د. مهغدید سهپان
نووسەر
ئەگەر بایەخ بە کولتور بدرێ، کەس لەماڵی خۆی میوان نییە
من بەتەنها نیم و بەلای کەم سی دایک و باوکی دیکەش بەشداری ئەو ئاهەنگە کولتورییە خنجیلانەی باخچەی ساوایانی شیلانەن. چەند هەفتەیەک پێشتر ئاگادار کراوینەتەوە، لە کاتژمێر سێی دوای نیوەڕۆ لەوێندەر ئامادەبین و هەر یەک لەگەڵ خۆی باشە: خواردن، تەڕە، شەربەت یان کێک بێنێ و قاوە و چاش مامۆستایانی باخچە لێیدەنێن. من کەمێک پێش کاتژمێر سێ لەوێندەرم و بەو ڕۆژە خۆشەی ناوەڕاستی حوزەیران ئەو باخچەی ساوایانە لە میوان جممەی دێ.
کەس چاوەڕێی کەس ناکات و لە کاتوساتی خۆی هەموویان ئامادەن. ئێمەیان بۆ ژوورە گەورەکەی سەرەوە برد، کە بەکاغەزی ڕەنگاوڕەنگ زۆر جوان ڕازاوەتەوە. لە پشتەوە شوێنێک بۆ وەستانی مامۆستا و منداڵەکان ئامادەکرایە و لە پشت ئەوانیش لەسەر کاغەزێکی گەورە بە زمانی سویدی (کولتورفێست – ئاهەنگی کولتوری) نووسرایە.
گۆارنی یەکەم لەلایەن منداڵەکان دەستی پێکرد، گۆرانی دووە و سێیەم و چوارەم و زیاتر خوێندران و پاش هەر گۆرانیێکیش دەنگی چەپڵە و بڕاڤۆ دوور دوور دەڕۆیشت. گۆرانییەکان هەموویان کورتبوون و بە کۆرسیش دەگوتران و دوو مامۆستاش یارمەتی منداڵەکانیان دەدا و ئاهەنگەکەیان گەرمتر دەکرد.
بۆ ئەو منداڵانەی هەر ئەو رۆژ باخچەیان تەواو دەکرد، کڵاوێکی زۆر جوانی ڕەش بە کاغەز دروست کرابوو و پێش کۆتایی ئاهەنگ ناوی یەک یەکەیان خوێندرایەوە و بڕوانامەیان پێبەخشرا. ئەو ئاهەنگە جوان و قشتە، لەماوەی کەمتر لە یەک کاتژمێر تەواو بوو و منداڵەکان بەڕاکردن بۆلای دایک و باوکیان چوون. خواردن و خواردنەوەی و قاوە و چا و شەربەت و کێک دەستی پێکرد و بەلای کەم یەک کاتژمێری دیکەش هەموومان لەوێندەر ماینەوە. کەس نازانێ، ئەو دایک و باوکانە چ جۆرە کارێکن، بەڵام ئەمڕۆ ئەو ئاهەنگە فەرهەنگییە، هەموومانی لەم باخچەیە کۆکردەوە.
سێ هەفتە ڕەت نەبوو، لە 11ی تەموز و هەر لە ستۆکهۆڵم لە باخچەیەکی (یوردگۆردن) لەسەر ڕووبار سەکۆیەک بۆ شانۆ دروست کرایە و من و منداڵەکانیش بەلای کەم لەگەڵ هەزار کەسی دیکە دانیشتووین. شانۆی گەڕۆکی ئەمساڵ، یادی گۆرانیبێژە گەورەکانی سەدەی ڕابردووی جیهان دەکاتەوە.
