ئەحمەد رەقیب
نووسەر
"با لۆژیك سەنگی محەکی بریارت بێت"
تۆی هاووڵاتیی بۆ دڵنیابوونەوەت لە هەڵبژاردنی لیست و لایەنی دڵخوازت، ڕابردووی دووری لایەنە دژبەر و دژە کوردستانییەکان واز لێبێنە کە چەندە ناشیرینە و چلۆن لە شێوەی مۆرانە دەیان ساڵە بەربوونەتە ئەم نیشتیمانە، تەنیا لەسەر نزیکترین ناشیرینی و کردارە نابەرپرسەکانیان با گفتوگۆ بکەین بۆ ئەوەی دڵنیا ببیەوە لە دروستی متمانە بەخشینت کاتێك بڕیارە ڕاستەکە دەدەیت و داکۆکیکارانی ڕاستەقینەی دۆزی نەتەوەییت و حکوومرانی خۆماڵی هەڵدەبژێریت.
*بیر بکەوە!…
- ئەوانەی دەهۆڵی گەڕانەوە بۆ سەر بەغدایان دەکوتی، ئێستا بۆ بێدەنگن؟!.
- ئەوانەی دەیانگوت هەموو مانگ پارە و مووچە پێشی سەری مانگ دێتە گیرفانەکانتان، دوای نزیکەی دوو مانگ لە پێنەدانی و بەردەوام دواخستنی بەبیانوی بێ بنەما!، ئێستا لە کوێن و بۆ دوو قسەیانمان گوێ لێنابێت؟!.
- ئەوانەی حاسبەکانیان هەموو ڕۆژ بەرووی تۆی هاووڵاتیی دەردەهێناو هەر ڕۆژەی خەریکی ئۆین و پیلانێك بوون دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە بەری ڕەنج و تێکۆشانی 100 ساڵی خەباتە، ئێستا بۆ حاسیبەکانیان بەرانبەر بەدەستهێنانی مافی تۆی هاووڵاتیی کارناکات و کڕوکەپ دانیشتوون وەك ئەوەی نە با بێ و نەباران؟!.
- ئەوانەی پێنج ڕۆژ لە دواکەوتنی مووچە دنیایان دەڕووخاند و دروشمی ڕووخانی حکوومەتیان بەرزدەکردەوە و دامودەزگا و کتێبخانە و فەرمانگەکانیان ئاگر تێبەردەدا و کوڕی هەژارانیان دەناردە سەر بارەگای حزب و لەژێرەوە و لەڤێلا و گردەکانیان هانیان دەدان ئێستا بۆ نافەرموون ئەرێ بەغدای خۆشەویست کوا مووچە!، کوا مافی زیاتر لە ملیۆنێك فەرمانبەر و شەش ملیۆن هاووڵاتی؟!.
- ئەو بەناو مامۆستایانەی ساڵێك کوڕ و کچی هەژارانیان لە خوێندنی حکوومی دابڕاند و خەریکی بازاڕ خۆشکردنی کۆمەڵگە پەروەردەیی و قوتابخانە ئەهلیەکان بوون و هەر ڕۆژ لەبەر دەرگەی داگیرکەر و میلیشیایەك کەوتبوون و قەڵغانی ڕێزلێنانیان پێشکەش دەکرا لە بەرانبەر تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگە و پەکخستنی پرۆسەی پەروەردە، ئێستا عەجەب بێدەنگ لێی دانیشتوونە و دوو سەعات خۆیان پێکۆناکرێتەوە خۆپیشاندانێك ڕێکبخەن و بڵێن ماف دەسەندرێ، بەغدا کوا ماف، لەکوێیە مووچەکانمان؟!.
- کوان ئەو پرۆفیسۆر و عەلامە ئابووریناسانەی هەر ئێوارەی لەشاشەیەکی هەڵتۆقیوی بەزەبری پارە دروستکراو سەنگەریان لە کوردبوون و کوردستانیبوون دەگرت و وەك ژەهر مەحبووبیەتی عێراقیان دڕژاندە هزر و دەروونی هاووڵاتییان و هاواری گەڕانەوە و مەرکەزییەتی پڕ عەدالەتی بەغدایان پێدەفرۆشتینەوە؟!.
- لەکوێن ئەو بەناو نوێنەر و چالاکوانانەی بۆ تەسلیمکردنی هەموو شتێك تەنانەت کەڕامەتیش!، ڕووە و بەغدا دەکەوتنە ڕێ و لە بازگەکانی عێراقی باوکە گەورەیان ڕێگرییان لێدەکرا و دەستبەتاڵ ڕەوانەی ماڵەوە دەکرانەوە؟!.
ئەرێ حەق نییە، تۆی هاووڵاتیی بپرسی ئەو هەموو پەیج و پۆست و فیگەرە فەیك و ناڕێکە بەچی و بەکام پارەی قاچاغ بەخێودەکرێن؟، ئەرێ دوای ئەو هەموو ستەمە بەردەوامەی نزیکە ساڵێکی بەغدا و وڵاتانی هەرێمی بەرانبەر گەلی کوردستان، چۆن جوابی خەڵك دەدەنەوە و ئەمجارە بەکامە ڕوویان داوای پشتگیری خەڵك دەکەن؟!.
