ئاریان تەحسین
نووسەر
پێویستە هاوشێوەی وارشۆ دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان بپارێزین
ئەمساڵ خۆم و خانەوادەم بواری ئەوەمان بۆ ڕەخسا گەشتێكی پۆڵەندا بكەین، گەشتەمان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە دەستی پێ كرد، لەوێوە بۆ فڕۆكەخانەی ئەنتاڵیا ئینجا بەرەو فڕۆكەخانەی وارشۆ. سەرەتا، لە فڕۆكەخانەی ئەنتاڵیا چاومان بە ژمارەیەك خانەوادەی پۆڵەندی كەوت لە یەكەمین دیدارمان تێبینی ئەوەم کرد ئەو وڵاتەی كە ئێمە بۆی دەچین نەوەیەكی خوێندەوار و ڕۆشنبیری هەیە، چونكە بەشێكی زۆری ئەو منداڵانەی لە تێرمیناڵی چاوەڕوانی دانیشتبوون کتێبیان بە دەستەوە بوو دەیان خوێندەوە، لەو كاتەدا بۆم دەركەوت دایك و باوكە پۆڵەندییەكان منداڵەكانیان وا ڕادێنن کتێب بخوێننەوە نەك بەكارهێنانی مۆبایل لایان ببێتە خوویەكی هەمیشەیی؛ كە بە گوتەی پسپۆڕانی تەندروستیش ئەمە پەروەردەیەكی تەندروستی پەروەردەكردنی منداڵ و گەنجە لە هەر وڵاتێك.
دواتر بەرەوە فڕۆكەخانەی وارشۆ فڕین، دوای چوونمان بۆ بەشی كۆنترۆڵی پاسپۆرتەكان تێبینی ئەوەمان كرد كارمەندەكانیان زۆر بەرێزەوە مامەڵە لەگەڵ میوانان دەكەن، بە تایبەت ئەو خێزانانەی كە منداڵی بچووكیان پێ بوو، بە خەندە و لوتفێكی شیرین پێشوازیان لێ دەكرا و بەخێرایی كارەكانیان ڕایی دەكرا.
لە یەكەمین ڕۆژی مانەوەمان لە شاری وارشۆ ئەوەمان بۆ دەركەوت كە شارەكە ژینگە دۆستە، چونكە بەرزیی دارەكان و خاوێنی شەقامەكان شارەكەیان دوو هێندەی دیكە جوانتر كردووە.
خەڵكی وارشۆ و شارەكانی دیكەی پۆڵەندا میوان دۆستن، كاتێك لە تاكسییەوە سەركەوتین بە مەبەستی چوونمان بۆ شوێنێكی گەشتیاری، لە ڕێگا شوفێری تاكسیەكە لێ پرسیین خەڵكی كوێن؟ ئێمەش گوتمان كوردستانی عێراق، ئیدی شوفێری تاكسییەكە زانیاری زۆری هەبووە لە سەر هەرێمی كوردستان و گوتی: ئێمە مێژوویەكی هاوبەشمان هەیە پۆڵەندییەكان و كوردەكان لە ڕابردوودا بە قۆناغی ڕاپەرین تێپەریوون و مافی خۆیان سەندووە. گوتەكانی ئەو شوفێرەی تاكسی زیاتر ئەوەی بۆ دەرخستم كە ئاستی ڕۆشنبیری خەڵكی ئەو وڵاتە لەوە زیاترە تەنیا زانیاریان لەسەر وڵاتەكەیان هەبێ، بەڵكو مێژووی ئەو وڵاتانەشیان خوێندووەتەوە كە هاوشێوەی پۆڵەندا سەردەمانێك زوڵم و زۆرداریان بەرامبەر كراوە.
پۆڵەندییەكان خەڵكێكی میوان دۆستن و حەز بە هاوكاریكردنی خەڵكی تر دەكەن، بەتایبەتی ئەوانەی كە وەكو گەشتیار دەچنە وڵاتەكەیان. ئەو كاتانەی بە پیادە دەچوومە دەرەوە چەند جارێك ڕێگای شوێنێكم لێ ون دەبوو، پۆڵەندییەكان بە بێ هەست كردن بە ماندوویەتی یارمەتیان دەدام، تەنانەت هەندێك لەو پۆڵەندییەكان چەندین هەنگاو بە پیادە لەگەڵم دەهاتن تا ئەو شوێنەی من مەبەستمە پیشانم بدەن.
ڕۆژ دوای ڕۆژ وارشۆ لە هەموو ڕووێكەوە بەرە پێش دەچێت، باڵەخانەكانی شاری وارشۆ تا دێ بەرز دەبنەوە، جووڵەیەكی ئاودانی لەو شارە و شارەكانی دیكەی پۆڵەندا كردووە هەیە، بەپێی ڕاپرسییە جیهانییەكانی تایبەت بە گەشتیاری (پۆڵەندا)ئێستە بە یەكێك لە وڵاتە گەشتیارییەكان دادەنرێت، چونكە ساڵانە دەیان ملیۆن گەشتیار لە سەرانسەری جیهان ڕوو لەو وڵاتە دەكەن.
