ڕۆناک فازڵ
نووسەر
ڕاستییەکان دەربارەی ڕووداوەکانی 31ـی ئابی 1996
بابەتی شەری ناوخۆ شتێکی نامۆ نییە بەڵکو ئاساییە لەلایەن هەندێك لە حیزبەکان کە سەنگی خۆیان لە هێزی چەکداریدا دەبینن نەك لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنێکی دیمۆکراسییانە. بۆیە لە پاش هەڵبژاردنی 1992 ئەگەری هەڵگیرساندنی شەری ناوخۆ زۆربوو ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان تەنازولی نەکردبووایە لە مافی خۆی و بە پڕەنسیپی (50 بە 50 ) ڕازی نەبووایە، بۆیە شەڕەکە هەڵنەگیرسا.
بیروکەی شەڕ و تارمایی یەكێتیی تا کۆتایی ساڵی 1994 هەر مابوو، کاتێك کە هاووڵاتییانی هەرێـمی کوردستان بەتایبەتی خەڵکی شاری هەولێر بە ئاگاهاتن لەسەر دەنگی تەقەی جۆرەها چەك، كە بەقسەی ی.ن.ك پارتییان وەدەرهێنا لە پایتەختی هەرێمی کوردستان. لەم كاتەدا سەرکردایەتی پارتی بریاری ناچاری دا کە هێزەکانی خۆی بکشێنێتەوە لە پایتەخت بۆ پاراستنی ئەم شارە دێرینە و نەهێشتنی خوێنڕشتن لە سەر شەقامەکاندا و هەروەها پاراستنی موڵك و ماڵی هاوڵاتییانی سڤیل، پارتی کشایەوە لە هەولێر بۆ پیرمام دواتریش پیرمامی بەجێهێشت لە بەر دژواری بۆردومانی تۆپە دوورهاوێژەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە لە کەپکی حەمد ئاغا جێگیرکرابوون.
ئەم سیناریۆیە بەردەوامبوو تا ناوچەی سپیلك کە مام جەلال لە خۆشی پێشڕەوی هێزەکانی گوتی:" من پارتی ئەخەمە قەوارەیەکی بچووك و لەناویئەبەم". بەڵگەش بۆ ئەو لەناوبردن و نەهێشتنی ئاسەواری بارەگای لقی دوو بوو لە هەولێر، هەروەها مامەڵەکردن لە گەڵ خەڵکی هەولێر وەك ئەوەی مامەڵە لەگەڵ دوژمنێك بكەن ، پاش داگیرکردنی هەولێر ئاشکرابوو کە ی.ن.ك خۆی بۆ حوکوومڕانی کوردستان ئامادەنەكردبوو و نەیدەتوانی مووچەی فەرمانبەران بدات و هەوەها نەیدەتوانی خزمەتگوزارییەکان دابینبکات. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو خەرجییە زۆرەی کە بۆ خۆیان و بۆ بەردەوامبوونی توانا سەربازییەکانیان خەرج دەكرا . بۆیە پەنایان دەبرد بۆ وەرگرتنی سەرانە و ڕاوەڕووتکردنی هاووڵاتییان تا کارگەیشتە دەرهێنانی شیشی ئاسن لە دیوارەکان پاش ڕووخاندنی باڵەخانەکان و خانووی چۆڵکراوی هاووڵاتییان، هوتێلی شیراتۆن یەکێکە لەو بەڵگە حاشاهەڵنەگرەکانە.