حەقە!، تۆی هاووڵاتیی بپرسی ئەوانەی بە بانگەشەی هاوتاکردنی مووچە و هەرزان کردنی بەنزین و نەهێشتنی باج، بەهەشتیان وێنا دەکرد و ژەهری تەسلیمبوونیان دەڕشت و خۆڵیان دەکردە چاوی هەمووان، ئێستا خێرە بێدەگن؟، دەبێ لە کام کوڵانەی شەرمەزاری سەریان بەیەکەوە نابێ و خەریکی داڕشتنی چ پیلانێکی نوێ بن لە دژی ئەم میللەتە؟!.
*کورت و پوخت…
ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ و لەنێوخۆ هاندەرو، هاوپیلانی داگیرکەر برەوی پێدەدات و کاری لەپێناودا دەکات، تەنیا بۆ دوو مەبەستە:
1- نەهێشتنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، یان لاوازکردنی تا ئاستی ویستی داگیرکەران.
2- لێدانی پارتی دیموکراتی کوردستان، چونکێ خاوەنی حەقیقەتی بەرگریکردنە لە جێبەجێنەبوونی خاڵی یەکەم و نییەتی گڵاوی دوژمنان.
*دەرئەنجام…
دوور لەعاتیفە، بابەتییانە، دووبارە هەڵسەنگاندن بۆ هەموو ئەتوار و کردارە نابەجێکانی حکوومەتی ناوەندی و زوومەلایەکانیان بکە و بۆ چەند چرکەیەك وای دابنێ، ئەگەر پیلانی نابەجێی ئەوان جێبەجێ ببێ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پارتی نەمێنێ، یان بارودۆخ وەك ئەوەی لێبێ کەمەبەستیانە! دەبێ بەکاڵفامی و مێشکی بچووك و مامەڵەی هەرزەکارانە، دۆخمان بەکوێ بگات؟!.
دەبێ شوناس تایبەتمەندییە نەتەوەیی نیشتیمانییەکان و بابەتی پێکەوەژیان و فرەیی سیاسی و ئازادی رادەربڕین چی بەسەربێت؟!
- ئایا مووچە و ماف و شایستەکانمان و بارودۆخی تاکی کورد باشتر دەبێت؟!.
- ئایا کەسێك، لایەنێك، هێزێك، بزاوتێك دەمێنێ زاتی باسکردنی دۆزی کورد بکات و شەر لەسەر مسۆگەرکردنی مافەکانی بکات؟!.
- ئایا کەرامەتی تاكی کورد کە بەرهەمی سەدان ساڵ خەبات و شۆڕش دژی داگیرکەران، دوای هاوردەکردنی ئەو هەموو جروجامشت و میلیشیا و کوێخایە چی بەسەر دێت؟!.
- چۆنە بەلاتەوە و چ هەستێکت دەبێت کە لەبازگە، فەرمانگە و دامودەزگاکان، هاوشێوەی کەرکووك و ناوچە تەسیلمکراوەکانی دیکە، عەرەبێکی شۆڤێنی مێشك گەنیوی کۆنە ئەنفالچی بەسەرتدا فەرز بکرێت و بەچاو سوورکردنەوە داوای تەزکەرەکەت لێبکا و ئیهانەی کەسایەتیت بکا، تەنیا لەبەر ئەوەی کوردی و بەکوردی دەدوێی!.
*دڵنیابە…
ئەم تێگەیشتنانەی سەرەوە نە وەهم و خەیاڵە، نە وەهاش لێکی بدەوە کە داکۆکیکردنی مرۆڤێکی لایەنگرە لەلایەنەکەی، بەڵکو واقیعی ئەو پیلانە گشتگیر و بەرنامە بۆ داڕێژراوەیە کە داگیرکەران و یارمەتیدەرانیان بەردەوام برەوی پێدەدەن و بێ ماندوبوون کاری لەپێناودا دەکەن.
کوردبوون و مانەوە و بەردەوامی ئەم دۆزە، چێژ و سەنگینی خۆی هەیە، بێگومان ئەوانەی قوربانیان نەداوە هەستی پێناکەن، سادەترین پشتگیریش بۆ دووپاتکردنەوەی تێگەیشتنەکەم وابەستەی ناسرانی دۆزی کورد و چەمکی کوردایەتی و ناوی پیرۆزی کوردستان دەکەم لەلایەن وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی دوورتریش، ئەگەر هێشتا گومانت هەیە و پێتوایە ئەم بیرکردنەوە ڕاست نییە و جگە لە پاراستنی نیشتیمان و شکۆی تاکی کورد مەرامێکی تری لە پشتە، ئەزیەت بکێشەو سەفەرێکی دوو ڕۆژی تاران، دیمەشق، ئەستەنبۆڵ، نیمچەدورگەی عەرەبی و وڵاتانی ڕۆژئاوا بکە و لەگەڵ خەڵك بدوێ، ئەوکات دەزانی ماهیەتی مانەوەی ئەم دۆزە پیرۆزە و دەیان ساڵ بەرگریکردن لێی، وابەستەی ناوی بەرزی سەرۆك بارزانی و خەباتی نەپساوەی پێشمەرگە و پارتی-یە، نەك کەس و لایەنی تر.
*لەکۆتاییدا…
لەلای خۆتەوە بڕیاردە، کێ نوێنەری ڕاستەقینەیە و لەپێناوتدا بەهەر نرخێك بێت دەجەنگێ و داکۆکی دەکات، کێش کەوا سووری بەر لەشکری دوژمن و فرۆشیارە.