بۆچی سەرۆکوەزیران یەکەم سیاسی کوردە ئەم کارە دەکات؟

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی تاقیکردنەوەی پۆلەکانی 12 بە سەرجەم بەشەکانییەوە، ڕووداوێکی کەم وێنە و جوڵەیەکی سەیر لەلایەن سەرۆک وەزیران بارزانییەوە ڕووی دا، بەڵام ئەوانەی درکیان پێ نەکردووە یان نایانەوێت ڕاستی پشت ئەم کارەی سەرۆکی حکوومەت بەرز بنرخێنن و ببینن، لە خوارەوە وەک پارێزەرێکی یاسایی بۆتان شی دەکەمەوە.

32 ساڵە ئێمە لە هەرێمی کوردستان خاوەنی حکوومەتی خۆمانین، نۆ کابینەیە سەرۆک وەزیرانی جیاجیا و ڕەنگ جیاوازی حکومداریمان دەکات، پێشتر بیرۆکە و جوڵە و هزری وام نەدیووە و نەبووە.

ئەم جوڵانەی مەسروور بارزانی بۆ گەنجێکی کوردی وەک من جێی سەرسوڕمانێکی دڵخۆشییە و خوێندنەوە جیاوازی بۆ دەکەم و هیوام دەداتێ، پێشبینی ئەوە دەکەم ئایندەیەکی گەشاوە چاوەڕوانی نەوەیەکی هاوچەرخی مۆدێرنی پڕ لە بەرپرسیارییەتی بکا.

کاتێک وەک پارێزەرێکی یاسایی دەبینم مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێش وەزارەتی پەروەردە لەڕێگەی تیمەکەیەوە دەگاتە ماڵی سەرجەم قوتابیانی یەکەم لە شارە جیاجیایەکانی کوردستان و بەیەک نەفەس و بێ جیاوازی هەمووی وەک کچ و کوڕی خۆی دەبینێت، هاوکات بە نوسراو فەرمی و واژووی خۆیەوە هەواڵی یەکەمی بە قوتابیانی یەکەمی کوردستان گەیاند، زۆر دڵم خۆش بوو، ئەوانی لەگەڵ منیش دیمەنەکانیان لە کوردستان24رەوە بینی لە ئەنجامەکان زیاتر دڵخۆشیان کردن.

وەک گەنجێک هیوای ئەوەی پێدام کاتێک ئێمە سەرۆک وەزیرانێکی مۆدێرن و خاوەن بیر و هزری گەنجانەمان هەیە، خەمی داهاتوو نابێت بخۆین، ئێمە هەوڵدان و کۆششمان لەسەرە.

ئەمە لەدڵەوە دەنووسم و دەشزانم دوای ئەوە مۆری کۆیلەبوون یان شتێکی ترم پێ دەڵێن..


هەموو کات ووتمە جگە لە حزبەکانی بەشداربووی ناو حکوومەت، ئەوانەشی ئۆپۆزسیۆنن و ئەوانەشی دەیانەوێت ئەزموونی سەرۆک وەزیران و کابینەکەی کەم کەنەوە، زیاتر لەوان بەشێک لە ئەندامانی ناو پارتی دیموکراتی کوردستانیش غەدریان لە ناساندنی مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیران کردووە.

ئەگەرچی بەم قسانە باجێک دەدەم بەڵام خودای گەورە خۆی دەفەرمووێت.. لە ئاست ڕاستی بێ دەنگ بوون، شەیتانێکی ڵاڵە.

قورسە تۆ سەرۆک وەزیرانی هەرێمی پڕ کێشە و تەحەدی و ئابلۆقەدراو بەچەندان جوڵەی هەرێمی و نێودەوڵەتی و بڕینی بوودجە و ئابووری ڕووخاوی جیهان و چەندان بابەتی تر، لەناو ئەو هەزاران پڕۆژەیەش... بیرت لای قوتابیانی ئامادەیی بێت! ئەمە هەستێکی عەجیب و جوڵەیەکی پڕ مانایە، خۆدان و ڕانەکردن لە بەرپرسیاریەتی و خۆزانین بە خاوەنی حکوومەتی گەل ئەوە ئەنجامەکەیەتی.

لەڕووی باوکایەتی و وەک سەرۆک وەزیرانش، مەسروور بارزانی ویستی دووخاڵ بگەیەنێت..

  1. من سەرۆک وەزیران نیم..! خزمەتکار و باوک و برام، هەمووتان بۆمن لە یەک ئاست و چاو دەبینم و دەمەوێت بەشداری بچووکترین خۆشیتان بکەم و لە خۆشییە گەورەکانیش یادگارییەکی نایابتان بۆ تۆمار بکەم.
  2.  من موڵکی هەموو کوردێکی ئازیزم؛ موڵکی هیچ حزب و لایەن و بنەماڵە و هۆز و کەسێک نیم، دەبێت ئەوە ڕوون بێتەوە بۆ خزمەتی نەوەی ئێستە و داهاتوو هاتووم، تاکو ئەرکەکەشم تەواو نەکەم بەردەوام دەبم دەجەنگێم.

دەمەوێت پێشنیاری ئەوە بۆ خەڵکی کوردستان بکەم، تکایە با هەموومان نیشتمانی خۆمان خۆش بوێت و گرنگی بە هەموو جوڵەی سەرکردەیەکی گەنج بدەین کە ئاوا وزە دەداتە گەنجەکانمان، ئێوە دەزانن ئەو قوتابیانە چەند دڵخۆشن نامەیەکی سەرۆک وەزیرانەکەیان پێ گەیشتووە، با ڕێزی ئەوە بگرین ئێستە هەمان نەک سبەی لەدەستمان چوو خەمی بۆ بخۆین و ئەسەف بین.