شەڕی بە وشە هەمووی دژی پارتییە!!!.

شەڕی بە وشە هەمووی دژی پارتییە!!!.
شەڕی بە وشە هەمووی دژی پارتییە!!!.

سی و چوار ساڵ لە دەسەڵات و مانەوە لە پلەی یەکەم و هێزی یەکەم و خودانی بڕیاری کۆتایی گەمە نییە، ئەمە هەر بە قسە خۆشە، ئەگەر نا ئەرکێکی یەکجار قورس و ئاڵۆزە، بەتایبەتی لە دۆخێکی وەکو هەرێمی کوردستان، کورد گوتەنی "پیاوم دەوێت بەرگەی ئەم هەموو فشار و پەلامار و ڕەخنە و دژایەتییە بگرێت". ئەگەر بەخۆشی پێی ئاسایی بێت، لای ناحەز و دوژمن و هێزە دژەکان ئاسایی نییە.

بەپێی هەموو مەزەندەکان پارتی بەراورد بە حزبەکانی دیکە، هێشتا لە پلەی یەکەم دەمێنێتەوە، مانەوەش لەم ئاساتە بەرپرسیاری و ئەرکێکی قورس و شەڕێکی ئاڵۆزیشی بەدواوەیە. لایەنەکان (وشە) وەکو هێز و چەکێکی بکوژ بەکاردەهێنن، لە کاتێکدا بەکارهێنانی هەندێک وشە و دەستەواژە و گوزارشت وەکو شەڕ و حوکمی لە ناوبردن و سڕینەوەیە.

هەندێک لە بەرپرسەکان کە دەئاخڤن، وشە بەشێوە ئاساییەکە بەکارناهێنن، بەڵکو لەهەندێک دۆخدا وشە دەبێتە چەکێکی کوشندەی بکوژ. ڕەنگە خۆیان هەستی پێ نەکەن وشەکانیان (حوکم و بڕیار و سنوور بەزاندنە و بریتییە لەسڕینەوەی ئەوی دیکە)، ئەمانەش لەکردەودا ڕاپەڕاندنی ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسی خۆسەپێنانە و دان نەنان بە ئازادی بیروڕا و  تۆقاندن و هاندانی ئاژاوەیە، ئەوەمان نیشان دەدەن، کە هەندێک هێشتا لە هێز و دەسەڵات و مانا و کاریگەری بەکارهێنانی وشە نەگەیشتوون.

ئەوانەی قسەکانیان بەنیازی شەڕە، هەر خۆشیان وەکو گوتارێکی دیماگۆگیانەی خەڵک خەڵەتێن بێ ئەوەی هەست بەوە بکەن، کە خەڵک لەم بەزم و گەمە ئاشکرایە دەگات، دەڵێن هەندێک دەیانەوێت ئاژاوە هەبێت و هەڵبژاردن نەکرێت!!. لە کاتێکدا نمایشەکەی خۆیان وەکو گورگ لە پێستی مەڕ وایە و قسەکانیان بەنزینە بە ئاگری ناکۆکی دادەکەن و مەرامیان بەکردەوە تێکدان و بنکۆڵکردنی هەموو بەهایەکی سیاسی و ئەخلاقییە. لەکاتێکدا پارتی بەئاشکراو لە گوتارە فەرمییەکانی دیارە کە نەک جەخت لەسەر هەڵبژاردنێکی ئارام دەکاتەوە، بەڵکو بەکردەوەش پابەندە بە بەکارهێنانی وشە وەکو بەرپرسیاریەتی و بەکارهێنانی زمان لە ئاستێکی بەرز و دوور لەم جۆرە گوتارە بەکاردەهێنن، کە دەبێتە هاندەر بۆ دروستکردنی ئاژاوە و سڕینەوەی یەکتر.

یەکێتی و بەرپرسەکانیان بێ ئەوەی ڕەچاوی نەریتی سیاسی و ژینگەی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگە و دۆخی سیاسی و باری دەروونی هاووڵاتیان بکەن، هێرش دەکەن، وشەی وا بەکاردەهێنن، لە ئاژاوە پتر هیچی دیکەی لێ پەیدا نابێت.

ئاسان نییە ڕەفتار و نەریتی یەکێتی و قەناعەت و شێوازی بیرکردنەوەی بگۆڕێت، ئەمە سروشتی گوتاری ئەم حزبەیە، لە کۆنەوە تاکو ئەمڕۆکەش بەم شێوازە دەیانەوێت جۆرێک لە (ترس، هەڕەشە، نیشاندانی هێز و نێرەکەرانە ڕەفتارکردن و پووکانەوەی ئەوانی دیکە) پەیڕەو بکەن. ناتوانم بڵێم پارتی هیچ کاردانەوە و وەڵام و هێرشێکی ڕاگەیاندن و پابەستبوون بە زمانی گوڵی هەیە، بەتایبەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەوانیش بەزمێک بە بەرپرسانی ڕکابەر و هێرشبەرەکان دژی خۆیان دەکەن، مەگەر با بەدەواری شڕی کردبێت، گوتارە نافەرمییەکەیان کابرا دەکاتە پەڕۆی بێنوێژ. 

جیاوازی لەوە دایە زمان و بەکارهێنانی وشە و ئاستی گوتاری فەرمی پارتی و لایەنەکانی دیکە بەتایبەتی یەکێتی جیاوازە، بەرپرسەکانی پارتی لە بەکارهێنانی وشە و زمان و گوتاری فەرمی عەقڵ ڕادەستی هەڵچوون و ئارەزووی کەسی و سۆز و ژاوەژاو ناکەن، بەپێچەوانەی ئەمەش لایەنەکانی دیکە لەڕێگەی بەرپرسە یەکەمەکانیان و گوتارە فەرمەییەکانیان تێکشکاندنی هەموو سنوورێک لەبەکارهێنانی وشە و زمان پەیڕەو دەکەن، پێیان وایە ئیدی هەڵبژاردنە و دەرفەتە و پاساویان بۆ گوتنی هەموو شتێک هەیە. ئەمەس وا نیشان دەدات کە شەڕەکە و هێرشەکە هەمووی ئاراستەی پارتییە و  پارتیش بە سیاسەتێک هەڵسوکەوت دەکات، کە پتر ناحەزەکانی بتەقێنێت و وەڵامیان ناداتەوە!!.