هەموومان دەزانین، باس لە مۆسیقای (jazz وblues)ی Billie Holiday دەکرێ و وەک یەک لە گەورەترین گۆرانیبێژی جاس و بلوزی سەدەی ڕابردوو ناوی دەهێندرێ، بیلیێ هۆڵیدەی لە ٧ی نیسانی 1915 لە Philadelphia لەدایک بووە و لە تەمەنی ١٥ ساڵی لەگەڵ دایکی بۆ نیۆیۆرک دەگوازنەوە و هەر لەو تەمەنەش لە بوردێلێکی نیۆیۆرک وەک لەشفرۆش کار دەکا. ئەو کیژە هونەرمەندە ژیانێكی زۆر سەخت و ناخۆشی هەبووە و بێباوک، لەگەڵ دایکی گەورە بوو. Billie Holiday پاش ماوەیەک لە نادییەکانی شەوان، گۆارنی دەڵێت و زوو ناوبانگێکی زۆر گەورە پەیدا دەکا و واز لە لەشفرۆشی دێنی. تەنیا لە نێوان ساڵەکانی ١٩٣٣ – ١٩٤٤ توانی ٢٠٠ قەوان تۆمار بکا. لەبەر خواردنەوەی زۆر و ئاڵودەبوونی بە نارکۆتیکا (مادە هۆشبەرەکان) ئەو هونەرمەندە گەورەیە لە تەمەنی ٤٤ ساڵی کۆچی دوایی دەکا.
ئێستا و ئەمڕۆ گۆرانییەکانی ئەو هونەرمەندە گەورەیە لەلایەن کچێکی زۆر دەنگخۆشی سویدی Anna Sise بۆ ئێمە دەگوترێ. ئاننە جگە لە گوتن یان خوێندنی گۆرانییەکان، باس لە ژیانە ئاڵۆز و ناخۆشەکەشی دەکا. هیچ بەدەست خۆم نەبوو، چەند زیاترم لەسەر ژیانی بیلیێ بەو دەنگە خۆشە دەبیست، ئەوم زیاتر خۆشدەویست و ژیانی تایبەتی و پیشەی پێشتری لەشفرۆشی ئەوم هیچ بەلاوە گرنگ نەبوو. هەر لەوکات تێگیەشتم، سەربازانی بواری فەرهەنگ، بۆ نان پەیداکردن، قەت پێویستیان بە پاسا و یان خۆسپیکردنەوە نییە. لەهەموو هەورەکان فریشتەن و ڕوحی میللەت لە پاکترین شوێن دەپارێزن.
ئاننە سیسێ، لەسەر خوێندنی گۆرانییەکانی Billie Holidayی بەردەوامە و ئەو جارانەی سەیری ئاسمانم دەکرد دەمبینی لە ماوەیەکی زۆر کەم، پەڵە هەورەکان لەبەر چاوی من ڕەنگیان لە سپی بۆ بۆر گۆڕدرا و لە هەتاوی خۆش باران دایگرت. ئەو بارانە خەڵکی هیچ مشەوەش نەکرد و ئاهانەگەکەی سارد نەکردەوە. هەریەک لای خۆی چەترەکەی دەرهێنا و لەسەر گوێگرتن بەردەوام بوون. خەڵک هاتوون گوێ لە مۆسیقای جاس ڕابگرن و تام لەفەرهەنگ وەربگرن،
بۆمن هیچ شتێکی شاراوە نەبووە، کە فەرهەنگ روحی میللەتە بەڵام تێناگەم، بۆچی ئێمە نەمانتوانیوە سوود لە کولتور بۆ تامکردن و جوانکردنی ژیان وەربگرین. دەبی لە باخچەی ساوایانەوە وەک دەرمان بە مەمە بە منداڵەکانی بدەین تا لە تەمەنی گەورەیی لێی نەترسین، پەرەی پێبدەین و پشتگیری بکەین.
فەرهەنگ لەراستیدا، سنوور و نەتەوە و ئایین کاتی نییە، بۆیەش دەرمانی بەردەوامبوونی ژیانە و ئاسودەکردنی ڕوحی میللەتە. بەدوور نازاندرێ، ئەگەر ئێمە لەپاش ڕاپەڕین و لە کوردستان، زیاتر بایەخمان بەم بوارە گرنەگەی ژیان دابا، ئەمڕۆ ئاسودەتر دەژیاین، کێشەمان کەمتر دەبوو و کارەکانمان جوانتر دەکرد و کوردستانمان قەت توشی ئەم هەموو قەیرانە یەک لەدوای یەکە نەدەبوو، بێگومان لەوکات هەستی نەتەوایەتیمان بەرزتر دەبوو و کەس لەماڵ و وڵاتی خۆی هەستی نەدەکرد میوانە.
ئەو حکومەت و وڵاتانەی بایەخ بە فەرهەنگ دەدەن، داهێنانی باشیان هەیە، نووسەر و هونەرمەندی گەورەیان هەیە، مرۆڤەکانیشیان خۆشتر و زۆرتر دەژین و دزی و گەندەڵیش کەمترە.