د. مهغدید سهپان
نووسەر
دەربارەی: هەزمکردنی ڕەخنە و نووسینی وەڵامی ڕەخنە
زۆر بەدەگمەن وەڵامێکی جوان و باشی گوتارێکی رەخنەگرانە یان ڕاپۆرتێکی شیکاری ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوەخۆکان لە لاپەرەی رۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرچاو دەکەوێ. هەموو ئەو وەڵامانەی دەبیندرێن و بڵاودەکرێنەوە، بەرگریکردنێکی کوێرانە و توندە لەخۆ و نووسەری یەکەمیش بەدرۆزن و بوختانچی و هەندێک جار بە تێکدەر و خۆفرۆشیش باس دەکرێ، بەتایبەتیش لەوکاتانەی ڕەخنەکان ئاراستەی کەسانی باڵای حزبی و حکومی کوردی دەکرێن. هەندێك وەڵام بە ئەندازەیەك خراپ و ناشیرن نووسراینه، ئەگەر نووسینی یەکەم درۆ و هەڵبەستراویش بی، لەبەر وەڵامی توند و خراپ، خوێنەر زیاتر هەست و سۆزی بۆ کەسی درۆنووس و بوختانچی دەچی و پشتگیری ئەو دەکا. دیارە ئەوان نازانن، نووسینی ئەمجۆرە وەڵامە ناڕێك و خراپانە پەیامیان بە پێچەوانەوە دەگات.
بە خوێندنەوەی چەند گوتارێکی ڕەخنە و هەندێك لەو وەڵامانەی لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بڵاوکراونەتەوە، بە ئاسانی دەگەینە ئەو بڕوایەی، فەرهەنگی وەڵامدانەوەی ڕەخنە و ڕاپۆرت لە باشووری کوردستان، زۆر لاوازترە لەوەی خوێنەرانی کورد هەستی پێدەکەن. وەڵامەکان پیشانی دەدەن، کەس رەخنەی بۆ هەزم ناکرێ، با ڕەخنەکان زۆر تەواو و دروست و هەقییش بن، با ڕەخنەکان لەلایەن ڕێکخراوەکانی: مافی مرۆڤ، ئەمنستی ئینتەرناشیوناڵ یان پزیشکانی بێسنووریش نووسرابن، دیسان لەجیاتی دەرسلێوەرگرتن و خۆچاکردن و سوپاسکردنیان، وەڵامێکی زۆر توند دەدرێنەوە و کۆمەڵێک وشەی زبر و بریندارکەریشی تێدا بەکاردێ. وەڵامەکان مەغرووری و بێمنەتی پێوەدیارە لەکاتێکدا هەموو لایەك باش دەزانن ڕێکخراوەکانی وەك: ئەمنستی ئینتەرناشیونال، خاچی سوور، پزیشکانی بێسنوور، مافی مرۆڤ، زۆر بێلایەنانە کار دەکەن و سەر بە هیچ کەس و حکومەتێك نین. باس لەوە هەرناکەین، نووسین و ڕاپۆرتەکانی ئەم ڕێکخراوانە بوو، پێشتر و لە خەباتی شاخ، شانازی زۆریان پێدەکرا و لەلایەن حزبە کوردییەکان جارێکی دیکە بڵاودەکرانەوە و بەهەند وەردەگیران و یەك میللەت دڵیان پێی خۆشدەبوو.
گوتار یان نووسینی ڕەخنە تەنیا کەسانی حزبی و حکومی توڕەناکات، بەڵکو نووسەر و رۆژنامەنووسانیش بۆیان هەزم ناکرێ و ئەگەر بڕیاربدەن وەڵام بدەنەوە، هێڕشی زۆر توند دەکەنە سەر، نووسەر و زۆرجار خانەوادە و ژیانی تایبەت و ڕابردووشی سووك دەکرێ و دێتە باسکردن. باس لەوە هەرناکەین، زۆر کەمن، ئەوانەی جورئەتیان هەیە، ڕەخنە لە کار و هەڵوێستە خراپ یان هەڵە و ناڕاستەکانی پێشتری خۆیان دەگرن.
