شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵڵا
نووسەر
ده‌نگده‌ری پارتی
لە ماوەی ڕابردوودا، دادگەی فیدڕاڵی عێراق، ژمارەیەك بڕیاری دژ به هەرێمی كوردستان دەركرد، ڕاستییەكەی هەموویان لە دژی پارتی و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و مەبەست لێیان لاوازكردنی پێگەی پارتی بە پلەی یەكەم و دواتر زاڵبوونی هەژموونی حكوومەتی بەغدا بوون بەسەر كار و ڕوانگە و سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
ڕاگرتنی نەوت، دواخستنی هەڵبژاردن بۆ چەند جارێك و نەهێشتنی كورسیی كۆتاكان (پێكهاتەكان) كە دواتر بە گوشاری پارتی، پێنج كورسییان گەڕاندەوە، دروستكردنی گرفت بۆ مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە لەلایەن بەغداوه، چەند بڕیارێك و نەخشەڕێگەیەك بوون بۆ لێدان لە پارتی، به‌ڵام نەیانتوانی له‌و هه‌وڵه‌یاندا سه‌ركه‌وتوو بن، چونكه پارتی خاوه‌ن جه‌ماوه‌رێكی جێگیر و پێگه‌یه‌كی تۆكمه‌ی هەیە، لە سیاسەتیشدا به درێژایی ته‌مه‌نی خۆی، له‌نێو یارییه جۆراوجۆره‌كاندا كاره‌كته‌رێكی به‌هێز و له سیناریۆ سیاسییه‌كاندا قاڵ بووه‌ته‌وه.
هاوشان لەگەڵ ئەو بڕیارەكانی بەغدا، میدیای بەرهەڵستكار و ئۆپۆزسیۆن و نەیارانی پارتی و حكوومەت، بڕیارەكانی بەغدا وەك كارتێكی بەهێزی سیاسی و بانگەشەی هەڵبژاردن لە دژی پێگه‌ی پارتی بەكار دەهێنن و وەبەرهێنانی سیاسی تێدا بەجۆرێك ده‌كه‌ن گوایە لە دوای هەڵبژاردنی مانگی 10ی ئەمساڵ، پارتی دەنگەكانی خۆی ناهێنێتەوە! ئه‌وه ته‌نیا شه‌ڕێكی ده‌روونییه و ئاماژه‌ی نه‌خوێندنه‌وه‌ی باره سایكۆلۆژییه‌كه‌ی ده‌نگده‌ری پارتی ده‌گه‌یه‌نێت كه سه‌ره‌ڕای هه‌ر دۆخ و شتێكی نه‌خوازراو، پارتییەكان ده‌نگ به پارتی ده‌ده‌ن.
ئاساییه پارتی لە هەڵبژاردندا ترسی هەبێت، حیزبی سیاسی ده‌بێت له هه‌ر هه‌ڵبژاردنێكدا بترسێت بۆ ئه‌وه‌ی باشتر ئاماده‌سازی بكات. له هه‌ڵبژاردندا هێزه‌كان به‌ریه‌ك ده‌كه‌ن و هه‌وڵی بردنه‌وه ده‌ده‌ن، پارتی باش له‌وه تێگه‌یشتووه. شتێكی دیكه‌ش هه‌یه، ئه‌گه‌ر نیگه‌رانییه‌كیش هه‌بێت، دەنگدەرانی پارتی هه‌رگیز ناچن دەنگ بە حیزبێكی دیكه بدەن! یان دەنگ بە پارتی دەدەن یان بایكۆتی هەڵبژاردن دەكەن، لەبەر ئەوەی دەنگدەری پارتی لەڕووی سایكۆلۆژییەوە ئاماده‌گی ئه‌وه‌ی تێدا نییه تا بتواتێت دەنگ بە یەكێتی و گۆڕان و نەوەی نوێیه‌ك بدات! له هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كانیشدا ده‌ركه‌وتووه ده‌نگده‌رانی پارتی ڕیژه‌ی به‌شدارییان له هه‌ڵبژارندا به‌رز كردووه‌ته‌وه.