سەرەڕای ئەوەش و لە هەمان کاتدا یەکێتی داوای لە پارتی دەکرد کە پارەی مووچەیان بۆ بنێرێت لە کاتێکدا کە خۆی بە حاکمی هەولێر دەزانی. لە ڕاستیدا ڕۆژانەکی زۆر سەخت بوون بۆ خەڵکی هەولێر. لێرەدا ترسێك لە لایەن سەرکردایەتی پارتی دروست بو کە یەکێتی بەم جۆرە ئیدارەیە هەر دەبێت کوردستان ڕادەستی لایەنێك بکا یان (عێراق ) یان (ئێران) چونکە ئەم دوو ووڵاتە سەرەرای ناکۆکییەکانیان، بەڵام لەسەر دۆزی کورد هەمیشە هاوڕان. هەرچەندە یەکێتی هەموو پێشڕەوییەکانی کرد بە پاڵپشتی سوپای پاسداران و وەرگرتنی پاڵپشتی لۆجستی لە چەك و تەقەمەنی.
خاڵێکی گرنگی تر کە پێویستە ئاماژەی پێبکرێت ئەویش، لە پاش ڕاپەرینی پیرۆزی جەماوەری کوردستان لە بەهاری 1991 و، ئازادکردنی شارو شارۆچکەکانی کوردستان لە دەستی ڕژێمی بەعس، صدام حسین و حیزبە شۆفینییەکەی بڕیاری تۆڵەسەندنەوەیاندا لە گەلی کورد. لە ئەنجامدا نزیکەی دوو ملیۆن کەسی سڤیل ڕوویان لە سنوورەکان ئێران و تورکیا کرد. لێرەدا و لەبەر ناڕازیبوونی حکوومەتی تورکیا بۆ کردنەوەی سنوورەکانی بە ڕووی کۆچبەرەكان هەروەها دڕندایەتی صدام حسین و حیزبەکەی بۆ تۆڵەسەندنەوە، (ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتیی) ناچارکرد کە بڕیاری (688) دەربكات بەمەبەستی دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام بۆ پاراستنی کوردستانیان لەسەر خاکی کوردستان. واتە ((پەناهەندێتی لە سەر خاکی خۆمان !! )) ئە و ناوچەیە لە سەرووی (هێڵی 36 )کە ناسرابوو بە (No-fly zone). بەڵام هەر لە نێو ئەم ناوچەیە شوێنێكییان دیارکرد و ناوی لێنرا (Safe heavens) وەك پەناگەیەك و شوێنێکی ئارام کە تێدا یارمەتی مرۆیی پێشکەش بە پەنابەران دەکرا. هێزێکی ئەمەریکی لەم شوێنە جێگیرکرا وەك بنکەیەکی سەربازی بۆ پاراستنی کوردستان و تەدەخولی خێرا بەبێ گەڕانەوەی بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی وڵاتی تورکیا و بەکارهێنانی (بنکەی ئەنجەرلیك ). ئەم دامەزراوە ناوی ناوەندی هەماهەنگی سەربازی بوو (Military Coordination Center). ئەم ناوەندە کوردستانی بەجێهێشت لەبەر ئەوەی کە ناوەندی بڕیار لە ئەمەریکا گەیشتە ئەو ڕاستییەی کە هێزێكی کوردی کاردەکات بۆ لەناوبردنی قەوارەی کوردستان بەهەر نرخێكبێت. واتە (کورد ئامادە نییە حوکومڕانی خۆی بکات و بناغەی دەوڵەتی سەربەخۆی دابنێ).
بۆیە ڕای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوە بوو کە هێزە ئێرانییەکان دەربکرێن بەو پێیەی کە هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق و لە هەمان کاتدا ئامانجی شیعەکان بۆ دروستکردنی (هیلالی شیعی) لەناو بچێت.
لێرەدا بڕیاردرا بە سرکردنی بڕیارەکانی (ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی) و چاوپۆشیکردن لە هاتنە ژوورەوەی سوپای عێراق بۆ سەر خاکی کوردستان بۆ ماوەی چەند هەفتەیەك دواتر هەر هەمان سوپا دەرچوو لە خاکی کوردستان. بەداخەوە برادەرانی یەکێتی لەگەڵ سوپای پاسداران بەرگرییان نەکرد و چوون بۆ قاسمە ڕەش.
