یەکێتی ژنان و ئافرەتانی کوردستان لە بازنەیەکی گچکە دەخولێنەوە

یەکێتی ژنان و ئافرەتانی کوردستان لە بازنەیەکی گچکە دەخولێنەوە
یەکێتی ژنان و ئافرەتانی کوردستان لە بازنەیەکی گچکە دەخولێنەوە

لە 25ی ئۆکتۆبەری 2016 هەزاران ژن لە ڕێیکیاڤیک Reykjavikی پایتەختی ئایسلاند لە کاتژمێر 14.38 وازیان لەکار هێنا و بۆ بەشداریکردن لە مانیفێستێکی زۆر گەورە هاتنە سەرشەقامەکان. ژنان ئەو کاتەیان هەڵبژارد، چونکە ئەوان بە ڕێژەی 30٪ مووچەیان لە پیاوان کەمترە. بەلایکەم٩٠٪ی ئەو ژنانەی کاریان دەکرد، لەم مانیفێستە بەشدار بوون.

هەر ژنانی ئایسلاند جارێکی دیکە لە 24ی ئۆکتۆبەری 1975 بیست و پێنج هەزاریان هاتنە سەر شەقامەکان و ئەوجاریش داوای مووچەی زیاتریان دەکرد. ئەو ژمارەیە (25 هەزار) گەلەک زۆرە، ئەگەر بزانین ژمارەی دانیشتوانی ئایسلاند لەوکات تەنیا 220 هەزار کەس بووە.

لە سەرەتای ئۆکتۆبەری 2016، کچێکی تەمەن 16 ساڵ لە شاری Mar del Plata لە ئەرجەنتینا لەلایەن دوو کەس بۆ نەخۆشخانە بردرا و لەوبڕوایەدابوون، نارکۆتیکا (مادەی هۆشبەر)ی بەکار هێناوە. پاش لێکۆڵینەوە و بینینی جەستەی ئەم کچە، دەرکەوت توندوتیژی دژ بەکار هاتووە، بۆیەش کەمێک پاش گەیشتنی بۆ نەخۆشخانە دڵی بچووکی لە حەژمەتان زیاتر بەرگەی نەگرت و لە لێدان کەوت. بەگوێرەی قسەی Maria Isabel Sanchez داواکاری گشتی، ئەم کچە گەنجە بەزۆر ماریخوانە و کۆکاینی پێدراوە و ئینجا وەحشیانە جنسی لەگەڵ کراوە. سێ کەس بەو تاوانە گیراون و گومان دەکرێ، سێ کەسەکە ئەو کچەیان لە دەرەوەی قوتابخانە ڕفاندبێ.

بەزۆر جنس لەگەڵ کردنی و کوشتنی ئەم کچە گەنجە بەو شێوە بەربەری و دڕندەییە، دەیان هەزار ژنی لە ئەرجەنتین لە 19ی ئۆکتۆبەری 2016 هێنا سەر شەقامەکان. خۆپیشاندانەکە هەر لە ئەرجەنتین و گواتیمالا و مێکسیکۆ لە ژێر ناوی: (یەکی دیش نا - Ni una menos نەوەستا و زۆربەی وڵاتانی ئەمریکای لاتینی گرتەوە. رێکخراوی Ni una menos ی ئەرجەنتینی ئەم خۆپیشاندانە سەتاسەرییەی ڕێکخستبوو و تەنیا ژنیش تێیدا بەشداربوون و هەمووشیان جلی ڕەشیان پۆشیبوو. لەو خۆپیشاندانە سەرتاسەرییە، ئەو ژنانەی نەیانتوانی ڕاستەوخۆ بەشداری بکەن، بۆماوەی یەک کاتژمێر کاریان نەکرد. مامۆستایانی ژنیش لە قوتابخانەکان لەو کاتژمێرە وانەی: سێکس و پەیوەندی جنسی و پرسی ژنیان گوتەوە. بەگوێرەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لەهەر 30 کاتژمێر ژنێک لە ئەرجەنتین دەکوژرێ.

لە 3ی ئۆکتۆبەری 2016، هەزاران ژنی ڕەشپۆش لە پۆلۆنیا مانیان گرت و بەهۆیەوە، چێشتخانە و ئۆرگانەکانی حکومەت داخران. خۆپیشاندەران بەردەرگای نووسینگەی سەرەکی پارتی حوکمدار و ئەنجومەنی دادوەری و ئۆرگانەکانی یاساییان گرت و ڕێگایان بەکەس نەدا بۆ سەرکار بچن. بەگوێرەی ژمارە رەسمییەکان، ساڵانە سەدان ژن بە یارمەتی دکتۆر لە پۆڵۆنیا منداڵ لەبەردەبا، بەڵام بەگوێرەی ڕێکخەرانی ئەو مانیفێستە، ئەو ژنانەی یارمەتییان نادرێ گەلەک زۆرترن.  دکتۆرەکان دەستەڵاتی خۆیان نادادپەروەرانە بەکاردێنن و منداڵی هەموو ژنێک لەبارنابەن بۆیەش هەزاران ژن، ناچارن سنوورەکانی پۆڵۆنیا ببڕن و بۆ لەباربردنی منداڵیان بۆ ئەڵمانیا و سلۆڤێنیا بچن.