داڤید پاتریك هۆتۆن، لە كتێبی "سایكۆلۆجیای سیاسی" كە حەمەڕەشید وەریگڕاوەتە سەر زمانی كوردی و یەكێكە لەو كتێبە گرنگانەی پێویستە كادیر و ڕۆشنبیری حیزبەكان بیخوێننەوە بۆ ئەوەی بزانن هەڵبژاردن چییە و له سایكۆلۆژیای ئه‌ندامانی حیزب و ده‌نگده‌رانی هه‌ڵبژاردن تێبگه‌ن. داڤید پاتریك هۆتۆن لەبارەی سایكۆلۆژیای ئەندامانی حیزبەوە، پێیوایه هاوشوناسی حیزبی بە تێپەڕبوونی كات بەرەو جێگیربوون دەچێت و بەرهەڵستی گۆڕان دەكات. ئەو بۆچوونه شیكارییه ده‌روونییه ڕێك بۆ ئەندامانی پارتی وەك ڕاستییەكی بەڵگەنەویست دەشێت، سه‌ره‌ڕای هه‌ر دۆخێك ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵیشدا هاوڕا و كۆكیش نه‌بن، ئەندامانی پارتی هەر بە پارتیبوون دەمێننەوە، هاوشێوەی نێو ڕێكخستنەكانی یەكێتی هەوڵی دروستكردنی حیزبی نوێ و ئینشیقاق نادەن، چونكه بڕیاریان داوه پارتی ده‌بن و تەواو! بۆیه ڕۆژی دەنگدان بە سۆز و خرۆشەوە، دەچنە بنكەكان و واژوویەك بەسەر ڕەنگە زەردەكەدا دەهێنن!
داڤید پاتریك هۆتۆن، ئەو پرسە وردتر دەكاتەوە و ڕای وایە، ڕەنگە حیزب لە هەندێك هەڵبژاردندا شكست بهێنێت، ڕەنگە لە كاتی گەیشتنی بە دەسەڵات و حوكمدا، كاری نابەجێ ئەنجام بدات، ڕەنگە لە هەندێك پرسدا تەبەنیی سیاسەتگەلێك بكات لەگەڵ دیدی تۆدا نەگونجێت، بەڵام هەر پاڵشتیی حیزب دەكەیت، چونكە حیزبی خۆتە و لە ئەنجامی ئەوەشدا خەڵكێكی زۆر ئەوەندەی گرنگی بە خودی حیزبەكە دەدەن، بایەخ بەو پرسانە نادەن كە لە هەڵبژاردنەكاندا گفتوگۆی لەسەر دەكرێت.
هێزە بەرهەڵستكارەكانی بەرانبەر پارتی هەموو هەڵبژاردنەكانی پێشوو و بە تایبەتی ئەوەی ئێستاش كە چەند مانگێكی ماوە بكرێت، وێنایەكی ئه‌وتۆ بۆ پارتی دەكێشن و بەمەبەست تیشك دەخەنە سەر دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی عێراق گوایە پارتی دەنگی پێویستی نەهێنا و ئەمەیش وەك كەوتنی یەك بەدوای یەكی پوولی دۆمینە ڕاڤه ده‌كه‌ن و دەڵێن مادام پارتی لەو هەڵبژاردنەدا، نەیتوانی وەك پێویست دەنگ بهێنێت، ئیدی ئەندامەكانی لێی دەبنەوە و كاریگەریی لەسەر هەڵبژاردنەكەی كوردستانیش دەبێت. به‌ڵام لە سۆنگەی بۆچوونەكەی داڤید پاتریك هۆتۆنەوە بێت، بانگەشەی بەرهەڵستكارانی پارتی، ڕاست نییە و دووچاری هەڵە تێگەیشتن بوونەتەوە و هێشتا نەیانتوانیوە لە ڕووی سایكۆلۆژییەوە دەنگدەر و ئەندامانی پارتی هەڵسەنگێنن.
ئەوە ڕاستییەكەیە، ئینجا هەر كەس پێی خۆشە یان ناخۆش كەیفی خۆیەتی، دەنگدەری پارتی، دەنگدەرێكی ڕاڕا نییە و تەواو جێگیرە. بەپێچەوانەوە ئەوە ئەندامان و دەنگدەرانی نەیاری پارتین هەر ڕۆژەی سەر بە حیزبێك و باڵێك و گرووپێكن و هەر هەڵبژاردنەی لیست و ڕەوتی جیاوازیان لێ دەبێتەوە، بەڵام ده‌بینن و هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ش نزیكه، دەنگدەری پارتی لە دژی پارتی دەنگ بە لایەنێكی تر نادات، بگره سه‌ره‌ڕای به‌ربه‌ست و ده‌ستوه‌ردانه‌كانی به‌غداش، پارتی سوپرایزی هه‌ڵبژاردنی ده‌بێت.