پۆڵەندییەكان مێژووی خۆیان لە بیر نەكردووە و زۆر شانازی بە ڕابردووی خۆیان دەكەن و فەرهەنگی خۆیان پاراستووە، ژمارەیەكی زۆر لە مۆزەخانە و سەربازگەی مێژووی لەو وڵاتە هەن، وەك:
Polish Army Museum
Oskar Schindler's Enamel Factory
Memorial and Museum Auschwitz-Birkenau
هەرچەندە زانكۆكانی پۆڵەند لە ئێستادا لە ڕێزبەندی باشترین زانكۆكانی جیهانن، بەڵام پێشتر پۆڵەندییەكان بۆ خوێندن چوونەتە دەرەوەی وڵاتەكەیان دواتر بە بڕوانامەی بەرز گەڕاونەتەوە، ئێستا لە بواری جیاجیادا خزمەتی وڵاتەكەیان دەكەن.
لە گەشت كردن بۆ وڵاتی پۆڵەندا و ڕوانین لە مێژوو و ئێستای، مرۆڤ لەوە تێ دەگات، كە بە خۆشەویستی و ئینتیمای هاووڵاتییان هیچ شتێك نابێتە ئاستەنگ بۆ بەرە پێشچوونی وڵات، چونكە سەیری وێنەكانی شاری وارشۆ دەكەیت ساڵانی چلەكانی سەدەی ڕابردوو بە هۆی ئاسەواری شەڕەوە وێران بووە، بەڵام ئێستا ئەو شارە ئاوەدانییەك و پێشكەوتنێكی زۆری پێوەی دیارە، هەروەها بۆت دەردەكەوێت كە مرۆڤ ئینتیمای بۆ وڵاتەكەی هەبێت دەتوانی بەرەوەی پێشی ببات و جوانی بكات .
هەرچەندە ژمارەی كوردەكان لە پۆڵەندا بە بەروارد لەگەڵ وڵاتانی دیكەی ئەوروپا كەمە، بەڵام پەیوەندییەكی پتەو لە نێوان پۆڵەندییەكان و كوردەكاندا هەیە. بۆ چەندین جاریش لەسەر ئاستی بەرز بەرپرسانی پۆڵەندا سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە ،لە ساڵانی حەفتاكان و هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو ژمارەیەك هاوڵاتی كورد چوونەتە ئەوێ. ئێستا لەسەر ئاستی وڵاتەكە ئەو كوردانە سەرمایەداری مەزنیان لێ دەرچووەو ناوبانگییان هەیە. هەندێك لەو سەرمایەدارە كوردانە وەبەرهێنانی گەورەیان لەو وڵاتە كردووە و بەشداربوونە لە جوانكردن و ئاودەنكردنەوەی پۆڵەندا، هەروەها بەشێك لەو ڤێستڤاڵە هونەرییە گەورانەی كە ساڵانە لە وڵاتی پۆڵەندا دەكرێت لەلایەن هەندێك لەو سەرمایەدارانە كوردە سپۆنسەر دەكرێت. یەكێك لەو سەرمایەدارانە (زیاد رەئوف)ە كە نوێنەری ئێستەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە لە پۆڵەندا.
ئێمە كورد پێویستە وەكو وارشۆ نیشتمانی خۆمان خۆش بوێت و شار و گوندەكانمان ئاوادانتر بكەینەوە، هەروەك كورد دەڵێ: چەپڵە بە یەك دەست لێ نادرێت، بۆیە، ئێمەی كوردیش شانبەشانی كاربەدەستانمان لە حكوومەتی هەرێم پێویستە شەقامەكان جوانتر بكەین، بە پاكی ڕایان بگرین كە ئەمە ئەركێكی سەرەكی و كەمی هاووڵاتییە. ئەركی سەرمایەدارانە بیر لە وەبەرهێنان و دروستكردنی پڕۆژەی مەزنتر بكەنەوە، نابێ چیتر گەنجانمان وڵات بەجێ بهێلێن. هەموومان ئەو ئینتیمایەمان لا دروست بێت بەرگریی لە دەستكەوتەكانمان بكەین، وەك چۆن پۆڵەندییەكان شانازی بە ڕابردووی خۆیان دەكەن، ئێمەش بەم شێوەیە شانازی بە پێشمەرگە و نیشتمان و دەستكەوتنەكانمان بكەین. بە تایبەت لە بارۆدۆخی ئێستای كوردستان كە ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، ئەركی ئێمەی هاوڵاتیانە هەمووان پاڵپشتی حكوومەتەكەمان بكەین، دەستكەوتەكانی بپارێزین، ڕاسپاردەكان و ڕێنماییەكانی سەرۆكی حكوومەت جێبەجێ بكەین، بۆ ئەوەی نەهێلین دوژمنەكانمان لە رێگەی پیلانەكانیانەوە جارێكی دیكە كوردستان وێران بكەنەوە.