك بارزانی پیاوی یەكلایی كردنەوەی كێشەكانە"

پێشوازیکردن لە سەرۆک بارزانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا (وێنە: بارەگای بارزانی)
پێشوازیکردن لە سەرۆک بارزانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا (وێنە: بارەگای بارزانی)

سەرۆك بارزانی سەركردەی ژمارە قورسەكانە و لەهاوكێشە ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان حسابێكی تایبەتی بۆ دەكرێت، هەربۆیە دوای نزیکەی شەش ساڵ سەرۆک بارزانی بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێک سەردانی بەغدای كردەوە.

هەر لەگەڵ گەیشتنی بۆ بەغدا زۆربەی سەركردەكانی شیعە و سوننە بە گەرمی پێشوازییان لێیكرد، بەجۆرێك هەندێكیان لە ڕاگەیاندنەكان بە باوكی پرۆسەی سیاسی و دامەزرێنەری عێراقی نوێی پاش 2003 ناساند، لەبەر ئەوەی سەرۆك بارزانی لە هەموو قۆناغەكان پێویست بووە و خاوەن ڕوئیا و قسەی خۆی بووە بۆ ڕووداو و پێشهاتەكان، مێژوو گەواهیدەری ئەم قسانەن و خاوەن دەستپێشخەری خۆی بووە بۆ تەنگژە و گرفتەكان و بەپیاوی یەكلاكردنەوەی كێشەكان دەناسرێت.

ئەگەر دیقەت بدەینە ڕووداو و پێشهاتەكانی ناوچەكە دەبینرێت هەر سێ بازنەی (ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی) پەیوەستن بەیەكترییەوە و دەتوانین بڵێین یەكەمجارە بەرژەوەندی و پێشهاتەكانی ئەمجارەی هەرسێ بازنەكە یەك دەگرێتەوە و پەیوەستن بەیەكترییەوە، بەجۆرێك ڕووداوەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وایكردووە هەموو لایەنەكان دەست بەجووڵەی دیپلۆماسی و ديالۆگ بكەن لەهەمبەر ئەو مەترسی و هەڕەشانەی ڕووبەڕووی ناوچەكە دەبێتەوە لە ئێستا وئایندەدا، یەكێك لەو وڵاتانە عێراقە، هەربۆیە جارێكی تر لایەنەكان هانایان برد بۆ یەكێك لەكۆلەگە هەرە گرنگەكانی دامەزراندنی عێراقی 2003 كە سەرۆك بارزانی یە، چونكە مانەوەی سەقامگیری عێراق پەیوەستە بە بەهێزی و سەقامگیری هەرێمی كوردستان.

لەم سۆنگەیەوە دەكرێت ڕەهەندەكانی سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا لەم خاڵانە پوخت بكەینەوە:

- لە بازنەی ناوخۆیی ململانێی نێوان لایەنەكان گەیشتۆتە ئەو پەڕی لوتكە و متمانە لەنێوانیان نەماوە، بە جۆرێك لە نێو ماڵی شیعە گەورەترین هێز كە سەدرییەكانن بایكۆتی پرۆسەی سیاسی عێراقیان كردووە و خەریكی خۆ ڕیكخستنەوەن بە جارێكی تر بێنە ناوەوەی پرۆسەی سیاسی، هەربۆیە هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی ترسیان لێ نیشتووە و دەزانن موقتەدا سەدر لە سەرۆك بارزانی نزیكە بۆیە هەوڵی هێوركردنەوەی بارودۆخەكە دەدەن لەم سات و كاتەدا، لەلایەكی تریشەوە سوننەكان چ لەنێو خۆیان كە ناكۆكن لە هەمبەر دانان و هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانی  و ڕێكنەكەوتوون، هەربۆیە دەیانەوێت لەم سەردانەی سەرۆك بارزانی ئەم كێشەیە یەكلایی بكەنەوە.

هەروەها لەلایەكی تریشەوە كوتلەكەی محەممەد حەلبووسی داوای بەهەرێمبوونی پارێزگا سوننەكان دەكات و كێشەی تریش وەك بوونی هێزەكانی حەشدی شەعبی و كۆنترۆڵكردنی ئەو پارێزگایانە لەلایەن ئەم هێزانەوە ئەمانە وایكردووە بارودۆخەكە زیاتر ئاڵۆز بێت، هەربۆیە هەموو لایەنەكان دڵخۆشن بەهاتنی دامەزرێنەری عێراقی نوێ، چونكە هەردەم سەرۆك بارزانی بەدرێژایی مێژووی عێراقی نوێ نێوەندگیری نێوان ئەم لایەنانەی كردووە.