هۆتۆن لەوبارەیەوە جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه ئەو ئەندامەی بە توندی لەگەڵ حیزب‌دا هاوشوناسی دەكات، زانیارییە ناپەسەند و نەویستراوەكانی سەر حیزب، بەلاوە دەنێت یان پشتگوێ‌یان دەخات، تەنانەت ئەو كاتەش كە لەسەر زۆر پرسی پڕبایەخ، لەگەڵ پاڵێوراوەكەی حیزب ناكۆك بێت و جیاوازی زۆری لەگەڵدا هەبێت.
هەڵبژاردن یارییەكی سیاسیی ئاڵۆزە و هەموو حیزبەكان لێی دەترسن، بۆیه ئۆپۆزسیۆن به‌تایبه‌تی هه‌وڵی شێواندنی پێشوه‌خته‌ی ئه‌نجامه‌كان له ڕێگه‌ی پروپاگه‌نده‌وه ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر سایكۆلۆژیه‌تی جه‌ماوه‌ری ده‌نگده‌ر دروست بكات. نموونه‌یه‌كی زیندوو، لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017دا ئۆپۆزسیۆن و نه‌یاره‌كانی پارتی، هه‌موویان پێكه‌وه سه‌رقاڵی بانگه‌شه‌یه‌ك بوون گوایه پارتی شكست ده‌خوات، كەچی پارتی ژماره‌ی كورسییه‌كانی زیاد كرد و 45 كورسیی پەرلەمانی هێنا و حكوومه‌تیشی پێكهێنایه‌وه.
ئەوە زاكیرەی ئەو جەماوەرە جێگیر و دێرینەی پارتی بوو لە كاتی هەڵبژاردندا وەكوو لە سایكۆلۆجیای سیاسی‌دا جەخت لەسەر لایەنی سایكۆلۆژی ئەندامان و دەنگدەرە جێگیرەكانی حیزب كراوەتەوە كە ئه‌ندامان و ده‌نگده‌رانی حیزبێك زانیارییە ناپەسەند و نەویستراوەكانی سەر حیزب پشتگوێ دەخات و دەنگ بە حیزب دەدەن.
ئەوە ڕاستە ئەو هەڵبژاردنە بۆ كوردستان و بەتایبەتی بۆ پارتی هەستیارە، هەستیارییەكەی لەوەدایە به‌غدا هه‌وڵده‌دات دەستوەردانی تێدا بكات، ئەمەیشی لە بەرژەوەندیی خۆی و لە زیانی خه‌ڵكی كوردستان بە گشتی و سەرجەم حیزبەكانیش دەكەوێتەوە، كەواتە هەستیاری هەڵبژاردنەكەدا لەوەدایە دوای هەڵبژاردن گرنگترین كارێك ئەوەیە حیزبەكان چیتر ڕێگەخۆشكەر نەبن بۆ دەستوەردانەكانی بەغدا، به‌ڵكوو پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان گرنگترین كارێكە حیزبەكان پێویسته بیكەن.
ئاماژه‌كان ئه‌وه نیشان ده‌ده‌ن بەغدا به پاڵپشتیی ده‌ره‌كی، هه‌وڵی لاوازكردنی پێگەی هه‌رێمی كوردستان ده‌دات و ئەوەی لە بەرانبەر ئەو نەخشەڕێگە و هه‌وڵه دوژمنكارییه‌ی بەغدا وەستاوەتەوە، ته‌نیا پارتییە، ڕاستییه‌كیش هه‌یه ده‌بێت عێراقی و ئۆپۆزسیۆنی كوردستان لێی تێبگه‌ن، ئەنجامەكانی هەڵبژاردن له ئه‌گه‌ری ده‌ستوه‌ردانی به‌غداوه هەر چییەك بێت، پارتی بەهۆی پێگه و ئەمری واقیع و دۆخی سیاسیی كوردستان و هێزی سه‌ربازی و ئه‌و فۆڕمه حیزبایەتییه‌ی لە هەرێمی كوردستاندا هه‌یه و پاڵپشت به‌و جه‌ماوه‌ره زۆر و جێگیره‌ی پابه‌ندن به پارتییه‌وه، هیچ هێزێكی عێراقی و ته‌نانه‌ت سەرجەم حیزبە كوردستانییەكان ئه‌گه‌ر پێكەوەش سیناریۆ له دژی پارتی به‌ڕێوه ببه‌ن، ناتوانن پارتی لە پێگەی سیاسی و دەسەڵاتدا بهێننە خوارێ!