بەگوێرەت یاسای ئێستای پۆڵۆنیا، تەنیا لە سێ حاڵەت منداڵ لەباردەبردرێ: (لەوکاتەی ژیانی دایک لەمەترسیدایە،  لەوکاتەی ژن بێویستی خۆی و بەزۆر جنسی لەگەڵ دەکرێ، یانیش ئەگەر منداڵدانی ژن بەرگەی هەڵگرتنی منداڵ نەگرێ). بەگوێرەی ئەم پرۆژە یاسایەی ئێستا گفتوگۆی لەسەر دەکرێ، دەیانەوێ منداڵ لەباربردن لە پۆڵۆنیا، بۆ هەموو ژنێک قەدەغە بکەن. هەڵمەتی قەدەغەکردنی (لەباربردنی منداڵ -  abort) لە پۆلۆنیا دەستی پێکرد، گەیشتە مۆسکۆ و ئێستا لە تەواوی روسیا قسە و باسی لەسەر دەکرێ.

لە 12ی ئابی 2012 زیاد لە شەش هەزار ژن لە وڵاتی تونس ڕژانە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانیان دژ بە حکومەتی تازەی ئیسلامی دەستپێکرد. حکومەتی تازە دەیەوێ دەستکاری دەستوری تونس بکات و لە دەستوری تازەش بڕیارە ماف و ئازادی ژن کەمبکا و بەیاسا ژن وەک تەواوکەری پیاو تەعامولی لەگەڵ بکرێ. ژنانی تونسی لە دەستوری پێشتری ساڵی 1956، هیچ جیاوازییان لەگەڵ پیاو نەبوو و هەموو مافێکی خۆیان هەبوو.

یەکرێزی ژنان لە دەرەوە بێکۆتاییە و تا ئێستا توانیویانە بە ئاسانی لە هەرکاتێک، لە هەرشوێنێک ویستبیان دەیان هەزار ژن کۆبکەنەوە و داوای مافی خۆیان لە حکومەت و ئۆرگانەکانی حزبی بکەن.

دوو ڕێکخراوی زۆر گەورە: یەکێتی ئافرەتانی کوردستان و یەکێتی ژنانی کوردستان لە وڵاتەکەمان هەن. ژنان و ئافرەتانی ئەم دوو ڕیکخراوە گەورە و پڕلکوپۆپانە، لە ماوەی 25 ساڵی حوکمڕانی کوردی، هەموو کات، ئەو بودجەی ویستوویانە بە زیادەوە و بێکێشە و ماندوبوون بۆیان دابین کراوە، لە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان باڵەخانەی زەبەلاحیان بۆدروستکراوە و سەدان کەسیان بە مووچەی زیاد لە ملیۆن بۆدامەزراون. ژنان و ئافرەتانی کوردستان لەلایەن حزب و حکومەت، ژندۆست و ژنپەروەر، نازی تەواویان هەڵدەگیرێ و هەموو یارمەتیێکیان دەدرێ.

پێش نزیکەی بیست ساڵ، ژن و کچ لە قەیسەری هەولێر لەلایەن ئیسلامییە توندڕەوەکانی ئەوکات، بە نوێژی نیوەڕۆ بە دەرزی تیزابیان پێدادەکرا، یەکێتی ژنان و ئافرەتان نوققەیان نەهات و شەش کەسیان دژی ئەم تێرۆرە کۆنەکردەوە. چوار ساڵی ڕێک لە شەڕی ناوەخۆ، هەزاران برا و کوڕ و باوک و پیاویان لە هەردووکلا شەهید بوون، دیسان وەک بڵقی ژێڕئاو دەنگیان نەڕۆیشت و ڕاستەوخۆ لە شەڕی براکوژی تەڕەفبوون. لەو بەشە بچووکەی باشوری کوردستان ساڵانە بەلای کەم هەزار کچ و ژن بەناوی ناموس و شەڕەف دەکوژرێ، جووتە یەکێتییەکە نوققەیان لەدەم دەرنەهات، کچی منداڵ و هەرزەکار لەلایەن پیاوی وەحشی تەعەدای جنسیان لێدەکرێ، دیسان ژنان و ئافرەتان بێدەنگی هەڵدەبژێرن، کچ بەزۆر بەشودەدرێ و ئەوانیش هەربێدەنگن. کچانی کورد لە سوقەکانی عەرەبی بە 18 دۆلار بەکرێ دەدرێن و دەفرۆشترێن، دوو ڕێکخراوی ژنان نەیتوانی پرۆتێستۆ، خۆپیشاندان یان خربوونەوەیەک ساز بکەن.

هەموو ئەو غەدرانەی لە کچ و ژنان لە کوردستان دەکرێ، دوو یەکێتی گەورە لە نووسینی چەند گوتارێک، گێڕانی چەند سێمینارێک، پرۆتێستۆکەیان دوورتر بڕینەکرد، لەکاتێکدا هەزار و یەک هۆ و ئیمکانیات هەیە، لەو غەدرانە بێنە وەڵام و مێژووێکی جوان بۆخۆیان تۆمار بکەن، کەچی دەبینین لەبازنەیەکی بۆش و بێکۆتایی دەسوڕێنەوە و بینەرێکی ساردوسڕی کوشتن و لێدانی خوشک و کچانیانن...

بێگومان دەیان ڕێکخراوی دیکەی گچکە و گەورەی مەدەنی ژنان لە کوردستان هەن و بە ئارەزووی خۆیان حکومەت و حزب دەدۆشن، بەرهەمیشیان لە هەردووک یەکێتی ئافرەتان و ژنان کەمتر نەبی زیاتر نییە...