دەکرێ ئاماژە بە کۆمەڵێك هۆ بۆ نووسینی ئەمجۆره وەڵامە توند و خراپانە بکرێ، بەڵام ئەگەر هۆکان لەوەی لەم گوتارە ناویان دێت و باسیان دەکرێ زۆر زیاتریشبن، دیسان نابی کەس ڕێگا بەخۆی بدا، ئەمجۆرە وەڵامە توندانە بنووسێ و ئەم وشە نابەجێیانە بەکار بێنێ.
هۆی ئاشکرا و زەقی نووسینی ئەم وەڵامە توند و خراپانە وێدەچی، زیاتر بەرهەمی کەشوهەوای نائارام و سیاسی کوردستانبن، لەوانەشە ئەو کەسانەی ئەمجۆرە وەڵامانە دەنووسن، بەجۆرێك لەجۆرەکان بیانەوێ خۆشەویستی و دڵسۆزی خۆیان بۆ کەس و حزبەکان پیشان بدەن، یانیش ئەو کەسانەی نووسینی ئەوجۆرە وەڵامانەیان پێدەسپێردرێ، لە کاری خۆیان شارەزا نین و کورسیێکی زیادیان لەو شوێن بەناهەق پێدراوە و داگیر کردووە.
نووسینی وەڵام لەراستیدا، دەبی سکرتێری رۆژنامەنووس بینووسێت و لە زۆربەی حالەتەکانیش، سکرتێری رۆژنامەنووس لە وڵاتانی پێشکەوتوو، پێش دەستبەکاربوونی وەك سکرتێڕی رۆژنامەنووس، بۆ ماوەیەکی گەلەك زۆر کاری رۆژنامەنووسی کردووە، ئەزموونی نووسینی زۆرە، ئاسۆی بیرکردنەوەی فراوانە و بیری تیژە. لە وەڵام نووسین خوێنی ساردە، وەستایە لە هەڵبژاردنی وشە و داڕشتنی ڕستە، لە نووسینی دەستپێك و گەیاندنی پەیام بە باشترین شێوە... کاری سکرتێڕی رۆژنامەنووسی هەر تەنیا وەڵامدانەوەی درۆ و قسە هەڵبەستراوەکان نییە، بەڵکو دەبی یارمەتی بەرپرسی خۆشی بدا، چۆن قسە بۆ پرێس بکات و چۆنیش بە کورتترین ڕستە زۆرترین مانا بەدەست بدا.
بۆئەوەی لە داهاتوو وەڵامی باش و جوان و مەنتقی لە رۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردی چاپبکرێن، هەتا زووە دەبی خوول بۆ سکرتێری رۆژنامەنووسی و وتەبێژی دەزگاکانی حکومی و حزبی، لە کوردستان بکرێتەوە و فێری هونەری نووسین و قسەکردن بکرێن، کە لە مێژوو تازە نییە و ڕەگی بۆ یۆنانی کۆن و ئیمپڕاتۆیەتی رۆم دەگەڕێتەوە.
کاری وتەبێژ یان سکرتێری رۆژنامەنووسی، نابی بە هەموو کەسێك بدرێ، لەڕاستیدا نابی هەموو کەسێك وەرگرتنی ئەم کار و بەرپرسیارێتییە گران و ئاڵۆزەش قبوڵ بکا، ئەگەر سوڕبزانی بۆی هەڵناسوڕێ و نووسین و لێدوانەکانی، لەجیاتی هێمنی گرژی و واتەوات لەناو کۆمەڵ دروست بکەن، لەجیاتی زانیاری بدەن، پرسیار دروست بکەن.
وەڵامی باش بەتایبەتیش وەڵامی بەرپرسانی باڵای حکومەت و حزبی لەداهاتوو دەبی: بەزمانێكی ڕەوان تێر و دەوڵەمەند بنووسرێ، وشەی زبر و بریندارکردنی تێدا نەبی، فاکتەی تێدا بەکاربهێندرێ، لایەنی ئەخلاقی فەرامۆش نەکرێ.