فارس عيسا
نووسەر
لە میوانداریی باڵێوزى پێشووى ئێران، لە ساڵیادى 25ى ئەیلوول
دوو ساڵ پاش ڕیفڕاندۆم، بە دیارى کراوى، لە 25/9/2019، باڵێوزى پێشووى ئێران لە عێراق (ئیرەج مەسجدى)، پەیوەندى پێوە کردم و بانگهێشتى کردم بۆ نووسینگەکەى، بۆ ئەوەى پێکەوە چایەک بخۆینەوە؛ داوەتەکەم قبووڵ کرد و چوومە نووسینگەکەی لە باڵێوزخانە، بەڵام بەخەیاڵم نەدەهات کە بانگهێشتەکە پەیوەندى بە ساڵیادى 25ی ئەیلولەوە هەبێت، کە ڕۆژى ڕیفڕاندۆم بوو.
دواى بەخێر هاتن، دەستى کرد بە قسە کردن، لەسەر پەیوەندییە کۆنەکانى لە گەڵ جەنابى سەرۆک مەسعود بارزانی وپێشمەرگە وشۆڕشی کورد و پاشان گوتی: دوو ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژیگى وەکو ئەمڕۆدا، هەڵەێکى ستراتیژیتان کرد کە نابێت دووبارە بێتەوە.
زیاتر گوتى: گەر دەتانەوێت بە هێزبن، و کێشەکانتان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەن، دەبێت بزانن کە تاکە لایەن کە دەتوانێت یارمەتیتان بدات، باڵیۆزخانەی ئێرانە لە بەغدا و دیسانەوە گوتی: نابێت ئەو هەڵەیە دووبارە بکەنەوە.
منیش وەڵامم دایەوە وگوتم: ئەگەر ڕیفراندۆم بەڕای ئێوە هەڵەیەکی ستراتیژی بێت، بەڕای ئێمە وانییە، و ئەگەر دەتانەوێت هەڵەکە وەکو ئەوەێ ئێوە ناوزەدى دەکەن، دووبارە نەبنەوە، و دوا بڕیار لەعیراقدا بە دەست ئێوەیە ، تکایە کێشەکان چارەسەر بکەن بۆ ئەوەی، ئەوەى پێتان وایە هەڵەیە دووبارە نەبێتەوە.
لە کۆتاییدا گوتی: دەبێت بزانن، کە ئێمە ئاریاین و ئەوانی تر سامین، وئیمە دراوسێین و پێکەوە لە ناوچەکە دەمێنینەوە، و ئەوانی دی دەڕۆن.
لێرەدا پێویستە ئەوەش بەبیر بهێنینەوە، کە پڕۆژەی ڕیفراندۆم، کە گوزارشتى لە ئیرادەی خەڵکی کوردستان کرد، بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان، سەرەڕای بەدیهێنانی ئامانجە ستراتیژییە درێژخایەنەکەی، ئەگەر خیانەت نەبووایە، بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان تەواو جیاواز دەبوو.