لە بیرمان نەچێت لە کاتی هاتنی سوپای عێراق بۆ هەولێر نزیکەی سی ئەندامی سوپای پاسداران و ئیتلاعاتی ئێرانیان بەدیل گرت، دواتر محمد سعید الصحاف وەزیری دەرەوەی عێراقی ئەوكات ئاڵوگۆڕی پێکردن بەرامبەر بە ئازادکردنی چەند ئەفسەرێکی عێراقی کە لە شەڕی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران بەدیل گیرابوون.
دوایین قۆناغی حوکومڕانی یەکێتی و دەسکەوتەکانیان بۆ شاری هەولێر و هەولێرییەکان ئەوە بوو کە لە کاتی جۆڵکردنی شاری هەولێر کارتی ئەلیکترۆنییەکانی هەردوو (بەنداوی دوکان و دەربەندیخان) لەگەڵ خۆیان برد و جەماوەری ئەم دەڤەرەیان بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێك بە بێ کارەبا و بێگومان ئاویش بەجێهێشت.
دواتر لەگەڵ گەڕانەوەی پارتی شەرعییەت گەڕایەوە بۆ هەولێری پایتەختی کوردستان (بەبێ ڕژاندنی خوێنی کورد بەدەستی کورد ) ئەوەش ئامانجی سەرەکی ( جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی ) بوو کە ئامادەبوو پارتی لە ناوبچێت، بەڵام پیلانی شەڕی ناوخۆ سەرنەگرێت. !! پاش چەند ساڵێك لە دوو ئیدارەیی و دروستبوونی زۆنی سەوز و زۆنی زەرد. زۆنی زەرد پێشکەوتنێكی بەرچاوی بەخۆی بینی لە هەموو بوارەکاند كە ڕاستیەكی حاشا هەڵنەگرە، دواتر بە نێوەندگیری ئەمەریکا دوو ئیدارییەکە هەڵوەشاوە، هەروەها لەگەڵ لاوازبوونی پێگەی (بەڕێز مام جەلال ) لەناو خودی یەکێتیدا ڕێککەوتنی ستراتیجی لە نێوان پارتی و یەکێتی ئیمزا کرا بۆ ئەوەی یەکێتی دابەشنەبێت. ئەم دۆخە بۆ ماوەیەك بەردەوامبوو بەڵام فاکتەرە نێوخۆییەکانی یەکێتی وایکرد کە یەکێتی دابەشبێت بۆ دوو بەش و ئێستاش بەبەردەوامی لقی تری لێ دەبێتەوە. پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم بارودۆخەی یەکێتی پێ باش نییە !؟ لە بەرئەوەی کە پێی باشە کە شەریکێکی بەهێزی هەبێت لە حوکومڕانی کوردستان و هەبوونی ڕکابەری شەریفانە وات لێ دەکات کە فاکتەری کێبڕکێ دروست ببێت لەسەر بنەمای خزمەتی جەماوەری بە شەڕەفی کوردستان.
دروشمی دوایین قۆناغی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی یەك ڕیزی بوو. بەڵام بەداخەوە پێدەچێت زۆر ئەستەم بێت كە یەك ڕیزی بكرێت لەگەڵ لایەنێك کە هەموو تواناکانی خۆی بۆ لەناوچوونی تۆ بەکاربهێنێت و ڕق کینە لەنێوان هاووڵاتیانی یەك هەرێم دروست بکات و تەنانەت سەرکردە میانڕەو و ڕۆشەنبیرەکانی خۆی دووربخاتەوە لە گۆڕەپانی سیاسی. لە کاتێکدا پارتی دەرگای واڵاکردووە بۆ ئەو سەرکردانە کە بەنیازن بەردەوامی بە خەباتی خۆیان بدەن لە چوارچێوەی خەبات بۆ گەیشتن بە ئامانجە هەرە بەرزەکەی بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی کوردستان ئەویش یەك ڕیزی ڕاستەقینەی هەموو هێزەکان و سەربەخۆیی کوردستانە.