هەر لەبازنەی ناوخۆیی دا بارزانی مەبەستیەتی لەم سەردانەی دا كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەڕووی سیاسی و ئابووری و سەربازی بە دەستوور ئاسایی بكاتەوە، چونكە ناوچەكە چیتر بەرگەی ئەم هەموو ململانێی نێوان لایەنەكان ناگرێت و ئەو گەمارۆ ئابووری و فشارانەی لەسەر هەرێمی کوردستان دەكرێت، پێویستە كۆتایی پێ بهێنرێت، بەجۆرێك گرنگترین ئەو كێشانەی تاوەکوو ئێستا بە هەڵپەسێردراوی مانەتەوە و چارەسەر نەكراون، لەوانە:  پرسەکانی بودجە، هەناردەكردنەوەی نەوت، مووچە، ناوچە دابڕێندراوەكان، ماددەی 140ی دەستووری عێراقی و پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک و دۆسیەی شنگال، هەروەها ڕاگرتنی بڕیارە تاكڕەوییەكانی ئەم دواییەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە هەمبەر گۆڕینی یەكە ئیدارییەكاندا.

هەروەها لەبەشێكی سەردانەكەی دا لە دیداری لەگەڵ فائق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق هەردوولا بیروڕایان لەبارەی بەدیهاتنی سەقامگیری و پابەندبوون بە دەستوور کردەوە، ئەوەش خۆی لەخۆی دا پەیامێكی گرنگە كە لەمەودوا بڕیارەكانی دادگا دووربێت لە سیاسی كردنی و فشاركردن لەسەر لایەنێكی دیاریكراو بۆ یەكلایی كردنەوەی كێشەكان، چونكە لەڕابردوودا دادگا بڕیارەكانی دژی مافەكانی هەرێمی كوردستان بوو.

- لەسەر ئاستی بازنەی هەرێمی و نێودەوڵەتی ڕووداو گەلێكی خێرا ڕوودەدەن بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر عێراق و هەرێم و ناوچەكە هەیە، بەجۆرێك شەڕی غەززە بەرەو لوبنان و وڵاتانی تر دەکشێت، ئەمەش وای لەو وڵاتانە كردووە خۆیان ئامادە بكەن، لە ئێستادا توركیا ئامادەكاری دەكات بۆ هێرشكردنە سەر قەندیل و شنگال لە خاكی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ سەر چەكدارانی پەكەكە، ئەمەش دەوڵەتی عێراق بەپلە یەك بەرپرسە لە پاراستنی سەروەری وڵاتەكە، بۆیە بارزانی هەوڵ دەدات لەگەڵ بەغدا ئەو شەڕە ڕوونەدات و لە گۆڕەپانی هەرێمی کوردستان و عێراق دووربخرێتەوە، چونكە لە ئەگەری ڕوودانی، ئاكامی خراپی دەبێت و ڕێككەوتنی شنگاڵ پەك دەخرێت و خەڵكێكی زۆر ئاوارە دەبێتەوە و ئەگەری هەیە ئاگری شەڕ پەل بهاوێژی بۆ ناوچەكانی تریش.

ئەمەش ڕوونە سەرۆك بارزانی لەسەردانەكەیدا پێشوازی لە هەر یەك لە باڵیۆزی (ئەمەریكا، ڕووسیا، چین، بەریتانیا، فەڕەنسا و چەندانی تر) كرد و كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجامدان، ئەوەش خۆی لەخۆیدا گرنگی و بایەخی كارێزمایی سەرۆك و سەردانەكەی پیشان دەدات لە عێراق و ناوچەكەدا.

لە كۆتایی ئەم وتارەدا دەتوانین بڵێین ئەم سەردانەی سەرۆك دوا هەل و دەرفەتە بۆ لایەنەكانی عێراق بۆ یەكلایی كردنەوەی كێشەكان و ڕزگاركردنی عێراق بەرەو كەنارێکی ئارام لەهەمبەر ئەو هەڕەشانەی لە ئێستا و ئایندەدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە، پێویستە هەموو لایەنەكانی سوود لەم سەردانەی سەرۆك بارزانی وەربگرن.